بۆچی چارەنووسی فەلەستینییەکان وەکو ئێمەی لێهات؟

موفید محەمەد نوری
  2024-10-01     257

دوای ساڵی ١٩٩١ و کۆتاییهاتنی بلۆکی سۆشیالیستی و 'جەنگی سارد'، ئەمه‌ریکا بوو بە یەکێک لە زلهێزەکانی دنیا. هەر بەو جۆرە، ئەمه‌ریکا گەورەترین کاریگەریی هەبوو لە جیهاندا، بۆیە لە ساڵی ١٩٩٣دا بڕیاری دا لەسەر دەستی سەرۆکی ئەمریکا "بیڵ کلینتۆن" نێوانگیریی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بکات و ئاشتی بەرقه‌رار ببێت. بۆ ئەم مەبەستەش گرووپێکیان لە پسپۆڕ و شارەزایان پێك هێنا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم کێشەیە، 'دینیس رۆز' یەکێک لە ڕاوێشکارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بالوێزی پێشووی ئەمریکای لە ئیسرائیل دانا بۆ ئەم مەبەستە.

دینیس رۆز[1] دەڵێت: "بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەیەکی ئاوها، دەبێت هەردوو لا باوەڕیان بە ئێمە هەبێت، نەک وا بزانن ئێمە بەکاریان دەهێنین، ناتوانین مرۆڤەکان پشتگوێ بخەین، باوەڕی مرۆڤێک لەوانەیە باوەڕ و بەهای بەرانبەرەکەی بێت و پێی قایل بێت، لەوانەشە پێی قایل نەبێت و پەسەندی نەکات. ئەگەر کەسێک مرۆڤدۆست بێت دڵی هەموو مرۆڤدۆستەکان داگیر دەکات. هەردوو لا باسی ڕاستییەکان دەکەن، ڕاستییەکان ئەوە نییە کە ئەوان بیانەوێت بەرزی بکەنەوە، ڕاستییەکان ئەوەیە کە هەردوو لا ددان بە ڕاستییەکان دابنێن"[2].

هەر لێرەوە تێدەگەین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەحەداکە ئەوەندە زۆرن، لە نێوان چەند کولتوورێکی جودادایە، کەواتە ئاسان نییە؛ لە هەمووشی سەختتر کێشەی زمانە؛ چونکە دیپلۆماسی هونەری سیاسەتە، واته‌ هونەری بەکارهێنانی زمان، توانای بەکارهێنانی وشەکان، مەبەستەکان لە پشتی وشەکانەوە. دینیس رۆز دەڵێت: "کاتێک باسی هەلومەرجی بەدیهێنانی ئاشتی دەکەین، گفتوگۆ لەسەر دواڕۆژ دەکەین، لە ڕاستیدا وشەی 'دواڕۆژ' لەسەر زاری عەرەبدا جیایە وەک لە خەڵکێک کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، کاتێک ئێمە دەڵێین 'دواڕۆژ'، مانای 'داهاتوو'ە، بەڵام لای عەرەب بە مانای 'چاککردنی ئەو ناحەقییانەیە کە لە ڕابوردوودا ڕوویان داوە'، ئەو کاته‌ دەتوانیت باسی دواڕۆژ بکەیت".

مەسەلەی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر سەرنجی سەرۆکەکانی ئەمریکای ڕادەکێشا، لە مەسەلەی ئاشتیی ئیسرائیل و فەلەستیندا هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکی نییە کە نەیویستبێت بەشداری لە دانوستاندنەکاندا بکات. بیر­و­بۆچوونی هەمووشیان وابوو کە کایەیەکی تازە بۆ ئەو وڵاتە دروست دەکەن بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕوات، بە شێوەیەک، دەیانویست مێژوو پشتگوێ بخەن و بە پرۆژەیەکی تازەوە دەست پێ بکەن؛ بەڵام ئەو  کارە زۆر سەخت بوو. جەیمس بەیکەر، کە یەکێک بوو لە سیاسەتمەدارە چوست و چالاکەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩١دا، وەزارەتی هەندەرانی لەژێر دەستدا بوو، کە ئەوان پێی دەڵێن 'وەزیری دەوڵەت'، لەوە تێ گەیشتبوو چۆن دەسەڵات بەکار بهێنێت بۆ بەکارهێنانی هێز لەو هەلومەرجەدا، لەبەر ئەوەی ئەمه‌ریکا باڵادەست بوو، هەموو جارێ هەوڵ و کۆششی ئەمریکییەکان لەم بوارەدا سەری نەگرتووە و شکستی هێناوە.

