هەر لە سەرەتای بەدیهاتنی مرۆڤەوە کاری پێکەوەیی و هەرەوەزی لە نێو مرۆڤەکاندا هەبووە و دیارە ئەوە لە نێو بوونەوەرەکانیتریشدا بۆ وێنە مێشەهەنگویندا هەیە و بەڵام لەواندا بە پێی نەستە و لە مرۆڤدا بە پێی ویست و ئاوەزە و هەر تەنیا نەست نیە و واتە مرۆڤەکان هەڵیشیدەبژێرن. هەرچەند لە نێو مرۆڤەکانیشدا کاری هەرەوەزی بە زۆر هەبووە کە بێگاریان پێگووتوە و یان کاری زۆرەملی کە هەردووکیان لە لایەن زۆردارانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و چەوساندنەوەی بێدەسەڵاتەکان کەڵکی لێوەرگیراوە و کاری بە هەرەوەزی لە کۆمەڵێک کەس کێشراوە و بە داخەوە لە لای خۆشمان کەم نەبووە. ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە کاری هەرەوەزی بە ویستی مرۆڤەکان خۆیانە و نەک کاری بێگاری و زۆرەملێ. بە پێی ئەوەی لە سەردەمی ڕابردودا کارەکان بە زۆرینە جەستەیی و سەخت بوون و هەر مرۆڤێک دەبوو لە زۆرینەی کارەکاندا شارەزایی هەبا و ڕاپەڕاندنی گشت کارەکان بە تەنێ پڕ سەخت بوو، بۆیە بە هەرەوەزی کاریان ڕادەپەڕاند، ئەگا کەسێک، ماڵباتێک کەسی کارێیان نەبا دەیانگووت: یەک تەنە و بە تەنێش کار ئاستەم بووە.
دیارە شێوازی یارمەتی لە کوردستاندا پڕ زۆر بوون و لێرەدا دوو جۆری باویان دێنینەوە گۆرێ و ئەوانیش هەرەوەزی و دەستەواون. جا ئەو یارمەتیانە لە کار و لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا و هەروەها لە کاتی خۆشی و ناخۆشی و لێقەوماندا هەبوون و بۆیە لە کوردیدا گووتویانە(شین و شایی لە گەڵ ئاواڵان)، یان پەندێکی دیکە دەڵێت:(شین لە گەڵ ئاواڵان شاییە) و واتە لێقەومانیش لە گەڵ هاوڕێیان بە هاوبەشی هەر خۆشیە.
هەرەوەز: لە فەرهەنگ و وشەدانە کوردیەکاندا، هەرەوەز بەو واتایانە هاتووە؛ زبارە، هەرەوەز، مەهبەرە، کاری پێکەوەیی، ئاریکاری، کاری هاوپارکردن، باربوویی کردن، کاری پێکەوەیی، گەلەکۆمە، هاوکاریکردنی کۆمەڵێک لە کاردا، ئاریکاری بە کۆمەڵ لە کاردا، کۆمەککردن، هاوکۆمەکی، هاوکاری، هاوکاری کردن، هاوکرداری، دەستەواو، پێکەوەکارکردوویی، زگار و .... . بە هەرەوەزی واتە کاری پێکەوەیی بکەین و بە تەنگەوەهاتنی یەکتر لە کاتی پێویستدا و لە ئەگەری هێز و هەتوانین و کاتدا. هەروەها یارمەتیدراویش بە پێی توانایی و کات ئەگا بۆی هەڵسووڕا تێیهەڵێنێتەوە.
