لە پەراوێزی پەیـــامەکەی ئۆجـــــەلاندا!

عومەری خەتات
  2025-03-01     126

کۆمەڵە سەرنج

 

یەکەم: ڕەنگە زوو بێت لە کاریگەریی دەستپێشخەرییەکەی ئۆجەلان بۆ ئاشــتی قسەیەك بکەین. من نازانم ئەگەر رێکەوتنێکی نهێــنی لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیــا لە ئارادا بێت و یەکەم تیـــر ئۆجەلان بیهاوێت، بۆیە ناوی دەنێـــم دەســتپێشخەریی بۆ ئاشـــتی نەك پەیامی ئاشتی. "پەیام" بەرئەنجامی پرۆسەیەکە کە دەسـتی پێکردووە یان خەریکە دەســتپێدەکات. ئەگەر ئەوە دەوڵەتی توركیایە کە ئاشــتی دەوێت و گەشتۆتە ئەو باوەڕەی کە کێشەی کورد بە ئاشــتی چارەسەر بکات ئەوا پێویســتە یەکەم پەیام ئەو بیــدات و لە گەڵیشــیدا کۆمەڵێك گۆڕانکاریی سەرەتایی لە دەستوور و یاسای وڵاتدا ئەنجام بدات لەوانە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی میلیتاریستی ئێستای تورکیــا، ئازادکردنی تەواوی زیندانیانی ســیاسی بە ئۆجەلانیشەوە، گۆڕینی بنەڕەتیـــانەی دەستوری وڵات کە لە سەر ڕاسیزم بنیــات نراوە بۆ دەستورێکی مرۆییانەی سەردەم، لابردنی زمانی یەکەم و ئێتنیکی یەکەم و هەموو ئەو یەکەمانەی تر کە تورك خۆی پێوە با دەدات و دەبێــتە هۆی بەرهەمهێـــنانەوەی رۆژانەی ڕاســیزم. ئەگەریش دەسـتپێشخەرییەکە دراوەتە ئۆجەلان، ئەوا دوای ئەم پەیــامە یان دەستپێشخەرییە دەبێــت ئەو گۆڕانکاریانەی کە من ژماردوومن و لانی کەمی چاوەڕوانییەکانی خەڵکن، تورکیــا ئەنجامی بدات. ئەگەر نــا ئەوە بە ڕاستی هێچ شتێك ڕوونادات. ئۆجەلان پێشتریش لەم پەیامانەی داوە و دەوڵەتی تورك پابەندی هێچ شتێك نەبووە و دۆخەکە گەڕاوەتەوە هەمان شوێنی خۆی. ئێستا تۆپەکە لە ساحەی دەوڵەتی تورکیادایە! ئایا دەوڵەتی تورك ئامادەیە مێژووی داگیرکاری و سەرکوت و هەژموون و میلیتایزمی خۆی هەڵبوەشــنێتەوە و بێــتەپای چارەسەری ئاشــتیانە؟ من گومانی گەورەم هەیە کە بتوانێ!

 

دووەم:

