ئایا جەنگی ئیسرائیل و بەرەی مقاومە بە کوێ دەگات؟

شه‌ریف عەلی
  2024-10-01     342

بە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە ڕۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل. ئەوکات عەلی باپیرەکان، سەلاحەدین بەهادینەکان، ئەبوبەکر کاروانییەکان، موسەنا ئەمینەکان، تەواوی ڕۆژنامەنوسە ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستان، تەواوی شرۆڤەکارانی کەناڵی ڕوداوی پارتیی و کوردساتی یەکێتیی کە نوسین و لێدوانەکانیان ماوە بەعادل باخەوانەکانیانەوە، هەر هەمویان باسیان لە داڕوخانی وێنەی [زلکراو]ی ئیسرائیل کرد. بەڵام ئێستا بەشێکیان، بەتایبەت ئەوانەی کە شرۆڤەکارانی کەناڵی ڕوداوی پارتیی و کوردساتی یەکێتیین؛ پاشەکشەیان کردوە لە بۆچونەکانی پێشویان و بەپێی ڕوداوەکانی ڕۆژ بۆچونیان دەگۆڕێت. بۆیەشە میللەت لەسەر دەستی ئەو سیاسیی و شرۆڤەکارانە هەمیشە بە هەڵە ئاڕاستە دەکرێن، چونکە ئەوانە هەر ڕۆژەی بەپێی ڕودانی ڕۆژانەی هەر ڕوداوێک لەسەر پەتێک و لەسەر بۆچونێکن. من دەقاودەقی وتارەکانم لە وێبسایتی ئاوێنە لە کاتی ڕودانی هێرشەکەی حەماس ماوە. هەر شرۆڤەکارێکی سیاسییش ئەگەر ستراتیژبین و ستراتیژزان نەبو؛ ئەوە تەنیا زۆربڵێیەو گەلەکەی بە ئاڕاستەی هەڵەدا دەبات. ئەوکات کە من لە کاتی ڕوداوی هێرشەکەی حەماس ئەم وتارە ستراتیژزانانەم دەنوسی؛ خەڵکێکی زۆر لە کوردستان کە بارگاوی کرابون بە بۆچونە نامەنتیقییەکانی ئەو سیاسیی و شرۆڤەکارانەوە؛ عەقڵیان وتارەکانی منی نەدەبڕیی و، حەماس و حیزبوڵاو ئێرانیان زۆر بە گەورە دەبینیی و دەیانوت: ئیسرائیل داڕوخا!

خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بزانن: هوشیاری ستراتیژیی و دوربینیی سیاسیی کام نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی کورد دروست بوە، پێویستە خوێنەران حساب بۆ قسەو وتاری ئێستایان نەکەن کە بەپێی ڕوداوەکان قسە دەکەن و بۆچونی خۆیانیان گۆڕیوە، بەڵکو دەبێت وتاری ساڵێک لەمەوپێشی شرۆڤەکارانی سیاسیی و سیاسییەکانی کوردستان بخوێننەوەو لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکانیان بڕوانن؛ ئەوکات دەسەلمێ کێ ستراتیژ بین بوە. چونکە خەڵک بۆیە پێویستی بە سیاسەتزان و شرۆڤەکاری سیاسیی هەیە بۆ ئەوەی هوشیاری ستراتیژیی و دورمەودا بە کۆمەڵگا ببەخشن لە ئاست ڕوداوە سیاسییەکان. نەک ئەوەی بەپێی ڕوداوەکانی ڕۆژ بۆچونەکانیان بگۆڕن کە ئەوەش کورتبینیی و زۆر بڵێیی و ناشرۆڤەکاربونیان دەسەلمێنێ و میللەت توشی دەیان نەهامەتی دەکەن.

ئەمە بابەتەکانی منە لە ڕۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی پار، کە ڕۆژێک دواتر لە ئاوێنە بڵاوبویەوەو، هەروەها وتارەکانی ڕۆژەکانی دواتریشم هەر ماون. بزانن گەر شرۆڤەکاری سیاسیی بە هەوڵ و ماندوبونی بێلایەنانە خۆی پێگەیاند، گەر خۆشی بە تەنیا بشمێنێتەوە؛ هەر بۆچونەکانی ڕاستگۆیانە بە ئاڕاستەی هوشیاریی نەتەوەکەی ئاڕاستە دەکات و گرنگی بە ژاوەژاوی هەڵەی شرۆڤەکارانی تر نادات. فەرمون بزانن وتارەکانم سەد لە سەد ستراتیژبین و دوربینانە بون یاخود نا، هەر هەمو وتارەکانیشم لە وێبسایتی ئاوێنە بەپێی بەروارەکانیان ماون.

