ئەوەی لەبانگەشەی ئەمجارە دەیبینین بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەكێتیی لەئاستێكی زۆر نزمدایە. هەردولا هیچ شتێكیان بۆ خەڵك پێ نییە، خاوەنی هیچ جۆرە گوتارێك نین. نە لەرابردوودا بەتایبەت لەماوەی 10 ساڵی رابردوو شتێكی ئەوتۆیان كردووە یاخود دەستكەوتێكیان هێناوەتەدی وەك حزب دەسەڵات، تابیكەن بەدەستكەوتی حزبیی و بەرهەمەكەی بچننەوە، نە دەتوانن بۆ داهاتوو پەیمان بەخەڵك بدەن بۆ پرۆژە چونكە ئەگەر كربایان دەبوو لەرابردوو بیكەن.
شێوەی بانگەشەو كەسایەتیەكانی ناو بانگەشە دەكەن لەئاستێكی زۆر نزمدان، دەیانەوێ لەڕێی گوتاری دەمارگیریی حزبیی و یەكتر تۆمەتباركردن و تۆخكردنەوەی ئەو ململانێ ناشارستانییە كاریگەری لەسەر سۆزو باری دەروونی خەڵك دروستبكەن. ئەوەی پارتی دەیەوێت بیخاتەروو لەبارەی خزمەتگوزاریی و دروشمە قەومییەكانی هیچیان بەهایان نییە، چونكە لەماوەی 10 ساڵی رابردوو وەك حزبی باڵادەست و خاوەن هەژموون بەسەر حوكمڕانیدا بەیارمەتی كەمینەیەكی بڕیاردەر لەناو یەكێتیی هەرچی خراپە بوو بەرامبەر خەڵكی كردیان هەر لەبڕینی گرێبەستە پەنجا ساڵەییەكەو بڕینی موچە بگرە تا دەگاتە داخستنی پەرلەمان، زیادكردنی باج و رسومات، هەڵبژاردنی ساختە، ریفراندۆمی شكستخواردوو، درێژكردنەوەی ناقانونی تەمەنی پەرلەمان..تد
یەكێتیش بەتەواوی دابڕاوە لەخەڵكی كوردستان لەماوەی 10 ساڵی رابردوو كەمینەیەكی بڕیاردەرو بەرژەوەندیخواز بەشداربوون لەحكومەت و جومگەكانی حوكمڕانیی، كەچی دەسەڵاتی شوان و سەپانێكیان لەحكومەت نەبوو! لەماوەی ئەو 10 ساڵە تەنها پاڵپشتی پرۆژەكانی پارتیان لەحكومەت كردووە هەر لەبڕینی موچەوە بگرە تا گفتوگۆی رادەستكردنی نەوت لەگەڵ لەغدا و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و رازیبوون لەسەر 45 كورسیەكەی پارتی و ..تد. ئێستا یەكێتیی ناتوانێت وەك حزبی دەسەڵات وەعد بەخەڵك بدات چی پێدەكرێت چونكە لەرابردوو ئەسیری پارتی بوو، ئێستاش ناتوانێت وەك ئۆپۆزسیۆن پەیمان بەخەڵك بدات چونكە خاوەنی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەكی زۆر وەزیرو هێزی چەكدارو ئەمن و ئاسایشە.
بەكورتی ئەو هەراو گرژییەی بانگەشەی هەڵبژاردن كە ئێستا لەنێوانی پارتی و یەكێتیدا هەیە پەیوەندی بەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانەوە نییە، ئەم هاوار هاوارە، هات و هاواری بەرژەوەندی خۆیانە. تائێستا نە پارتی و نەیەكێتیی لەگوتارەكانیاندا باسیان لەگێڕانەوەی موچەی فەوتاو، هەرزانكردنی كارەباو ئاو و خزمەتگوزاریی و باج و رسومات نەكردووە. هەروەك لەسەرئاستی نەتەوەییش تائێستا هەردولا ناوێرن باسی گێڕانەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بۆ باوەشی كوردستان بكەن، چونكە پارتی و كەمینەیەكی ناو یەكێتیی لەپرۆژەیەكی شكستخواردوو لەریفراندۆمی 2017 رادەستی عیراق و چارەنوسێكی نادیاریی كرد.
پارتی و یەكێتیی ئەم هەقیقەتە نازانن كە خەڵكی كوردستان، دەنگدەران لەم بارودۆخە زۆرچاك تێگەیشتوون، ئەگەر فشارو هەوڵی ساختەكردن نەبێت، هەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی گۆڕینی رێڕەوی مێژووی ئەم هەرێمە دەبێت.