بافڵ و هەڵبژاردنەکان، مەسعود بارزانیی و دوادەرفەت، تا ستراتیژی خۆرهەڵاتی کوردستان!

شه‌ریف عەلی
  2024-10-07     488

هەر یەکێک لەو ناونیشانانەی سەرەوە دەکرێ بابەتێکی تایبەتی لەسەر بنوسرێ. بەڵام بەهۆی نەبونی کاتەوە؛ لەم بابەتەدا شیکارییەکی کورتیان بە خێرایی بۆ دەکەم.

 

بافڵ و هەڵبژاردنەکان!

با وشە نەشیاوەکانیش وەلا بنێین کە بافڵ بەکاریان دێنێت، چونکە یەکێتییەکان بەکارهێنانی وشەی نەشیاو لەلایەن بافڵەوە بە [ڕەوشتبەرزی!!] دەزانن و، لەولاشەوە پارتییەکانیش ئەو وشە نەشیاوانە لە بافڵ قبوڵ دەکەن!

بۆچی بافڵ دروشمی کۆتایی پێدەهێنین و دەیڕوخێنینی هەڵگرتوە؟

یەکەم: بۆ زیاتر ڕازیکردنی دڵی ئێران-عێراقە کە گوایە بافڵ دژی [قەوارەی هەرێم]ە. بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکان دا ئێران-عیراق چەند کورسییەک بۆ یەکێتیی زیاد بکەن و، کورسییەکانی گروپی لاهور و پارتیی کەم بکەنەوە.

دووەم: بافڵ وا دەزانێت ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد؛ مێگەلن و، ئەو دەتوانێت فریویان بدات و بەو دروشمە هەڵیان خەڵەتێنێت. بێئاگا لەوەی هەمو مرۆڤێکی هوشیار دەزانێت کە بکوژوببڕی زۆنی سەوز لە ١٩٩١ ەوە یەکێتیی بوە. کوا شەست و پێنج هەزار پارچە زەوییەکەی سلێمانی کە تەنیا لە چوار ساڵی ڕابردودا هەراجتان کرد؟ کوا زەوییەکانی ٤٥٥ مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانی کە کۆمپانیایەکی یەکێتیی دەستی بەسەرا گرت، کوا و هەزار کوای دیکە! پێموایە: خەڵک ئەو مێگەلە نییە کە بافڵ وادەزانێت هەڵیان دەخەڵەتێنێت، خەڵکی کوردستان شۆڕشگێڕ و گیانبازن؛ ئەوە یەکێتیی و پارتیین کە حەیای نەتەوەی مەزنی کوردیان بردوە.

سێیەم: بافڵ هەستاوە گوتاری [ئۆپۆزسیۆنێکی ڕادیکاڵ]ی هەڵگرتوە، بۆ ئەوەی بەو گوتارە فریودەرە مەیدانی ڕکابەریکردن لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان تەسکتربکاتەوە. بێگومان خەڵکە هوشیارەکەی کوردستان بەوەش فریو نادرێن. خەڵکی هوشیاری کوردستان بۆیە پێشتر لە سەدا پێنجیان دەنگیان بە یەکێتیی داوە؛ چونکە دژی یەکێتیین و، یەکێتییان ناوێت و، بە ئاواتی ڕوخاندنی دەسەڵاتیەوەن.

 

مەسعود و دوایین دەرفەتی ژیانی!

ڕونە لە ساڵانی ڕابردودا، ئەو بەڵگەنامانەی بەریتانیام بڵاوکردۆتەوە کە دەڵێن: "پارتیی هێزێکی ناسیۆنال-خێڵەکییە. یەکێتیی و حسک دوو باندی مافیایین کە هەر وڵاتێک پارە بە سەرکردەکانیان بدات دەتوانێت چالاکی بە سودی ئەو وڵاتە بە یەکێتیی و حسک ئەنجام بدات. تەنانەت ئەو بەڵگەنامەیەشم لە ئاوێنە بڵاوکردەوە کە مام جەلال بە سەرۆک باندی مافیایی ناودەبەن کە بە وەرگرتنی پارەی بەعس لە ساڵی ١٩٨٠ هەستاوە ئەو ئەندازیارە مەدەنییە بیانیانەی پرۆژەکانی ئاوی دوکانی ڕفاندوەو هتد".

واتە: دەمێکە گەلی کورد گیری بەدەست یەکێتیی و پارتییەوە خواردوە. پارتیی وەک هێزێکی ناسیۆنال-خێڵەکیی تەنیا لە پێناو ئەوەی کە بەرژەوەندییە خێڵەکییەکانی بنەماڵەی بارزانیی مەیسەر ببن و لە پێگەی باڵادابن؛ ئیتر گوێ بەوە نادات کە یەکێتیی باشوری کوردستان دابەش بکاو، بە پارەی ئێران-عێراق هەرچی کاری نانەتەوەیی و قاچاخچێتییە ئەنجامی بدات.

