پێموایە ئەم زانیارییە بۆ هەمو لایەک گرنگە. بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیام لەلایە، کە وینستن چەرچڵ یەکەم کەس بوە لەو لیژنەیەدا کە بڕیاریان داوە چەکی کیمیاویی لە دژی گەلی کورد لە سەرەتای بیستەکان بەکاربهێنن، کە لە پارێزگای سلێمانیی دژی شۆڕشگێڕانی کورد بەکاریان هێنا.
هەروەها، بەڵگەنامەیەکی تریشم دۆزیوەتەوە کە کۆمپانیایەکی بەریتانیی [ماددەی کیمیاویی] کە بۆ دروستکردنی چەکی کیمیاویی بوە، بە ڕژێمی سەددامی فرۆشتوە لە هەشتاکان دا.
ئەو دوو سەرنجە گرنگە بەڵگەنامەییەی سەرەوەم لە مانگەکانی داهاتودا، لە بابەتێکی تایبەت دا، دەخەمەڕو.
ئێستا پێم باش بو کە نوسەرانی کورد ئەو زانیارییە بەڵگەنامەییەی من بزانن کە: وینستن چەرچڵ یەکەم دەسەڵاتداری بەریتانیا بوە کە لە سەرەتای بیستەکان بڕیاری بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لە دژی شۆڕشگێڕانی کورد داوە.
لە چەند بەڵگەنامەیەکیش دا باس لەوە کراوە کە [یاخیبوان!!]ی کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود پارەوچەکیان لە تورکەکان وەرگرتوەو، تورکەکان و ڕوسەکان هەڵدەستن کوردەکان بەکاردێنن بۆ ئەجێندای خۆیان، کە ئەجێنداکەی تورک-ڕوس بریتییە لە: زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی تورکەکان ببنەوە بە دەسەڵاتداری ویلایەتی موسڵ ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی کوردەکان بە ئامانجی دەرکردنی ئینگلیزەکان لە ویلایەتی موسڵ و ئینجا گەڕانەوەی دەسەڵاتدارێتی تورک.
هەرچەندە، مەرج نییە هەمو زانیارییەکی ناو بەڵگەنامەکان ڕاست بێت. بەڵام هەم ئەو زانیارییەیان گرنگە کە وینستن چەرچڵ یەکەم کەسی ناو ئەو لیژنەیە بوە کە بڕیاری کیمیابارانکردنی کوردی داوەو، هەمیش ئەو زانیارییەی تریشیان ڕاستە کە کوردەکان پارەوچەکیان لەلایەن تورکەکانەوە پێدراوە بۆ شەڕکردن دژی ئینگلیزەکان، بەبێ ئەوەی تورکەکان هیچ بەڵێنێکی پێدانی [مافی نەتەوەیی] بە کوردەکان بدەن. بەڵکو تەنیا پارەوچەکیان پێداون.
ئەکرێت هەندێک بەڕێز هەبن، بڵێن: "ئینجا ئەو زانیاریە سودی چیە، خۆ هەمو کەس دەزانێت کە ئینگلیزەکان جۆرە گازێکی کیمیاویان دژی شۆڕشگێڕانی کورد بەکارهێناوەو شۆڕشگێڕەکان خۆیان باسیان لە بێهۆشبون و کوێربون و هتدی خۆیانیان کردوە".
بەڕێزان، ئەم زانیاریانە کاتێک لە ڕێی خودی بەڵگەنامەکانی بەریتانیاوە بسەلمێت ئەوکات گرنگی تایبەتتر وەردەگرن. چونکە کاتێک کە کورد سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەر و لێهاتوی تێدا هەڵبکەوێت دەزانێت چۆن لە ڕوەکانی سیاسیی، دبلۆماسیی و یاسایی سود لەم مەلەفانە وەردەگرێت.
من بۆیە دەستەواژەی [سیاسەتبازانی کورد] بەکاردێنم، واتە: وەک [قومار و قومارباز]، سیاسەت لە باشوری کوردستان بوەتە نیشتیمانفرۆشیی و بازرگانیکردن بەخاکەوەو، سیاسەتبازەکان چەندان ناپاکیی وەکو شانزەی ئۆکتۆبەریان ئەنجام داوە. هەر هەموشیان لە دزینی سامانی میللەت دا بەشداربون و بەشدارن، بۆیەشە بلیۆنەها دۆلاریان هەیە.
من بۆیە خۆم بۆ ئەم پرسە ژیانیانەی نەتەوەکەم ماندو دەکەم و، تاقەتپڕوکێنانە دەگەڕێم کە بەڵگەنامەی سەلمێنەری گرنگیان لەسەر بدۆزمەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر ڕۆژگارێک لە ناو کورد دا سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەری لێهاتوی تێدا هەڵکەوت، بەئاسانیی بە قازانجی [پرسی نەتەوەی کورد] لە ڕووەکانی سیاسیی، دبلۆماسیی و یاسایی سودی لێوەردەگرێت. ئەگینا خۆ هەمو کەسێک دەزانێت ئەم سیاتەنبازانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مانەوەیان؛ بونەتە سیخوڕی تەواوی وڵاتان بە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانیشەوە. بەڵام کاتێک گەل بە هۆش خۆی هاتەوە، بە گورزی جەماوەریی ڕایاندەماڵێت. ئەوکات سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەر لە ناو نیشتیمان دا هەڵدەکەوێت.
تەنانەت کاتێک گشت گروپەکانی کورد لە بەغداد بون هەڵنەستان کە گشت مەلەفە کوشتوبڕ و جینۆسایدبوەکانی کورد وەک [پرسێکی نەتەوەیی] لە دادگا لە دژی سەرانی بەعس ڕێکبخەن و، بجوڵێنن و، حکومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێ ئەرکدار بکەن، چونکە لە پێناو پارەوپۆست دا دڵی عەرەبەکان، ئێران، تورکیا و سوریایان لەخۆیان نەدەڕەنجاند. جا کاتێک [سیخوڕی بەریتانیا!!]ش بوبن؛ ئیتر چۆن دەتوانن و غیرەتی ئەوەیان هەیە مەلەفی یاسایی لە پێناو [پرسی کورد]دا بۆ بکەنەوە!؟
سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەر مرۆڤێکی هوشیاری خۆنەویستی دەست پاکەو، لە لوتکەی نیشتیمانپەروەربونیی دا، خۆی بە باوک و برای ڕۆڵەکانی نیشیمانەکەی دەزانێت. بۆیە بۆ هەمیشە دەچێتە ناو ناخ و ڕۆحی تاکەکانی میلەتەکەی خۆی. بەڵام ئەمانە بونەتە [سیخوڕ]ی گشت دنیا تەنیا لە پێناو مانەوەو بەرژەوەندییە خودییەکانیان؛ ئەوەش مانەوەیەکی کاتییە.