 

(ئەمەی خوارەوە وتارێکمە هی ساتی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردو، کە ڕۆژێک دواتر لە ئاوێنە بڵاوکرایەو، ئەم وتارانە بەراورد بکەن بە ڕوداوەکانی ئێستا؛ ئەوکات دوربینی شرۆڤەکار دەسەلمێ!):

 

شەڕی حەماس دژی ئیسرائیل و، جیۆپۆلەتیکی کوردستان

هێرشی ئەم جارەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، چەندین خوێندنەوەی دژ بە یەک لەخۆدەگرێت، چونکە [سات]ی هێرشەکە بۆ یاریکردنی ئەکتەرە سەرەکییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەستیار و جێی لێوردبونەوەیە.

بەشێکیان، بەتایبەت گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی سەر بە ئێران و تەنانەت ئەوانەی سەر بە ئەردۆگانیش، پێیان وایە: ئەم هێرشە زیرەکیی حەماس بوە لە گۆڕانکاریی لە [تەکتیکی شێوازی هێرشبردن]ی ئەمجارەیان بۆ سەر ئیسرائیل، بە جۆرێک کە ئیسرائیلیان غافڵگیر کردوە.

 ئەم بۆچونەی سەرەوە، سۆزداریی و لایەنگیرییە و، بە نالۆژیکی دەزانم، چونکە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل پەیوەندییەکی هەمیشەیی لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و تەنانەت ڕوسیاش هەیە. لەو ڕێگەیەشەوە کەسانی دەسەڵاتداری ناو ئێران، سوریا، تورکیا، سعودیە و میسر بەردەوام هەواڵیان بە ئیسرائیل داوەو دەدەن.

بێگومان بۆ ڕەوایدان بە سیاسەتی داهاتوی فراوانخوازی ئیسرائیل، خۆ دەبێتە حەماس هێرشێکی لە ناکاو بکات و، لێشاوی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل بە بەرچاوی میدیا جیهانییەکانەوە کۆڕەو بکەن و، ئیسرائیلیش خۆی بە غافڵگیر لە قەڵەم بدات!!  ئەم دۆخەی شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا، تورکیا و خۆراوای کوردستان، ئازربایجان و ئەمریکا وایکردبو کە ئەکتەرەکانی سەر بە ئەمریکا تا ئەندازەیەک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا لە [متبون]دا بن، بۆیە ئەمریکا پێویستی بە ڕۆڵپێدانێکی نوێ بو لەم ساتەدا بە ئیسرائیل کە لێکەوتەکانی دەبینین، خۆ ناکرێ عەرەب لەم هاوکێشەیەدا تێوەنەگلێنرێن!!

لە سیاسەت دا [متبون] بەرەو سازشت دەبات، چونکە کە تۆ مت بویت، هێزی تر باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێ و، دواتر دەبێت مامەڵەی دیفاکتۆی لەگەڵ دا بکەیت.

بۆ ئەوەی ئیسرائیل دەستی بۆفراوانخوازییەکی نوێی هەمەلایەنە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست واڵا بێ، پێویستی بەوەیە هێرشێکی وا بکرێتەسەری و، ژمارەیەک قوربانیی بدات، چونکە سیاسەتی باڵادەستیی بەبێ قوربانیدان نایەتەدی.

چۆن دەبێت تورکیایەکی [ئەردۆگان]ی هێندە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باڵادەست ببێ و، ئیسرائیل مات و مت بێ؟ ئێران وسعودییەش ئەکتەر بن و، ئیسرائیلیش مات و مت بێ؟ ڕەهەندێکی سیاسەت بریتییە لە: خوێندنەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی پشت ڕوداوەکان! ئیتر با ئەوەش بوەستێ کە جۆری ئەم هێرشانەی حەماس، پشتیوانیی دبلۆماسیی جیهانیی بۆ ئیسرائیل توندوتۆڵتر دەکاو، ڕۆحیەتی [ئیسرائیلییبون]یش لە ناوخۆی ئیسرائیلیش دا بەتینتر دەکات!

وردببنەوە کە ئاکامی ئەم جەنگە چۆن دەستی ئیسرائیل واڵا دەکات بۆ پرۆژەی ئەبرەهام [ئیبراهیم] و ڕەوایەتیشی پێ دەدات. ئەمە جگە لەوەی وەک لە سەرەوە ئەماژەم پێ دا، کە: هەرکاتێک ئەمریکا-بەریتانیا-ئیسرائیل بزانن کە مانەوەی ڕژێمی ئێران ئیتر سەرئێشەیە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا بە بیانوی چەکدارکرنی حەماس، دەتوانن بە هێرشی ئاسمانیی ئێران بپڕوکێنن!