هەمیشە لە بابەتەکانم دا ئاماژەم بەوە داوە: لەبەر ئەوەی یەکێتیی و پارتیی دوو هێز و دوو دەسەڵاتی دوو جوگرافیای جیاوازن؛ کەوابو لەلایەن خەڵکەوە پێکەوە ناڕوخێن. بۆیە دەبێت لە ڕوخاندنی ئاسانەکەیانەوە دەست پێ بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک ڕزگاری ببێت.

جیۆپۆلەتیک پێمان دەڵێت: ڕوخاندنی دەسەڵاتی یەکێتیی ئاسانترە تا هی پارتیی. بەڵام ئەمە بەومانایە نییە کە نائومێدی دروست ببێ کە خەڵک لەم دوو دەسەڵاتە ڕزگاری نابێ!

مەسعود بارزانیی پێش مردنی، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هەڵکەوتوە، کە بیسەلمێنێ مرۆڤێک بوە لە ژیانیی دا [جار] هەبوە کە ناسیۆنالیستانەو نیشتیمانسازانە هەنگاوی ناوە. تێفکرینی ستراتیژییم ئەوەیە: مەسعود بارزانیی لە ڕوی سیاسییەوە زێڕینترین دەرفەتی بۆ هەڵکەوتوە کە هێدی هێدی کۆتایی بە یەکێتیی بێنێت کە تەنیا بە قۆزتنەوەی دەرفەتی بەشداری پێنەکردنی یەکێتیی دەبێت لە کابینەی داهاتودا. بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم چارەسەر ببن و عێراق حسابی بۆ بکات و، بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی داهاتو بقۆزرێنەوە؛ سەرەتا پێویستە یەکێتیی لە بڕیاری سیاسیی هەرێم و لە دەسەڵاتی هەرێم، دوربخرێتەوە.

واتە: سەرەتا دەبێت باشوری کوردستان بکرێتەوە بە یەک خاک و یەک دەسەڵات. بەپێچەوانەوە لەدەستدانی ئەم دەرفەتە زێڕینە دەیسەلمێنێ کە مەسعود لە فۆرمی ناسیۆنال-خێڵەکی تێپەڕی نەکردوە. مەسعود لە ڕابردوی [نزیک] دا سەلماندویەتی کە کەسێکی ناسیۆنال-خێڵەکییە، نمونەکان زۆرن، تەنیا یەک نمونە دێنمەوە:

مەسعود بارزانیی لە شانزەی ئۆکتۆبەر بەیاننامەی دەرکرد کە یەکێتیی خیانەتێکی گەورەیان کردوە؛ ڕاستیشی وت!

بەڵام، هەر مەسعود دوای چەند هەفتەیەکی کەم لە شانزەی ئۆکتۆبەر، کاتێک بافڵ و قوباد ڕۆشتنە لای؛ بەوپەڕی نابەرپرسیارانەو نانەتەواییانە، بەیاننامەیەکی دەرکرد کە: بافڵ و قوباد [برازا]ی مەسعودن!

واتە: مەسعود بەپێی هەردو بەیاننامە فەرمییەکەی خۆی، دانی بەوەداناوە کە ئەوانەی خیانەتە گەورەکەیان کردوە؛ برازای ئەون!!

بۆیە، مەسعود بارزانیی سیقەی لەسەر نییە کە دۆخی هەرێم بەرەو یەک هەرێمیی و یەکگوتاری ببات. چونکە یەکێتیی و بافڵ لە مام جەلالەوە فێربون، هەرچی بکەن، دواتر گەر سەردانێکی بارزانیی بکەن؛ بارزانی دیسانەوە لە [خیانەتکاری گەورە]وە دەیانکاتەوە بە [برازای ئازیز]ی خۆی! بەو کارانەی مەسعود دەیکات، دەوترێ: ڕفتاری ناسیۆنال-خێڵەکییانە، کە بەرژەوەندی نەتەوەکەی وەلادەنێ لە پێناو بەرژەوەندی گروپەکەی، لە پێناو قاچاخچێتیی پارتیی و یەکێتیی و هێشتنەوەی باشوری کوردستان بە دابەش کراوی.

