شەڕ لە پێناوی ئاشتیدا

دارا محه‌مه‌د
  2025-03-01     132

بانگەوازی ئاشتی و بەرقەرارکردنی ئاشتی و کارکردن بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی و هێنانەدی ئاشتی کارێکی باش و جێگەی دەستخۆشیە. هەر بۆیە پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی پشتگیریەکی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. رەنگە بتوانین ئەوە بڵێین کە دواجار شەڕی چەکداری کورد دەبێت کۆتایی بێت و ئەوەی کورد بەدەستیهێناوە لە رێگەی خەباتی چەکداریەوە بەدەستینەهێناوە بەڵکو هەر لەرێگەی گۆڕانکاریە ناوچەیی و دەوڵەتیەکانەوە بووە لە حاڵەتی عێراق و سوریادا و هاتنی هێزە نێوەدەوڵەتیەکان بووە کە هاوسەنگی هێزەکان دەگۆڕن و ئەو هەلانە دروستدەبن کە کورد دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت. بەڵام من لەسەر ئەم خاڵە قسە ناکەم، بەڵکو لێرەدا لەسەر چەند خاڵێکی ئەم پەیامە دەوەستم و بە پێویستی دەزانم چەند سەرنجێکی خێرای لەسەر بدەم لە کاتێکدا دڵنیام لەوەی کە مەبەستی سەرەکی و ئامانجی ئەم کارە لەلایەن ئۆجەلانەوە و هەروەها لەلایەن چالاکوانانی سیاسی و کوردانی باکورەوە کۆتایهێنانە بەو دۆخەی کورد لە باکوری کوردستان تیایدا دەژی هەر لەسەردەمی دروستبوونی کۆماری تورکیاوە تا ئەم دەسەڵاتە پاوانخوازیی و شەڕانگێزیەی ئەردۆگان.

١.یەکێک لە خاڵەکانی ئەم پەیامە باس لەوە دەکات کە چیتر دەوڵەت-نەتەوە و فیدراسیۆن (کە لێرەدا پێموایە مەبەستی فیدراڵیزمە) و بەڕێوەبەری خۆسەریی (ئۆتۆنۆمی) و چارەسەی کولتوری چارەسەرە بنەڕەتیەکە نیە بەڵکو چارەسەری بنەڕەتی بە پێی ئەم پەیامە بریتیە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە مەبەست لەم کۆمەڵگە دیموکراتیە چیە و شێواز و ناوەڕۆکی چیە؟ چونکە دیموکراسی بۆ خۆی هەڵگری دەیان لێکدانەوە و چەندین فۆرمی جیاوازی هەیە. بۆ نمونە ئۆجەلان باسی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ناکات کە خۆی داهێنەری ئەم چەمکەیە و تارادەیەکیش یان وازهێنانە لەم تێزە یان دواخستنێتی بۆ مەودایەکی دوور، ئەمە لانی کەم بۆ واقیعی سیاسی تورکیا لە پەیوەندیدا بە کوردەوە راست دەبێت. باسکردن لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کە تیایدا هەموو پێکهاتەکان مافی دەربڕینی سیاسیان هەبێت و ئازادی ناسنامە و خۆرێکخستنیان هەبێت لەراستیدا کۆمەڵگە دیموکراتیە لیبراڵەکان ئەم ئامانجانەیان بەدیهێناوە. بەڵام لە ناوەندیخستنی دەسەڵات و بڕیار و لۆکالیزەکردنی دەسەڵات دەرەنجامی پەڕگیری نەتەوەیی نیە. بەڵام داوای ئۆجەلان لە تورکیا ئەوەیە کە ئەو سیستمەی ئێستا تورکیا بەڕێوەی دەبات نە سیستمێکی دیموکراتیە و نە لە تەمەنی خۆیدا کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بنیاتناوە. کەواتە مەرجی بەرپاکردنی ئاشتی لە تورکیادا کە بە چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە بەستراوەتەوە پێویستی بە گۆڕانکاریەکی ریشەیی هەیە لە دانانی دەستورێکی نوێوە تا دەگاتە زەوتنەکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆگانەوە کە رەنگە مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان لەم پرۆسەی ئاشتیە مانەوەی هەمیشەیی خۆی بێت.

