ترەمپ: من سەلامەتم، بەڵام لێرە پشیلە و سەگ دەخۆن

غازی حەسەن
  2024-09-19     232

بۆ جاری دووەم ڕۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ کاک (ترەمپ) کاندێدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا تووشی هەولێکی دیکەی غافلکوژی بوو، ئەم دیاردەیە یەکەم جار نییە ئەنجام دروو دەدات، بەڵام درێژەدان بە هەوڵی تیرۆری کەسێک و لەجارێک پتر کەم جار ڕوویداوە. لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەدا (ستیڤن چیونگ) گوتەبێژی کەمپینی هەڵبژاردنی (ترەمپ)  گوتی: "دۆناڵد ترەمپ سەلامەتە". لەکاتی ڕووداوەکە کاندێدەکەی کۆمارییەکان لە یاریگەی تایبەتی خۆی خەریکی یاری گۆلف بووە و هەر لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقەکە شوێنەکەی جێهێشتووە. پاشان بەماوەیەکی کەم (دۆناڵد ترەمپ) گوتی، "من سەلامەت و باشم. هیچ شتێک من خاو ناکاتەوە و هەرگیز خۆم بەدەستەوە نادەم". گوتارەکە دوو جۆر پەیامی تێدایە، یەکەمیان بۆ لایەنگرانیەتی کە خۆی تەسلیم ناکات و بە ناحەز و ڕکابەرەکانیشی دەڵێت ئەم شتامە خاوم ناکەنەوە و من هەر گورجم.

 پێ دەچێت ئەم دیاردەیە هەم زۆر جدی بێت و ببێتە هۆی مەترسی بۆسەر ژیانی (ترەمپ) هەمیش یارییەکی سیاسی و گەمەیەکی هەڵبژاردنیش بێت بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە ڕێژەی دەنگەکان و هاندانی لایەنگرانی (ترەمپ) بۆ بەشداری باشتر لە پرۆسەکە و زیادکردنی خۆشەویستی ئەو لەنێو هاندەرانی خۆیدا و لاوازکرنی پێگەی ڕکابەرەکەی (هاریس کامێلا). کاردانەوەی ڕوسیا لەم ئاخاوتنە بەرجەستە بوو، کە (دیمیتری پێسکۆڤ) گوتەبێژی (کرێملین) ڕاشکاونە لە دووشەممە ١٦ی سپتێمبەری ٢٠٢٤  گوتی: سەبارەت شتانەی پەیوەندییان تیرۆری (دۆناڵد ترەمپ)ەوە هەیە، و بەستراوەتەوە بە پەیوەندیی شتەکان لەگەڵ ئۆکرەین، ئەوە نیشان دەدات کە (یاریکردن بە ئاگر) دەرئەنجام و کاردانەوەی دەبێت. بەپێی لێکدانەوەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پێدەچێت ئەو کۆمێنتە ئاماژە بێت بۆ پاڵپشتیی ئۆکرەین لەلایەن ئەمەریکاوە و لەهەمان کاتدا  دژایەتی ڕوسیاش بێت. دەستوبرد (ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و فۆکس نیوز و سی ئێن ئێن) بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی سەر زاری بەرپرسانی ئەمنی بڵاویان کردەوە: "تۆمەتبارەکە ناوی (ڕایان وێسلی ڕۆت تەمەن ٥٨ ساڵ)ە، خەڵکی هاوایە و لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا دەرکەوتووە بە ڕوونی لە پۆستەکانی پشتگیری ئۆکرەینی لە شەڕی دژی ڕوسیا کردووە. ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)یش زانیاری ئەوەی بڵاوکردۆتەوە، کە پار چاوپێکەوتنی لەگەڵ (ڕۆت) هەبووە سەبارەت بەو ئەمەریکییانەی خۆبەخشانە هاوکاری جەنگی ئۆکرەین دەکەن و ئەو کات بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە:  "سەفەری ئۆکرەینی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٢ چەند مانگێک لەوێ بووە، هەوڵیش دەدات هەندێک سەربازی ئەفغانستان، کە لە دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان لە وڵاتەکەیان هەڵاتوون، لە ئۆکرەین شەڕ بکەن".