خاڵەکانی ناو پەیامەکەی ئۆجەلان نە ئاشبەتاڵە و نە خیــانەت بەڵکو جۆرێکە لە ناســینی توانا و پۆتێنسێلی بزووتنەوەکەی خۆی. ئەو خۆی لەسەر مێژووی دەرکەوتنی پەکەکە و ڕەهەندە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەو مێژووە وکاریگەریی لەسەر لەسەر فۆرمی خەباتەکەی شــتێك دەڵێت و دەگاتە ئەو شوێــنەی کە ئێســتا ئەو فۆرمە کۆنە "سۆشــیالیستییە" بە کەڵکمان نەماوە و ئێســتا دیموکراسی و بنەماکانی زامنی وەدەســتهێــنانی مافەکانە!
سۆشــیالیزمی سەدەی بیســت بۆ پەکەکە و کۆمەڵە و حزبی شیوعی و تودە و کێ و کێ، بەرگێکی ڕادیکاڵانەی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە و لەگەڵ کەوتنی بلکۆی خۆرهەڵاتیشدا ئەم بەرگە دادەکەندرێت و هەموو دەگەڕێــنەوە ناو فۆرمە باوەکانی باڵی ڕاســت کە "دیموکراسی" کۆیان دەکاتەوە. ئەوەی کە سەرنجڕاکێش و کەمێك هەڵخەڵەتێنەرانەیە لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا، باس کردنی پەیوەندی کورد و تورکە؛ دەڵێ کە لە مێژووی زیاتر لە هەزار ساڵە، تورك و کورد بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە هەبوونی خۆیان بدەن و لە دژی هێزە هەژموونخوازەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەمیشە بە پێویستیان زانیوە، کە بە دڵخوازیی بە هاوپەیمانیی بمێننەوە. ئەم قســانەی ئۆجەلان لە موجامەلەیەکی بێ ناوەڕۆك دەچێت زیاتر ئەگیــنا مێژووی کورد و تورك مێژووی جەنگ و تاڵانکاری و کوشتن و بڕین بووە تەنـــانەت پێش دەرکەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و تورکیای نوێــدا، مێژووی هەژموونی تورك بووە بەسەر نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە و دزینی زەوی و خاك بووە.
باسێکی تری ئۆجەلان لەسەر دیموکراسییە کە زۆر ناواقیعی و بێ ناوەڕۆکە: وانەکانی دیموکراسی بە هەڵە و دوور لە واقیع و مێژوو دووبارە دەکاتەوە. دیموکراسی دۆخێکی ســیستەمی سەرمایەیە نەك خودی ســیستەم. واتە هەر کاتێــك سەرمایە کەوتە گەشە و گەشانەوە، ئەوە پرەنســیبەکانی دیموکراسی لە هەڵبژاردنی ئازاد و ڕای ئازاد و لانی کەمی گیرفانی پڕ و بیمە کۆمەڵاتییەکان گەشەیەك دەکەن، ئەگەر قەیران یەخەی سەرمایە بگرێت ئەوە ڕاسیزم و فاشــیزم دەبێــتە دیوەکەی تری دیموکراسی، ئەمە وانەیەکی ســـیاسییە و گێڕانەوەی خۆشخەیاڵانە هەڵناگرێت. تورکیا بە درێژایی بوونی دەوڵەتێکی فاشیستیە و لانی کەمی گۆڕانکاریی لەم ســیستەمە میلیتاریستییە فاشــیتیە، یانی مەرگ و لە ناوچوون و ئەمەش یەکێـــکە لە قورستترین ئەســتەم.

 

ســێهەم:

ساڵی ١٩٦١ ماندیلا لە لایەن ڕژێمی ئاپارتایدی ئەفریقای خوارووەوە دەسگیر دەکرێت و بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا دەسەپێنرێت. یەکەمین کارێك کە دەیکات ئیستقالەدانێتی لە کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریقی بۆ ئەوەی حزب و بزووتنەوەیەکەی شکست نەخۆن و لە خەبات بەردەوام بن. ئەمە بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی بوو وە شەهامەتەکەی دەگەڕێــتەوە بۆ مانیلا! ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم دوای دەسگیرکردنەکەی ئۆجەلانیش هەمان کاری کرد بەڵام لە لایەن سەرکردایەتی ئەوکاتەی پەکەکەوە قبوڵ نەکرا کە دەبوو بکرایە! 

ئەگەر پەکەکە عاقڵ بوایە دەبوا ئیستیقالەکەی قبوڵ بکەن یان خۆیـــان ئەندامەتی ئۆجەلانیــان هەڵپەساردایە! ناکرێت حزب و بزووتنەوەیەك ئەســیری بڕیار و پەیامی کەســێك بێت کە زیــندانیە و ئازاد نیــیە لە دووان و هەڵسوڕانی ســیاسی. ئۆجەلان دەتوانێت وەك ڕەمزێکی مەعنەوی بۆ ئەو بزووتنەوەیە بمێنێتەوە و هیچی تر.

 

چوارهەم:
پەکەکە لە ژێر فشــارێکی گەورەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدایە کە پڕیەتی لە دژابەریی، هەروەهـــا ژمارەیەکی سەخــتیشە لەو گۆڕانکاریانەدا. ئەوەی بزووتنەوە فاشــیستیەکانی تورکیــا ناچار دەکات دەستبەرن بۆ هەنگاوی ئاشــتی، ترسە؛ ترسە لە پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوین کە بە قازانجی باڵادەســتی فاشــیزمی ئیســرائیلی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەچەرخێت کە خەریکە نەخشــەی سەد ساڵەی ئەم ناوچەیە جارێکی تر پێناسە دەکاتەوە. هەوڵی تورکیــا بۆ ئاشــتی لەگەڵ پەکەکە، بەڕەڕاکێشـــان و تێکدانی ئەو گێرەیەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی ئەنجامدانین و خۆدوورخســتنەوەیە لە هەر گۆڕانکارییەك کە پشێوی بۆ تورکیا دروست بکات.

 

ئــــاییندە پڕیەتی لە وەڵام بۆ هەموو ئەو باسانە و ئێمەش چاوەڕێین و حوکمی پێشوەختە نادەین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×