" ١٠ "
هەندێ مەسەلە و روداوی نێوانی مامجەلال و نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای یەکترناسینیانەوە هەتا جیابونەوە و نەخۆشکەوتنی مامجەلال لای من پرسیاری مێژویی گرنگ بون .
لەکۆبونەوەی ساڵی هەفتاوپێنجی ڤیەنا و داڕشتنی یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی ی ن ک ەوە، باش وخراپ، زۆرم بیستبوو ، زۆریشم خوێندبۆوە بەڵام هەندێ پرسیار لای هەردوکیان و هاوڕێکانیان، هەمیشە بێ وەڵام بون .
+ دوای نزیکەی نیوسەدە هاوڕێیەتی خەباتێکی سەخت، نێوانی تۆ و مامجەلال چۆن گەیشتە جیابونەوە ؟
ئەمە ئەو پرسیارە بوو کەمامجەلال لەدوادیداری تەلەفزیۆنیدا، بەڵێنی قسەکردنی زیاتری لەسەر نەوشیروان مستەفا و پەیوەندی نێوانیان و عاجزی و ئاشتبونەوەیان دا، بەداخەوە کتوپڕ نەخۆشکەوتنی دەرفەتی تەواوکردن و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی نەبوو ! کە چۆن وەبۆچی دوای نزیکەی نیوسەدە هاوڕێیەتی خەباتێکی سەخت، نێوانیان گەیشتە تەخوینکردنی یەکتری وجیابونەوە ؟
دوای نەخۆشکەوتنی مامجەلال ئەم پرسیارەم لە نەوشیروان مستەفا کرد بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە :
- یەکەمجار، کەهەستمکرد کەلێنێک و جیاوازیەک کەوتە نێوانی هاوڕێیەتی و بیروبۆچونمانەوە ساڵی هەشتاوهەشت و دوای ئەنفالەکان بوو . لەسەر سنور گفتوگۆمان لەسەر ئەو کارەساتە و چۆنیەتی روبەروبونەوە و هەستانەوە ئەکرد . ئەو بیروڕای وابو دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببین ! وەک جولەکەکانی دوای جەنگ، ئێمەش هەرچی توانای مادی و مەعنەوی خۆمان هەیە لەئەوروپا و ئەمەریکا بیخەینە گەڕ، لۆبی بۆ مەسەلەکەمان و مافەکانی کورد بکەین .
دواجار وارێکەوتین ئەو بڕواتە دەرەوەی وڵات و کار بۆ ئەو شێوازی خەباتە بکات و منیش هێزەکانی پێشمەرگە رێکبخەمەوە و بەردەوامی بەخەباتی چەکداری بدەم .
جاری دووەم دوای راپەڕین، بینیم مامجەلال خەریکی دروستکردنی فەوج و لیوای تایبەت و مقەڕی جیاوازی تایبەت بەخۆیەتی، لێم پرسی تۆ هەرگیز بڕوات بەهێزی پاسەوانی بۆخۆت و پاراستنی خۆت نەبوە ! ئەم کارە بۆ دەکەیت ؟ وەڵامی ئەو مایەی نیگەرانی من بوو .
( خەباتی شاخ تەواو ... ئێمە لەشارداین و لەناوشاردا ئەبێت هەمیشە حساباتی سەربازی ورد بکەیت ! لەناوشار هەمیشە ئینقیلابی عەسکەری ئەگەرێکی ئامادەیە )
ئەمە بڕوای مامجەلال بوو کەمن ئێستاش بڕوام پێی نیە .
سێیەم جار و کەئیتر نەمتوانی کاری سیاسی و رێکخراوەیی لەگەڵدا بکەم و جیابومەوە ... دوای روخانی حیزبی بەعس و کەلەنزیکەوە بینیم و زانیم دەستی بۆ پارە برد . بڕوای وابوو کەپارەی زۆر ئەیهێڵێتەوە و تەمەنی حوکمداری زۆرتر ئەکات .
من لەژیانی خۆم و هاوڕێیەتیمانا، مامجەلام وەک تێکۆشەرێکی خۆڕاگر ، ئازا و پارەنەویست ناسی ، بەسێ قۆناغی جیاواز و بەتێپەڕینی کات لای منەوە ئەو خەسڵەتانەی لەدەستدا و بەدوایدا، هیچ دەرفەتێکمان بۆ کاری پێکەوەیی نەما .