گفتوگۆی حکومەتی تورکیاو سەرکردەکانی باکوور لە چ ئاسۆیەکدایە؟

موفید محەمەد نوری
  2024-11-18     884

کاتێک فەلەستینییەکان کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیلدا بە نێوانگیری ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٢، واژووی تێگەیشتنی ئاشتیان لە ئۆسلۆ (پایتەختی نۆرویج) کرد. لە هەلومەرجی سەختی نێوان فەلەستینەکان و ئیسرائیلییەکاندا هەموو کاتێ هەلومەرجە سیاسییەکان و داواکارییەکانی خەڵک بە سەریاندا سەپاوە، کە بچنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی، بەڵام هەموو ئەو گفتوگۆیانە هەتا ئێستا شکست خواردوو بووە؛ کە لە وتارەکانی پێشووتریشمدا ڕوونکردنەوەم بۆی کردووە.

کاتێک سوپای کۆماری ئێرلەندی IRA، کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی ڕزگاری ئێرلەندییەکان بوو، دەستیان کرد بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەریتانیادا، ئەوە بوو کەسایەتی سیاسی بەناوبانگ و سەرکردەی کۆنگرەی ئەفریقی ANC "راماپۆزە"[1]یان دانا وەکو چاودێر لەسەر چەک داماڵینی IRA. ئەوە بوو IRA چەکە قورسەکانی خۆی شکاند و کەوتە قۆناغی گفتوگۆی سیاسی و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ڕێککەوتنەکەیان مۆرکرد لە مانگی پێنجی ١٩٩٨دا؛ هەتا ئەمڕۆ ئامانجەکانی ئەو گفتوگۆیە بە سەرکەوتووی بەڕێوە دەچێت و بەشدارن لە بەڕێوەچوونی حکومەتی ئێرلەندی.

ئەگەر حاکمی عەسکەری و سیاسی هندستان (مان باتن) لە ساڵی ١٩٤٧دا بیزانیایە کە سەرکردەی ڕزگاری نیشتیمانی پاکستان تەنها ساڵێکی ماوە لە ژیاندا، هەرگیز سەربەخۆی پاکستانی پەسەند نەدەکرد؛ ساڵی ١٩٤٨ "محەمەد عەلی جەنا" کۆچی دوایی کرد و سەربەخۆی پاکستان ساڵێک پێش مردنی بەدەست هات. هێز و خۆڕاگری محەمەد عەلی جەنا وای کرد ئیمپریالیزمی بەریتانیا چارەی نەمێنێ و چۆکی بۆ دابنێ. هەڵبەت محەمەد عەلی جەنا خۆی خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردبوو، زۆر باش شارەزای یاسا و هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکان بوو.

بەرانبەر ئەو زەمینەییەی سەرەوە و لەسەر ڕۆشنایی هەواڵی گفتوگۆی نێوان حکومەتی تورکیا و سەرکردانی باکووری کوردستان، سێ سەرچاوەی گرنگی ئەم بابەتە پەیوەندیان کردووە بە دەزگای ڕژنامەگەری ئەلمۆنیتەر و ئەوانەیان پشت ڕاستکردۆتەوە، کە گفتوگۆ هەیە لە نێوان حکومەتی تورکیا و ئۆجەلان و  تا ئێستاش بەردەوامن. "ئەمبەری زەمان" ڕۆژنامەنووسی بە ڕەگەز بەنگلادیشی، کە لە لەندن دەژی و پسپۆڕ لە بواری کورددا، دەڵێت: پێش دوو هەفتە لەمەوبەر لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیادا، "دیڤالیت باخچەلی" سەرۆکی پارتی راستڕەوی تورکی 'MHP' دەستی تەوقەی دریژکردووە بۆ ئەندامانی DEMی پارت، کە پارتێکی سەر بە کوردستانە و پشتیوانی خەباتی گەلی کورد دەکات بۆ مافەکانی.

ئەمە بۆ یەکەمین جارە باخچەلی و پارتەکەی پشتیوانی ئۆردوگان دەکەن، لە گفتوگۆیاندا لەگەڵ سەرانی کوردی باکوور.