 

هۆکاری سەرنەکەوتنی گفتوگۆی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان:

یەکەم: یاسر عەرەفات وەک سەرۆکی ئەوسای 'ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین'ی ئامادە نەبوو هیچ شتێک لە خاکی فەلەستین لە دەست بدات، بۆیە لە کۆنفڕانسێکدا کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٠دا کردویانە لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا، لەوێدا پێی دەڵێن ناوچەی 'ئۆرشەلیم' با ناوەوەی لە دەست ئیسرائیلییەکاندا بێت و دەوروپشتەکەشی لە دەستی فەلەستینییەکان بێت، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "من ئامادە نیم، چونکە خاکێکی پیرۆزە و کەس قبووڵی ئەوە ناکات ئەو شوێنە پیرۆزە لە دەستی ئیسرائیلدا بێت، ئەگەر قبووڵی شتی وا بکەم میللەتی خۆم دەمکوژن". ئەمریکییەکان پێیان وتبوو، هەوڵبدەی باشە، تەنانەت ئەگەر شکستیش بهێنی لەوەی کە هەر هەوڵت نەدابێت؛ هەرچی هەوڵی ئەمریکییە بۆ ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین بەفیڕۆ چوو.

دووەم: ئیسرائیلییەکان دەیان وت، دەمانەوێت یاسر عەرەفات بە ناوی خەڵکی فەلەستینەوە بێتە ناو کۆنفڕانس و دانیشتنەکانەوە، نەک بە ناوی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین(PLO)، کە ئەوساکە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەیان ناساند، بەڵام یاسر عەرەفات هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە PLO دەبێت نوێنەرایەتی گفتوگۆکان بکات و هیچ پێشنیارێکی تری نەبوو کە خەڵکێکی تر بێتە گفتوگۆکان. ناکۆکییەکان گەیشتە ئاستێک کە "جەیمس بەیکەر"[3] لە یەکێک لە کۆنفرانسەکاندا ژووری گفتوگۆی بەجێ هێشت بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان لەسەر ئەو خاڵە.

سێیەم: چانسی فەلەستینییەکان لەوەدا بوو کە بۆ یەکەمین جار سەرۆکی 'پارتی کرێکارانی ئیسرائیل' بەسەرکردایەتی "ئیسحاق ڕابین" هاتە سەر حکوم، کە سووربوو لەسەر ئەوەی ئاشتەوای بکات لەگەڵ فەلەستینییەکاندا، ئیسحاق ڕابین بۆ مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە، کە ئەگەر لەگەڵ فەلەستینەکان ڕێکبکەوێت ئەوا چاوەڕوانییەکی شەڕی ناوخۆ دەکات، وە ئەو ئامادەیە بەرەنگاری ئەو تەحەدایە ببێتەوە. دوای پەیمانی ساڵی ١٩٩٥، پیاوێکی جوولەکەی ئەمریکی لە هیبرۆن لە مانگی دووی ساڵی ١٩٩٥دا، چووە ناو مزگەوتی ئیبراهیم و نزیکەی ٤٠ کەسی فەلەستینی کوشت. لە مانگی دەی هەمان ساڵ، فەلەستینییەک خۆکوژی کرد لەناو پاسێکدا و ٢٠ کەسی ئیسرائیلی کوشت. ئەمە خۆی بۆ خۆی جۆرێک لە پەکخستنی گفتوگۆکان بوو، لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا. هەروەها لە مانگی ١١ی ساڵی ١٩٩٥دا، یەکێک لە توندڕەوە جولەکەکان چەند فیشەکێکی بە سەر و سنگی 'ئیسحاق ڕابین"ەوە ناو کوشتی، بەم جۆرە دووبارە گفتوگۆکان جارێکی تر وەستایەوە تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٥ کە یەکێکی تر لە سەرکردەکانی پارتی کرێکاران بە ناوی "یاهود باراک" دەستی کردەوە بە گفتوگۆکان.