ئەمە لەکاتێکایە کە سەرکردەی ناسیۆنالیستی ڕاستەقینە یان سیاسەتمەداری نیشتیمانیی ئامادەیە خۆی بکوژێ، بەڵام ئامادە نییە [هەرگیز] بە بەیاننامەی فەرمی هەستێت نیشتیمانفرۆشێک بە [برازا]ی خۆی بناسێنێ! مەسعود دەیتوانی لەگەڵیشیان کۆببێتەوەو لە بەیاننامەکەی دا تێرمی برازا بەکارنەهێنێت.

کەوابو، تێرمی [برازا] کە مەسعود بەکاریهێنا لە هزری خێڵەکییەوە دێتەبون، نەک لە هزری ناسیۆنالیزمی ڕاستەقینە. بۆیەشە زۆربەی خەڵکی کوردستان وابیردەکەنەوە هەزار جار بافڵ نەک هەر سوکایەتیی بە پارتیی بکا، بگرە کەلار و کفریش بفرۆشێ، بە یەک سەردانکردنی بۆ لای بارزانیی، دیسانەوە مەسعود بارزانیی ئەچێتەوە سەر فۆرمە ئەسڵییەکەی، کە: ناسیۆنال-خێڵەکیی و بەکارهێنانی وشەی برازایە!

دەسەڵاتی ناسیۆنال-خێڵەکیی وەک هی پارتیی و، باندی مافیایی وەک هی یەکێتیی: نەتەوەیەکی مەزنی ڕەسەنی چەندان هەزار ساڵەی سەر نیشتیمانی خۆی، دەکاتە؛ چەند خێڵێک. بەڵام دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی وەک هی ئەتاتورک و ڕەزا شا: چەند خێڵێکی کۆچەریی هاوردە، دەکاتە: نەتەوەی مەزن! وەک چۆن ئەوان فارس و تورکیان کردە نەتەوەی مەزن. وەک چۆنیش پارتیی و یەکێتیی حەیای نەتەوەی مەزنی کوردیان بردوە. بۆیە ناسیۆنالیستبون، کە: نیشتیمانپەروەرییە، لە ئاو وهەوا پێویسترە بۆ تاکی کورد. چونکە هەر تاکێکی کورد کە ناسیۆنالیستی ڕاستەقینە بێ: دژی پارتیی و یەکێتییە. چونکە نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە دژی بیری تەنگەتیلەی ناسیۆنال-خێڵەکیی پارتیی و، دژی نیشتیمانفرۆشیی یەکێتییە و، لە هەمان کاتیش دا دژی ئیمپریالیزمی قەومی تورکی مسوڵمان و، قەومی فارسی مسوڵمان و، قەومی عەرەبی مسوڵمانیشە لەسەر خاکی کوردستان.

یەکێتیی ترسێکی گەورەی هەیە کە پارتیی بۆ یەکەمجار هەنگاوێکی نیشتیمانی بنێ و، بەشداری پێ نەکات لە کابینەی داهاتو. بۆیەشە یەکێتیی ئەم پەیامەی هەڵگرتوە کە ئیعازێکە مانای ئەوەیە: ئەگەر پارتیی لە کابینەی داهاتو بەشداریمان پێ نەکات، ئەوا بە پشتیوانی ئێران و بەرەی مقاومە: ئەم قەوارەیە دەڕوخێنین و کۆتایی پێ دەهێنین.

بەدڵنیاییشەوە، بەشداری پێنەکردنی یەکێتیی لەکابینەی داهاتو، جگە لە شاتەشاتێکی یەکێتیی لە سەرەتادا و، خۆگیڤکردنەوەیەکی سەرەتایی و، تەنانەت تەقاندنی چەند درۆنێکی فشەڵ: یەکێتیی هیچی پێناکرێت. بگرە کاتێک کادیر و فەرماندەکانی یەکێتیی بۆیان سەلما یەکێتیی لە حوکم دا نەماوە، ئیتر هێدی هێدی بادەدەنەوە بۆ لای پارتیی. وەک چۆن کە لاهور لادرا لە دەروێشی شێخ لاهورەوە، بایاندایەوە بۆ دەروێشی شێخ بافڵ، ئاوهاش بادەدەنەوە بۆ دەروێشی شێخ مەسعود. واتە: سەلماوە کە کادیر و فەرماندەکانی یەکێتیی بەرژەوەندی لە کوێوە بێت؛ ڕوگەو تەکیە و قیبلەی ئەوان ئەو شوێنە دەبێت.