ئیسرائیل لە سەدەی ڕابردودا سودی گرنگی بۆ باشوری کوردستان هەبوە. بەتایبەت لە هێرشی پێنج هەزار لە شکری پیادەی سوپای یەرموکی سوریا بە سەدان دەبابە و فڕۆکە و، هەزار ڕاوێژکاری سەربازی میسر و یەکگرتنیان لەگەڵ ناسری و بەعسییەکانی عێراق بۆ لە ناوبردنی گەللی کورد لە باشوری کوردستان و دەرکرنی فەتوای جیهاد بۆ سڕینەوەی گەللی کورد لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٦٣ و، سێ جار کیمیابارانکردنی باشوری کوردستان لەلایەن لەشکرە هاوبەشەکانی عێراق-سوریا و میسر، گەللی کوردی بەتەواوی بێکەس کردو، کورد لە بەردەم لەناوچونی هەمیشەیی دابو بە دەست پان-عەرەبیستەکان.

لە هەنگاوێکی عاقڵانەو ستراتیژی دا، مەلا مستەفا بە چەند هەوڵێک لە ڕێگەی کامەران بەدرخان و عیسمەت شەریف وانلییەوە پەیوەندییەکی ستراتیژی گرنگی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند، کە لەوساتەدا کەس لای بۆ کورد نەدەکردەوە.

مەلا مستەفا ئەو دەلاقەیەی دۆزییەوە کە باشوری کوردستان و ئیسرائیل، یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە کە پان-عەرەبیستەکانن و، ئامانجیان سڕینەوەی کورد و جووە.

ئیسرائیل هێندە جوڵانەوەی کوردی بەهێز و پڕچەک کرد، کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورد دا، کورد لە جەنگی بەرەیی دا، لە شەڕی هەندرێن لە ساڵی ١٩٦٦، نزیکەی سێ هەزار داگیرکەری فاشیستی بە دۆزەخ سپارد، کە فاشیستەکانی سوریا و میسریشیان تێدابو.

لە سەردەمانی ڕابردوەوە، نەتەوەی کورد لە ١٥١٤ەوە، بە دەست ئیمپڕیالیزمی تورک و فارسەوە، دەناڵێنێت و، لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانییشەوە، ئیمپریالیزمی عەرەبیش بە هەمان میتۆدە فاشیزمییەکانی تورک و فارسەوە، کەوتنە لەناوبردنی نەتەوەی مەزنی کورد، کە ئەو کات دەوڵەتی ئیسرائیل هەر داش نەمەزرابو.

کێشەی نەتەوەی مەزنی کورد کە زۆرینەمان موسڵمانین لە ئێستادا لەگەڵ ئیمپریالیزمی قەومە ئیسلامەکانی تورک، فارس و عەرەب، دایە. هەر کاتێک قەومی فارس، تورک و عەرەب دانیان نا بە مافە خواکردە نەتەوەییەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی لەسەر خاکی خۆی کە کوردستانە، ئەوکات دەیسەلمێنن کە تورک، فارس و عەرەب قەومی فاشیست نین!

مانەوەی ئیسرائیل بە دوژمنی عەرەب بە تایبەت، لە ڕوی جیۆپۆلەتیکیی و جیۆستراتیژییەوە بە قازانجی باشور و خۆراوای کوردستانە. تەنانەت ڕەهەندێکی گرنگی پێدانی ئەمریکا بە خۆراوای کوردستانیش هەر لەم چوارچێوەیە دایە، چونکە لاوازی ڕژێمی پان-عەرەبیستی سوریا، هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل کەمتر دەکاتەوە. بێگومان ڕەهەندێکی دیکەی مانەوەی ئەمریکا لە خۆراوای کوردستان بۆ مەبەستی ململانێیە لەگەڵ ڕوسیا کە پێگەی درێژخایەنی لە سوریادا هەیە.

ئەو پەیوەندییەی مەلا مستەفا لەگەڵ ئیسرائیل دایمەزراند، هێندە ستراتیژی بو، کە بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە تا ساڵی ١٩٩٦ تەواوی سەرۆکەکانی مۆساد سەردانی باشوری کوردستانیان کردوە. لە دوای ٢٠٠٣ ێش، ئەو پەیوەندییە بەردەوامیی هەبو. کە ڕەنگە لەم دۆخەدا بەسودی پرسی کورد نەبێت ئەو لاپەڕانەی بەڵگەنامەکان واڵا بکەین کە باس لە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانی نێوان ئیسرائیلییەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی، یا جەلال تاڵەبانی، یان نێچیرڤان بارزانی یاخود لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەنجامیان داوە. بەڵام بەڵگەنامەکان دەیسەلمێنن کە پەیوەندییەکان بەردەوام بون و، لەگەڵ پارتیی دا توندوتۆڵتر و بە دیسپلینانەتر کراون. سودیشی بۆ کوردیش تێدا بوە، هەم لە ڕوی چەک و تفاقی جەنگیەوە، هەمیش لە ڕوەکانی دبلۆماسیی و ماددی و تەندروستییەوە.

