لێکەوتەکانی شۆکی ئیسرائیل لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران و گروپە میلیشیاکانی

محەمەد غەریب حسێن
  2024-10-01     182

لە سیاسەتدی دەرەوەدا یار و نەیار و ڕکابەرێتی و ململانێ هەیە بەڵام ئەم ململانێیانەی نێوان یاریکەرەکان بەکۆمەڵێ هێڵی سور سنوردارکراوە، بەڵام وادیارە لەدوای ڕوداوەکەی 7 ئۆکتۆبەرەوە ئسڕائیل هێڵێکی سوری نەیارەکانی بەئاسانی بۆ هەزم نابێ و نایانخوێنێتەوە، ئەمەش ئەوامان بۆدەردەخات کە ئیسڕائیل شەڕی مان و نەمانی دەکات. کوژرانی حسەن نەسڕوڵا نەخوێندنەوەی هێڵی سورە، وەک وەکیلێکی ئێران کە سی ساڵە بەرەنگاری دەکات لە بەرامبەر ئیسرائیلدا. دەمێکە ئسڕائیل هەوڵدەدات کە ئەمریکا بەڕاستەوخۆ تێوە بگلێنێت لە ناکۆکیەکانی لەگەڵ ئێران بەڵام ئەمریکیەکان بەردەوام ڕەتیانکردۆتەوە کە  وەک دەستپێشخەر شەڕی ئێران بۆ ئیسرائیل بکەن، بۆیە بەردەوام ئیسرائیل لەهەوڵدایە کە هەرچۆنێک بێت ئێران تێوەبگلێنن لە شەڕکردنێکی ڕاستەوخی دورمەودا ، دواتر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەناچاری تەداخول دەکەن و بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن. ئێرانیەکان زۆر پڕاگماتیزمیانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدەەن و نایانەوێت لەئێستادا بچنە هیچ شەڕێکی ڕاستەوخۆوە، چونکە پێیان وایە شەڕ لەئێستادا بۆ ئێران بەمانای نەمانی کۆماری ئیسلامی دێت، هەروەک مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە بەتەنیا ناچینە شەڕی ئیسڕائیلەوە مەگەر وڵاتانی تری ناوچەکەش لەگەڵماندا بێنە شەڕەکەوە، ئەم لێدوانەی پزیشکیان تەواو ساردە و هەڵوێستی ئێران سنوردار و لاواز دەردەخات، پیموایە بۆ ئەم مەبەستەش مسعود پزیشکیانیان هێناوە چونکە دانوستانخواز دەردەکەوێت و بە ئیبراهم ڕەئیسی نەدەکرا وە لێرەوە گومانەکان لەسەر کوشتنی ئیبراهیم ڕەئیسی زیاد دەکات.

 

ئیسرائیل و شوکی حەوتی ئوکتۆبەر:

ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەردا ڕویدا ئیسڕائیل و ناتانیاهۆی توشی شۆکێکی گەورە کردوە بەڕادەیەک مەگەر هێرشکردنە سەر ئێران بتوانێت لەو شۆکەی نەجات بات. خاڵی سەرکەوتن بۆ ئیسڕائیل ئەوەیە کە خۆی ئاڕاستەی ڕوداوەکان دەکات و بڕیاری شەڕ دەدات نەک کۆماری ئیسلامی ئێران، وەهەروەها لەهەوڵی فراوانکردنی جەنگەکەدایە بەڵام لەبەرەی بەرامبەری کە ئێرانە هیچ لایەنێک نیە کە جەنگەکەی لەگەڵ فراوانبکات. لە ئێستادا هچ هێزێک ناتوانێت ئیسرائیل ڕابگرێت، وە ئەمریکایەکان پاڵپشتی دەکەن و تازەترین گوژمەی هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائل لەلایەن ئەمریکاوە بریتیە لە 8.7 ملیارد دولار و ئەوروپیەکانیش پاڵپشتێکی بێ بڕیاری سەیرکەرن. ئیسرائیل ڕاناوەستێت ئەگەر داواکاریەکانی جێبەجێ نەکرێت، وە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و جۆ بایدنیش زۆر لاوازن بەرامبەری و بەڕادەیەک کە ناتانیاهۆ هیچ سەنگ و قورسایەک بۆ بایدن دانانێت، بەتەنزەوە جوابی دەداتەوە. ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لەهێرشکردن هەتا نەیارەکانی لەودیوی سنور بەجۆرێک ڕادەگرێت کەنەتوانن کێشەی ئەمنی بۆ دروسەت بکەنەوە.