تا یەکێتیی لە حکومەت دابێت؛ ناهێڵێ باشوری کوردستان ببێتەوە بە یەک پارچە، چونکە کاتێک پارتیی حکومەت پێک دێنێت، سەرکردەکانی یەکێتیی بڕیارەکانی حکومەت لەم دیو دێگەڵەوە دەخەنە ژێر پێیانەوە. بەڵام ئەگەر یەکێتیی لە دەرەوەی حکومەت بێت؛ هەم ناتوانێت ئەوە بکات، هەم بۆی ناچیتەسەرو، هەمیش زۆرینەی سەرکردەو کادیرەکانی یەکێتیی بادەدەنەوەو بەرژەوەندییە حکومییەکانی خۆیان دەپارێزن. کەسانی باڵای زانکۆکان، فەرمانگەکان و هێزە ئەمنییەکان و تەنانەت کادیرانی یەکێتیی بەرژەوەندی خۆیانیان لامەبەستە. واتە: با لە کوێوە بێ؛ لەوێوە شەن دەکەن!

کاتێک مەسرور لە وەڵامی بۆ بافڵ تاڵەبانیی، وتی: "بە شێوەیەک قسە بکەن کە دواتر بتانبورین". نیشانەی ئەوەیە: پارتیی هێزێکی ناسیۆنال خێڵەکییە بەرانبەر بە یەکێتیی، بۆیەشە یەکێتیی هەمو نیشتیمانفرۆشییەکی وەکو شانزەی ئۆکتۆبەری بۆ دەچێتەسەر. کاتێک پارتیی بەشداری بە یەکێتیی دەکات لە حکومەتی داهاتو دا: نیشانەی ئەوەیە پارتیی دەیەوێت ئەم دوو زۆنە هەر ئاوا بهێڵێتەوەو، باشوری کوردستان لانگەی تەراتێنی دەزگا هەواڵگرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بێت. ئەوەش دژە لەگەڵ کردەوەی هێزێک کە نەتەوەیی و نیشتیمانیانە بیربکاتەوەو، دەیسەلمێنێ کە پارتیی فیوداڵانە بیردەکاتەوە. بەو مانایەی ڕوئیاو هیوای پارتیی تەنیا حوکمرکردنی فیوداڵانەی [هەولێر و دهۆک]ەو، ناوچەکانی سلێمانیی، هەڵەبجە، گەرمیان و پشدەری بۆ یەکێتیی جێهێشتوە. بەڵام پارتیی دەبێت ئەوە بزانێت مانەوەی ئەم دوو زۆنە وادەکات لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوی ناوچەکەدا: ئەم قەوارە دوو لەتە بڕوخێت و بەرژەوەندی خێڵەکییەکان وا دەکات کە دەرفەتەکان ناقۆزرێنەوە.

پارتیی بۆ ئەوەی باشوری کوردستان بکاتەوە بە یەک خاک، بۆ ئەوەی لە بەرانبەر عێراق دا تۆکمە ببێت، بۆ ئەوەی دۆخی کوردستان نەتوانرێ بشێوێنرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی داهاتو بقۆزرێنەوە لە ڕزگارکردنەوەی کەرکوک و خانەقین و دەشتی موسڵ دا: دەبێت لە ڕوی ستراتیژیەوە داڕوخاندنی یەکێتیی بگرێتەبەر. گەورەترین دەرفەتە بۆ پارتیی هەڵکەوتوە کە بڕیاری [کۆنکرێت]ی بدات کە یەکێتیی لە کابینەی داهاتو بەشداری پێ ناکات. ئایا ئێران بە جۆرێک دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات و هێندە کورسی بۆ یەکێتیی زیاد دەکات کە پارتیی و ئەو هێزانەی لە پارتییەوە نزیکن نەتوانن حکومەتی داهاتو پێکبێنن؛ ئەوەش لێوردبونەوەی دەوێ!

 

ستراتیژ بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان

ململانێ و بەریەککەوتنەکانی ناوچەکە دەرفەتی زێڕین لە ستراتیژ دا بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان دێننەبون. ئەگەر بقۆزرێنەوە؛ کورد لە خۆرهەڵات دەبنە خاوەن قەوارە. ئەگەر نەقۆزرێنەوە؛ ڕەنگە [مۆدێرن]بونی دەسەڵاتەکان وا بکات کە کورد بکاتە خاوەن چەند مافێکی کەمیی کلتوری و فەقەت! بەڵام ئاڵوگۆڕ و بەریەککەوتنەکان کەمێک نەفەسیی دەوێت.

