هەڵبژاردن و هەورازی بەردەم دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن

سەرتیپ جەوهەر
  2024-09-14     211

بەپێی ئەو خوێندنەوەو پێشبینیانەی دەكرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو موفاجەئەی تێدا دەبێت و زۆر جیاواز دەبێت. هاوكێَشەو ڕیزبەندی هێزو لایەنەكان سیاسیەكان گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەگەرێكی بەهێز هەیە پارتی و یەكێتیی نەتوانن بەیەكەوە حكومەت پێكبهێنن چونكە دەنگەكانیان زۆر لەكورتی دەدات. پۆستە سەرەكییەكان (سەرۆكی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان) بەجۆرێكی دیكە دابەشبكرێت و سەرئەنجام واقعێكی نوێ‌ حكومڕانی بێتە پێشەوە.

بەدڵنیاییەوە ئەمجارە پارتی هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەتی بەرناكەوێت. بۆ ئەمجارە جگە لەوەی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرێتەوە، هاوكات لەخەمی ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ مەسرور بارزانیی دووبارە مسۆگەر بكات.

هەژموونی ئێران بەسەر عیراق زۆر زیادیكردووە، بۆیە ئەگەرێكی زۆر هەیە بۆ ئەمجارە دانانی چ دابەشكردنی سێ‌ پۆستەكەی هەرێم و تەشكیلەی كابینە بكەوێتە ژێر كاریگەری هەژموونی ئێران، هەروەك چۆن لەعیراق دانانی سەرۆكی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكی كۆمار پێویستی بەپشتیوانیی ئێران هەیە. لایەنیكەم ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانیی بۆ تاران بۆ خاوكردنەوەی گرژی پەیوەندی پارتی و ئێران، رێگای بەردەم مەسرور بارزانیی بۆ وەرگرتنەوەی دووبارەی پۆستی سەرۆك وەزیران كەمێك ئاستەنگ كردووە! چونكە نێچیرڤان بارزانیی هەم مەیلی وەرگرتنەوەی حكومەتی هەیەو هەمیش ئێرانیەكان رەنگە پشتیوانیی نێچیرڤان زیاتر بكەن لەمەسرور بارزانیی بۆ وەرگرتنەوەی حكومەت. رەنگە مسۆگەركردنی دووبارەی ئەو پۆستە بۆ مەسرور بارزانیی بەند بێت بەو سەردانەی كاك مەسعود بارزانیی بۆ تاران وەك دەگوترێت بانگهێشتكراوە تا لەو گرێ كوێرانە بكاتەوە كە لەبەردەم مەسرور بارزانیی دا دروستبووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێم.

تەنها پارتی گرفتی نییە لەپرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، بەڵكو یەكێتیش لەبەردەم بارودۆخێكی نوێ‌ دایە. رەنگە پرسیاری گرنگ بۆ داهاتووی یەكێتیی، لەم هەڵبژاردنە ئەوەبێت دەتوانێت چەند كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت؟! رێژەی دەنگەكانی لەدوای هەڵبژاردن دەبێتە سەنگی محەك بۆ چارەنوسی ئەو حزبە لەحكومەت و بڕیاردانی هەرێم. بەپێی هەموو ئەو راپرسیانەی كراون كورسیەكانی دیسان لەكورتی دەدات، وەك چۆن پارتیش دەنگەكانی زۆر كەم دەكات، بەڵام سەرباری كەمكردنی دەنگەكانی رەنگە پارتی هەر وەك حزبی زۆرترین كورسی پەرلەمانی بمێنێتەوە، بەڵام یەكێتیی لەنێوان دووەمبوون و سێیەمبوون دایە! كەوایە ئەو هەورازەی بەردەمی زۆر رك و سەختە، ئەگەر كورسیەكانی كەم بكات، چۆن دەتوانێت هاوسەنگی بگێڕِێتەوە؟!

ئاڵنگاریەكانی بەردەم ئۆپۆزسیۆن دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردن لەهەردوو حزبی دەسەڵات زەحمەتترور گرانترە. هەردوو حزبی دەسەڵات (پارتی و یەكێتیی) شەڕو گرەوی ئێستاو داهاتوویان لەسەر پۆستەكان و دابەشكردنەوەی غەنیمەی حكومڕانییە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدا دەبێت. لەلایەك بەرپرسیارێتی چاككردنی ژیانی خەڵك و ئەو راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوكمڕانیی و نەهێشتنی خراپەكارییەكانی پارتی و یەكێتیان دەكەوێتە ئەستۆ، كە خۆی لەبەدامەزراوەكردن بەنیشتیمانیكردنی دامەزراوەكان دەبینێتەوە، لەلایەكی دیكە نابێت ئەزموون و هەڵەی رابردووی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان دووبارە بكەنەوە. ئۆپۆزسیۆن دەبێ‌ بیركردنەوەیەكی ستراتیژیی هەبێت بۆ ئایندەی كوردستان، پێویستدەكات هەرچۆنێك بێت دامەزراوەكانی دەوڵەت بكرێنە دامەزراوەی خەڵك و بۆ خزمەتی خەڵك بێت نەك لەژێر هەژموون و كاریگەری حزبدا بن بەتایبەتیش بەدامەزراوەكردن و شەفافكردنی داهات، دواتریش هێزی ئەمنی و پێشمەرگە لەدەست ئەو دوو حزبە نەمێنێت. بەبێ‌ راستكردنەوەی ئەو رێڕەوە ئەزموونی رابردوو دووبارە دەبێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×