لە کارێدا هەرەوەزی واتە: ئەگا کەسێک کاری هەبا و کەسی کارێی نەبا، یان کەسە لێقەوماو با و لە جێدا کەوتبان، پیر و بە ساڵاچوو و کەنفت و پەککەوتە با، ئافرەت یا پیاوێکی بێ هاوژین با، منداڵی سێڤی و بێ دایکوباب بان، کەسێک کە گیرۆدەییەکی بۆ هاتبا پێشێ و لە وڵاتی نەبا و یان هەر کێشەیەکی لەو بابەتانە، یا خەریک بوو بۆ وێنە؛ دەغل و دانەکە دەپەڕی یان کاتی کارەکەی تەواو دەبوو و درەنگ دەهات و بۆ میناک ئەوە پاییز وەدرەنگیە کەوتووە و درەنگ بووە و خەریکە بەفر ببارێ و کابرا گوێسوانی هەڵنەگێراونەوە و لەو بابەتانە ... . خەڵکەکە بێ ئەوەی پرسی پێ بکەن، ئەوە ئیدی هەر بۆ خۆیان دەچوون بۆ یارمەتی و جاری وابوو تەنانەت کابرا بە خۆشی نەدەزانی و یارمەتیان دەدا و ئەوە لە کاری کورەی خشتان لە ڕۆژانی چوارشەمە کە ماڵێک قوڕی دەمایەوە ماڵەکانی دیکە دەهاتن یارمەتیان دەدا و یان لە کاری سێوکان کە پاییز درەنگ دەبێ و ماڵەکان دەیانهەوێ بگەرێنەوە، خەڵکەکە هەر بۆ خۆیان، دەچن یارمەتی یەکتری دەدەن.
ئەو هەرەوەزیە بێ هێچ چاوەڕوانیەکە و کەسە خۆبەخشەکان بێ ئەوەی چاویان لە هاتنەوە و تێهەڵێنانەوەی کەسی بەرامبەر بێت یارمەتیان دەدەن، ئەوە لە سەرەخۆشی و زەماوەندیشدا هەیە و کابرا بێ ئەوەی چاوەڕێی کەسە بکات دەچێ بە پیل کەسی بەرانبەرەوە. یان لە نێو ئاوەدانیدا لە کاتی ناشتنی مردودا، لە کاتی کێلهێناندا، مزگەوتداناندا، لە کاتی کانیاوی ژنان و پیاوان خاوێنکردنەوە، دارهێنان بۆ مزگەوتی ئاوایی و یان ماڵی مەلادا و ڕاپەڕاندنی کارەکانی دیکەی ئاواییدا دەبیندرا. ئێستاش لە زۆرێک لە دێکانی ئێمە خەڵک بە تێکرایی ئەو کاروبارانە و کاروباری نوێباویتریش ڕادەپەڕێنن.
هێندێک کاریش هەن ئەگا بە گەلەکۆمە و هاوکاری و هەروەزی نەبا بە ئاستەم ڕادەپەڕین وەک؛ خلەوخەرمان هەڵگرتن، دروێنە، گەڵکردن، پەنیرگرتن و داگرتن، دەستارکردن، گەنم و ساوار و بروێش و ... کوتان، نمەدکردن، جاجم چنین، چیغکردن، تانەتەنین، ڕانکەوچۆخەچنین، خوری شتن و خوری شیکردنەوە، گوریس کردن، خوێدان، بەران و نێری تێکردن، جووتوگا، گێرەکردن، ڕەزکێڵان، دروستکردنی خانوو و بە تایبەتی هێنانی نیرە و کاریتە(ئەو کات کە کەلوپەلی گواستنەوە بە شێوەی ئەوڕۆیی لە گۆڕێدا نەبووە)، ماڵهەڵگرتن، نانکردن، ترششکاندنەوە، جۆماڵکردن و کارێز و ئاوەڕۆ و قاناو ڕاماڵین و خاوێنکردنەوە، بێستان کردن و دێراو هەڵدان، بەری باخ و دار چنین و ڕنین، لۆکەچنین، گوێزتەکاندن(گوێزوەشاندن)، قوڕەکاری، تفاقداگرتن و تفاقکێشان، دۆشاوکردن، مەشکەژاندن، تووچنین، تووتن شکاندنەوە، کێوماڵکردن بە دوای کەس یان شتی ونبوودا، چەوەندەرهەڵقەندن، زەماوەند کردن و شینگایی، ماڵ تەڕاوکردنەوە و سپیکردنەوە، ماڵبارکردن و ... . خەڵکەکە بە زۆرینە بۆ یەکتری دەچوونەوە.