(ئەمەی خوارەوەش وتارێکی تری منە کە دوو ڕۆژ دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نوسیومە لە نۆی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوداو، ڕۆژێک دواتر لە وێبسایتی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوەو وتارەکە ماوە):

 

ئایا جەنگی حەماس و ئیسرائیل، ئێرانیش دەگرێتەوە؟

چەند ڕۆژێکە چەندین نوسەری بەڕێز ئەو پرسیارەم بەردەوام لێ دەکەن. بەشێک لەو بەڕێزانە ئێستاش بڕوایان بە نوسینەکەی یەکەم ڕۆژی من نییە کە لەسەر هێرشەکەی حەماس لە ئاوینە بڵاوکرایەوە. کە تێیدا وەک یەکەم نوسەری کورد ئاماژەم بەوەدا: لۆژیک نایبڕێت کە دەزگای مۆسادی ئیسرائیل کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەیە زانیاری لەسەر ڕێکخستنی نزیکەی پێنج هەزار موشەک و سەدان پەڕەشوتەوان و دەیان گروپی هێرشی زەمینیی و ئاوی حەماس نەبوبێت!  بێگومان هێرشی وا فرە ڕەهەند زیاتر لە مانگێک ئامادەسازیشی دەوێت! بۆیە ئیسرائیل لوغمەکەی بە حەماس دا تەقاندەوە!! تەنانەت پەڕەشوتەوانەکانی حەماس بە ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بون، ئیسرائیلییەکان ڤیدیۆیان دەکردن و بڵاویان دەکردەوە، کەچی فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی یان درۆنێکی ئیسرائیلی بەکارنەدەهێنرا کە پەڕەشوتەوانەکان بخاتە خوارەوە!!

 

ئیسرائیل و ستراتیژەکەی!

تێفکرینی من ئەمەیە: لەم دۆخەدا کە ڕوسیا دەیەویت بەشێکی ئۆکرانیا بخاتەسەر ئیمپراتۆریەتەکەی و بەکردەوەش داگیری کردوە. ئازربایجان بەشێکی ئەرمینیای بۆ خۆی برد. تورکیا لە بەشێکی خۆراوا و باشوری کوردستان بەردەوام [وەک دیفاکتۆ] خۆی دادەکوتێ. ئێرانیش حوکمی لایەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. کەس بە کەس نییە و باشترین زەمینەبو کە ئیسرائیلیش پلانێک دابنێت و بیقۆزێتەوەو سنورەکانی فراوان بکات. مۆساد-سی ئای ئەی بە یارییەکی هەواڵگری ئەو دۆخەیان خولقاند!

هێستا ماوێتی کە خوێنەرانی کورد بەڕونی تەواوی بەڵگەنامەکانیان دەست بکەوێت و، بێگومان بن لەوەی کە زۆرێک لە هێزە ئیسلامییە سیاسییەکان، دەستی دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان لە پشت دروستکردن و ئاڕاستەکردنیان دا هەیە، بە خودی ئێران و تاڵیبان و حەماسیشەوە!!

ئیسرئیل یەکەم هەنگاوی ئەوەیە: سنوری خۆی بەرفراوان بکات، لەگەڵیشی دا ڕۆڵیشی بەرفراوان ببێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا.

 

ئیسرائیل و سەرەتای هێرشەکەی حەماس!

ئیسرائیل سیاسەتزانانە و دبلۆماتکارانە لەگەڵ هێرشەکەدا مامەڵەی کرد و، گروپی میۆزیکی جیهانیی خستە بەر ڕەحمەتی حەماس!! تێیدا چەندین هونەرمەند و هاوڵاتییە سڤیلەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بونە قوربانیی. ئینجا ئیسرائیل [کۆڕەو]ی خەڵکی ئیسرائیلی پیشانی جیهان دا.

واتە: لێزانانە تا ئێستا هەنگاو بە هەنگاو بۆ ئەو پلانەی کە دایناوە، هەم لە ڕوی ڕاکیشانی دبلۆماسییەتی جیهانیی بۆ خۆی و، هەمیش لە ڕوی پراکتیزەکردنی پلانەکەی، بە باشیی دەیباتە پێشەوە! لە بابەتەکەی یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماس دا ئاماژەم بەوەدا: ئیسرائیل وەک هێزێک کە فراوانخوازیی و هەژمونخوازی نوێی دەوێت: بۆیە لە پێناو جێ بە جێ بونی پلانەکەی، لە قوربانیدان ناترسێت!!

گرنگترین شت ئەوەبو: دەزگای مۆساد و سی ئای ئەی توانییان بەشێکی زۆری جیهان قایل بکەن کە ئاگاداری ئەم هێڕشەی حەماس نەبون و ئیسرائیل غافڵگیر کراوە. نوسەرانی کوردیش لەبەر ئەوەی بە پێی پڕوپاگەندەی میدیا جیهانییەکان شیکاری دەکەن. هەمویان وتیان: ئیسرائیل غافڵگیر کرا! بەڵام پێچەوانەی ئەوە حەقیقەتە!

 

ئیسرائیل دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕم!

بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە شیاوی لێوردبونەوەیە. ئایا تەنیا سنوری خۆی بەرفراوان دەکات، یان سیستەم و جوگرافیای وڵاتانی تریش دەگۆڕێت! کاتێک ئیسرائیل دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕم. نیشانەی ئەوەیە پلانەکە بەرفراوانترە لە ئیسرائیل و فەلەستین! ئەو ڕاستییەش دەخاتەڕو کە پێشتر ئیسرائیل ئاگاداری ئەم هێرشانە بوە. ئەگینا چۆن ئیسرائیل خێرا دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕم، ئەگەر ئامادەسازی پێشوتری خۆی و ئەمریکا-بەریتانیا بۆ پرسێکی وا نەکراوە؟ لە یادتانە ئەمریکا چەندێک هێزی زیاتری هێنایە ناوچەکە لە چەند مانگی ڕابردودا؟ لە تێفکرینتان دا هەیە ئەمریکا بەنیازە چەند ساڵ ئابڵوقە بخاتەسەر ڕوسیاو، لە بری گازی ڕوسیا، دەیەوێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێک بگۆڕێت کە گازە سروشتییەکەی بەردەستی ئەمریکا-ئەوروپا بێت!؟

مەبەستم ئەوەیە: بەکارهێنانی دەستەواژەی خۆرهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕم لەلایەن ئیسرائیلەوە. نیشانەی ئەوەیە ئیسرائیل-ئەمریکا-بەریتانیا پلانێکی ئامادەسازییان بەدەستەوەیە. ئایا دەکرێت تەنیا پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندن بێت، واتە وەک شەڕی دەرونی ئیسرائیل ئەو دەستەواژەیە بەکاربێنێت!؟ یان تەنیا سنورەکانی ئیسرائیل دەگۆڕن!؟

 

ئێران و گروپەکانی زیڕەیان کردوە!

ئەمڕۆ خودی خامنەیی وتی: ئێمە ئاگاداری هێرشەکەی حەماس نین. شیعەکانی عێراقیش [وەک کردەوە] جوڵەیان لەخۆیان بریوە. سەدر دەڵێت: با ئاو بنێرن بۆ غەزە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ترسیان لێنیشتوەو دەزانن بە داوەکەی ئیسرائیلەوە بون!

دیسانەوە ئەڕۆمەوە سەر ئەو پرسیارەی چەند هاوڕێیەک لێیان کردوم: ئایا جەنگی حەماس و ئیسرائیل، ئێرانیش دەگرێتەوە؟

وەڵامەکەم ئەمەیە: جەنگێک حەماس بپڕوکێنێت، واتە بەلای کەمەوە دەستێکی ئێران تێیدا دەقرتێت! بەڵام ئەگەر مەبەست لە پرسیارەکە ئەوە بێت: ئایا ئەم جەنگە خودی جوگرافیای ئێرانیش دەگرێتەوە؟

دوو هۆکار لەمپەربون پیشتر لە بەردەم گورزی ئاسمانی ئیسرائیل-ئەمریکای کۆماریی، بۆسەر ئێران، ئەوانیش: دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بون. چونکە تا ئێستاش ئێران مامەڵەی نهێنیی لەگەڵ دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هەیە.

بەڵام ئەم پلانەی ئەم جارە ئیسرائیل کێشاویەتیی و بە لیزانانەش قۆستییەوەو خۆی بە [قوربانیی] لە قەڵەم دا، توانای دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا سنوردار دەکات لەوەی رێگر بن بۆ هەر هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر ئیران. بێگومان ئیسرائیل-ئەمریکا سەرەتا دەیانەوێت ئێران و گروپەکانی لە سوریا و لوبنان داغان بکەن. دڵنیابن کە ئیسرائیل پشتی حەماس دەشکێنێ و غەززە وێران دەبێت. خەڵکێکی مەدەنی لە هەردولاش دەبنە قوربانیی. ئینجا ئیسرائیل هەنگاو بۆ گروپەکانی تر دەبات. هەر ئەوەی کە ئەمرۆ خامنەیی لە وتارەکەی دا دەیوت: ئێمە ئاگامان لە هیچ نییە. نیشانەی پاشەکشێ بو. چونکە دەزانێت ئیتر دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیاش ناتوانن وەک جاران ڕێگر بن لەوەی کە هێرشی ئاسمانیی بکرێتەسەر دامەزراوە گرنگە سەربازییەکانی ئێران.

بەڵام ئەم مەسەلەیە کاتی دەوێت، چونکە تا ئێستاش ئێران و شیعەکانی عێراق تەنیا تەماشای داغان بونی حەماس و غەززە دەکەن. بەڵام ئیسرائیل-ئەمریکا کە خاوەنی پلانێکی وا بن، بەدڵنیاییەوە تەنیا بە حەماس ئارام نابنەوە. وەک وتم: کاتیی دەوێت. کوردیش چیکڵدانەی بچوکەو بۆ سیاسەت نابێت، چونکە دەیەویت بە ڕۆژێک هەمو ڕوداوەکان ببینێت.

