ئایۆرڤیدا و گەوهەرەکان

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2025-02-02     169

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

سەرەتا:

لە گوتارێکی پێشوودا باسم لە زانستی ژیان ( Ayurveda) کرد لەڕووی پێناسەو بەشەکانی و تیشکێکی چڕکراوەشمان خستە سەر ڕاساشاسترا و پەیوەندی ئەم زانستەمان بە ماددەکانی زەوییەوە، بەتایبەتی خاوەکان (مەعدەنەکان) خستە ڕوو (١). ئایۆرڤیدا بەشێوەیەکی سەرەکی ماددە بنچینەییەکانی هەسارەی زەوی بەکاردێنێت لە هەوڵدان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە هەوڵی درێژکردنی تەمەنی مرۆڤ دەدات، واتە هەوڵدان بۆ گەیشتن بەنەمری!

لەم پێناوەدا ڕاساشاسترا چەندین ماددەی زەوی بەکارهێناوەو دەقە دێرینەکانی ئایۆرڤیدا بەدرێژی باس لە ئامادەکردن و پاککردنەوەی ماددەکانیان کردووە(٢). لەم گوتارەدا هەوڵدەدەم بەکارهێنانی هەندێک لە پێکهاتەکانی زەوی ( وەک گەوهەرەکان و کلس وکانزاکان، وهتد.) بۆ بواری پزیشکی و دەرمانسازی بۆخوێنەرانی وڵاتی کوردستان ڕوونبکەمەوە.

 

گه‌وهه‌رەکان:

بریتییه‌ له‌به‌رده‌به‌نرخه‌كان، یان نیمچه‌به‌نرخه‌كان. هه‌روه‌ها زاراوه‌ى گه‌وهه‌ر ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت بۆ گشت ئه‌ومادانه‌ى كه‌تواناى لووسكردن و تیشكدانیان هه‌یه‌ وه‌ ده‌توانرێت وه‌ك ماده‌ى خۆڕازاندنه‌وه‌ و به‌نرخ به‌كاربێن. گه‌وهه‌ر ده‌كرێت له‌بنه‌چه‌دا سروشتى، یان ده‌ستكرد بێت. هه‌رچه‌نده‌ زاراوه‌ى به‌ردى گه‌وهه‌ر (Gemstone)  زۆركات به‌كاردێت ته‌نیا بۆ ئه‌وخاوانه‌ى، كه ‌به‌نرخن. بێگومان ئه‌وه‌ى كه‌واده‌كات ئه‌م به‌ردانه ‌به‌نرخ بن پێكهاته‌كه‌یان نییه‌، به‌ڵكو زیاتر ده‌ركه‌وتنیانه‌. زۆربه‌ى گه‌وهه‌ره‌كان بریتین له‌یه‌كێك له‌خاوه‌باوه‌كان، كه‌ خاوه‌ن بریسكه‌و ڕه‌نگى جوانن و هه‌ڵبه‌ت بڕین ولووسكردن ئه‌م دیاردانه‌ جوانترپیشان ده‌ده‌ن. پته‌وترین یان ڕه‌قترین گه‌وهه‌ره‌كان به‌گشتى گرانترینیانن  چونكه‌ ده‌توانرێت كاریان له‌سه‌ر بكرێت و هه‌ندێكى تریشیان گرانن چونكه‌ زۆرده‌گمه‌نن. به‌رده‌گه‌وهه‌ره‌كان وه‌ك جادایت  و تۆركواز نزیکەی   3000  ساڵ له ‌پێش له‌دایكبوونى مه‌سیحه‌وه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌و ڕێزیان لێ گیراوه‌. ده‌رهێنان وبه‌كارهێنانى گه‌وهه‌ره‌كان له‌لاى میسری و بابلی و ئاسووری و هیندییه‌كۆنه‌كان ته‌واو پێشكه‌وتوو بووه‌ و هونه‌ریان تێداكردووه‌. میسرییه‌كان له‌كاتى مردنیاندا خشڵ وبه‌رده‌به‌نرخ وگه‌وهه‌ره‌كانیان ده‌خسته‌ قه‌بره‌كانییانه‌وه‌ (٣).

