لە ساڵی 2006 وە چەندین پڕۆژەم پێشكەش بە حكومەتی هەرێم و لایەنی تر كردووە. لێرە مەودا نیە باسی وردەكاریی ئەم پڕۆژانە بكەم. بەڵام ساڵی 2019 بە تەلەفۆن چەند پڕۆژەیەكم لە گەڵ چەند بەرپرسێكی پارتی باسكرد. لەم پەرپرسانە، كە مرۆڤی بەڕێز و وشیار و ڕۆشنبیرن، بەڕێزان كاك حاجی حاجی برایم دێت، ئنجا كاك عەلی حوسێن و كاك زیكری موسا. لە گەڵ ئەم بەڕێزانە بە تەلەفۆن، گفتوگۆ لە نێوانمان دروست بووە. ئەم بەڕێزانە پێیان باش بوو، هەرچی پێشنیار و پڕۆژەم هەیە بە نامە بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی بنوسم. جاری یەكەم، نامەیەكی 22 لاپەڕەییم نوسی و لە سەرەتای ساڵی 2020 گەیشتە دەستی جەنابیان. ساڵی 2022 ش، نامەیەكی تری 15 لاپەڕەییم نوسی. وێڕای سەرۆك بارزانی، نامەكە گەیشتە دەستی بەڕێزان كاك مەسرور و كاك نێچیرڤان و ستافەكانیان. لەم نامانەدا پێشنیار و پڕۆژەی جۆراو جۆر مەترەح كراوە. یەكێك لەم پڕۆژانە، دامەزراندنی دەزگایەكە بۆ كوردانی هەندەران (ڕەوەندی كورد). دیارە ئەم پڕۆژە لای سەرۆك بارزانی پەسند كراو و فەرمانی دا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. من لەم پڕۆژە و پڕۆژەكانی تر، بە ڕاشكاویی باسمكردووە كە خۆبەخشانە كار دەكەم، پارە و مەنسەبم ناوێت، بە هۆی سەرقاڵی زۆریشەوە ماوەشم نیە وەك ستاف بەردەوام بم، بەڵام دەتوانم سەرپەرشتی كارەكان بكەم تا دەكەونە سەر ڕێڕەوی خۆیان. لەم پڕۆژەی ڕەوەندی كورد بە تایبەتیی، ڕوونمكردووەتەوە، كە تەنانەت دەتوانم ستافێكی لێهاتوو دیاری بكەم بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكان. ساڵی 2022، زیاتر پەرەم بەم پڕۆژەیە دا و پێشنیارم كرد لە جیاتی دەزگایەك بۆ ڕەوەندی كورد لە دونیا، وەزارەتێك دابمەزرێت. هێلە گشتیەكانی ئەم وەزارەتەم لە نامەیەكی سێ لاپەڕەیدا باس كرد و دیسانەوە ئەم پێشنیارەش گەیشتە سەركردایەتیی باڵای پارتی. لێرەدا سوپاس و پێزانینم بۆ ئەم بەڕێزانەی كە ناوم هێنان دووپات دەكەمەوە. ئەم بەڕێزانە نمونەی مرۆڤی بەرپرس و دڵسۆز و بە وەفان لە ناو پارتی.