 

چۆن تۆمەتبار ئاشکرا بوو

بەپێی زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکییەکان ئاشکرا بووە: ” دەزگای نهێنی هەوڵگری  لە دارستانەکانی نزیک یاریگای گۆڵفی نیشتمانی ترەمپ کەسێکیان بینیوە و تفەنگێکی ئەی کەی ٤٧ی پێبووە. لە دوای تەقەکردن لێی، تاوانبارەکە بە ئۆتۆمبێلێکی ڕەش خۆی دەربازکردووە. دوای تەقە کردنەکە چەکدارەکە دەمانچەکەی و دوو جانتای پشتیی و کەلوپەلی دیکەی فڕێداوە و بە ئۆتۆمبێلێکی ڕەشی نیسان هەڵاتووە. بەڕێوەبەری پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، شایەتحاڵێک چەکدارەکەی بینیوە و هەر ئەو کەسە وێنەی ئۆتۆمبێلەکەی گرتووە".

 

بۆ ڕوسیا و ئێران

ناوهێنانی (ڕوسیا و ئێران) لە کردەی غافلکژییەکان دژی (ترەمپ)  و دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردن هۆکاری سیاسی لەپشتە و پەیوەندی بەتێڕوانین و لێکدانەوەی سیاسی و دیپلۆماسی و ترس لە دەستوەردانی هەڵبژاردن و ناکۆکی و بۆچوونی سیاسی و ستراتیژی سیاسی هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتی لە نێوەخۆی ئەمەریکا هەیە. ئایا ئەمەریکا دەسەڵات و مافی ئەوەی هەیە بێ هۆکار و بەڵگە دوو وڵاتی دیکە بە دەستوەردان و هەوڵی غافلکوژی تۆمەتبار بکات؟ ئایا بەڕاستی ئەم کارانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێران و ڕوسیا بۆ تێکدانی ڕەوشی هەڵبژاردن و دەستکاری ئاکامەکانی لەنێو ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن؟.

ئایا ئەمانە هیچ کاریگەرییان لەسەر دۆخی دەروونی و بڕیاری دەنگدەری ئەمەریکایی دەبێت؟ ئایا ئەم غافلکوژیانە پێگە و جەماوەی (ترەمپ) زیاد و بەهێز دەکات؟. دوای هەڵبژاردن کەسی براوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە دەکات، کە نەک دەستوەردان، بەڵکو پەیوەندیان بە غافلکوژیشەوە هەیە و دەیانەوێت پەیوەندییە باوە دیموکراتییەکەی ئەم وڵاتەش ئیفلیج بکەن و بیشێوێنن.

ئێمە دەزانین (ترەمپ) دژی جەنگی ئۆکرەینە و (بۆتین)یش بەکەسێکی لێوەشاوەی بە توانا دادەنێت و پێی سەرسامە و دەڵێت من سەرۆک بم، ئەم شەڕە بە چاونووقانێک کۆتایی پێ دەهێنم و قسەکانیشی لەکردەوە لەقازانجی ڕوسیایە و ئۆکرەینی تووشی دڵەڕاوکێ و ترس کردووە.

ئێرانیش پێیان وایە دەرچوونی (ترەمپ) دۆخی ئەوان ئاڵۆزتر دەکات و دیموکراتەکان بە نەرمی لەگەڵیان دەجووڵێنەوە، بۆیە وا لێک دەدرێتەوە قازانجی ئەوانە (ترەمپ) و (کۆمارییەکان) لە هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو نەبن و بدۆڕێن. هاوکێشە ونەخشەڕێگای هەڵبژاردن چەندین شتی دژ بەیەک و لەهەمان کاتدا پڕ لە گریمانەی تێدایە.  

 

چیرۆکی پشیلە و سەگەکان!

دوا قسەکانی (ترەمپ) لەبارەی خواردنی پشیلە و سەگ لە شارێکی ئەمەریکا، بەچەندین شێوە کاردانەوەی تونید هێنایە ئاراوە و شارەکەش تووشی فشارێکی دەروونی و سیاسی بووە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) شاری سپرینگفیڵد قوتابخانەکانی چۆڵکردووە و هۆڵی شارەوانی بەشێوەیەکی کاتی داخستووە.بەرپرسانی ئەم شارە چەندین جار ئەم بانگەشەیان ڕەتکردۆتەوە، کە گوایە گیانەوەری ماڵی لەم شارە دەخورێت، بەپێچەوانەوە گیانەوەرە ماڵییەکان لەم شارەدا سەلامەتن. لەم هەواڵانە دوو شت ئاماژە بەسەلامەتیان دەکرێت (ترەمپ) و (گیانەوەرەکانن).