دەقە کۆنەکانی  ئایۆرڤیدا، بەتایبەتی ئەوانەی ڕاساشاسترا بەوردی باس لەبەکارهێنانی ماددەکانی زەوی دەکەن، بەتایبەتی گەوهەرەکان کە چۆن لەبواری پزیشکیدا بەکاریانهێناون ( ٤ ). لەبنچینەدا لێکۆڵینەوە لە بەردە گەوهەرەکان بۆ دەستکەوتنی توخمی جیوە بووە، کە وەک لە وتاری پێشوودا ئاماژەمانپێدا زۆر گرنگە لە ئایۆرڤیدادا (١).ئەم گەوهەرانە لەلایەن هندییەکۆنەکانەوە لە چارەسەرییە پزیشکییەکاندا زۆر بەکارهاتوون، ئیتر بەهۆکاری ئەوەبووبێت لەناوچەکەیاندا بەردەست بوون، یان شوێنەکانیان هێند دووردەستبوون کە دەبوو تەنیا پشت بە ماددەکانی ناوچەکانیان ببەستن لە هەوڵدان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان و مانەوە بە تەندروستی و بیرکردنەوە لەنەمری.

لەزانستی ژیاندا بەردەکان بۆ  سێ جۆر ، لەسەر بنەمای بەنرخیان (Preciousness) دابەشکراون، کەئەوانیش: ١-ڕاتنا، واتە بەنرخەکان.٢-ئەپڕاتنا، واتە نیمچە بەنرخەکان.٣-کشودرا ڕاتنا، واتە بەردە بێ نرخەکان.  زانستی ژیان لەلای هندییە کۆنەکان، پێنج جۆر لەبەردی بەنرخی دیاریکردووە، کە ئەوانیش بریتین لە: ١-ڕوبی ( Ruby).٢-یاقوتی شین ( Blue Saffire).٣-ئێمیڕاڵد (Emerald).٤-یاقوتی زەرد (Yellow Sapphire). ٥-ئەڵماس (Diamond). هەرچی مرواری ( Pearl) و شیلانە (Coral) و چاوی پشیلە (Cat’s eye) و هەندێکی تر بەشێوەیەکی کەمتر بەکارهاتوون. بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ڕەوشت و شوێنی بوون و تایبەتمەندیەکانی هەندێک لە گەوهەرەکان خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ژمارە (٣).

 

نیمچەگەوهەرەکان:

ئەم کۆمەڵەیە هەر وەک لە ناوەکەیانەوە دیار دەکەوێت، لەڕووی گرنگی و بەهاوە کەمترن بەبەراورد بە گەوهەرەکان. ئەم کۆمەڵەیە چەندین ماددە دەگرێتەوە، لەوانە: تۆڕمالین، سپینێڵ، موونستۆن( فێڵدسپاڕ)، لاپس لازولی( بەردێکە پێهاتووە لە :لازوڕایت و پایرایت و کاڵسایت)، تۆرکواز (فۆسفاتی ئاویی مس و ئەلەمنیۆم) ، بەردە خوێ، جادایت (پایرۆکسین)، ئۆنێکس (چالسیدۆنی) ، کارنێلیان( چالسیدۆنی سوور)، پێریدۆت، ئەمبێر. سەرجەم ئەم بەردانە لە ئایۆرڤیدادا بەشێوەی پاودەر، یان وەک سووتاندن(incineration )بەکارهاتوون.

 

کانزاکان:

وەک لای خوێنەر ئاشکرایە، کە کانزاکان (Metals) ( وەک زێڕ و مس و ئەلەمنیۆم و ئاسن، هتد.) ئەوکۆمەڵەیەن لە خاوەکان کە تایبەتمەندی گەیاندنی کارەبا و گەرمیان هەیە و بەرگەی لێدان و پێداکێشان دەگرن و لەڕووی کیمیاییشەوە دەکەونە لای چەپ و ناوەڕاستی خشتەی خولییەوە (٥). لە ئایۆرڤیدادا گرنگی بە حەوت جۆر لەکانزاکان دراوە، کەئەوانیش بریتین لە: ١-زێڕ (Gold).٢-زیو ( Silver).٣-بڕاس (Brass). ٤-مس (Copper).٥-تەنەکە (Tin). ٦-قوڕقوشم (Lead). ٧-ستیل (Steel). هەڵبەت هەندێک لەمانە وەک داڕشتە سەیردەکرێن، بەڵام لە ئایۆرڤیدادا بەم شێوەیە دیاریکراون (٤). بێگومان لەم کۆمەڵەیە و بە بەکارهێنانی ئاسنیش چەندین تێکەڵەو داڕشتەی تریان دروستکردووە. هەریەکێک لەم ماددانە بەڕێگەی تایبەت پاککراوەتەوە و پاشان کۆکراوەتەوە و بەشێوەی تایبەت بەکارهاتوون، کە لە دەقەکانی ئایۆرڤیدا دا بە درێژی و بە وێنەوە باسکراون، بۆ زانیاری زیاتر بنواڕە سەرچاوەی ژمارە  (٢).

