تورکیا ئاشتی دەڕەخسێنێ یان موخاتەبەی تیرۆر دەکات؟!

شاهۆ پاڵانی
  2025-01-29     344

ئەوەی لە تورکیا دەگوزەرێ بەناوی پرۆسەی ئاشتی، پێویستی بە شیکاری و تێڕامانێکی ورد هەیە، بۆ ئەوەی ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی کوردی دەربکەوێ، کە ئاخۆ دەوڵەتی تورکیا هەر بەڕاستی خوازیاری ئاشتی یە و دەیەوێ کێشەی کورد بەشێوازی ئاشتیانەو دیموکراسی لە چوارچێوەی تورکیادا چارەسەر بکات یان ئەوە چیە بەناوی دەستپێشخەری ئاشتی لە تورکیا دەگوزەرێ.

 

دوای سەد ساڵ لە کوتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کە بوە هۆی هاتنەکایەی قۆناغێکی نوێ و دروستبوونی چەند دەوڵەتێکی تازە لە ئەنجامی داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەقەڵەمی زلهێزەکانی ئەوسەردەمە کە خۆی لە بەریتانیای گەورەو فەرەنسادا دەبینیەوە، جارێکی تر باهۆزی گۆڕانکاری گەورە ناوچەکەی گرتۆتەوەو تەوژمە خێراکانی بەردەوامیان هەیەو دەکرێ جارێکی تر گۆڕانکاری لەهێلکاری و نەخشەی ناوچەکەش ڕووبداتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەمریکاو ئیسرائیل قەڵەمی کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە دەگرنە دەست، هەڵبەتە بەپشتیوانی و هاوکاری ئەوروپاش.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەنجامی ئەو گوڕانکاریانەدا هەلێکی مێژووی بۆ تەواوی گەلی کورد هاتۆتە پێشەوە لە ناوچەکە. بۆیە ئەم بابەتە لەئێستادا تورکەکانی تۆقاندوەو ئۆقرەی لەبەر بڕیون، ئەوان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی هەیە کە بوە هۆی داڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لێکچونێک هەیە لە ڕەوش و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمی عوسمانیەکان و ئێستای تورکیا، بەتایبەتی نالەباری باری ئابووری و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتربوونی تا ڕادەی داتەپین و هەمیشە بەرزتر بوونەوەی هێلی هەژاری و زیاتر تەشەنەسەندنی گەندەڵی لەسەردەمی حکومڕانی ئەردۆگاندا، لە لایەکی تریشەوە فۆبیای دروستبوونی دەەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکە خەوی لێ زڕاندوون، هەر ئەمەش وایکرد ئەردۆگان و باخچەلی بەتێگەیشتنی خۆیان پلانێک هەم بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکان لەسەر تورکیا، هەم تێکدان و لەباربردنی ئەم دەرفەتەی بۆ کورد ڕەخساوە دابنێن، بۆیە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە باخچەلی پرۆسەی دەستپێشخەری ئاشتی بوروژێنی.

دەوڵەتی تورکیا دوو ئامانجی سەرەکی هەیە لە وروژاندنی پرۆسەی بەناو ئاشتی. یەکەمیان دەیەوێ نیازپاکی نیشانی ڕای گشتی نێودەوڵەتی بدات و بڵێ، تورکیا ئامادەیە کێشەی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکات، وەلێ ئەوە کوردە نایەتە ژێر باری ئاشتی و بەزمانی چەک و تیرۆر قسەدەکات. دووەمیان هەموو هەوڵەکانی بەگەڕ خستوە، تا دووبەرەکی بخاتە نێوان ڕیزەکانی کورد و کوردان سەرقاڵی دووبەرەکی و لێکترازان بکات، بۆئەوەی لەم دەرفەتەی هاتۆتە پێشەوە هیچی دەستنەکەوێ. بۆ ئەمەش لەهەوڵی بێوچاندایە قەناعەت بە بەڕێز ئۆجەلان بهێنێ، داوا لە قەندیل بکات چەک دابنێ.

ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لای دەوڵەتی تورک ستراتیژە و بەڕاستی نیازی چارەسەری دۆزی کوردی هەیە، پێویستە نیشانەکانی دەرکەوتەی هەبێ و ئەو زەمینەسازیە بە ڕۆشنی هەستی پێبکرێ و بەرچاو بکەوێ. ناکرێ تۆ خۆت بە دەستپێشخەری ئاشتی بزانی بەڵام بچوکترین زەمینەسازی بۆ نەکەی. ئەوان تا ئێستاش بە بەڕێز ئوجەلان دەڵێن سەرکردەی تیرۆریستەکان، لەدوای یەکەمین سەردانی وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی پەرلەمانتارێکی مەهەپە لە لێدوانێکدا لەم بارەیەوە بە بەڕێز ناوی ئۆجەلان دەهێنێت، بەڵام دواتر ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو دەدات و دەڵێ ئێمە لەکاتی قسەکردندا ئاساییە ناوی کەسێک بە بەڕێز بهێنین، دەنا بۆ ئێمە ئۆجەلان سەرکردەی تیرۆریستەکانە..! ئەوان تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە لابردنی سەرۆک شارەوانیە کوردەکان کە دەنگ و متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە، قەییوم لە شوێنەکانیان دادەنێن، دەوڵەتی تورک ئامادە نیە تەنانەت دەستبەرداری زمانی زبر و هەڕەشە ببێ، ئەوەتا هاکان فیدان بێ ئۆقرە هەر ڕۆژەی سەردانی وڵاتێک دەکات بۆ پلانگێڕی دژی کوردانی ڕۆژئاواو  ناساندنی پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، هەر لەو سەردانەی سێ ڕۆژ لەمەوبەری بۆ بەغدا لە هەوڵی بێوچاندا بووە کە عێراقیش لە شەڕی پەکەکە وە بگلێنی. 

ئەوەی تورکیا مەبەستیێتی چەک دانانی قەندیلە و بەس، ئەوان هەمیشە دەڵێن نیازپاکی دەوڵەت ئەوەیە کە تورکیایەکی بێ تیرۆرمان هەبێت، تا ئێستا بە یەک وشەش باس لە چارەسەری دۆزی کورد نەکراوە، وەک ئەوە وایە کە دەوڵەت مخاتەبەی گروپێکی تیرۆریستی بکات نەک هەوڵی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نەتەوەیەک بدات.

ڕەخساندنی زەمینەسازی، ژینگەی نیازپاکی و ئاشتی ئەوەیە، دەرگای زیندانەکان بەڕووی زیندانیە سیاسیەکان بکرێتەوە، زمانی نەرم و میانڕەوی جێگای هەڕەشەو زمانی زبر بگرێتەوە، قەییومەکان هەڵوەشێندرێنەوەو سەرۆک شارەوانیە ڕاستەقینەکان بگەڕێندرێنەوە شوێنەکانیان، لەسەرووی هەمووشیەوە ئەقڵیەت و زیهنی فاشیزمی نەتەوەیی کاڵ بێتەوەو دەستبەرداری پرەنسیپی ( یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و یەک زمان) ببن و دان بە بوون و مافی کورد و هەموو نەتەوەو کولتور و پێکهاتەکانی تر بنرێ، پێکەوە ژیان، یەکتر قبوڵکردن و فرەیی ببێتە بنەمای چارەسەری سیاسی و پرەنسیپی حکومڕانی، ئەو کاتە دەکرێ ئومێدێک لە سەر پرۆسەی ئاشتی هەڵچندرێ.    

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×