هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆنی خیری لێ ناکرێت

چیا عەباس
  2024-10-08     1109

پاش ژانێکی دور و درێژ و بێنە و بیبە بریارە هەڵبژاردن بۆ پەرڵەمانی کوردستان بە سەرپەرشتنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بیستی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت.
پرسیاری یەکەم ئەوەیە ئایا هاوڵاتیان چاوەروانن ئەم روداوە کە بۆ شەشەم جار بەرێوەدەچێت گۆرانکاری گەورە بەرهەم بهێنێت، گۆرانکاریەک کە قەیران و کێشە و دەردەسەریەکانی ساڵانی رابوردو گەر چارە نەکرێن بەلایەنی کەمەوە کەم بکرێنەوە، ئەمە نزمترین ئاستی خواستی هاوڵاتیانە لەم هەرێمە بێ خاوەن و سیستەمێکی حوکمرانی و سیاسی لەتبو.
سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆنی خێری لێ نایەت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگرێکی سەرۆکی پارتی دیموکراسی کوردستان، لە وتارێکی حماسیدا بە دەستەواژە گشتیەکان وتارەکەی تەنیبو، سروشتی و ئاساییە کە بەشان و باڵای حزبەکەیدا هەڵبدات، هەرچەندە زۆر دیبلۆماسیانە نوقرچی لە تەرەفی رکابەر، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەگرت، بەڵام نائارامی پێوە دیاربو، بۆیە چەمکەکانی وتارەکەی چەندین جار بە حماسەوە دوبارە دەکردەوە، خەڵکی کوردستان رانەهاتون نێچیرڤان بارزانی بەو شێوەیە ببینن، ناسراوە بە هێمنی و زمانی نەرم و دیبلۆماسی و بیرکردنەوەی واقعی.
لەم سەرەتایەدا، بێجگە دەستەواژە گشتیەکان، باس لە چۆنیەتی روئیای پارتی بۆ چارەسەری قەیران و کێشە گەورەکانی هەرێم نەکرا، وەک: پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، کێشەکانی موچە و بودجە، ئایندەی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی باشوری کوردستان، لەتبونی حکومەتی هەرێم، جەمسەرگەری لە حوکمرانیە لۆکاڵیەکان، ئایندەی هێزەکانی پێشـەرگە، بێکاری و دواتر نەک دواترین پرسی وزە لە کوردستان. هەرچۆنێک بێت نێچیرڤان بارزانی کۆنترۆڵی جەماوەری حزبەکەی کردبو لە هتافدان و چرینەوەی دروشمەکانی پارتی، بۆ نمونە جاران دەوترا: پێشرەوی کورد پارتیە هیچ حزبێکی ترنیە. لەم کەرنەڤاڵەی هەڵبژاردنەدا گوێبیستی برگەی دوەم نەبوین.
هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی بەسەرپەرشتی باڤڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شێواز وشێوەیەکی تر بەرێوەچو.
هەرەشە و تانەدان کرۆکی ئەم هەڵمەتەیان تەنیبو، لە وتەکانی سەرۆکی یەکێتی مرۆڤ تێدەگەیشت یەکێتی تورەیە لەو تۆمارە دەنگیەی دەردەشەی باڤڵ تاڵەبانی لە گەڵ قوبادی برای کە پارتی بڵاوی کردۆتەوە و بەقسەی یەکێتی دروستکراو و ساختەکاری پارتیە.
نەدەبو یەکێتی بەو شێوازە وەڵامی هەبوایە، چونکە باڤڵ تاڵەبانی دواتر دەڵێت پەیامێکم بۆ مسعود بارزانی نارد کە تێیدا دەڵێم قاچی ماچ دەکەم بۆ ئەوەی کار بۆ خزمەتی نەتەوەکەمان بکەین، مسعود بارزانی ئامادە نەبوە. بەردەوامی یەکێتی لە خزمەتی نەتەوە و جەختکردنەوە لەو پرسە کرۆکی هەناوی یەکێتییە لە دروستبونیەوە. مام جلال تا توانی و پێیکرا خۆی لە گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ پارتیدا لادەدا و چەند جارێکیش نەرمی زۆری لە گەڵیاندا نواندوە، چونکە لە سروشت و پێکهاتە و دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی تێگەیشتبو. تایبەت دوای خولەکانی شەری ناوخۆ و راگرتنی شەرەکە لە ژێر فشاری ئەمریکا دەیزانی پارتی سودمەندی سەرەکیە لە رێکەوتنەکە. لەگەڵ ئەوەشدا وەک جەنابی هەمو جارێک دوبارەی دەرکردەوە: جارێکی تر شەری پارتی ناکەم. لەو باوەرەدام کورد لەسەرجەم کوردستانی گەورە لەم سیاسەتەی مام جلال سودمەند بو.
رێکەوتنی ستراتیژی، سەرەرای چەند دەرهاوێشتەی نەرێنی، بەڵام ئارامی و خۆشگوزەرانی و گەشەدانی بە کورد و کوردستان بەخشی، روخساریی حوکمرانی کوردیشی لە دنیای دەرەوە پەسەندتر بو.
دوا قسەم: تکایە تۆزێک لەسەر خۆ بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو بنێن.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×