گفتوگۆی پارتی و یەكێتیی لەبازنەیەكی تەسكدا هەیە

سەرتیپ جەوهەر
  2024-11-23     161

پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەبەردەم هەورازێكی زۆر سەختە. لەلایەك رێككەوتنی سیاسی نەكراوەو نییەو لەلایەكی دیكە رێكارەكانی یاسای هەڵبژاردن و سەرۆكایەتی هەرێم و پەریرەوی ناوخۆی پەرلەمان كەلێنی یاسایی زۆریان تێدایەو رەنگە كێشەو گرفتە سیاسیەكان ئاڵۆزتر بكەن.

بەپێی چەند زانیارییەكی نا ڕەسمیی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو گفتوگۆو دانوستاندن لەنێوان پارتی و یەكێتیی لەئاستێكی باڵاو لەبازنەیەكی تەسكدا هەبووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی رەسمیی زانیاریی لەبارەی ئەو دانوستانەوە ئاشكرانەكردووەو پێناچێت ئەنجامی هەبووبێت.

پارتی و یەكێتیی لەبەردەم ئاستەنگی پێكهێنانی كابینەی نوێدان. پارتی بەپێی تێگەیشتنی زۆرینەی رەها دەیەوێت وەك براوەیەكی بێ‌ ركابەر یان براگەورەی دوای هەڵبژاردن حكومەت پێكبهێنێت و هێزەكانی دیكە بەشدارپێبكات لەم كابینەیە. واتە وەك زۆرینەیەكی خاوەن بڕیار هەڵسوكەوت دەكات و هێشتا لەژێر كاریگەری 45 كورسیەكەی خولی پێشووی پەرلەمانە. یەكێتیش سەقفی داواكارییەكانی بەرزكردۆتەوە، لەم هەڵبژاردنە گوتارەكانی بافڵ تاڵەبانیی زۆر توند بوو، پێدەچێت بەلەبەرچاوگرتنی پشتیوانیە ئیقلیمیەكەی بێت.

بەتەنها بۆ هەریەكە لە پارتی و یەكێتیی كۆكردنەوەی 51 كورسی پەرلەمان زەحمەت بووە. لایەنە سیاسیەكان ناوێرن خۆیان لەرێككەوتنی ئەو دوو حزبە بدەن، بۆیە ئێستا پارتی و یەكێتیی وەك دوو حزبی هەڤڕك بەتەنها ماونەتەوە، ئەگەر رێكنەكەون ئەوا كابینەی نوێ‌ زۆر زەحمەت دروستدەبێت و زۆر درێژە دەكێشێت، بەدور نازانرێت بەهۆی شێوەی دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتیی و پارتی، پێكهێنانی ئەم كابینەیە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق لەكۆتایی ساڵی داهاتوو.

بەپێی زانیارییەكان رەنگە سبەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەینێت. ئەگەر ئەنجامی كۆتایی بەڕەسمیی راگەیەنرا بەپێی یاسا ئیدی پێویستە دوای 10 رۆژ پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خولی نوێ‌ بكات بۆ سوێندخواردنی ئەندامان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان. (یاسای هەڵبژاردنی كوردستان ماددەی 46 هەمواركراو ژمارە 15 ساڵی 2013 ) هەروەها _یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە 1 ساڵی 2005 ماددەی دەیەم بڕگەی 3).

هەتا ئەو 10 رۆژە تەواو دەبێت ئەگەر لایەنەكان نەگەنە رێككەوتن بەتایبەتیش پارتی و یەكێتیی، گریمانەكانی بەردەم پەرلەمان و كابینەی نوێ‌ چی دەبێت؟!

گرفتەكانی داهاتوو لەكۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمانەوە دەستپێدەكات، چونكە لەیەكەم كۆبونەوە پێویستە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئەگەر رێككەوتنێكی پێشوەختە نەكرابێت ئەوا گرێیەكان زیاتر دەبن.

رەنگە پارتی و یەكێتیی هەوڵبدەن كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بەكراوەیی بەجێبهێڵن تا دەگەنە رێككەوتن، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاسان نییە لەبەر ئەم دوو هۆكارە:

یەكەم: دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان دەبێت كە ئەندامێكی حزبی نەوەی نوێیە، ئەگەر بڕیار بێت دانیشتنەكە (بەناقانونیی) بەكراوەیی جێبهێڵڕێت وەك لەرابردوو كراوە، ئەوا نەوەی نوێ‌ دەكەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتی و دەبێتە هاوكاری پارتی و یەكێتیی! كەوایە دەبێ چاوەڕێ بكەین بزانین نەوەی نوێ‌ ئەم كارە دەكات؟ ئەگەر نەوەی ئەم هەنگاوە بنێت، هەڵەیەكی گەورە دەكات.

