پەروەردە ئاسمانی درەوشاوەی مرۆڤایەتییە

دێرین جەمال
  2024-11-20     163

"پەروەردە" ووشەیەکی ناسک، بچوک، بەڵام پڕ لەماناو لق و پۆپی گەورە، ئەو ووشەیە لەجوانیدا لەھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا جێگەی خۆی کردۆتەوە، پەروەردە ئەو نوقوڵە شیرینەیە تا تامی نەکەیت نازانیت چەند مانای پڕ لەخۆش و بەھای ھەیە بۆ مرۆڤایەتی و ھاوسەنگی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، واتە پەروەردە بریتیە لەدروستکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە، ھەموو تاکێک پێویستی بە پەروەردە ھەیە لەو ڕۆژەی لەدایک دەبێت و دێتە دونیاوە تا ئەو کاتەی ژیان ئاوایی لەدونیا دەکات، لەدوای ئەوەش "پەروەردە" ھەربەردەوام دەبێت بۆ تاکەکانی تری کۆماڵگە واتە پەروەردە بە درێژایی مێژوو کار لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە دەکات،

پەروەردە بەھایەکی ناوخۆیی ھەیە کە خۆی نرخەکانی خۆی دیاری دەکات، گرنگە پەروەردە لە خودی خۆیدایە نەک ھێزی دەرەکی،
پەروەردە ئەو ئاوازە خۆشەیە کە دەبێت ھەموو ھۆشیارەکان پێی ئاشنابن، ئەو ئاوازەیە کە فێرمان دەکات چۆن گۆرانی بۆ تەبایی و ھاوڕێیەتی و پێکەوەژیان  بڵێین، ھەرکاتێک پەروەردە بەدروستی بەکاربھێنرێت ڕێگەکانی گونجاندن و پێشکەوتن زیاتر نزیک دەبنەوە و گەورەیی مرۆڤت زیاتر بۆ دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بەکاربێت ئەوا ڕێگەکانی بوون و ژیان دوورتر دەکەونەوە.

پەروەردە ھێندە تەنیا ناگوزەرێت بەڵکو لەگەڵ خۆیدا چەندین لق و پۆپ ڕایەڵە دەکات، وەک (پەروەردەی خێزان، پەروەردەی دەوڵەت، پەروەردەی دەوروبەر، پەروەردەی خۆبەخۆش....ھتد)،
بەخۆداچوونەوە و ڕەخنەگرتن لە خود و ھەستکردن بە ھەڵەکان و ھەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی وادەکات مرۆڤ ڕێگەی گونجاوی بۆ فەراھەم ببێت تاوەکو بەرەو پێش بچێت ھەست بە بوونی خۆیی و دەوروبەری بکات.

پەروەردە ھەمیشە پێویستی بەڕێنمایی کەسێکی دڵسۆز ھەیە تاوەکو ھەمیشە بەبیر ھێنانەوەی بەندەکان لەھۆش و ھزەکانیدا دەنگ بداتەوە ڕامان بچڵەکێنێت لە خەونی نا ھۆشیاری و نامۆی بە دونیای سەردەم.

بەردەوام بۆ ئەوەی مرۆڤەکان پەروەردەی دروستیان ھەبێت پێویستە خۆیان بەخوێندکارێک بزانن، بڵێن نازانین تا بزانن، نەک بڵێن دەزانین تا نەزانین، ھەموان لامان گرنگ نیە دوای سێ دەیەی تر حاڵمان چۆنە و چیمان ھەیە لەدونیادا لە موڵک و ماڵ یان چ جۆرە ئۆیۆمبێلێکمان پێیە، بەڵام بۆ ھەموومان گرنگە چەندێک لە دڵی نەوەکانماندا گرنگین، چەندێک خۆشەویستیمان لە دڵی منداڵەکانمان چاندووە، چەندێک فێری ڕێزمان کردون؟!

لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین پەروەردە وەکو ئاسمانێکی درەوشاوەی پڕ لە ئەستێرەی ڕەوشت و زانست و میھرەبانیە، ھەمیشە چاویان بڕیوە لەچاوی ئەو مرۆڤانەی کە بۆ بەرزی بە ھاکانی مرۆڤایەتی دەڕوانن، دەبا ئێمەش لەسەیری ئەو ئەستێرە درەوشاوانە بێ بەش نەبین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×