هەرچەندە سەرکردەکانی پارتیی لە ئێستادا ترسیان پیوە دیارە. بەڵام ئەم ڕوداوانە بە پلەی یەکەم لە قازانجی پارتیی دایە. بێگومان قازانجی بۆ خۆاراوا و خۆرهەڵاتی کوردستانیش دەبێت. گەر پەکەکە بزانن چۆن لە خۆراوای کوردستان لەگەل ئەمریکا مامەڵە بکەن. تورکیاش هەموشتێکی بۆ ناچیتەسەر. گەر پەکەکە خۆیان لە لکاوبون بە ئێرانەوە لانەدەن، خۆراوای کوردستانیش باجی تری سیاسەتی پەکەکە دەدات! چونکە ئیسرائیل-ئەمریکا بەرژەوەندی خۆیانیان لا گرنگە. دەیان بەڵگەنامە باس لە گفتوگۆکانی نێوان بەریتانیی و ئیسرائیلییەکان لە کۆبونەوەکانیان دەکەن کە چۆن باس لە ئۆجەلان دەکەن کە ڕژێمی سوریا لە دەشتی بیقاع مەشقیان پێ کردون و لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەکاری هێناون! ئەوەبو عاقیبەتی ئۆجەلانمان دی، چونکە ئیسرائیل تۆڵەسێنە!!! گرنگە پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچیتەوە، بەتایبەت لەم دۆخە نوێیەدا!

(لە ڕۆژی هەژدەی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوش کە یانزە ڕۆژ دوای هێرشەکەی حەماس بو بۆ سەر ئیسرائیل ئەم وتارەی خوارەوەم نوسیی و، ڕۆژێک دواتر لە ئاوێنە بڵاوکرایەوەو وتارەکەش ماوە):

 

ئامانجی پشت هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە، چییە!

هەرچەندە لە ئێستادا، نوسەران بەسەر هەردو بەرەی جەنگەکەدا، دابەش بون. بەڵام بۆ هەر نوسەرێک گرنگە لۆژیکییانە، ڕاڤەی خۆی بکات.

ڕەنگە هەبێت وا لێکی بداتەوە ئەم هێرشە پەیامێکی تۆڵەسەندنانەی ئیسرائیلە، بەوەی پیشانی نەیارەکانی بدات، گەر هەر هێزێک وەک حەماس هێرش بکاتەسەر ئیسرائیل، ئەوا دەرئەنجامی وەک غەززە چاوەڕێی دەکات.

 پێموایە ئەو بۆچونەی سەرەوە لە بارەی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەکەوە، نامەنتیقییە. چونکە ئەو هێرشە بوەتە هۆی توڕەتربونی نەیارەکانی ئیسرائیل، نەک ترساندنیان.

تێفکرینی من بۆ ئەو هێرشەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە، درێژەدانی ئایدیاکانمە کە لە بابەتی یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاوێنە، بڵاوکرایەوە.

تێفکرینی یەکەم ڕۆژم ئەوە بو: دەزگای هەواڵگری مۆساد و سی-ئای-ئەی پێشوەختە ئاگاداری هێرشێکی بەرفراوانی لەو جۆرەی ئاسمانیی و ئاویی و زەمینیی حەماس بون. بەڵام حەماسیان خستە تەڵەکەوە کە لەم تەوقیتەدا هێرشەکەی بکات، بۆ ئەوەی ئیسرائیل-ئەمریکا بە بیانوی ئەوەوە پلانە ستراتیژییەکەیانی لێ بەرهەم بێنن.

دوو نمونەی ڕون دێنمەوە، بۆ سەلماندنی تێفکرینەکەم کە ئیسرائیل-ئەمریکا پلانە ستراتیژییەکەیان ئەوەیە: جەنگەکە لەم تەوقیتەدا ئاشتی بەدوادا نەیەت.

یەکەمیان: ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەم ڕوداوە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و، لەگەڵیشیی دا ئەمریکا دوو کەشتیگەلیی پڕ فڕۆکەی هەمە جۆری جەنگی بۆ پشتیوانی ئیسرائیل نارد. ئایا نەخشەی کوێ و کام وڵات و کام سیستەمی سیاسیی دەگۆڕدرێت، ئەوە لێوردبونەوەی ستراتیژی دەوێ.

دووەمیان: ڕوسیا لە ڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پێشنیاری ئاشتی نێوان ئیسرائیل-فەلەستینی خستەڕو، بەڵام بەرەی ئەمریکا لەم تەوقیتەدا ڤیتۆیان کرد.

کەوابو، ئەم جەنگە لە ڕوی ستراتیژییەوە بە قازانجی ئیسرائیل-ئەمریکایەو، پلانی پێشوەختەیان بۆی هەیە. بۆیەشە ئامادە نین جەنگەکە بوەستێنن و، هێرشەکەی حەماس بیانوەکەی دایە دەستیان و، جەنگەکەش وەک یەکەم ڕۆژ کە نوسیومە: پێموایە جەنگێکی ماوە درێژە.