بەپێی قسەکانی (ترەمپ) کۆچبەرە هاتییەکان ئەم شارەیان داگیر کردووە و پشیلە و سەگ دەدزن و دەیانخۆن، بەهۆی ئەم بانگەشەیە شارەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی تەقاندنەوەی  شارەوانی شارەکە بە بۆمب بۆتەوە و گوتایانە ببینن قسەی بەرپرسێک چۆن بۆتە سەرچاوەی تێکچوونی شیرازەی ژیان لەم شارەدا.

بەپێی زانیاریی ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە قسەکانی بەرپرسێک بۆتە سەرچاوەی ئازاردانی تەواوی شارەکە، بۆیەشە بەهۆی هەڕەشەی بۆمبڕێژکردن لەڕۆژی چوارشەممە قوتابخانەکان و ڕۆژی پێنجشەممەش هۆڵی شارەوانیش بەهەمان شێوە داخران.

لەساڵی ٢٠٢٠ەوە نزیکەی ١٥ هەزار هاووڵاتی هایتی ڕوویان لە شاری سپرینگفێلد کردووە و زۆربەیان ئەو بەرنامەیە بەکاردەهێنن، کە بۆ ماوەیەکی کاتی لە دیپۆتکردنەوە دەیانپارێزێت. کۆنگرێس لە ساڵی ١٩٩٠ ئەو بەرنامەیەی پەسندکردووە، بەرنامەکە بریتییە لەپێدانی دەسەڵات بە بەرپرسانی کۆچبەریی، تاکو لەڕووی یاساییەوە پارێزگاریی لەمانەوەی ئەم کۆچبەرانە بکەن، کە لەوڵاتەکانی خۆیان هەڵاتوون و هەڕەشەیان لەسەرە و ناتوانن بگەڕێنەوە.

(دۆلاند ترەمپ) لەبەردەم ٥٧ ملیۆن بینەر لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ (هاریس) ئەم قسەی کرد، ئەو کات هەندێک ئەم بانگەشەیان بەدرۆ وەسفکرد، دواتر کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەدوای خۆیدا هێنا، تا کەر گەیشتە ئەوەی هەڕەشەی بۆمبڕێژکردنی هەندێک شوێنی شارەکە بکرێت. ئەمەش وەکو هۆکارێک بۆ هێرشکردن دژی کۆچبەران دادەنرێت. بەپێی زانیارییەکانی (کۆمپانیای نیوزگارد) کە بەدواداچوون بۆ زانیاری ناڕاست لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دەکات، دەبێژێت ئەم هەواڵە سەرەتا لەلایەن ئافرەتیك بڵاوکراوەتەوە و ئەویش لە دەستی سێیەم وەریگرتووە و گوایە لەدەرەوی ماڵێکی هایتی پشیلەیەک بینراوە کەلەوپلەکراو کراوە و بۆ خواردن ئامادە کراوە.  باسی ئاژەڵ و بەرگری لە ئاژەلانیش لەم چەند ڕۆژە گەرم بوو، نزیکەی یەک ملیۆن و دووسەد هەزار پۆست بڵاوکرۆتەوە.

ئەمەش وەکو بەشێک لەململانێی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن دادەنرێت و دیموکراتەکان گاڵتە بەم جۆرە بانگەشەیە دەکەن و پێیان وایە ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بکەویێتە ژێر هەڕەشە و فشار. (ترەمپ) ڕۆژی هەینی لەبارەی (سپرینگفێلد) گوتیەتی: "بۆمبەکان هەڕەشە نین، بەڵکو سنوورەکان هەڕەشەی ڕاستەقینەن و بەرنامەشی هەیە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران لەم شارە بگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆیان".

بەپێی ڕاپرسییەکان و ئەو زانیاریانەی بڵاودەکرێنەوە نوێنەری دیموکراتەکان پێچەوانی (جۆ بایدن) توانی بە بەرنامەیەکی پتەو هێرش بکاتە سەر نوێنەری کۆمارییەکان و  پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت. ئەمەش وایکردووە  (ترەمپ) بە گرژی و تووڕەیی قسە بکات. دوای یەکەمین دیداری ڕاستەوخۆی نێوان ئافرەتێک بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گۆڕانێکی گرنگ لە قازانجی دیموکراتەکان ڕوویداوە، هەرچەندە دور نییە ڕووداوەکان کاریگەریی لەسەر ڕەوشی هەڵبژاردن و  مەزاجی دەنگدەر و گۆڕانکاریی لە قەناعەت و رێژەی بەشداربوونی گەنج و ئافرەتان دروست بکات، وەکو دەڵێن ئەم هەڵبژاردنانە شتی لەناکاو  و سەرسوڕهێنەریشیان تێدایە.