پرسیارەکە ئەوەیە چی گۆڕاوە بۆ تورکیا؟ دەیەوێت جارێکی تر گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە دوای نزیکەی دە ساڵ؟ سەرچاوەکانی ئەم وتارە کە لە ئەلمۆنیتەری ئەمریکییەوە وەرگیراوە، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلاندا کراوە و هەمان سەرچاوە ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە عەبدولڵا ئۆجەلان پەیوەندی بە باڵی سەربازی PKKوە کردووە و ئەوانیش زۆر توند بوون لە وەرگرتنەوەی وەڵامەکان و گفتوگۆکانیان ئاسان نەبووە. سەرچاوەکانی قەندیل هیچ شتێ ناڵێن هەتا ئێستا، بەڵام جۆرێک لە نائومێدیان پێوە دیارە، توڕەن لەسەر ئەو هەلومەرجانە، هەروەها ئەو سەرچاوانە ئەوە نادرکێنن چۆن پەیوەندییەکانی ئۆجەلان و قەندیل ڕێکخراوە.

لە بەرانبەر ئەو زانیارییانەی سەرەوەدا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە، کە بۆچی تورکیا و دەوڵەتەکەی ئەردۆگان ئەم کاتەیان هەڵبژارد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان کە زیاتر لە ٢٤ ساڵە لە زیندان دایە؟ ئەو خاڵە بەهێزانە کامانەن کە پێویستە ڕەچاوبکرێن لە پرۆسەی گفتوگۆکردندا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا:

یەکەم: باخچەلی و پارتە ڕاستڕەوەکانی تورکیا کە هاتنە پێشەوە بۆ تۆقەکردن لەگەڵ ئەندامانی پارتی  DEM (لە سەرەتای مانگی دەی کردنەوەی پەرلەماندا)، هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە دەیانەوێت پێیان بڵێن، ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن و کۆتایی بە تیرۆر بهێن و چەک داماڵن، بۆ ئەوەی PKK بێتە بەرەیەک لە دژی دوژمنان، نەک بەرەیەک دژی تورکیا.

دووەم: ئوردوگان لە ساڵی ٢٠٢٨دا پێویستی بە پشتیوانی پارتی DEM هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت دەستووری تورکیا بگۆڕیت، کە ڕێگا بدات بۆ پەسەندکردنی دەوری سێیەم بۆ سەرۆکایەتی ئۆردوگان؛ بە مەرجێ ئەمە هیچ چارەسەری سەرەکی تورکیای تێدا نییە، کە کێشەی کورد و کوردستانە.

سێیەم: تورکیا دەیەوێت ئەو پارەیەی کە بۆ جەنگ لەگەڵ PKK تەرخانی کردووە، بگۆڕێت بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری؛ واتە لە ئابووری جەنگەوە بۆ ئابووری وڵات لە هەموو بەشەکانیدا.

چوارەم: تینک تانکی تورکی، یەکێکە لەو دەزگایانەی کە سەربەخۆن، بەڵام کاریگەریان نییە لە بواری یاسا داناندا، بۆیە باوەڕیان وایە ئۆردوگان سەرکردەیەکی تۆتالیتەری دروست کردووە، ئاستی ژیانی خەڵک لە تورکیا هاتۆتە خوارەوە، لەبەر ئەو مۆدێلە ئابووریەی کە ئۆردۆگان پشتیوانی دەکات بۆ تورکیا، هەرچەند ئەو مۆدێلە بنەمای زانستی لە دەست داوە. تینک تانکی تورکی باوەڕی وایە، کە دەستێوەردانی تورکیا لە سیاسەتی ئەورووپا و دەستێوەردان لە وڵاتانی وەکو لیبیا، سوریا و ئازرباینجان، ئەمانە کێشەی ئابورییان بۆ تورکیا دروست کردوو.

بۆ دەبێ بزووتنەوەی ڕزگاری لە باکوور هۆشیار بێت بەرانبەر بەڵێنی تورکیا؟

ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩وە لە زینداندایە، کە لە مانگی دووی ٢٠٢٥دا دەبێت بە ٢٥ ساڵ کە لە زیندانی تورکیایە، ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەو سەرکردەیە لە زیندان بچووکترین ڕەچاوکردنی بۆ نەکراوە؛ لەسەر ئاستی ڕەفتاری مرۆڤایەتی.

