ئێدگار مێتچڵ یه‌کێکه له‌و دوازده که‌سه‌ی که پێی له‌سه‌ر خاکی مانگ داناوه‌و به‌سه‌ریدا ڕۆیشتوه له کاتی پرۆگرامی ناردنی ئه‌پۆلۆکان بۆ سه‌ر مانگ له ساڵانی 1968- 1972. ئێدگار له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنیدا که له شه‌وی 2/11/2007 دا په‌خش کرا و منیش بە ڤیدیۆ تۆمارم کردوە، ده‌ڵێت: کاتێک که به‌سه‌ر مانگدا ده‌ڕۆیشتم وه سه‌یری زەویم ده‌کرد – زەوی له‌ناو بۆشایی تاریکی ئاسماندا وه‌ک تۆپێکی بچکۆله ده‌هاته به‌رچاوم، ئه‌م بینینه هۆشی به‌ره‌و ئه‌وه ده‌بردم که زیاتر بڕۆم به‌ره‌و قوڵایی ئاسمان
نیڵ ئارمسترۆنگ و به‌زز ئاڵدرین بۆ یه‌که‌م جار له ئه‌پۆڵۆ یازده دابه‌زین له‌سه‌ر مانگ به هه‌مان شێوه وه‌ک ئێدگار ده‌دوێن و باس له‌وه ده‌که‌ن که چۆن به‌شیوه‌یه‌کی دراماتیکی بینینی زەوی له مانگه‌وه کاریگەری هەبووە لەسه‌ر ڕه‌وتی داهاتوی ژیانیان
جۆن لۆڤێڵ ده‌ڵێت: کاتێک له‌سه‌ر مانگ په‌نجه گه‌وره‌م به‌رز کرده‌وه‌و به‌ری پانتایی زه‌ویم پێگرت، سه‌یرم کرد ئه‌و جیهانه گه‌وره‌یه به‌و هه‌مو کێشه‌و غه‌موو په‌ژاره‌یه‌وه که مرۆڤ پێوه‌ی ده‌ناڵێنیت هه‌ر هه‌موی له پشت په‌نجه‌مه‌وه وون بوون، له‌و ساته‌دا فه‌لسه‌فه‌ی ژیانم بۆ ده‌رکه‌وت
ئه‌مه‌ریکاو یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی پێش‌و له شه‌ڕی ساردا بوون کامیان یه‌که‌م جار مرۆڤ داده‌بزێننه سه‌ر مانگ. ووتاره‌که‌ی سه‌رۆک جۆن که‌نه‌دی له‌به‌رده‌م کۆنگرێسدا له ساڵی 1961 دا به ڕوونی ئاشکرایکرد که دابه‌زینیان له‌سه‌ر مانگ په‌یوه‌نده به هێزی پته‌وی ئه‌مه‌ریکاوه. له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا ئاشکرا نه‌بو كامیان شه‌ڕی سارد ده‌به‌نه‌وه به‌ڵام هێزی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت ڕۆژ به ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بوو، پێشبڕکێی داگیرکردنی ئاسمان بوبوو به ململانێیه‌کی سیاسی له نێوانیاندا
هاریسۆن شمیدت که دوا که‌س بوو پێی له‌سه‌ر مانگ دانا کاتی ناردنی ئه‌پۆلۆ شازده وه یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ی که جیگه پێی له‌سه‌ر مانگ ده‌مێنێته‌وه بۆ ملوێنه‌ها ساڵ ده‌ڵی: ئێمه‌ش بوبووین به به‌شیک له‌و به‌رنامه‌یه، له‌و ململانێ سیاسیه . ئێمه‌ش وه‌ک ئەمەریکیەکی نیشتمان په‌روه‌ر پڕ به‌دڵ حه‌زمان ده‌کرد که ئه‌مریکا وه‌ک هێزێک، وه‌ک ده‌وڵه‌تێک که باوه‌ڕی به ئازادی مرۆڤ و ئازادی بیر‌و باوه‌ڕ هه‌یه ئه‌م پێشبرکێه به‌رێته‌وه له سۆڤیه‌ت
