لۆمەی یەکگرتوو مەکەن

نالی پێنجوێنی
  2024-12-30     232

بەراورد بە کۆی حیزبەکانی دیکەی کوردستان، یەکگرتوو ڕێچکەیەکی سەردەمیانەی حیزبایەتی گرتووەو نەیویستوە ڕێچکە خوارو باوەکەی حیزبی کوردی بگرێت. هەرچەندە بەدوورنییە لەو دەردو گرفتانەی کۆمەڵگەی کوردی لەو ڕووەوە پێوەی گیرۆدەن. هەڵبژاردنەوەی ئەمینداری یەکگرتوو، قسەوباسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. هەندێ کەس کەوتنە پلارتێگرتنی و هەندێکیش بەمەبەستی جیاجیا دەیانەوێ ناوی بزڕێنن. لەبەر ئەم دوو خاڵە زۆرێك لەو ڕەخنانە لەجێی خۆیاندا نابینم:

یەکەم: تەوریسی سیاسیی حیزب، دەردێکی حیزبی کوردییە، لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، پارتیی ئەو نەریتە خراپەی داهێناو تەواوی لێکەوتە خراپەکانی لە ئەستۆی ئەودایە. بێگومان، نوخبەی خوێنەوارو سیاسیی ئەوسەردە، هەڵوێستیان گرت و ڕووبەڕووی بوونەوە، بەڵام هەوڵەکانیان دارێکی زڕ دەرچوو. دوای زیاتر لە نیو سەدە، زۆربەی حیزبەکان، پێیان خستە ئەو ئاوە لیخنەوە. ئێستە لەکوردستان تەوریسی سیاسیی بووەتە مۆدیلی باوی حیزبایەتی، حیزب بەمیراتی لەباوکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کوڕو نەوەکان. دیدو پەروەردە ئیسلامییەکەی یەکگرتوو، حیزبەکەی لەو تێزە خێڵەکییە پاراستووە. ئەندامانی کۆنگرەی ئەمجارە، هۆشیارانە گیاکەڵەی تەوریسی سیاسییان لەڕەگەوە دەرهێنا، هیچ کام لەکەسە نزیکەکانی ئەمیندار بۆ سەرکردایەتی دەرنەچوون، هەرچەندە هەندێکیان کەسانی شیاوو لێهاتوو بوون.

دووەم: کۆمەڵگەی ئێمەو حیزبی کوردی، هێشتا عەقڵییەتی سەرۆكی خاوەن کاریزما، شێخ و مورید، واعیزو کەسایەتییەکان بەسەریدازاڵە. دیدو عەقڵییەتی موئەسەساتی، پەیڕەوو پڕۆگرام، کاری دەستەجەمعی، ئیدارەدانی مۆدێرن، تێدا لاوازو دەڵەمەیە. کەسی یەکەمی هەردەستگایەک بگری، بەچاوێکی تایبەت تەماشادەکرێ، هەندێجار، قودسییەتی بەبەردادەکرێ و وەك فریادڕەس و بێ ڕکابەر، تەماشا دەکرێ. کۆمەڵگەو کایەی سیاسیی کوردستان، لەهەناویدا گەرای بیری خێڵی هەڵگرتووەو لەساتەوەختێکدا ئامادەی تروکاندنیەتی. لەعەقڵیەتی خێڵدا زەمینە لەبارە کە پارەو هێزو بڕیار، لەدەستی کەسی یەکەمدا کۆبێتەوە. ئەوسا، بەزەبری ئەوانە، سەرۆکی هەتاهەتایی درووستببێ. هەرچەندە ئەو دیدە لەناو یەکگرتوودا لاوازە، بەڵام ئەوە بەواتای ئەوە نییە کە هەندێ لەئەندامانی ئەو حیزبە بەڕێژەی جیاجیا، بەو تێزە دواکەوتوەی کۆمەڵگە بارگاوی نەبوون. 