 

لاوازی مەیدانی ئێران و زیرەکی دەستکرد:

ئەوەی چۆکی ئێرانی شکاندوە لەمەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی ئیسڕائیلدا دوو خاڵە یەکەم لەڕوی هێزی ئاسمانی و دژە ئاسمانی بەرگری ئێران زۆر لاوازە و ئیسڕائیل زۆر بەهێزە بەتایبەتی کە پێشکەوتنێکی زور نایابی لە زیرەکی دەستکردا هەیە و زیرەکی دەستکردیش کەرەستەیەکی زۆر ستراتیجی مۆدێرنە کە ڕۆڵی یەکجار گرنگ دەبینێت لە سیاسەتی ڕۆژدا، دووم، موساد دەتوانێت بگاتە هەموشوێنێکی ئێران و هاوپەیمانەکانی و ئیسرائیل بەوردی ئامانجەکانی یەکلای دەکاتەوە و دەیانکاتە ئامانج.

 

کۆتایی سیاسەتی بە میلیشیاکرد:

لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی 1979 و لە لێدۆانە جەماوەریەکەی، حومەینی ئاماژەی بەوەدا کە (شۆڕش هەناردەی دەرەوە دەکەین)، ئەم لێدوانەی خومەینی بوە بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران کە دروستکردنی گروپە میلیشیاکان و باش ئیدارەدان و ئاڕاستەکردنیان لەژێر چەتری شیعەگەرای لێکەوتەوە، کە ڕێگەی خۆشکرد ئێران بەئاسانی دەستێوەرودان لەکاروباری وڵاتانی وەک عێراق ،سوریا،یەمەن و لوبنان بەتایبەتی بکات، دەستێوەردانەکانی ئێران لێکەوتەی زۆر خراپی لەسەر ئەم وڵاتانە جێهێشتوە، وەک نەمانی سیادەیان، شکستبارکردنی دەوڵەتەکانیان، لاوازکردنی حوکومەتەکانیان، تێکدانی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکانیان، ڕێزنەگرتن و دەرچون لە یاسا و بڕیاری سیاسی وڵاتی خۆیان و وەرگرتنی بڕیار لە ئێرانەوە. 

هەتا ئێستا گروپە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامڕازێکی بەهێز و کاریگەربون لە سیاسەتی دەرەوی ئێراندا بەڵام ئەم ئامڕازە خەریکە خۆری ئاوادەبێت و چیتر ناتوانن وەک پێویست ئێران و ڕژێمەکەی بپارێزن، چونکە چیتر نە گروپەکان و نە سەرکردەی گروپەکان کە بونێکی ڕوحانی و ئاینیشیان هەیە وەک هێڵی سور مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت. ئامڕازی گرنگ کە مابێتەوە بەدەست هێنانی چەکی ناوەکیە بە نهێنی بۆڕاستکردنەوەی ئەو ناهاوسەنگییەی کە لەهێزدا بەرامبەر ئیسڕائیل بۆی دروست بوە، چونکە ئێرانیەکان دەزانن کە سەدام حسێن کەوت چونکە چەکی ناوەکی نەبوو بەڵام کیم جۆن ئۆن هەر ماوەتەوە چونکە خاوەنی چەکی ناوەکیە. ئایە چەکی ناوەکی ئاسایش بۆ ناوچەکە دێنێت یان بەتەواوی تێکی دەدات؟ ئەمە جێگای گفتوگۆی وردە. 