کەوابو پەیامی سیاسیی و ئامانجی پشت ئەم هێرشەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە چی بو؟

پێموایە: ئامانجی پشت ئەم هێرشە زیاتر بەنزینکردنە بە ئاگری جەنگەکەدا. چونکە ئیسرائیل-ئەمریکا مەبەستیانە و دەیانەوێت کە ئێران-حیزبوڵا و ڕژێمی ئەسەدیش توڕە بکەن و هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل. چونکە ئیسرائیل-ئەمریکا هێزی خۆیان حازرە بۆ پلانەکەیان. واتە: ئەم جۆرە هێرشە بۆ ئەوەیە کە بەرانبەرەکانیان هێندە توڕە بکەن کە ڕاستەوخۆ ڕایانکێشنە مەیدانی جەنگەوە، چونکە ئێران-حەشدی شەعبی-حوسییەکان-حیزبوڵا-ئەسەد تا ئێستاش بەکردەوە نایانەوێت بێنە مەیدانی جەنگەکەوە.

ڕوسیا و خودی پوتین، تا ئەندازەیەک وریا بونەتەوە لەوەی کە ئەمریکا-ئیسرائیل دەیانەوێت بەرەیەکی بەرفراوانی جەنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکەنەوە. ڕوسیا-پۆتین دەشزانن کە ئەمریکا زلهێزترینە و لە توانای دا هەیە لە یەک کات دا لە چەندین بەرەی جیهانیی دا شەڕ بکات، بەتایبەت بەهۆی پێشکەوتویی تەکنەلۆجیای جەنگی ئەمریکییەوە، کە پێشکەوتوترینە.

ڕوسیا بە میلیشیاکانی چیچانیی و ئەسەد و، درۆنەکانی ئێرانیشەوە، هێشتا لە جەنگی ئۆکرانیا تەواو نەبوە. بۆیە کردنەوەی بەرەیەکی تری جەنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە دژی حەماس-حیزبوڵا-ئەسەد-ئێران بێ، ڕاستەوخۆ گورزی پشتشکێنە بۆ ڕوسیا. چونکە ڕوسیا دەیان ساڵە لە سوریا ماوەتەوەو، ئەگەر سوریای لە دەست دەربهێنرێت، ئەوا خەونی بە [ئیمپراتۆر]بونی پۆتین، کۆتایی دێت، ئەوەش بەهۆی گرنگی پێگەی دەریای ناوەڕاستەوەیە. چونکە پاشەکشە پێکردنی ڕوسیا لە سوریا و نەهێڵانی هەژمونی ئێران لە کەنداودا ڕاستەوخۆ گورزی پشتشکێنن بۆ خەونی بە ئیمپراتۆربونی ڕوسیا لە گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست و کەنداو.

ئەیڵێمەوە، ئەم هێرشە بۆ ترساندنی نەیارەکانی ئیسرائیل نییە، هێندەی بۆ [توڕەکردنی نەیارەکانییەتی] بۆ ڕاکێشانیان بۆ مەیدانی جەنگەکە.

ئێستا ئیسرائیل کارێکی کردوە، گەر ئێران-حەشد-حیزبوڵا-ئەسەد نەیەنە مەیدانی جەنگەکەوە، ئەوا لەلای لایەنگرە عاشقەکانیانەوە، بەر نەفرەت دەکرێن. ئەمە جگە لەوەی گەر پلانی ئیسرائیل-ئەمریکا ڕاکێشانی ئێران-حەشدی شەعبی-حیزبوڵا-ئەسەد بێ بۆ ناو جەنگەکەو، بەم هێرشەی سەر نەخۆشخانەکەش نەیەنە ناو جەنگەکەوە، ئەوا هەر ئیسرائیل-ئەمریکا لە کۆڵیان نابنەوە، چونکە لە سیاسەت دا [سازش، سازشی بەدوادا دێ] و، لە جەنگییش دا [زۆرجار شکستی گەورە، شکستی یەکجارەکیی بەدوادا دێ]، بەڵام بێگومان کاتی دەوێ!

ئێران بە ئاشکرا، عەرەبەکان [حەماس]ی توش کردوە، کەچی بەکردەوە هەم ئێران و هەم میلیشیا شیعەکانیشی، خۆیان لە جەنگەکە لادەدەن. ئایا ئەمە فرۆشتنی حەماس [فەلەستین] نییە لەلایەن ئێرانەوە بە ئیسرائیل؟ ئایا ئیسرائیل بەوە واز دێنێت؟

گرنگە لە یادم نەچێت، کە پێویستە لە ئێستادا خوێنەرانی کورد لێکدانەوە بۆ کاریگەری جەنگی ئیسرائیل و حەماس بکەن لەسەر پرسی کورد لە پارچەکانی کوردستانی داگیرکراو و دابەشکراوی ژێر ئیمپریالیزمی تورکیی، ئیمپریالیزمی فارسیی، ئیمریالیزمی عەرەبی عێراقیی و، ئیمپریالیزمی عەرەبی سوریی!

