یاساکان لە سەبەتەیەکدا دەربڕینێکی گونجاوە لە پێگەیەکی ئەلکترۆنی بینیم بۆ مامەڵە و دان و ستان لەسەر دەنگدان و دەرچونی یاسا لە عێراقی ئەمڕۆدا بەکار هاتووە مەبەست لێی دەرچونی چەند یاسایەکە بە دان و ستان و ڕازی کردن و جێبەجێکردنی داواکاری لایەنەکان .
عێراق لە سێ پێکهاتەی سەرەکی: کورد و شیعە و سونە (بێگومان پێکهاتەی تریش هەیە) پێکهاتوە.
ئەم پێکهاتانە ڕۆژانێک بەیەکەوە لەدژی رژێمێک لەسەنگەرێکا جەنگان و قوربانیان دا بە هۆی ستەم و تاوان و چەوسانەوە لەلایەن ئەو رژێمەوە ، دوای روخانی ئەو رژێمە بەیەکەوە عێراقێکی نوێیان پێک هێنا و دەسەڵاتەکانیان لەسەر بنەمای ئەو پێکهاتانە دابەشکرد. و فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان لەدەستوردا چەسپا.
پێکهاتەکان لەهەریەک لە ئەنجومەنی نوێنەران ، حکومەت وسەرۆکایەتی کۆماردا دەسەڵاتیان دابەشکرد ( بێجگە لەوەش بێگومان لە کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی.. تاد ).
لە مێژوی عێراقدا ، وڵاتی نێوان دوو ڕوبار
" الرافدين یان بين النهرين" یان میزۆپۆتامیا شارستانیەتی سۆمەری، بابل، ئەکەدی، ئاشوری... هەبوون کە لە مێژووی هەمو مرۆڤایەتیدا ولە گەشەکردنی کۆمەڵگەکاندا رۆڵی بەرچاویان هەبووە و کاریگەرییان هەر ماوە.
هەروەها ئەگەر سەیری مێژوی عێراق بکەین لە خوێندەواری و رۆشنبیری بەهەمو بوارەکانی لە پێشکەوتنێکی بەرچاوو لە پێش زۆر وڵاتەوە بووە .
لە مێژوی نزیکتردا هێنانی کارەبا و تەلەفزیۆن و زۆر شتی تری شارستانی... بۆ عێراق لەپێش زۆر وڵاتەوە بووە.
لەبواری یاسادا حاموڕابی بە چەندین سەدە پێش زاین و ٣٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا یاساکانی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش مافی ژنان داناوە .
بەڵام بەداخەوە هەندێک جار ئەو نیەت و کردارانەی عێراقی ئێستا لەگەڵ ئەو رابردووە پرشنگدارە ناگونجێت.
ئەو دیمەنەی هەندێ جار لە عێراق دەبینرێت ئەوەی لە بەرژەوەندی ، یان داواکاری بەشێک بێت بە بێ ئەوەی بەرژەوەندی و رەزامەندی گشتی لەسەر بێت ئەوەجئبەجێ دەکرێت ئەمەش دیمەنێکی نادیموکراتی و نامرۆڤانە پیشان دەدات و بەرجەستە دەکات .
لەعێراقی ئەمڕۆدا، لەگەڵ هەر هەنگاوێک بەرەو دیموکراسی، هەڵنوتانێک روودەدات و بەرەو قۆناغێکی دواکەوتوو ی دەبات .
یاسا ئەو بنەمایانەیە رەفتاری تاکەکان رێک دەخات
ئەرک و مافیان لەکۆمەڵگە دیاری ئەکات، لە بنچینەدا یاسا بەمەبەستی کۆمەڵگەیەکی رێکخراو و بەردەوامە، کار بۆ دەستەبەرکردنی داد و یەکسانی دەکات و پارێزگاری لەمافی تاک و کۆمەڵگە دەکات .
لەهەمان کاتدا دەبێت هۆکارێکی گەشە کردن و بەرەو پێشەوەبردنی کۆمەڵگە بێت نەک کۆت و بەند کردنی .
ئەگەر پێکهاتەکان بە سازان وڵات بە ڕێوە دەبەن و بە ڕێکەوتن پۆستەکان لەناو حزب و پێکهاتەکان دابەش دەکەن، وە خۆیان زۆر ئەرک و مافەکانیان بەپێی یاسا و بە گوێرەی پێکهاتەکان دابەش کردوە( بێگومان پێویستیەکی قۆناغەکە بوە و باشترین بژاردە بوە ) ،
و سازان لەسەر هەندێ کێشەو بوار دەکەن
ئەوا دەبێت ئەرکی پاراستنی مافی سەرجەم تاکەکان لە ئەستۆی خۆیان دابنێن و بە بەرپرسیارێتییەوە ئەو ئەرکانەی کۆمەڵگە بخەنە سەرشانیان و بە دادوەری جێبەجێی بکەن ، بەتایبەت یاسا دەبێت لە پێناو پاراستنی مافی مرۆڤ و تاک و هەموان بێت.
هەندێ یاسا وەک یاسای باری کەسێتی پەیوەندی بە تاک بەتاک و هەمو کچ و ژنان و خێزانێکەوە هەیە ناکرێت بەخواستی لایەن و بەگفتوگۆ یان فشار و دان و ستانی یاسایی بەڕێوە بچێت، دەبێت ناوەڕۆکی یاسا و کاریگەریەکانی و بنەماکانی مافی مرۆڤ و تاک حوکم بکات نەک هیچ شتێکی تر .
دان و ستان رێکارێکی گونجاوی کاری سیاسی و حزبییە بەڵام ناکرێت دان و ستانی یاسایی بکرێت و یاساکان بخرێنە تای تەرازوویەکەوە کاتێک زۆر ناهاوسەنگیش بێت و بە بێ ئەوەی قەناعەت و بڕواش هەبێت بڕوات.
ئەمڕۆ عێراق ، ئەگەر هەڵوەستەیەک نەکات و بە وردی هەنگاوەکانی نەنێت، خوێندنەوە بۆ تاک و بەش و گشت نەکات پێگەی عێراق لەناو سیستمی جیهانی لە ئاستێکی شیاو بە رابردوو و بنیاتنانی پتەو بۆ داهاتوو نەکات بە بنەما ئەوا بناغەیەکی تۆکمەی نابێت و هەرەس و داڕمان مەترسی سەرو ئەو بناغەیە ئەبێت.
لەکاتێکا ئەو دەنگدەرانەی دەنگیان بەو پێکهاتەو ئەندامانە داوەو متمانەی تەواوی خۆیان داونەتێ
بەهیوای ئەوەی بەرەو کەناری ئارامییان ببات و مافەکانیان بەدی بێت ، لەبەرئەوە واپێویست ئەکات لەئاستی ئەو متمانەیە دابن و دەنگدەرەکانیان دڵنیا بکەنەوە کە دەنگ و متمانەیان لە دەستێکی ئەمیندایە.