یەکەم: کورد دەبێت بایەخ بە باشوری خۆرهەڵاتی کوردستان بدات؛ چونکە دابەشبونی ئێران لەوێوە ئاسانتر دێتەبون. کورد دەبێت ستراتیژێکی تۆکمە دابڕێژێت بۆ [یەکگرتن]ی نێوان [کورد و لوڕ]و خولقاندنی [کۆماری گەلی زاگرۆسنشین] کە سنورە ئاوییەکەی تا سەر کەنداو ببێت. هەروەها، ستراتیژێکی تۆکمە بۆ [دۆستایەتی]ی لەگەڵ عەرەبەکانی عەرەبستانی باشوری ئێران دابڕێژێت و سەرکردەکانیان هان بدات بۆ دروستکردنی میرنشینێکی سەربەخۆی عەرەب لە عەرەبستانی ئێران، چونکە عەرەبەکان پشتیوانی وڵاتە عەرەبییەکانیان هەیەو، ئەگەر هەنگاوێکی وا بگرنەبەر؛ بۆ هەمیشە ئێران لەت دەکات. ئەوەش بە قازانجی کوردە. کورد دەشبێت ستراتیژێکی [دۆستایەتی]ی لەگەڵ بلوجەکان دا دابڕێژێت.

دووەم: ڕاستە ئەمدیوی خۆرهەڵاتی کوردستان؛ باشوری کوردستانە. بەڵام کوردی خۆرهەڵات نابێت سیقە بە هێزەکانی باشور بکەن، چونکە سەرکردەکانی باشور زۆربەیان پیاوی دەزگا سیخوڕییە ناوچەییەکانن. ئیتر با ئەوەش بوەستێت کە بۆشی هەیە هێزەکانی باشورو باکور ململانێ نانەتەوەییەکانیشیان بۆ خۆرهەڵاتی کوردستانیش بگوازنەوە. هەروەها کوردی خۆرهەڵات دەزانن کە لە ئاڵوگۆرەکان دا دوچاری کێشە دەبنەوە لەگەڵ تورکەکان لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی کوردستان. بۆیە دەکرێت کوردی خۆرهەڵات وەک تەکتیک پەیوەندی لەگەڵ تورکەکان و فارسەکانی دژبەری ئەم ڕژێمەی ئێران هەبێت. بەڵام وەک ستراتیژ بۆ کوردی خۆرهەڵات پێویستە کە ئامادەسازی بۆ خاڵی یەکەم بکات، کە خستمەڕو. دیارە گۆڕانکاریی و بەریەککەوتنەکان هێشتا کاتیی دەوێت. بەڵام لە ئێستاوە پێویستە بەتایبەت [ئامادەسازی] بۆ خاڵی یەکەم بکرێت.

 

تێبینی: ئێستا بەرواری دەی مانگی دەیە. ئەگەر خوای گەورە تەمەنی دا، هەتا مانگی یەکی ساڵی داهاتو هیچ بابەتێک نانوسم. هیوادارم هیچ بەڕێزێک ئیتر پرسیارم لەسەر دۆخی سیاسیی لێ نەکات. هەندێک بەڵگەنامەی زۆر گرنگم دۆزیوەتەوە کە مێژووی کورد دەبەنە قۆناغێکی پێشتر. بە پێچەوانەی تەواوی توێژەرانی پێشوو، بەتایبەت بە پێچەوانەی پڕۆفیسۆرکانی کەیمبریدج و ئۆکسفۆرد هەتا کەمال مەزهەر، نەجاتی عەبدولاو، زانیارییەکانی دکتۆراکەی سەباحی غالب  کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١١ تەقدیمی زانکۆی ئێگزیتەری کردوە، کە هەر هەمویان پەیوەندییەکانی کورد و ئینگلیز بۆ سەدەی نۆزدەیەم دەگێڕنەوە. بەڵام من دەیسەلمینم کە دروستبونی پەیوەندی لە نێوان کورد و ئینگلیز بۆ سەدەی شانزەیەم دەگەڕێتەوە. دەشی سەلمێنم کە ئینگلیزەکان وشەی نەیشن Nation یان بۆ کورد لە سەدەی شانزەیەم بەکارهێناوە کە کوردەکان نەتەوەیەکن خۆیان حوکمی ناوچەکانی خۆیان دەکەن و، زۆر ڕوداوی تر. زۆر بەڵگەنامەی مێژوویی ترم دۆزیوەتەوە کە ئینشائەڵا لە مانگی یەکی ساڵی داهاتو دەقاودەق بڵاویان دەکەمەوەو، تەکانێکی گرنگ بە پێشخستنی مێژو و ناسیۆنالیزمی کورد دەبەخشن. منی ناسیۆنالیستی بێلایەن کوردستان لە خوێنم دایە؛ هەرچەندە دەشزانم مرۆڤی نیشتیمانپەروەری بێلایەن لە نێو کورددا دەبێتە خۆڵەمێش. بەڵام قەینا با ڕۆحم ئاسودە بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×