بەڕێز كاك زیكری موسا، بە تەلەفۆن پێی ڕاگەیاندم كە جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی دەركردووە، كە بەڕێز كاك شیفا بارزانی لە پەیوەندیدا بێت بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە بە ئەنجام بگەیەنین. كاك شیفا، یەك جار تەلەفۆنی كرد و دوای ئەمە هیچ پەیوەندیەك لە نێوانمان نەما. هەروەها بەڕێز كاك كارۆخ خۆشناویش، یەك جار تەلەفۆنی كرد و دوای ئەمە هیچ باس و خواس ڕوی نەدا. بەڵام لەم سێ ساڵەی دوایی، چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوە لە ئەوروپا و ئەمریكا بە ئەنجام گەیەندرا، كە تیایاندا سەدان كەس لە شوێنی جیای دونیادا بانگهێشت كرابوون، لە هیچ لەم بۆنانەدا نە بانگهێشت كراوم و نە ئاگاداریش كراومەتەوە. ئەمە لە حاڵێكدایە كە بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم دەزگایە، من پێشكەشی سەركردایەتیی پارتیم كردووە، بۆ خزمەتی هەموو كوردی دونیا. ئەمە گرنگ نیە، كە بانگهێشت نەكراوم، چونكە بە هۆی مەشغەڵەت و خوێندن و سەرقاڵیەكانی تر، ماوەی سەفەر و بەشداریكردنم نیە لەم بۆنانەدا. ئەوەی گرنگە، ئەو ناوەڕۆك و ئامانجانەی من لە پڕۆژەكەدا باسم كردوون، بە هیچ شێوە لەم كونگرانەدا پەی پێ نەبردراوە، وێڕای سەرفكردنی دەیان ملیۆن دۆلار. تەنها لەم كۆنگرەی دواییەی لە ئەڵمانیا بەستراوە دوو هوتێل بۆ میوانان گیراوە و نزیكەی 400 تا 500 كەس لە دونیاوە بانگهێشت كرابوون، زۆرینەش بە تەیارە سەفەریان كردووە. لە شوێنی تریش وەكو ئەمریكا هەمان مەسرەف كراوە.
شایەنی باسە، خودی پارتیەكان پێیان ڕاگەیاندووم كە ئەم پڕۆژەیە فاشیلە و سەر ناگرێت. بەرپرسی و كادیری باڵای پارتی ئەم سەرنجەیان لا باسكردووم. هۆكاری هەرە زەق لای ئەم بەڕێزانە ئەوە بووە، كە لەم كۆنگرانە تەنها خەڵكی پارتی بانگهێشت كراون، لە كاتێكدا ئامانجی سەرەكیی پڕۆژەكە بۆ هەموو كوردی هەندەرانە. ڕاستیەكەی ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە سەرفكردنی ملیۆنان دۆلار نیە لە هوتێك و سەفەر و چێشتخانە، بەڵكو دەست بەكاربوونی دەمودەستە بەو ناوەڕۆكەی لە سێ نامەكە باسمكردوون. ئەمەش پێویستی بە ستافێكی خوێن گەرم و بە دەستوبردە، دوور لە كەشوهەوای ئاهەنگ و هوتێل و كۆنگرەی ناو هۆڵەكان.
لە كۆتایی دەمەوێ دوو خاڵ باس بكەم. یەكەم، من بە لامەوە گرنگ نیە برادەرانی پارتی بانگهێشتیان نەكردووم، بە هیچ شێوەش ئاماژەیان نەداوە بە ناوی خاوەن بیرۆكەی دەزگایەك بۆ ڕەوەندی كورد لە دونیا. من پێش ئەمە پڕۆژەم بۆ حكومەتی هەرێم و لایەنەكانی تری ناو هەرێمی كوردستان، چەندین پڕۆژەم بۆ چەند وڵاتێك پێشكەش كردووە. لە هیچ كاتێك، نە داوای پارە و نە داوای ئیمتیازم كردووە. بەڵام جیاوازیی نێوان كەسانێكی دڵسۆزی كورد، لە دەرەوەی پارتی و هەندێك كەسانی ناو پارتی ئەوەیە، ئێمە وێڕای هەستكردن بە بەپرسیارەتیی، ڕێز و تەقدیرێكی زۆمان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی هەیە و بە شایستەی زەعامەتی كوردی دەبینین، بۆ هەموو كوردی دونیا. بۆیە پێمان ئاساییە خۆبەخشانە، ئەو توانا و ئەزمونەی لە ژیاندا دەستمان كەوتووە بیخەینە خزمەتی میللەتی كورد، بە سەرۆكایەتیی كاك مەسعود كە سەركردەیەكی مەرد و دڵسۆزی كوردە. بەڵام كەسانێك لە ناو پارتی، پێگە و زەعامەتی كاك مەسعود بۆ بەرژەوەندی و ئیمتیازی خۆیان بەكار دەهێنن.