بەرنامەی هەڵبژاردن وەکو بنەما و سیاسەتی بنەڕەتی کاندێدەکان سەیر دەکرێت، کاندێدەکان ژمارەیەک شت بەڕاشکاوی  و بەرجەستەی بینراو پێشکەش  دەنگدەر دەکەن و دوای هەڵبژاردنیان جێبەجێان دەکەن، واتە هەر تەنیا قسە و گفتی سەرپێی و فریودەرانە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بەرنامەیە و شتی دیار و بەرجەستە لەخۆ دەگرێت و هەقیقییە. بۆ نموونە بە کورتی دەڵێن:

+ دیواری لەسەر سنوور دروست دەکەین.

+ کۆچبەران دەنێرینەوە وڵاتەکانی خۆیان.

+ باج کەم دەکەینەوە، یان زیاد دەکەین.

+ یەکێکیان داکۆکی لە بارچواندی کۆرپە دەکات و ئەوی دیکەشیان دژی ئەم یاساییە.

+ یەکێکیان هاوکاری بزنسی بچووک و مام ناوەندییە، ئەوی دیکەش پاڵپشتی بزنسی گەورەیە.

+ بەرنامەی بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی هەر یەکێکیان ڕوون ئاشکرایە، یان هاوکاری قوتابیان لە بەدستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ... تاد.  ئەوان قسەی زۆر ناکەن، قسە و بەرنامەکایان دیار و ئاشکرایە و لێکدانەوەی جیاواز هەڵناگرێت.   

 

هاریس و بایدن سەرچاوەی توندوتیژین

(ترەمپ) هەر وا بەئاسانی خۆی ڕادەستی ئەو فشارانە ناکات، کە نزیکەی چوار ساڵە لەدژی پیادە دەکرێت و لە ڕۆژی یەکشممە ١٦ی سپتێمبەری ٢٠٢٤ ڕایگەندووە کە، "هۆکاری سەرەکیی جووڵەی ڕوس دژ بە من، گوتارەکانی هاریس و بایدنە، ئەو جۆرە گوتارانەن کە دەبنە هۆی تەقەکردن لێم. ئەو دوو کەسە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسیەت. ئەو جۆرە قسەکردنە کە (هاریس و بایدن) هەیانە،  هانی تووندوتیژی دەدەن، من توانام لەوان پترە، لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە زمان و قسەکردنە، بەڵام من ئەو کارە ناکەم". کورد گوتەنی ترەمپ خۆی یەکێکە لەوانەی هەمیشە هێرش دەکات و لەهیچ ناگەڕێتەوە  و هەرچی لە دڵیەتی دەیڵێت، وکو دەلێن قسەکانی ئابڕووبەرە.

تا پتر لە ڕۆژی دەنگدان نزیک ببنەوە ڕووداوەکان و ململانێ و ناکۆکییەکان قورس و ئاڵۆز و سەختر دەبن، قسە و هێرشکردنە سەر یەکتر توندتر دەبێت. هەرچەندە هەوڵی کوشتن و تیرۆر دیاردەیەکی زۆر قێزەون و مەترسیدارە، هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسیەت، بەتایبەتی لە وڵاتیکدا کە دەیەوێت ئەم سیستەمەی لەبواری دیموکراسی هەیەتی بەسەر تەواوی دونیادا بڵاوبکاتەوە. ئەوەمان پێ دەڵێت هیچ شوێنێک لە جیهاندا خودانی دیموکراسیەتێکی بێ غەش نییە، ئەم سیستەمەش ناتوانێت وەکو پێویست چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان بکات. لەبەر ئەوە پێویستە گریمانە و پێشبینی سیستەمێکی باڵاتر و دادپەروەرتر و پتەوتر و نەرمتر لە بەڕێوەبردن و درێژەدان بە ناکۆکی و ململانێ سیاسی  بکرێت. 

ئەمە سەرەتای بانگەشە و ململانێیە، دەبێت بڕوامان بە شتی لەناکاو و نەبیستراو و چاوەڕوان نەکراو بین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×