مێتچڵ هه‌رچه‌نده بیست ساڵ له به‌حرییه‌ی ئه‌مریکی خزمه‌تی هه‌بوه به‌ڵام به مه‌وقفه‌وه دژایه‌تی شه‌ڕو گێچه‌ڵی کردوه‌و هه‌میشه باوه‌ڕی به گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و ڕێگه‌ی ئاشتیخوازانه هه‌بووه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه نێوده‌وڵتیه‌کان هه‌روه‌ها ده‌ڵیت.. که‌رێتی، عنادی ' نه‌فامی كیشه‌کان به‌ره‌و شه‌ڕو ناخۆشی ده‌بات
مێتچڵ زۆر له‌سه‌رخۆ ووتی گه‌ر بمانه‌وێت کێشه‌و ناخۆشیه‌کانی سه‌ر زه‌وی چاره‌سه‌رکه‌ین ده‌بێت هه‌موو به‌یه‌که‌وه هه‌وڵی بۆ بده‌ین و به‌یه‌که‌وه کاری بۆ بکه‌ین.. بێگومان ڕۆژێک دێت - ئه‌و ڕۆژه زۆر دوور نیه – که مرۆڤ ده‌بێت بگاته سه‌ر مه‌ریخ وه له‌وێوه که ئاوڕێک ده‌ده‌ینه‌وه له زه‌وی وه‌ک پنتێکی بچوک ده‌دره‌وشیته‌وه به‌ڕاستی که‌رێتیه له‌و کاته‌دا بڵێین که له ئه‌مه‌ریکا، چین، ئه‌ڵمانیا یان فه‌ره‌نساوه هاتووم، ده‌بێت بڵێین که له ئه‌رزه‌وه هاتووم. به‌ڵام به‌ڕاستی که‌م که‌س جارێ ئه‌مه ئه‌چێت به ئه‌قڵیا
گه‌شته‌کانی ئه‌پۆڵۆ بۆ مانگ هه‌ر هه‌مووی له‌کاتی شه‌ڕی ڤیه‌تنامدا بوو، له‌و کاتانه‌دا بوو که ناڕه‌حه‌تی و خۆپیشاندانی میلله‌ت دژ به سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌به‌رده‌وامبوندا بوو. ئێستاش دوای پەنجا ساڵ له هه‌مان حاڵداین، له گێژاوی شه‌ڕو تێرۆر‌و فه‌قیری و ژینگه‌یه‌کی پیسدا ده‌ژین
زۆربه‌ی که‌س دوای ئه‌وه‌ی مه‌شهور ده‌بنو ناویان له میدیاکاندا بڵاوده‌بێته‌وه و دواییش که پێی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن توشی له‌خۆباییبونێکی بێ هاوتاو خۆ به‌زلزانینێکی بێ‌شومار ده‌بن، به‌تایبه‌تی له ناو ژیان و که‌ڵتورێکی وه‌ک ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی ئه‌وروپاو ئێستای کوردستان، به پێچه‌وانه‌وه.. ئه‌م زاتانه دوای ئه‌و هه‌مو ئیعلام و شوهره‌ته‌ی که په‌یدایانکرد و دوای ئه‌و ئەزموونە گه‌وره‌یه‌ی به ئه‌نجامیاندا – ئه‌گه‌ر پێشتر جۆره سیفاتی نێگه‌تیڤیان تێدا بوبێت – دوای هاتنه‌وه‌یان له‌سه‌ر مانگ بوون به جۆره پیاوێکی که. وه‌ک خۆیان ده‌ڵین وه باسیشیان لێده‌که‌ن هه‌ڵسوکه‌وتی ئاقڵانه، دڵ عاجزنه‌کردنی به‌رامبه‌ره‌که‌ت، خۆبه‌زل نه‌زان، گه‌شبینینی دواڕۆژ...ئه‌مانه به‌شێکی بچوکن له کاره‌کته‌ری ئه‌م که‌ڵه پیاوانه
ئه‌وه‌ی من بۆم ده‌رکه‌وت له‌و پرۆگرامه‌دا ئه‌وه‌یه که هه‌ستی مرۆڤایه‌تی ئه‌م که‌ڵه پیاوانه زۆر زیاتربوو له هه‌ستی که‌سانی ئاسایی. له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌س به‌قه‌ده‌ر ئه‌وان هه‌ستیان به‌وه نەئەکرد که زه‌وی چه‌نده جوانه‌و بۆشاییه‌کی زۆر زۆر بچوکی داگیرکردوه له‌ناو بۆشایی و تاریکی هه‌ساره‌کانداو هه‌ر ئه‌وه‌شه وای لێکردن که ده‌مو قسه‌و ره‌فتارو ئاقڵیه‌تێکی تایبه‌تییان تیادا به‌دیبکرێت