باخچەلی دەڵێت: "دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت، بێتە ئەم پەرلەمانە و دەبێت بڵێت، کە کۆتایی بە تیرۆر دەهێنێت و PKK چەک دا دەنێت؛ لە ڕاستیدا ئەوەی کە تیرۆری بەرپا کردووە ئەو حکومەتی تورکیایە، ئەوانەی کە لەو پڕۆسێسەدا بەشداریان کردووە. ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکی ڕاوێژکاری حکومەتی "تورگوت ئۆزاڵ" لە (١٩٨٩- ١٩٩٣)، یەکێکە لەو ئەندامە چالاکانەی ناو پارتی DEM، باوەڕی وایە حکومەتی تورکیا لەسەر هەلومەرجی خۆی دەیەوێت پڕۆسێسی ئاشتی بکات.

سیلان ئەکا، یەکێکە لە ئەندامانی پارتی DEM دەڵێت: "نەبوونی متمانە لە نێوان ئەندامانی گفتوگۆکەردا بۆتە هۆی ئەوەی هیوامان بە سەرکەوتن کەم بێت لە گفتوگۆکاندا، بۆیە پێویستمان بە چاودێری نێودەوڵەتی هەیە، وەکو هەموو دانوستانە جیهانییەکان دەبێت کەسایەتی گەورەتری جیهانی سەرۆکایەتی ئەو کارە بکات.

نامەی ئۆجەلان لە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە دەڵێت: "توانای سیاسی و پراکتیزیم هەیە، کە بتوانم ئەم پرۆسێسە لە زەمینەی توندوتیژییەوە ببەمە زەمینەیەکی یاسایی و سیاسیەوە، کە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە"

ترسی زۆربەی چاودێران ئەوەیە، کە ئەو هەڵەیەی مەندێلا کردی لە زینداندا ئۆجەلان نەیکات. خوارووی ئەفریقا لە خراپترین هەلومەرجی ئابووری و سیاسی دایە دوای ئازادبوونی مەندێلا، مەندێلا جۆرێک لە ڕێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی ئەوسای ئەفریقا کرد (کلارک)، کە سوودی گەورەی خەڵکیی تێدا نەبوو.

گروپێکی ناو پارتی کرێکاران بە سیاسەتەکانی ئۆجەلان ڕازی نین و تاوانباری دەکەن، وەکو ستالینییەک ڕەفتار دەکات هەندێ جار؛ بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا حەز دەکەن ئۆجەلان وەکو چیڤارا بێت!

متمانەی خەڵک بەم پرۆسێسی ئاشتییە زۆر کەمە، ئۆردوگان دەسەڵاتی رەهای تورکیایە لە هەموو جارێ زیاتر دەتوانێت چی دەوێ بیکات، هەڵبەت بە دروستکردنی کۆمەڵێ تۆمەتی بێ بنەما توانیان "سەڵاحەدین دەمرتاش" زیندان بکەن. ئەوەی ئۆردوگان دەیکات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی خۆیەتی، ڕاستگۆ نییە لەم نەخشە ڕێگایەدا. هەزاران تێکۆشەری کوردستان لە زیندانی تورکیا دان، لەناو شارەکانی تورکیادا و لە باشووری کوردستاندا تورکیا بە درۆن تێکۆشەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسەکان دەکوژێ، کە ڕێگای ئاشتییانەی خەباتیان گرتۆتە بەر. بەپێی سەنتەری ڕاوێستا لە دیاربەکر: کورد باوەڕی وایە، کە لە چوارچێوەی دیموکراسییەوە کێشەی باکوور چارە بکرێت، نەک بە ڕێگای توندوتیژی، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە ئێستاوە وەکو دەوڵەتێکی سەربازی ڕەفتار دەکات و هیچی تر.

 

[1]  ڕاماقۆزە: سەرکردەیەکی ناسراوی پارتی کۆنگرەی ئەفریقییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×