ئایندەی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاڤا بەرەوکوێ دەچێ؟

ئاسۆ کمال
  2024-12-25     369

  پرسیاری ئێستای میدیای ناوچەکە و جیهان ئەوەیە کە چ دەسەڵاتێک شوێنی دیکتاتۆریەتی ئەسەد دەگرێتەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایندەی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاڤا چی بەسەر دێ؟

هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی ئیسلامیە سونیە توندڕەوەکان لە سوریا و ئەفغانستان و بێدەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەرامبەریان نیشانەی گۆڕانکاریەکە لە دۆخی سیاسی و بەرە دژ بەیەکەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 

دەسەڵاتی کۆنە داعشیانەی "هیئة تحریر الشام" پێویستی بە پێشبینیکردن نیە، چونکە لە "ئەدلیب"ی ژێر دەستیاندا هەمان یاساکانی تاڵیبانیان سەپاندوە. پرسیار لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەم هێزە ئیسلامیانە چۆن دەتوانن خزمەت بە جێبەجێکردنی نەخشەی مسۆگەرکردنی بازاڕ و پڕۆژە ستراتیژیە ئابوری و سیاسیەکانی ئەو دەوڵەتە بورژوازیانە بکەن، کە ئێستا لە سوریا و ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە ئەم نەخشانە دەبەنە پێشەوە؟ 

هەمیشە پەیوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسلامیەکاندا بەپێی بەرژەوەندی و ستراتیژیەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە. لەسەرەتادا ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەم هێزانەیان لە جەنگی سارددا دروستکرد و دواتر لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا بونە دوو بەرەی دژ بەیەک. لە لایەن ئێرانەیشەوە، لە عێراق و سوریا بەکاردەهێنران بۆ لێدان لە ئەمریکا. ئێستا لە شکستی ئێران لەسوریادا، تورکیا جێگای ئێرانی گرتۆتەوە و هێزە ئیسلامیەکان لەلایەن تورکیاشەوە بۆ جێگیرکردنی باڵادەستی خۆی لە دۆخی سوریادا بەکاردەهێنێت. تورکیا دەیەوێ لەگەڵ ئەمریکادا مامەڵە بکات. مامەڵەی ئەوەی کە؛ دەسەڵاتی ئیسلامیە سونەکانی سوریا ڕازی دەکا کە مل بە مانەوە لە ژێر چەتری سەربازی ئەمریکا لە سوریادا بدەن ئەگەر تورکیا ڕێگری لەبەردەمدا نەبێ بۆ بەرتەسککردنەوەی سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان.

گۆڕانی سەرەکی لە ڕوخانی ئەسەد تێکشکانی "بەرەی بەرگری" کۆماری ئیسلامی ئێران و نەهێشتنی پێگەی دەوڵەتی ڕوسیایە لەناوچەکەدا، کە لە پاڵ شکستی حەماس و حزب اللە دا بەتەواوەتی ستراتیژی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توشی داڕمان کردوە.

لەسایەی ئەم گۆڕانکاریانەدا ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر دەتوانن پڕۆژە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانیان لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداو نەخشە ڕێژبکەن. 

هەر بۆیە ڕوخانی ئەسەد تەنیا دیکتاتۆرێکی لەکۆڵی خەڵکی سوریا کردەوە و چیتر خەڵکی سوریا بارمتەی ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئیسرائیل نین، بەڵام خەلکی سوریا و ناوچەکە لەدەست شەڕی ئەم بەرەو هێزە دڕندانەی تری ئیسلامیەکان و ئیران و تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل ڕزگاریان نەبوە، کە دوو دەیەیە سوریا و ناوچەکەیان کردۆتە دۆزەخێک کە نیوملیۆن ئینسانی تێدا کوژراو و بریندار بوە و زیاتر لە ١٤ ملیۆنی خەڵکەکەی ئاوارە کردوە. ڕوخانی ئەسەد نەمانی تاوانبارێکی جەنگەکەیە لە مەیدانی شەڕێکی بەربەریدا، کە هەموو تاوانبارەکانی تری لە دەسەڵاتدان. چۆن لە درێژەی ئەم شەڕە ناوچەییەدا دامەزراندنی دورگەیەکی ئارام و ژیانێکی گونجاو بۆ خەلکی سوریا لە سەر دەستی هەمان ئەم هێزانە چاوەڕوان دەکرێ؟

هەر چۆن شەڕی غەزە نیشانی دا کە چیتر مەسەلەی فەلەستین لە چوارچێوەی پێشووی چارەسەر و شەڕەکانی پێشودا نەماوەتەوە و بەشێکە لە شەڕێکی ناوچەیی فراوانتر، بەهەمان شێوە ڕوخانی دیکتاتۆریەتی ئەسەدیش کۆتایی دیکتاتۆریەت و شەڕ و کێشەکانی خەڵکی سوریا نیە. ئایندەی سوریا ئێستا لەسایەی شەڕ و ململانێیەکی سەربازی و سیاسی و ئابوری ناوچەیی و جیهانی فراوانتردا گیری خواردوە. 

ڕۆمانسیەتی کۆتایی سەدەی بیستی ڕوخانی دیکتاتۆری و گەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری سنوری دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی تیرۆر، ئێستا جێگای خۆی داوە بە حساباتی ئابوری و بازاڕی سەرمایە و کۆمپانیا و نەوت و دابەشکردنەوەی دەسەڵات و ناوچە و سەرچاوەکانی وزە و حساباتی جیۆپلەتیکی دەولەت و هێزە بورژوازیە ڕەنگاوڕەنگەکان، کە لە ڕیگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە یەکلایی دەکەنەوە. خەلکی سوریا و ڕۆژئاڤا قوربانیەکی تری ئەم ئاژاوەی ململانێیەن.

 خەڵکی عیراق و کوردستان زیاتر لە ٢٠ ساڵە باجی ژیان لەم ئاژاوەی جەهەنەمە بورژوازیەدا دەدەن، کە ئەمریکا و ئێران و هێزە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان بۆیان تەنیون. بەدیلەکانی بورژوازی لە سوریادا جگە لە سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامی و کەوتنە ژێر دەستی تورکیا و مانەوە لە بازنەی شەڕی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکادا نەبێ هیچی تر نیە، هەربۆیە خەڵکی ڕۆژئاڤا و سوریا جگە لە هێزی خۆیان بۆ بەرگری لە ژیان و چارەنوسیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نیە، وەک نمونەی شکست پێدانی داعش لە کۆبانی . خەباتی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاوا پێویستی بە ڕزگاربونە لەم ئاژاوەیەی ململانێی بەدیلی هێزە ئیسلامی و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان و سوود وەرگرتن لەم فرسەتە کە دیکتاتۆریەتی ئەسەد نەماوە بۆ جێگیرکردنی بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×