دەستەواو: جۆرێکی دیکەی یارمەتیمان هەیە و ئەویش کاری دەستەواوە و لە دەستەواودا کەسەکان وا یارمەتی یەکتر دەدەن کە لە کاتی پێوستیدا کەسی بەرامبەر یارمەتیان داتەوە و واتە چاوەڕوانیان هەیە. لێرەدا کەسە دەتوانێ یەک کەس بێت و بچێت یارمەتی کەسی بەرامبەر بدا و ڕۆژە کار یا ڕۆژە پیاوێکی بۆ بچێت و ئەویش لە کاتی پێویست ڕۆژەکارێکی بۆ بێتەوە. جا ئەوە دەیتوانی هەر بۆ یەک کار نەبێت و بۆ کاری دیکەش بێت، بۆ وێنە ئەمن نازانم ڕەزی ببڕم، درواسێکەمان ڕۆژەکارێک هاتووە و ڕەزی بۆ بڕیوم و ئەمنیش جووتکارم و ڕۆژە جووتێکی بۆ دەچمەوە. ئەوەش بۆ سەردەمێک دەگەرێتەوە کە ئابووری سات وسەودا و ئاڵوگۆر دەکایە دابوو و سەردەمی ئاڵۆگۆری کەلوپەل بوو و کار بە پارە وا باو نەبوو، دەنا ئێستا کەسەکە دەچێت بە پارە کەسێک بۆ کارەکەی دەگرێت و هەر کات پێویستی بوو، وادەکات. ئەو دەستەواوە تەنانەت جاری واهەبوو لە سەرەخۆشی و شاییشدا چاوەڕوانی دەکرا و کابرا دەیگووت: کابرا بۆ زەماوەندەکەی نەیخوێندومەوە یان پێی پیاو نەبووم و ئەمنیش نایخوێنمەوە و پێم پیاو نیە و یان ئەگا کەسێک بەشداری پرسەی نەکردبا، کەسی خاوەن مردوو دەیانگووت: شایی و شین دەستەواوە و ئێمەش بۆی ناچینەوە.
لە دنیای ئەوڕۆدا هەم هەرەوەزی و هەم دەستەواو وەک ڕابردوو ئەستەمە و بەڵام دەکرێ شێوازەکانیان بگۆڕین و بۆ وێنە لە ڕابردودا بە زۆرینەی خەڵکی مەڕدار بووە و یان وەرزێر بووە و هەموو خەڵکەکەش ئەو پیشانە و وردەکاری سەبارەت بەوانەی زانیوە و لە کاتی کشت و کاڵدا، جۆ و جۆماڵدا، داچاندن و دروێنەدا، لە کاتی گەڵکردن، خوێداندا، مەڕبڕینەوە، بەران و نێری تێکردندا، گاڕان و نۆرەمەڕدا، ئاودێری و کێڵاندا، لە کاتی گێرەوە و شەنە و خەرماندا و ... هەموو کارەکانیان دەزانی و بەڵام لە سەردەمی ئەوڕۆدا کارەکان بە تایبەتی کراون و کەسەکە ڕەنگە سەر لە پیشەی براکەی دەرنەهێنێت و نەزانێت براکەی کاری چیە و یان لە کارەکەی تێنەگات و چۆن یارمەتی بدات و بەجێی وی بچێت کارەکەی بکات؟ بۆ وێنە یەکێک ئەندازیارە و یەک پیزیشکە و یەک مامۆستا و یەک فڕۆکەوانە و یەک نوێنەری پارلەمانە و ئەوانە چۆن دەتوانن بەجێی یەکتری کارڕاپەڕێنن؟ دوای وەش خەڵکەکە لە بەر پوڵی بوونی شت و کارەکان و تایبەتمەندبوونی کارەکان بۆ وێنە لە زەماوەند و شینگاییدا گشت کارەکان کە هەتا ئەو ساڵانە خەڵکەکە بۆ خۆی و خۆبەخش و بە لێزانی خۆیان دەیانکرد، ئێستا هەمووی کەسانی شارەزا و تایبەت ڕایدەپەڕێنن و لە دەستی کەسێکدا نەماوە و تەنانەت خاوەن پرسە و زماوەندیش لەوێ بۆخۆی میوانە و پارە بەشی زۆری کارەکان رادەپەرێنێت. دەستەواویش ڕەنگە لە هێندێک کاری دەستی و وەرزێری و مەڕداری و یان لە نێو کار و پیشەی هاوبەشدا لە نێو هاوکاراندا بۆ وێنە لە نێو مامۆستایاندا هەبێت کە بەجێی یەکتری نۆرەی بکەن و لە کاتی پێویستدا یەکیان بەجێی ئەوەیتر بچێت و یان لە نێو پەرستار و ئەوانەدا شتی وا ڕودەدات و بەڵام ئەگا کارەکە جیا بێت ئەوە ئەستەمە و بۆیە کەسەکە یان لە بڕە مووچەی ئەو ڕۆژەکارەی خۆش دەبێت و یان کەسێک لە جێی خۆی ئەگا گیر کەوت دەنا بە کڕێ دەگرێت، بۆیە ئەوڕۆ دەستەواو بەشی زۆری پووڵ جێی گرتۆتەوە. هۆکارێکی دیکەی ئاستەمبوونی هەرەوەزی و دەستەواو، مەودا و دووری کەسەکانە، بۆ وێنە لە ڕابردودا بە زۆرینەی خزمان و کەسوکار لێک نیزیک دەژیان و ئێستا ئەندامانی بنەماڵەیەک بۆی هەیە وەک ئاردی نێو دڕوان لێک بڵاو بن و هەر یەکە و لە شار و لە وڵاتێکی پەڕژوبڵاو بووبن و نەکارن بە گوێرەی پێویست بە هانای یەکتریەوە بچن.
ئایا دەکرێ ئەو نەریتیانە بە تایبەت هەرەوەزی لە سەردەمی ئەوڕۆشدا هەبن؟ سێ بەرسڤ لەو بابەتەدا دێنە گۆڕێ؛ یەک: ئەوانەی کە دەلێن: وەک ڕابروو دەقاودەق ئەو نەریتانە بە کەڵک دێن، دوو: ئەوانەی کە ئێژن ئەوانە هی سەردەمی نەریتی و کاتێک بوون کە کۆمەڵگا ئی گچکەڵە و بچووک بووە و جیا لەوە خەڵک زۆر گرێدراوی یەکتری بوون. سێ: کومەڵێکن دەڵێن لە گەل وەی کۆمەڵگای ئێستا و ڕێژەی دانیشتووان پترە و تێکەلاویەکی وەک ڕابردووش جێبەجێ نابێت و ئەوانەش دەقاودەق وەک ڕابردوو بە کەڵک نایەن، بەڵام باوەری تۆکمەیان بەوە هەیە بە شێوازگەلی لەو چەشنە ژیان ئاشتەواتر، خۆشتر و کاروبارەکان سانانتر ڕایی دەبن. لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستی زایینیدا چەمکگەڵی وەک سامانی کۆمەڵایەتی، متمانەی کۆمەڵایەتی، دڵنیایی کۆمەڵایەتی، بەشداری کۆمەڵایەتی و ... پەڕەیان سەندووە، کە دەڵێن ئەگا ئەوانە نەگەرێنینەوە، ژیان زۆر ڕەق و ویشک دەبێت و دەبێ خەڵک بۆ خۆیان ئاور لێکدەنەوە، کاری هاوبەش بکەن و بە پیری یەکتریەوە بێن و هەر چاوەروانی دەسەڵات نەبن، هەرچەند هێندێک لە ڕەخنەگران ئەو بابەتانە بە شوان هەڵخەلەتێنە و شوێنونکردنێک و خۆدزینەوەی دەوڵەتەکان و سامانداری و سەرمایەداری لە ئەرکە پێسپێردراوەکانیاندا دەبینن.
