دەستەی ڕیشەکێشکردنی بەعس لە هەرێمی کوردستان پێویستە...

مەعروف مەجید
  2025-02-03     232

لە دوای ساڵی ۱۹۹۱ یەکێک لەو کارانەی پێویست بوو سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی کاری لەسەر بکات و دایبمەزرێنێت، دەستەی ڕیشەکێشکردنی بەعس بوو، خۆیان باش دەیان زانی بە دەیان هەزار کورد ئەندامی حزبی بەعسی عەفلەقی بوون، بەڵام بە داخەوە نەکرا.
وەکو چۆن لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ لە عێراق بە یاسا بەعسی بوون قەدەغەکرا و یاسای ڕیشەکیشکردنی بەعس دەرکرا و ئێستاش لە سوریا بە هەمان شێوە حزبی بەعس قەدەغەیە و ناوهێنان و دروشمەکانی بە تاوان دادەنرێن، لە ئەڵمانیا بۆ نازییەکان لە ڕواندا و چەندین وڵاتی تر بەپێی ستانداردی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو وڵاتانەی بە حکومەتی ڕاگوزەر تێدەپەڕێت، کە بە یاسای دادوەری ڕاگوزەر ناو دەبرێت، ئەو حکومەت و حزبانە دەخرێنە لیستی تاوانەوە کە پێشتر تاوانکارییان کردووە دژی میللەتەکەیان.

ئەگەر دوای ڕاپەڕین تاوانبارانی ئەنفال و جاش و مستەشارەکان، ئەوانەی دەوریان هەبوو لە ئەنفالکردنی کورد لە سێدارە بدرانایە ئێستا کەس زاتی ئەوەی ناکرد بڵێ سەدام لەم دەسەڵاتە باشتر بوو ڕەحمەت لە گۆڕی سەدام.

ئەگەر دوای ساڵی ۱۹۹۲ لە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەڕلەمان، بەعسی بوون و هاوسۆزی بۆ بەعس حەرام بکرایە و بە تاوان بناسرایە ئەوە کەس زاتی ئەوەی ناکرد دوای ڕاپەڕین بچێتەوە ژێر دەستەڵاتی بەعس و دوای پڕۆسە بێتەوە کوردستان و معەززە و موکەڕڕەم کوردایەتیمان پێبفرۆشێتەوە بڵێ من تەنزیمی فڵان لایەن بووم، کارم بۆیان دەکرد لەناو بەعسدا، چەندین نموونەشمان بینی.

ئەگەر ساڵی ۱۹۹۲، داوای هاوکاری و پشتیوانی لەگەڵ بەعس بە یاسا قەدەغە بکرایە، ئەوا لەو بەروارەوە بە دواوە هیچ کەسێک زاتی ئەوەی ناکرد داوای هاوکاری و پشتیوانی لە بەعس بکات وەکو ئەوەی بینیمان کرا، نەک تەنها حزبی بەعس دەبوو بە یاسا هاوکاری و پشتیوانی وڵاتان بۆ دژایەتی کردنی ناوخۆیی و شەڕی کورد بە کورد حەرام بکرایە بە داخەوە ئەوەش نەکرا..

کەواتە، هەر لەسەرەتای شۆڕشەکان ژێر بەژێر بۆ مانەوەی خۆیان بە پێی کات وسات بەناو شۆڕشگێڕەکانمان نەک ڕەحمەتیان بۆ سەدام ناردووە بگرە سەدام بۆتە پشتیوانی و مانەوەی هەندێکیان، وەکو چۆن لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ مەلەفی دەیان سەرکردە ئاشکرابوو، کەواتە بۆ ئەوەی سەدام و حزبی بەعس و هاوشێوەکانیان بە یەکجاری ڕیشەکێش بکرێن و تەنانەت ناو هێنانی لای نەوەکانی داهاتوومان بە باشە بە تاوان بناسرێت، تکایە هاوکاری و پشتیوانەکانی سەدام و هاوشێوەکانی لە ئێستا و،لە ڕابردوو کۆتایی پێبهێنن..

ناکرێ ڕژێمێک زیاد لە ٤هەزار گوندت وێران بکات و بە سەدان هەزار کەسی بێتاوانت زیندە بەچاڵ بکات و دەستی هەبێ لە وێرانکردنی ژیانی ملیوێنان هاوڵاتی و شێواندن و تێکدانی ژینگە و سرووشت و ئابووری، زاتی ئەوەت نەبێ لە حکومەت و پەڕلەمانەکەت ناوهێنانی بە تاوان بناسێنی....

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×