لێرەوە گرنگە بپرسین ئەگەر ئێران بوە خاوەنی چەکی ناوەکی ئایا وڵاتانی کەنداو وەک سعودیە داوای چەکی ناوەکی ناکەن؟ یان بە پێدانی دڵنیای ئەمنی لەلایەن ئەمریکاوە ڕازیدەبن؟ وەک ئەوەی کە هیندستان و یابان و تایوان هەیانە وە بەمدوایەش ئیماڕات وەریگرت بەسەردانی محمەد بن زاید بۆ ئەمریکا یان ئایە ئەمریکا ئامادەیە هەمان دڵنیای بدات بە وڵاتانی تری کەنداو؟ 

لە ئێستادا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە دوو خاڵی گرنگدا دەبینێتەوە یەکەم ئاسای کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل وە دوەم سنوردارکرنی پەیوەنی لەگەڵ چین. گرنگە بزانین کە هەم کوشتنی ئیسماعیل هەنیە و هەم حەسەن نەسڕوڵا هەندێ پلان و دەستپێشخەری چینی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە تێکداوە. 

 

وەهمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دونیا:

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەهمێکی زۆر گەورەدا دەژی کە پێیوایە (دونیا لەدژی ئەم کاردەکات و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن)، دروستکردنی ئەم گروپە میلیشیایانە وەک قەڵخانێک لەدەرەوەی خۆی بۆ پاراستی سنورەکانی بەکاردێنێت، لەڕێگەی سەقاڵکردنی نەیارەکانی بەم گروپانەوە هەوڵدەدات سەرنجی نەیارەکانی لەسەر خۆی دوربخاتەوە، وەک لە لێدوانەکەی دوێنێی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بینیمان کە بە گوروپە میلیشیاکانی دەڵێ "هاوکاری حیزبوڵا لە لوبنان بکەن"، واتە ئێمە نایەینە شەڕەوە و تەنها سەیردەکەین، ئەم لێدوانانە ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق بەرەو شەڕێکی نادیاری وێرانکەر دەبات، پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەگەر ئەم شەڕە شەڕی ئێرانە بۆ عێراق بیکات بۆ ئێرانیەکان خۆیان نایەن بیکەن؟ ئەمە بریتیە لە گەوجاندنی وڵاتانی زورینە شیعەی دراوسێی ئێران، کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەست و سۆزی ئایینداریان دەقۆزێتەوە بۆ مەرامی سیاسی خۆی و لەبەرژەوەندی خۆی ئاڕاستەیان دەکات، ساڵانە بوجەیەکی زەبەلاحی عێراق و وڵاتانی تر بەناوی بەرەی مقاوەمەوە بەفێڕۆدەچێت، لەپێناو خزمەتکردنی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم وڵاتانە بەرەو نائاسایشی و لێکترازان و هەڵوەشانەوە چون بەهۆی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. 

 

کۆتایی:

لەدوای ڕوداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بەرەی ئێران ڕوبەڕوی فشار و تەحەدای گەورە بۆتەوە، ئێرانیەکان ناتوانن بە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی خۆیان بپارێزن و بمێننەوە، چونکە لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەکیش ڕژێمەکەیان شەرعیەتی تەواو کاڵ بۆتەوە، ئەگەر ئێرانیەکان بتوانن بەدانوستان ڕێگری لەم فشار و تەحەدایانە بکەن ئەوا قۆناخێکی نوێ لەپەیوەندی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسەت سەرهەڵدەدات کە یاریکەرەکان بریتیدەبن لە ئیسڕائیل و ئەمریکا و ئێران و چین. وە ئەگەر نەتوانن لەژێر ئەم فشار و تەحەدایانەیا دەربچن ئەوا شۆکەکەی ئیسرائیل بەکۆتای ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کۆتای دێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×