سەردانی سودانی بۆ زۆنەکانی هەرێم

عەبدوڵا مەحمود
  2024-11-18     71

١٣ی ئەم مانگە محمەد شیاع سودانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی سودانی و هەواڵی میدیا ئاگادارەکان، سەردانەکە چەند تەوەرەی لەخۆ گرتووە... پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، پرسی بودجە و موچە و ناکۆکیەکانی نیوان دەسەڵاتی هەرێم و دەسەڵاتی فیدرال!، سەرژمێری، پیکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم!!،

سەرەتا سودانی سەردانی هەولیر و بەرپرسانی پارتی و دواتر سەردانی سلێمانی و یەکێتی و لایەنە دەرچووەکانی هەڵبژاردنەکانی کرد. ئەم سەردانە بەر لەوەی سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆلای حکومەتی هەرێم!! بێت، سەردانی حزبە سیاسیەکان و زۆنەکانی ژێر قەڵەمرەوی پارتی و یەکێتی هیزە سیاسیەکانی بازانەی ئەوانە.

ئەگەر حکومەتێک بەراستی بوونی هەبوایە کە پایتەختەکەی هەولێرە... چ پرسی نەوت و بودجە و موچەو ناکۆکیەکانی بەغدا و هەرێم و سەرژمێری...تاد، دەبوو لە رێگای حکومەتەوە، قسەباسیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام بەو هۆیەوە کە حکومەتێک بوونی نییە، سوانی ناچارە لەگەڵ دەسەڵاتی زۆنەکان و حزبەکانیان کۆببێتەوە و ئەو پرسانەیان لەگەڵ باس بکات، کە لەبەرنامەی سەردانەکەیدا هەیە.

دیارە نەبوونی حکومەت!! لە هەرێم و لە دنیای واقعییدا، بەر لەهەموو شت نیشانەی لاوازی و دۆڕانی پیش وەختەی هەردوو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییەو هاوبەشەکانیانە لەهەر گفتوگۆ و دانوستاندێکیاندا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتێکی ناوەندی بە فەرمی ناسراوی عێراقدا. زیاتر لەوەش چارسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانە بەر لەوەی لەڕێگای گفتوگۆی نێوان سەرۆکی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم!! بێت.... بەندە بە چارەسەرو ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی.

سودانی بەهەر ڕیکەوتنێک لەگەڵ پارتی و یەکێتی بگات، کە هەر لایەکیان دابەشی سەر بە جەمسەرێکی ناوچەیین و خاوەنی بەرژەوەندی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەکن، بەجێگایەک ناگات، تا پارتی و یەکێتی خۆیان بەپێی هاوسەنگی و باڵانسی هیزیان و بەرژەوەندیەکانیان بە ڕیکەوتنێکی رێژەیی نەگەن... دیارە ڕیکەوتنی تەواوەتی زۆرتر لە خەون دەچێت و ناتەبایە بە خەسڵەت و تایبەیمەندییەکانی پارتی و یەکێتی. پارتی و یەكیتی چەندە لەچوارچیوەی ڕیکەوتنی بەیناو بەینیاندا لە هەندێک بڕگەو لەسەر چەند پرسێکدا، دەتوانن بەهرەبەرداری بکەن، لەوەش زیاتر هێز و مانەوە و زەمینەی ململانێیان لەگەڵ یەکتری بەندە بە مانەوەی ناکۆکیەکانیانەوە.