چوارەم: کاتێک دینیس رۆز سەردانی یاسر عەرەفاتی کرد لە تونس ساڵی ١٩٩٥ (دوای واژووکردنی ئۆسلۆ)، گەیشتە ئۆفیسەکەی یاسر عەرەفات و بینی کارمەندەکانی سەیری زنجیرەی «گۆڵدن گێل»ی ئەمه‌ریکی دەکەن؛ سەرسام دەبێت! لە دڵی خۆیدا دەڵێت، ئەمانە ئەگەر شۆڕشگێڕ بن چۆن سەیری ئەو زنجیرە تەلەفیزیۆنییە دەکەن؟!

لەگەڵ سەرۆکی فەلەستین (یاسر عەرەفات) دانیشت و فەلەستینییەکان هەموو جارێک نان خواردنیان بە مەرجی سەرەکی دەزانی بۆ دانیشتنەکانیان. دینیس رۆز دەڵێت: "ئەم جارەیان یاسر عەرەفات نەک نانخواردنەکەی خستە بەردەستم، بەڵکو سووریش بوو لەسەر ئەوەی مریشکەکەم بۆ ببڕێت، کە من کۆتا جار دایکم ئەو کارەی بۆ کردووم". هەروەها دەڵێت: "هەستم کرد ئەم جارە یاسر عەرەفات لە دوای پەیمانی ئۆسلۆ-وە هەموو شێوازی قسەکانی گۆڕاوە و هەموو ماناکان وەک سەربەخۆیی و دەوڵەتی فەلەستینی دەبینێت". کەواتە جۆرێک لە تێنەگەیشتن لە پەیمان و واژووەکاندا هەبووە و یاسر عەرەفات باش لێیان تێنەگەیشتووە.

لە کۆتاییدا ڕاستییەکان ئەوەیە، کە هەموو جارێ لە کۆبوونەوەکاندا وەفدەکانی ئیسرائیل پسپۆڕی یاسایی و پارێزەرە گەورە نێودەوڵەتییەکانیان لەگەڵدا بووە، بەڵام یاسر عەرەفات ئەوەی لەگەڵیدا ڕۆشتۆتە ژووری کۆبوونەوەکان بۆدی گاردەکانی بووە. وەفدەکانی فەلەستین لە کۆتایی گفتوگۆکاندا زانیویانە 'دینیس رۆز' جولەکەی ئەمریکایە و هەموو هاوکارەکانی تریشی هەروەها! کە هەموو جارێ سەرۆکاری کۆبوونەوەکەیان کردووە.

کەواتە سەرنەکەوتنی گفتوگۆکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەلەستینییەکان زۆر هەژار بوون لە هونەری گفتوگۆ و دانیشتنی نێودەوڵەتی بۆ ڕێککەوتن و وەدەستهێنانی ئاشتی سەرتاسەر.

هەر بەو جۆرە هەموو دانوستتانەکانی کورد و حکومەتی عێراق لە ساڵانی حەفتاکانەوە تا کۆتایی ١٩٨٤ و ١٩٩١ هەمووی بە شکست تەواوبوو.

کێشەی سەرەکی نەبوونی پسپۆر لە بواری گفتوگۆ و دانوساندنی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیدا، بۆ نموونە لە گفتوگۆکانی ساڵانی ١٩٨٤دا دانوستاندن لە نێوان حکومەتی عێراق و یەکێتی نیشتیمانیدا، یەکێک لە سەرکردەکان ئەو کاتەی یەکێتی کە ئەندامی وەفدی دانوستاند بوو (ف. ع)، تەلەفونی کردبوو بۆ هاوڕێیەکی و داوای لێ کردبوو کە بەیاننامەی ساڵی ئازاری ١٩٧٤ی بۆ بدۆزنەوە؛ دەیەوێت سوود لەو بەیاننامە بکات بۆ کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا.

 

[1] دینس ڕۆز: سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری فەلەستین و ئیسرائیل بوو، لە سەردەمی بیڵ کلینتۆندا.

[2] Finkelstein G.N: Journal Palastian studies, Published by Taylor& Francis Ltd, winter 2007. P 34- 53.

[3]  جەیمس بەیکەر: سکرتێری دەرەوەی پێشووی وڵاتی ئەمریکا بوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×