"تۆپەکە کەوتە گۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆن"

زانیارقادر
  2024-10-27     215

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، خەڵکی سەرەڕای هەموو ئەو گلەیی و گازندانەی کە هەیبوو، سەرەڕای تەواوی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لەسەر ئەدای خراپی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، لە ناخی خۆیاندا هەڵیان چنیبوو، چاوپۆشیان کرد و، لە پێناو دروستکردنی گۆڕانکاری بەشێوازێکی ساغڵەم و بە ڕێگایێکی دروست و سەردەمیانە، پێیان نا بە جەرگی خۆیاندا و، چوون و لە کردەیێکی دیموکراسییانەدا بەشداری دەنگدانیان کرد.

بەڵام ئەوەی ئێستا بە ئاشکرا دوای پڕۆسەکە دەبیندرێت و دەبیسترێت و، حاشا هەڵنەگرە؛ ئاشکرابوونی ئەنجامدانی ساختەکاری و گزی و دزینی ئیرادەی خەڵک و دەنگدەرە، لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵات و، کلکە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکەیانەوەیە. بۆیە ئێستا تۆپەکە لای ئەو لایەنانەیە، کە خۆیان بە نمایندەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە دەزانن.

لێروە، لایەنە بەرهەڵستکارە ڕاستەقینەکان دەبێت ئاگاداربن، گەر ئەم دەرفەتە لە کیسبدەن و، نەتوانن یاریزانێکی باشبن و، نەزانن یاری بە تۆپەکە بکەن و، مل بەم ئەم ساختەکارییە بدەن و، بەم ئەنجامە بچنە پەرلەمانەوە،  ئیدی ڕاهێڵەی نێوان خۆیان و خەڵک دەپچڕێنن و، لەمە بەدوا خەڵک ئامادەی بینینی گەمە و یارییە سیاسییەکانیان نابێت و؛ جارێکی دی، مافی ئەوەیان نابێت، باسی سیناریۆ وگاڵتەجاڕی هەڵبژاردن بۆ خەڵک بکەن و،  بۆیان نییە بگرە ناتوانن، متمانە بە خەڵک بهێنن، کە لە ڕێگای پڕۆسەیێکی شەرمهێنی وەهاوە، خەون بە گۆڕانکارییەوە ببینن.

بۆیە، خۆلاسەی قسە و، کورت و کرمانج، دەمانەوێت ڕاتان چڵەکینین و پێتان بڵێین:

 هۆ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان..،! خەڵک چاوەڕوانی ئێوەیە، کوڕە تێنەخیچێن، دڵنیابن، بە قەبوڵکردنی ئەم ئەنجامە، بەم شێوە گاڵتەجاڕییە، مەرگی خۆتان ڕادەگەیێنن.

هۆ حیزبەکان...! ئێوە بزانن یاخودنا! خەڵک لە بەیاننامە و هاشوهوش و ژاوەژە بێزار بووە و،  بەیاننامەی خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریێتی، لای خەڵک بە بارتەقای  تورێکی قوڕاوی و فلسێکی قەڵب بەهای نەماوە، خەڵک کورت و پوخت هەڵوێستی کرداری لە ئێوە دەوێت و، بڕستی گوێگرتنی قسەی قەبەی ناوک پوچی سەرشاشەکانی بڕاوە و لەدەستداوە.

هۆ حیزبە بەرهەڵستکار وناڕازییەکان...! گەر بەڕاستی ناڕازین، ئەوا ئاگاداربن، سیاسەتکردن بریتییە لە دورببینی و پشو درێژی، ئایا دەزانن، هەر ساڵێکی تر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقتان لە بەردەمە، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، زۆر گران بەسەرتاندا دەشکێتەوە، کەواتە نەکەن لەبەر چەند کورسیێک، جاڕی مەرگی خۆتان بدەن.

هۆ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان...! کوڕە تەنیا جارێک بوێربن، گوڕبدەنە خۆتان، دڵنیابن بەبوونی هەڵوێستی بە بڕشت و کرداری، لەلایێک تەمێی دەسەڵات دەکەن، کە جارێکی دیکە، بیر لە کاری وا ئابڕوبەرانە نەکاتەوە، لەلایێکی دی، ڕەوایێتی خۆتان دەسەلمێنن و، ئومێد بۆ خەڵک و دەنگدەریش دەگێڕنەوە و، پێگە و متمانەی خۆشتان بەهێز دەکەن.

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر دەمامکی پارتە ئۆپۆزسیۆنە ساختە و، پۆپۆلیستەکان دادەماڵن و، ڕوی ڕاستەقینەی دزیۆیان ئاشکرادەکەن.

 بۆیە تکایە، ئەم جارە بۆ مێژوو و، پێگەی خۆتان، مەچنە ژێر باری ئەم پڕۆسە ناچیزە شەرمهێنەرەوە، تەنانەت گەر بە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسیش بێت.

بۆیە هەمووان چاوەڕێتانن. بەڵام ئاگاداربن، خەڵک کرداری دەوێت نەک گفتاری زل و، قەسەی قەبە و قەڵب و قەڵەو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×