٢. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لەم پەیامەدا بە هیچ شێوەیەک باس لە رۆژاڤا ناکات وەک مەرجێک بۆ تورکیا کە واز لە هێرشکردنە سەر رۆژاڤا بهێنێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە رەتکردنەوەی چەمکی فیدراڵیزم و بەڕێوەبەریی خۆسەریی دژ بەو رێکخستن و دامەزراوەییەی کە لە بەڕێوەبەریی خۆسەریی رۆژاڤادا هەیە دەوەستێتەوە. کەواتە ئەم خاڵە دوو دیوی هەیە. یەکێکیان ئەوەیە پەیامەکەی ئۆجەلان تەنها تایبەتە بە باکوری کوردستان و ئەم فۆرمە لە بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئامانجەکەی هەر تورکیایە و ئەمە بۆ سوریا کارناکات، چونکە کۆمەڵگەی تورکیا سەراپای پشتگیری ئەردۆگان و ئەکەپە ناکەن، بەڵکو بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە دژ بەم سەرکوتکاریی و دیکتاتۆریەتەی ئەردۆگان وەستاونەتەوە، ئەمەش ئەو ئەگەرانە دروستدەکات کە ئەردۆگان نەتوانێت وەک سەرۆک بەردەوام بێت و بەردەوامی بەو سیستمەی تورکیا بدات کە ئەردۆگان و ئەکەپە لەسەر رەوتێکی ناسیۆنالیستانە و ئیسلامیستانە بەڕێوەیدەبەن. دیوێکی دیکەی ئەوەیە کە بەڕێوەبەریی خۆسەریش بەسەر چووە و رۆژاڤاش دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی سیاسی گەورە دەبێت. چونکە سوریای ئێستا کە لەسەر دەستی ئەم سەرۆکە پراگماتیکەی سوریا و هەیئەی تەحریر دیزاین دەکرێت، شتێک نیە بەناوی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی فرە رەهەند و ئازادی پێکهاتەکان و لۆکالیزەکردنی دەسەڵاتەوە لە بەرنامەی سیاسیاندا. گرفتی گەورەی ئەم دەوڵەتانەی دەڕوخێنرین و ئێستا سەرلەنوێ دروستدەکرێنەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو سوریا و عێراق و ئەوانەی داهاتوو قسەکردنێکی زۆر لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی بەهێزە کە هەموو دەسەڵاتەکان لە سەنتەردا کۆببێتەوە و تەنها یەک ناوەند هەبێت، کە ئەمە بۆ خۆی گرفتی سیاسی گەورە دروستدەکات و هەمان ئاراستەی پاوانخوازیی بەرهەمدەهێنێتەوە و ئەو کۆمەڵگە دیموکراتی و ئازادە دروستناکات کە کەسانی وەکو ئۆجەلان خوازیارین.

٣. خاڵێکی دیکە لە کۆی ئەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کە لایەنی تورکی وونە کە دەبێت لایەنی دووەم بێت سەبارەت بە داوای ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی، چونکە تورکیا پەیمانی هیچ شتێکی نەداوە بەرامبەر بەم داواکاریە کە بەو ئاسانیە بەڕێوەناچێت. واتە ئەمە لە پرۆسەی ئاشتی ناچێت کە دوو لایەن لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێکدەکەون لەبەرامبەر یەکتردا. تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات بەڵام تورکیا لە ئێستادا ئامادە نیە کە بڵێت لە بەرامبەردا چیدەکات. واتە لە سۆنگەی هێزەوە ئەم داوایە دەسەپێنێت و گومان لەوەشدا نیە کە دامەزراوەی دەوڵەتی و سەربازی تورکیا لە پێگەی هێزەوە قسەدەکەن  و تارادەیەکی گەورە تورکیا لە ناوچەکەدا لەبەرامبەر سوریا و عێراق و ئێراندا لە پێگەیەکی بەهێزدایە، هەروەها تورکیا هەست بە هێزێکی گەورەتر دەکات لەگەڵ هاتنی ترەمپدا. بەڵام دەبێت ئەوەش بوترێت کە بڕیاری کۆنگرەی پەکەکە و هەنگاوەکانی داهاتووی تورکیا ئەگەری هێنانە کایەی کۆمەڵێک رووداوی سیاسی گەورە دەبن کە لە ئێستادا ناتوانین پێشبینی بکەین.         

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×