لەکۆنگرەی شەش، مامۆستا سەلاحەدین لە لوتکەی هێزو جەماوەریی بوونی دا، ئارەزوومەندانە وازی لەکورسییەکەی هێنا. ئەوکات، سەردەمی شکستی بەهاری عەرەبی و پاشەکشەی ئیسلامییەکان بوو، وەك سپێدەی بەیان ڕوون بوو. ئەو بارودۆخە کاریگەری لەسەر یەکگرتوو دەبێت و دووچاری پاشەکشە دێت. جگە لەوەش، هێزە ڕکابەرە پۆپۆلیستە ئۆپۆزیسیۆنەکەی ئەوکات، هەندێ لێدوان و هەڵەی چەند بەرپرسێکی ئەو حیزبەیان قۆستەوەو بێ ڕەحمانە کەوتنە وێزەی، هێرشی توندو ناڕەواو چەواشەکارییان دژی ڕاگەیاند. ئەو بارودۆخە کاریگەری خراپیان لەسەر یەکگرتوو هەبوو. هەندێ لەوانەی کە عەقڵییەتی سەردەمییانەی کاری سیاسیی و بە دەستگایی بوونی حیزبیان وەك فتیلەیەکی لاوازبوو. یاخود بەهۆی سۆزداریی ئایینی،  گرێوگۆڵی دەروونی، نەیانتوانی بارودۆخەکەو قۆناغ و پێشهات و گۆڕانکارییەکان بەجوانی بخوێننەوە. دەستیانکرد بە برتەو بۆڵە، بەجۆرەی لەجۆرەکان، هاوکاری ئەمیندارەکەی ئەوکات، نەبوون. ئەوەش یەکگرتووی دووچاری حاڵەتێکی نەخوازراو و مەترسی لێکترازان و فرەمینبەری کردەوە. ئەو بارودۆخە، زەمینەی ئەوەی خۆشکرد کە مامۆستا سەلاحەدین لەخەمخۆریەوە بۆ حیزب، بڕیاری گەڕانەوە بدات و نەهێڵێت کێشەکانی ناو حیزبەکە بگاتە تەقینەوەو لێواری لێکترازان. ئەو هەنگاوەی مامۆستا سەلاحەدین، وابەستەی حەزی بوون بەسەرۆکی هەتاهەتایی نەبوو. لەو حاڵەتەدا، دەکرێ لۆمەی ئەوانە بکرێ کە نەیانهێشت پرۆسەی دەستاودەستکردنی کورسی سەرۆکایەتی حیزبەکە سەرپێ بکەوێ، کاری سیاسیی و ئیدارەدانی حیزب، شێوازێکی سەردەمیانەو مۆدێرن بەخۆیەوە ببینێ. 

ئەو نووسەرو کەس و لایەنانەی ڕەخنە لە خۆ کاندیدکردنەوەی مامۆستا دەگرن، دەبێ کار لەسەر گەشەکردنی عەقڵییەتی موئەسەساتی و کارکردن بەپەیڕەوپڕۆگرامی سەردەمیانە بکەن. نەوەك بەخوێندنەوەی دوور لەواقیع و تێزی ناوکتێبەکان بەهەڵەدا بچن. دەبێ دڵنیابن لەوەی کەهێشتا کۆمەڵگەی کوردی عەقڵیتەتی خێڵ تێدا بەرجەستەیەو زۆری ماوە بگاتە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان. هەڵەیە خوێندنەوەی بارودۆخ و ڕووداوەکان بەجۆرێ بکەین ڕێگەخۆشبکات بۆ کەسانی نەیارو موغریز، بەهۆی چاویلکەی ئایدۆلۆژیاوە چەواشەکاری بکەن. جێی خۆیەتی ڕەخنەو گلەیی ئاراستەی توێژی ڕۆشنبیرانی کورد بکرێ، کە ناتوانن کار لەسەر گەشەسەندن و شۆڕکردنەوەی عەقڵییەتی سەردەمیانەی بەڕێوەبردن، بۆ ناو کۆمەڵگەو حیزب و ناوەندەکانی سیاسەت و  کایەکانی دیکەی کۆمەڵگە بکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×