خۆ ئەگەر لە لێکدانەوەی سیاسییانەش بڕۆینە دەرەوە، کورد پەندێکی هەیە، دەڵێت: [زاڵم، زەواڵی بۆ پەیدا دەبێت].

ئیمپریالیزمی تورکیی، ئیمریالیزمی فارسیی، لەگەڵ ئیمپریالیزمی عەرەبی سوریی و عێراقیی، هیچ جۆرێکی ستەمکاریی و خوێنخۆریی نەماوە کە بەسەر نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی لە خاکی کوردستانی داگیرکراودا، نەیهێنن، هەر لە ئەنفال، کیمیاباران و لەسێدارەدانەوە تا دەگات بە لێسەندنەوەی ناسنامەی هاوڵاتیی بون لە کورد.

خودا دروستکاری هەمو شتێکە، بۆیەشە ئێستا دەبینن [خودا] ئیسرائیلی بۆ ناردون، چونکە هێندە زوڵمیان لە کورد کردوە، کە نەتەوەیەکی زۆرینە مسوڵمانین، لە ١٥١٤ ەوە ساڵ نییە کە داگیرکەرە ئیسلامییەکانی کوردستان، هێرشی وەک ئەمەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە، بەسەر ژن و منداڵی کورد دا نەهێنن و، میدیا جیهانییەکانیش لە ئاست جینۆسایدی بەردەوام لەسەر کورد، بێ دەنگن!

ئێستا پرسیاری هەمو جیهان ئەوەیە: خەنجەرەکەی ئێران و ملیشیاکانیی، هەر لە حەشدی شەعبیی و کۆمەڵەی عەلی باپیرەوە تا دەگات بە حیزبوڵا و ڕژێمەکەی ئەسەد، بۆ چ زەمەنێک هەڵیان گرتوە. ئایا هەرگیز زەمینەی لە ئێستا گرنگتری [جیهادکردن] بونی دەبێت؟

 ئیمپریالیزمی تورک، ئیمپریالیزمی فارس و ئیمپریالیزمی عەرەب، موشەک و درۆنەکانیان بۆ کەی هەڵگرتوە، بۆ ڕەشەکوژی بەردەوامیی ڕۆژانەی ژن و منداڵی کوردی خواکرد؟ بۆچی بەکردەوە لە ئاست ئیسرائیل زیڕڕەیان کردوە، چونکە خودا زاڵم، زەواڵی دەکاتە نسیب.

داگیرگەرانی کوردستان زاڵمترینن بەرانبەر مافە خواکردەکانی کورد، بۆیەشە ئەوەتانێ خودا موعجیزەی خولقاندوەو ئیسرائیلی [زەواڵ]ی بۆ ناردون، چونکە هیچ شتێک بە بێ فەرمانی خودای خالق؛ ناخولقێ و ئاڕاستە نابێ.

-------------

ئەو وتارانەی سەرەوە کە لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل نوسراون؛ دەیسەلمێنن کام شرۆڤەکاری سیاسیی کورد هوشیاری ستراتیژزانینی هەیە. هەرچەندە باکگراوندی زانستیم لەسەر ستراتیژزانین هەبو بەوپێیەی ماستەرەکەم لەسەر: (سیاسەت و ستراتیژی بەریتانیا بو لە ئەمریکا) لە زانکۆی لەندەن، بەڵام لەگەڵ باکگراوندی زانستیش دا خوێندنەوەی بەردەوامیی دەوێ لەسەر پلانە ستراتیژییە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بتوانیت ستراتیژزانانە بیربکەیتەوە. هەروەها چەندین وتاری دوا بە دوای یەکتر بون کە دەیسەلمێنن [سوربوم] لەسەر تێفکرینە ستراتیژییەکانم لەسەر خوێندنەوەی دروست بۆ ئەم ڕوداوانەی کە لە ئەمڕۆو لە داهاتو ڕودەدەن. هەر ئەوکات دوو وتاریشم لەسەر عەلی باپیر (موجاهیدی ڤێلا و سەرمایە) نوسی لە بارەی هەڕەشەکانی لە ئیسرائیل، کە خوێنەر دەتوانێت ئێستاش لە ئاوێنە بیانخوێنێتەوەو بپرسێت: ئەی کوا بۆچونەکانی موجاهیدی ڤێلاوسەرمایە بۆچی نەهاتنەدی؟ ئەی تاکەی عەلی باپیرەکانی موجاهیدی ڤێلاوسەرمایە ناڕۆن بۆ جیهاد!؟ ئا ئەوانەن کە خۆیان واپیشان دەدەن کە ئۆپۆزسیۆنی پارتیی و یەکێتیین، بۆیەشە تا دێت خەڵک بێئومێدتر دەبێت لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی کوردی!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×