پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێت "مایین لە کلکەوە لغاو دەکات".
لغاو؛ ئەو پارچە کانزایەیە کە دەکرێتە دەمی ئەسپ و پەت و جلەوی سواریی لێدەبەسترێت، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی وڵاغەکە لەلایەن سوارەکەوە لە سەرکێشی و تیژڕەوی و لادان لەڕێگاو ئاراستەی ڕۆیشتن. ئەم پەندە بۆ کەسێک بەکاردێت کە بیەوێت پڕۆسەیەک لە ڕیتم و شێوازی ڕاستەقینەی خۆی بشێوێنێت و تێکی بدات.بۆ ئەو مەبەستەش لە کۆتاییەوە دەست بە کارەکەی بکات لەبری ئەوەی ھەنگاو بە ھەنگاو و لەسەرەتاوە دەستپێبکات. کە ئەوەش نەگونجاوە و سەراپا دەرەنجامی کارەکە شپرز و ناڕێک دەکات.
ئێستا لەکاتێکدا، ھەرێم سەرقاڵی پڕۆسەی چاکسازی و کەمکردنەوەی لۆد و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵا و بەغدادە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی لەدایکبوی پێنج ساڵ بەیەکەوە لە (١٩٦٠-١٩٦٥).خۆ گەر ئەم بڕیارە یەک لایەنی ئەرێنی ھەبێت، چەند لایەنێکی نەرێنی دەخوڵقێنێت؛
لەلایەک زۆر ناڕێکی و ناتەواوی تێدایە و لەلایەکیش لە ھەندێک ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و پەروەردە کارەسات و بەتاڵایی ئەوتۆ دروست دەکات کە دەبێتە مایەی ئەرک و کێشە و سەرئێشە بۆ ناوەندەکان و ھاوپیشە جێماوەکانیان. سەرەڕای ئەوەش خودی خانەنشینبوەکان زۆر نیگەران و نائاسودەن لە بیستنی بڕیارێکی لەناکاوی بێ بەرنامە و پڕ کەموکورتی بەم شێوەیە.
ھەموان دەزانین دیارنەمان و خەرجکردنی زۆرینەی بڕی بودجەی تایبەتی ھەرێم چۆن خەرج دەکرێت و بەھەدەر دەدرێت، ئیتر بۆچی دەستنابەن بۆ چارەسەرکردنی برینە گەورەکان و بڕیاری دروست و بوێرانە نادەن بۆ چاکسازی ڕاستەقینە و ھێوەرکردنەوەی ئەو دۆخە نالەبارەی چەندین ساڵە بەرۆکی خەڵکی بەگشتی و موچەخۆرانی بەتایبەت گرتوە.
ھیوادارم ھەرێم وازبھێنێت لە لغاوکردنی ماینەکە لە کلکەوە و شێوازی ئاسایی لغاوکردنەکە ڕەچاو بکات، تا لە کۆتایدا ئاراستەی کار و چاکسازی و ڕێکخستنەوەی دروست بەدی بێت.