دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی نووسەرانی پێشووی گۆڤاری پاسار
ئەم گۆڤارە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزرا، لەلایەن چەند مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان. وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی، ئەوکاتە کە کاتێک باسی بڵاوبوونەوەی توێژینەوەی زانستیمان دەکرد لە گۆڤارەکە، مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و سلێمانی و گەرمیان بەتایبەت، بزە پێکەنینێکی دەستکردی سوکایەتیانەی بێزراویان دەکرد، و دەیان ووت (هاتوو ئێمە توێژینەوەمان کرد لە گۆڤاری زانکۆکانی (دایک) بڵاوی دەکەینەوە).
من تاکە ئیدیتەر بووم لە گۆڤاری پاسار کە توێژینەوەی خۆم تێدا بڵاوبوویەوە، وا دیارە ئەوانی تر هێشتا بە کەم سەیریان دەکرد!
لەم ساتەدا، زۆرینەی دەستەی نووسەران بڕوایان وابوو کە دەست شل دابگرین لە بڵاوکردنەوەی توێژينەوەکان، بەڵام من سووربووم لەسەر ئەوەی کە پێویستە بایەخ بە جۆری توێژینەوە بدەین نەک بڕی توێژینەوە.
دوای ئەوەی پاسار پێی نایە ناو داتابەیسی سکۆپەس، بە لێشاو لە زانکۆکانی (دایک) ەوە توێژینەوەی وا دەهات بۆمان، شایەنی خوێندنەوەش نەبوون، لەبەرئەوە لە ڕووی میتۆدی توێژینەوەوە زۆربەیان هەڵە بوون.
پاش خزمەتکردنم لە گۆڤاری پاسار بۆ ماوەی نیو دەیە، وەک دەستەی نووسەران و دامەزرێنەری گۆڤارەکە، گەیاندمان بە ئاستی نێودەوڵەتیی و سکۆپەس. دوای ئەوەی بە پێی ڕێنمایی وەزارەتمان، کە پێویستە ئەوانەی پۆستی کارگێڕییان هەیە واز لە گۆڤار بهێنن، ئەرکێکی گەورە لەسەر شانمان لادرا.
هیوادارین گۆڤارەکە بەرەو ئاست بەرزتر هەنگاو بنێت و بەرەو حەقیقی تر بروات. لەبەرئەوە زانست واتە گەڕان بەدوای حەقیقەت. حەقیقی بوون بە واتای دامەزراوە کردنی گۆڤارەکە، هێنانی ئیدیتەری حەقیقی، بڵاوکردنەوەی توێژينەوەی حەقیقی. بەدامەزراوە کردن واتە هیچ جۆرە مۆرکێکی کەسێتی پێوە دیار نەبێت. ئیدیتەری حەقیقی بە واتای زۆری توێژینەوە و زۆر و بۆری سایتەیش نایەت. توێژینەوەی حەقیقیش واتە توێژینەوەکان بە پێوەر و کریتیریای نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. دەستەی نووسەران نابێت توێژینەوەی ساختەیان هەبێت. دەبێت حیساب بۆ ئیتیکی توێژینەوەش بکرێت.
هەروەها ئەوانەی لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری پاسارن و پۆستی کارگێڕییان هەیە، پێویستە بە زووترین کات داوای بەخشین بکەن، چونکە مانەوەیان نایاساییە و هەر شتێکیش نایاسایی بێت، ئەگەر گەورەترین داهێنانیش بێت، ئەوا بەتاڵە.
هەروەها پێشنیار بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەیە کە پێوەری زانستی زیاتر دابنێن بۆ گۆڤارەکانی کوردستان، بۆ نموونە، پێوەری نەبوونی توێژینەوەی ساختە لەلایەن دەستەی نووسەران و پێوەری ئیتیکی توێژینەوە، کە ئەم دوو پێوەرە وا بۆ سێ نەورۆز دەچێت خراوەتە بەردەم سەرۆکی زانکۆی پێشوو.