 

کلس (Lime):

توخمی کالسیۆم یەکێکە لە توخمە بەربڵاوە گرنگەکانی زەوی، و دەچێتە پێکهاتەی سەدان ماددەوە و بە چەندین جۆر هەیە. لە زانستی ڕاساشاسترادا بە سودها ڤارگا ناسراوە. سەرچاوە سەرەکییەکانی کالسیۆم بریتین لە : ١- قسڵ (Quick lime)، ٢-تەباشیر (Chalk)، ٣-تالک (Talk)، ٤-سێلینایت (Selenite)، ٥-سلیکاتی مەگنیسیۆم (Magnesium silicate)، و ٦-بەردیوەکان (Fossils).

کلس یەکێکە لەوماددانەی لە جیهاندا زۆر بڵاوە و لە کوردستانیش بەهەمان شێوە سەدان ساڵە لە کاری بیناسازیدا بەکاردێت. قسڵ کە یەکێکە لەبەرهەمەکانی کلس و پێکهاتەکەی ئۆکسیدی کالسیۆمە (CaO) لە زووەوە وەک ماددەی لکێنەری بەردەکان لەکاتی بیناکردندا بەکارهێنراوە. قسڵ لە ئەنجامی سووتانێکی کەمی بەردی کلسەوە بەرهەمدێت. لەزانستی ژیاندا  ئاوی کلس بۆ چارەسەری سکچوون و دژە ترشێتی و هتد بەکارهاتووە.  لە چارەسەری منداڵاندا بۆ نزیکەی دەجار بە ئاو ڕوونتر کراوەتەوە و دراوە بە منداڵان بۆ باشترکردنی هەرسکردن و بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سک و قۆڵۆن بەسوود بووە.

 

 تەباشیر (Chalk):

بەشێوەیەکی سەرەکی لە کاربۆناتی کالسیۆم پێکدێت و زۆرینەیان لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی پاشماوەی زیندەوەر یەکخانەییە بەرگ کلسییەکانەوە دروست دەبێت. لە ڕووی تایبەتمەندییەکانییەوە  سپی و نەرمە و ئازاری زراو کەم دەکاتەوە. هەروەها بۆ چارەسەری سووتاوی جەستە و بۆ نەخۆشییەکانی چاو و خوێن بەکاردێت.  تەباشیری سەوز بۆ کەمکردنەوەی سکچوون سوودی زۆری هەیە.

 

تالک (Talk):

هاڕڕاوەی ئەم خاوە بۆ بەهێزکردنی تام و کەمکردنەوەی ئازاری سک و کۆکە و نەخۆشییەکانی دڵ بەسوودە. هەروەها بۆ ڕزگاربوون لە ئازاری گەدە و دابەزاندنی تا، سەرەڕای ئەوەی بۆ چارەسەری سووتاوی پێست  کاریگەرە. تالک بۆ ناوەوەی لەش بەباشترین چارەسەر دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی خوێنبەربوون و بۆ ئێسکەکان بەسوودە.

 

سێلینایت (Selenite):

ئەم خاوەبرەیتییە لە جیپسۆم، واتە بەردی گەچ، کە پێکهاتەی کیمیای بریتییە لە (CaSO4.2H2O) . هاڕراوەکەی بۆ ساردکردنەوە ( دابەزاندنی تا) و کەمکردنەوەی ئازاری زراو  و وەستاندنی خوێنبەربوون و کەمکردنەوەی ترشێتی گەدە بەسوودە. هاوکارە بۆ چاکبوونەوە لە برینی گەدە وسووتاندنی جەستە. هەروەها سکچوون دەوەستێنێت و بۆ ئێسکەکان باشە و کالسیۆم بۆ لەش دابیندەکات. لەمنداڵانیشدا بۆ گەشە و بەهێزبوونی ددانەکان باشە و  لە ئافرەتانیشدا کۆنترۆڵی خوێنبەربوون دەکات.

 

بەردیوەکان (Fossils):

هەندێک لە بەردیوەکان بۆ باشتر میزکردن و و میزەڕۆ باشن و لە چارەسەری هەندێک نەخۆشی ، وەک سووتانەوەی میزەڕۆ سوودیان لێوەردەگیرێت. لە جۆرەکانی کە بەکاردێن:

سەدەفەی ئۆیستەر گوێچکەماسی (Oyster’s shell): لە نووسینەکانی ئایۆرڤیدادا باس لە دوو جۆر لە گوێچکەماسی کراوە، ئەوەی کە مرواری دروست دەکات و ئەوەی کە مرواری دروست ناکات. ئەمەی دووەمیان ماددەیەکی هاندەرە بۆ ئارەزووی خواردن و هەرسکردن باش دەکات و وەک ماددەیەکی دژە ئۆکسان کاردەکات. هەرچی جۆری یەکەمە ئەوا لە تامدا تاڵە و بەهەمان شێوە ئارەزووی خواردن زیاد دەکات و تامکردن بەهێز دەکات. هەروەها شەکری میز کەمدەکاتەوە و بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بەکاردێت.