خاڵی دووەمیش ئاڕاستەی ئەو كەسانە دەكەم، چ لە ناو یان دەرەوەی پارتی، ئەوە بزانن كە جەنابی كاك مەسعود حەز بە كاری چاك و بە پێز دەكات بۆ بەرژەوەندی گەلی كورد، بۆیە فەرمان دەردەكات ئەم كارانە جێبەجێ بكرێن. بەڵام بە داخەوە بەشئێك لە دارودەستەی ناو پارتی، كە دەستڕۆیشتوون، ئەم فەرمانانە وەك خۆی جێبەجێ ناكەن و خۆڵ دەكەنە چاوی میللەتی كورد و سەركردایەتیی باڵای پارتیش. بۆ بەرچاو و ڕواڵەت، هەندێك كار ئەنجام دەدەن، دواتریش ڕێڕەوی كارەكان بەرەو بەرژەوەندی و ئیمتیازاتی خۆیان لێدەخوڕن. بە داخەوە ئەم جۆرە دارەدەستانە ئێستا وەكو شەبیحەكانی ڕژێمی ئەسەدن و تەنها بیر لە بەرژەوەندیە تەسكەكانی خۆیان دەكەن، هیچ هیوایەكیان بە ئایندەی كوردستان نیە و هەتا دەستیان پێدەگات، دەیانەوێ خۆیان پڕ كەن لە پارە و پول و بەرژەوەندیی بۆ دواڕۆژ لە دەرەوەی وڵات. زۆرێك لەو بەرپرس و كادیرە باڵایانەی پارتی كە بینیومن و قسەم لە گەڵیان كردووە، ئەو بێ هیواییەیان دووپات كردووەتەوە، كە باروزروفی كوردستان لە دەست دەرچووە و هیچ هیوایەك نەماوە بە چارەسەركردنی گەندەڵیی. دیارە ئەم بێ هیواییە باڵی بە سەر هەموو پارتیەكان و خەڵكانی تریش كێشاوە، بۆیە مرۆڤیش كە بێ هیوا بوو، وزەی بۆ كاری بە پێز و چاك دێتەوە سەر سفر. ئەمەیان داخێكی قوڕس و خەمێكی گرانە.
ئەو پڕۆژەیەی بۆ ڕەوەندی كوردیش لە دونیا پێشەكەشم كرد، پڕۆژەیەكی هەرە گرنگە بۆ ئایندەی كورد و حكومەتی هەرێم. تەواوی بەرنامەی پڕۆژەكەشم لایە بۆ هەر لایەنێك لە دەرەوەی حكومەت بیەوێت جێبەجێی بكات. من بێ بەرامبەر ئەم پڕۆژەیە پێشكەش دەكەم و خۆ بەخشانە تا پڕۆژەكە دەكەوێتە كار، سەرپەرشتی كارەكان دەكەم و دەتوانم ستافەكەی ڕاهێنان پێبكەم. وەكو تێفكرینێكی سەرەتاییانەش، پێم وایە برادەرانی نەوەی نوێ بتوانن ئەم پڕۆژە جێبەجێ بكەن، چونكە وزە و توانایان هەیە و ورەیان بەرزە و توانای ماددیشیان هەیە. ئەگەر برادەرانی نەوەی نوێ بیانەوێ خزمەتێكی گەورەی كورد بكەن، ئەم پڕۆژە زۆر گرنگە و پڕۆژەی تری هەرە گرنگیشم لایە، گەر بیانەوێ پێشكەشیان دەكەم.