دووەم: بڕیارێكی پێشوەختەی دادگای فیدراڵی هەیە لە (19 نیسانی 2010) كە نابێت دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان لەكراوەیی بمێنێتەوە، دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژیردرێت. بۆیە ئەگەر دانیشتنەكە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە دەتوانرێت لەداگای فیدراڵ سكاڵا پێشكەش بكرێت و بڕیارەكە هەڵوەشێنرێتەوە.

بەپێی ئەو مەنتقە، كەوایە پێویستە لەدانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. بەپێی یاسای هەڵیژاردنی كورستان (ماددەی 48) پێویستە هەرسێ‌ پۆست (سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر) پڕ بكرێتەوە. ئەگەر ئەو پۆستانە بەبێ‌ رێككەوتنی پێشوەختە یەكلایی بكرێتەوە ئەوا هەنگاوەكانی دواتری رێككەوتنی لایەنەكان زەحمەتتر دەبێت چونكە پۆستەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت یەك پاكێجن و پێشترو لەكابینەكانی رابردوو وەك یەك بوخچە (پاكێج) رێككەوتنی لەسەر كراوە.

لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدەنگدانی نهێنی دەبێت بۆیە لەوانەیە پارتی هەوڵبدات هەرچۆنێك بێت موفاجئە دروستبكات. پارتی بۆخۆی 42 كورسی هەیە، بەپێی زانیاریی كورسیەكی لیستی هەڵوێست و كورسیەكەی حزبی سۆسیالیستی مەیلی پارتیان هەیە، كەوایە ئەگەر پارتی بیەوێت دەستەی سەرۆكایەتی ببات بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی پێویستی بە 7 كورسی دەبێت، بۆیە پێویستە چاوەڕێی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بكەین، رەنگە ئەنجامەكەی چاوەڕواننەكراو بێت.

خۆ ئەگەر پەرلەمان نەیتوانی كۆببێتەوەو پارتی و یەكێتیی نەهاتنە كۆبونەوەی پەرلەمان، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئەگەر پەرلەمان لەماوەی 45 رۆژ نەیتوانی كۆببێتەوە، ئەوا هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە. ئەم ئەگەرە لاوازە، بەڵام بۆ ئەم دۆخە هیچ ئەگەرێك بەدوور ناگیرێت.

جگە لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كە بەپێی یاسا پێویستی بە 51 دەنگی پەرلەمان هەیە، هاوكات پرسی ناوزەدكردن یان راسپاردنی سەرۆكی حكومەت یەكێكی دیكە لەگرفتەكان دەبێت. بەپێی یاسای

یەپێی عورفی دەستوریی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەبێت، بەڵام لەیاساكانی كوردستان (یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە 1 ساڵی 2005 ماددەی نۆیەم بڕگەی 12) سەرۆكی هەرێم سەرۆك وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بێئەوەی ئاماژەی كردبێت كە راسپێردراو لەگەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەبێت؟! ئەم پرسە یەكێك دەبێت لەگرێیەكانی بەردەم كابینەی نوێ‌، چونكە هیچ ئالیەتێك یان بنەمایەكی یاسایی نییە سەبارەت بەراسپاردنی سەرۆك وەزیران، ئاماژەیەكی روون نییە كە كاندیدی سەرۆك وەزیران لەچ حزبێك دەبێت. ئەگەر بەعورفیش وەربگیرێت كە كاندید لەگەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بێت ئەوا دەشێت جگە لەپارتی، هەریەكە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان یاخود هەر حزبێكی دیكە كوتلەیەكی پەرلەمانیی زیاتر لە دەنگەكانی پارتی كۆبكاتەوەو داوای كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەت بكات. هەروەك چۆن لە ساڵی 2010 دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی نوری مالكی بڕیاریدا كەپێویستە سەرۆك كۆمار ئەو كوتلەیە راسپێرێت بەپێكهێنانی حكومەت كە زۆرترین ئەندامی پەرلەمانی هەیە، ئینجا ئەو كوتلە پەرلەمانیە پێش هەڵبژاردن یاخود دوای هەڵبژاردن پێكهاتبێت. وەكچۆن لە 2019 هەمان بڕیاری خۆی دوپاتكردەوە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بۆیە لەهەرێمیش ئەگەر رێككەوتنی پێشوەختە نەكرێت ئەوا دەشێت لەم پرسەدا پارتی رووبەرووی گرفت ببێتەوە كەئێستا زۆرترین ئەندامی هەیە، یان لاینیكەم یەكێتیی یان هەر حزبێكی دیكە سكاڵا لەدادگای فیدراڵ لەدژی سەرۆكی هەرێم تۆماربكات. روونیشە دادگای فیدراڵ لەژێر كاریگەری بارودۆخی سیاسیە، بۆیە بەدوور نازانرێت پرسی راسپاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بچێتە دادگای فیدراڵیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×