سەدەفەی گاسترۆپۆد(Gastropod’s shell): بەماددەیەکی گەرم دادەنرێت و چەورکەرە و بۆ کەمکردنەوەی ترشێتی و برینی گەدە بەسوودە. بۆ هەرسکردن یارمەتیدەرە و ئاوسانی سک کەمدەکاتەوە و ڕێگری لە ڕشانەوە دەکات. بۆ سکچوون چارەسەرە وهەوکردنی قۆڵۆن کەم دەکاتەوە .

شیلانە (Coral): شیلانەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری زراو  و کۆکە و چارەسەرکردنی سووتاوی جەستە وچاو و دەست و قاچەکان بەکارهاتووە. سەرەڕای ئەوەی وەک وەستێنەری خوێنبەربوون لە ڕێگەی لووت و میز و پیساییەوە ڕۆڵی گرنگی هەیە.

گەوهەرەکان و ماددە بەنرخەکانی تری، کە لەزەویدا بوونیان هەیە و لە مێژەوە جێگەی سەرنج و تێڕامانی ئادەمیزاد بوون لە زۆربەی شارستانییە کۆنەکاندا وەک ماددەی بەتوانا و خاوەن کاریگەری بەکارهاتوون. لەوانەیە هەندێکیان کاریگەرییەکی کەمیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاری پزیشکیدا هەبووبێت، بەڵام زۆریشیان پێدەچێت زۆرتر کاریگەری دەروونی هەبووبێت. گەوهەرەکان لەسەردەمی شارستانی ئیسلامیشدا گرنگی هەبووە و زۆرێک لەم ماددانە بۆ چارەسەر و هێورکردنەوەی دەروونی بەکارهاتوون، بۆ نموونە زانایانی ئیسلامی ئیخوان لەسەفا وئیبنسینا و بەیروونی و مەقدسی و جابری کوڕی حەیان و خوارەزمی و هتد. کاری دیاریان لەم لایەنەوە هەبووە. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە بەکارهێنانی گەوهەر و بەردەکان لە بواری پزیشکی و کیمیاییدا خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ژمارە (٦).

بەهەرحاڵ ئەم ماددانە تائێستاش لە ڕووی زەویناسییەوە گرنگن و لەگەلێک بواری پیشەسازی و دەرمانسازیدا بەکاردێن، هەرچەندە بەکارهێنانی زۆربەیان پێویستی بە شارەزایی و پسپۆڕی هەیە، چونکە لەوانەیە پێکهاتەی هەندێکیان زۆر کاریگەری بۆ سەر لەش و ئەندامەکانی ناوەوەی لەش هەبێت ئەگەر بە دروستی بەکارنەێن.

 

سەرچاوەکان:

١- ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین ، ئایۆرڤیدا چییە؟، ، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٦-١-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی:

https://www.awene.com/article?no=22873&auther=2706

2-Dole, V.A., and Paranjape, P., 2004, A text book of Rasashastra, chukhamba Sanskrit Pratishthan, New Delhi, 438p.

٣- ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین ،2024، بنه‌ماكانى زه‌ویناسى، دووەم چاپ، چاپخانه‌ى شارستان، لە بڵاوکراوە زانستییەکانی کتێبخانەی دڵشاد، سلێمانى، كوردستان، 413ل.

4-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Geochemical Exploration, and Medical Geology, Research Publishing, 448p.

٥- ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین، 2011، فه‌رهه‌نگى زه‌ویناسى (ئینگلیزى-  كوردى) ، چاپخانه‌ى په‌یوه‌ند، یه‌كه‌م چاپ، سلێمانى،269ل.

٦-فوئاد ئەحمەد باشا، ٢٠٢٤، فەلسەفەی زانست ، ڕوانگەیەکی ئیسلامی، دەروازەیەک بۆ جیهانبینییەکی شارستانی، وەرگێڕانی: د.سەباح  بەرزنجی، لە بڵاوراوەکانی سەنتەری زەهاوی، ٥٠٢ ل.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×