هەموو ئەو پرسانەی لە بەرنامەی سەردانەکەی سودانیدا هاتوون، لە دۆخێکدا دەچنە پیشەوە، کە سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، لە بەرامبەر بە هیزە سیاسیە باڵادەستەکان و حکومەتی ناوەندیدا، روو لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدان. بەشیکی سەرەکی لە ململانێ و ئەزمەی نیوان پارتی و یەکێتی ریشەی لە داڕمانی ئەو باڵانسە داروخاو و پاشەکشەیەدایە. تەنانەت خۆ بەدەستەوەدان و قیبلە گۆرینیان بەرەو بەغداش، نەبۆتە دەروازە بۆ بەرگرتن بەو پاشەکشەیە. لەوانەش زیاتر خەڵکی کوردستان لە ململانێی نیوان دەسەڵاتی هەرێم و بەغدادا، هیندەی لایەنگری لە حکومەت و دەسەڵاتی بەغدا دەکەن و حەقانیەتی پێدەدەن، نیو ئەوەندە بەرگری لە یەکێتی و پارتی و دەسەڵات و بانگەشەکانیان ناکەن... ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی قەبارەی ئەو ئەزمەییەی توشی بوون فراوانتر و قوڵتر و بێچارەسەر بێت. ئەگەر باسی پرسی بودجەو موچەیە... ئەوا رای گشتی خەڵکی کوردستان، دەسەڵاتی هەرێم بە پابەند نەبوون بە ڕیکەوتنامەکان، لە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆیی  داهاتی فرۆشی نەوت و .... دەزانن. ئەگەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتە دیسان خەڵکی کوردستان، نەوت بەوێنەی بەڵایەک دەبینین لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، چونکە لەجیاتی ئەوەی باری قورسی ئابوریان سوک بکات، دەیانخاتە ژێر قەرزی قورسەوە... هەر ئیستا سەرانی هەرێم دەڵین بەهۆی راگرتنی فرۆشی نەوتەوە لە دوو ساڵی رابردودا زیاد لە ٢٠ ملیار زیان بە ئابوری گەیشتووە، کەچی نزیک بە دەساڵ لە فرۆشتنی نەوی نزیک بە ٣٠ ملیار خەڵکی کوردستانیان خستە ژێر قەرزەوە، ئەوە بەجیا لەوەی تا ئیستا رۆژانە بە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ دەبرێت. ئەگەر باسی پرسی سەرژمێرییە، دیسانە ئەم پرسە لەلایەکەوە بەهۆی بە سیاسی کردنی و لەلایەکی تر بە هۆی نارونی و لە لیست و ژمارەی واقعی دانیشتواندا، لە جێگای ئەوەی ببێتە رێگایەک بۆ خستنە رووی ئامارێکی واقعی دانیشتوان، بۆتە گرفتێک، بەتایبەتی ئەوە لە کەرکوک و ناوچە کیشە لەسەرەکاندا. لە پرسی پیکهێنانی حکومەت و کابینەی دەهەمدا کە سودانی یەکێک لە بەرنامەی سەردانەکەیەتی، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر پۆست و داهاتی ئەو پۆستانە، رێک بکەون یان نا، هەردوولایان خاوەن دەسەڵاتی رەهان لە زۆنەکانی خۆیاندا و حکومەت!! وەکو هەمیشە وەکو دیکۆرێک بۆ رەوایەتی بەخشین بە دەسەڵاتی رەهایان  لە زۆنەکاندا بۆ شیواندنی رای گشتی و دنیای دەرەوە  کەڵکی لێوە ردەگیرێت.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا، هەم سیناریۆی هەڵبژاردن، هەمیشە بە سفری دەمێنێتەوە و هەم  حکومەت، هیچ کاتێک ناتوانێت هەژموونی حزبۆکراتی تێپەرێنێت.

سودانی و دەسەڵاتی سیاسی ناوەند پەی بەو واقعیەتانە دەبەن و هەر هەوڵ و سەردان و بەرنامەیەکیان روو بە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، پیش وەختە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو واقعیەتانە دەبێت..

دیارە ئامانجی سەردانی سۆدانی بەجیا لەو پرسانە، راگرتنی باڵانسی نیوان پارتی و یەکێتیە، ئامادەکارییە لە راستای خۆ کاندید کردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکی حکومەتی عێراق، ئامادەکارییە بۆ رووبەرووبوونەوەی کاریگەرییەکانی روداوەکانی ناوچەکە لە سەر عێراق...

پارتی و یەکێتیش، چ لە پەیوەند بە سەردانی سودانی و چ لە سەردان و گفتۆگۆ بەردەوامەکانی نیوانیان بۆ بەغدا و هاوپەیمانیەتیەکانیان لەگەڵ هێز و لایەنەکان، بەدوای ئەوەوەن کە قبوڵ بکرێن لەلایەن دەسەڵاتی بەغداوە بۆ نوێنەرایەتی کردنی دەسەڵاتی حکومەتی فیدرالی، لە هەرێم و لە زۆنەکاندا.

بۆ بەغدا گێرانەوەی هەژموونی دەستوری و حقوقی و سیاسی و ئەمنی و ئابوری و پەیوەندیەکان بەسەر هەرێمی کوردستاندا ئامانجەو بۆ پارتی و یەکێتیش، جیگا گرتن و بەفەرمی ناسینیانە لەم چوارجێوەیەدا. ناکۆکی و ململانێی نیوان پارتی و یەکێتی لەم بڕگەیدا لەو چوارچیوەیەدا دەچیتە پیشەوە.

لەو ئامانجەی بەغدا و هیزەکانی بزوتنەوەی کوردیەتیدا، خەڵکی عێراق و کوردستان ئامانجی هیرشێکی بەنەخشەو فراوانن. سەرکوتی دەنگی نارەزایەتی، هینانە خوارەوەی چاوەروانیەکانی هاوڵاتیان، کاری هەزران و کریکاری خامۆش، بی مافی و دەستەبەندەکردنی هاوڵاتیان بەپێی ناسنامە قەومی و دینی.... سەردانی سودانیش دەبێ لەوچوارچیوەیەدا تەماشابکرێت.

 لەو دۆخەدا ئەرکی چینی کرێکار و جەماوەری بەش مەینەتی سەراسەری عێراق و کورستانە، بۆ یەکخستنی خەباتی هاوبەشیان دژ بە هیرش و پلانی سەرجەم بۆرژوازی عێراقی  بە عەرەب و کورد و دژ بە ئامانج و ماف و خواستەکانیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×