بۆ شیکردنەوەی زۆرتری بژاردەی سێهەم کە بۆ خۆم لە گەڵ ئەو بۆچوونەدام دەکرێ بە هێندێک وردەکاری بابەتەکە باشتر ڕوون بکەینەوە؛ بۆ وێنە ئێستا دروستە ئەمن لە گەرەکەکەمان کەس ناناسم، بەڵام کە لێشاو دێت و دەزانین شارەوانی یان بەڕێوبەڕایەتیەکانیتری پەیوەندیدار کارەکانی خۆی باش ڕاناپەڕێنێت یا دۆخەکە پڕ ئاڕێشە و تەنگژەیە و فریا ناکەون و دەرەقەت نایەن، جا بۆ چی بۆ خۆمان خەڵکی دەرودڕاوسێ بە هەوڕەبوون و تەڤلی هەوبوون وەخۆ نەکەوین؟ و ئەو مەترسیە لە سەر خۆ لادەین، خۆ ناکرێ کاتێک بۆ خۆمان شتێکمان لە دەست دێت نەیکەین؟ و لە سۆنگەی چاوەڕوانی کەترەخەمی بەڕێوبەرایەتیەکان چاوی ڕەشمان کاڵ بێتەوە و گیانمان بکەوێتە مەترسیەوە. لە سەردەمی ئەوڕۆشدا دەکارێ لە کاری گشتیدا بۆ وێنە ژینگە پاراستن، خێرات کۆکردنەوە، کاروباری گەڕەک وەک؛ بەڕێوەبردنی مزگەوت، پەرتووکخانە، بەسەر خوێندن ڕاگەیشتن، چاوەدێریکردنی کاری شێوەرمەندەکانی شار وشارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، کاروباری مەدەنی و ... ئەو لایەنی هەرەوەزیە ڕەچاو بکەین. ئەوە بۆ کاری نێو باڵاخانەکان و کۆمەڵەی یەکەی نیشتەجێبوون و نیشتنگەکان کە چەند ماڵ یان کەس پێکەوە لە خانووبەرێکدان، دەست دەدات و دەتوانن بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان هەرەوەز یان دەستەواوێ بکەن. هەر نها(ئێستا) بۆ وێنە لە زۆر گەرەک خەڵک پێکەوە بەفری نێو کۆڵانەکان ڕادەماڵن، یا بۆ کاری مردووناشتن. لە زۆربەی دێکانی ئێمە خەڵک بە تێکرایی؛ کاروباری ئاوەدانی وەک؛ بە مزگەوت ڕاگەیشتن و خاوێنکردنەوەی کانی و خروشێوی نێو ئاوایی، بەرد و کێل هێنان بۆ سەر قەبران، مردوو ناشتن و ... دەکەن. لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان وەک؛ بوومەڵەرزەکانی سەرپێلی زەهاو و قوتور، بۆ عەفرین و کۆبانی، بۆ لێشاولێدراوانی لورستان و ... ئەو هەرەوەزی و بە دەنگەوەچوونەمان لە گۆمەڵگای کوردیدا دیوە. هەروەها لەو دەیان و سەدان جار ڕوداوی ئاور کەوتنەوەی دارستان کە لەو ساڵانەدا بە داخەوە پڕ زۆر بووە، زۆر کەس بە ویستی خۆیان و لە سەر تێچووی خۆیان چوون و یارمەتیان داوە. یان ئەو هەموو کاری خۆبەخشەی کە لە بواری فێرکردنی زمانی کوردیدا دەکرێن و یان ئەو هەموو کات و تێچووە خۆبەخشیەی کە لە بۆنە و جێژنە نەتەوەیی، ئایینی و نیشتیمانیەکانی وەک؛ نەورۆز، بێلندانە، مانگی ڕەمەزان، جێژنی ڕەمەزان، ڕۆژی زمان و ...دا دەکرێن. دوای وەی ئیمە دەکارین هەر لە منداڵیەوە کەسەکان ڕابێنین کە کاری هاوبەش بکەن و بۆ وێنە خوێندکارەکان و منداڵەکان فێری ئەوە بن بە هانای یەکەوە بچن و لە ماڵەوە، لە گەڕەک، لە خوێندنگە و زانستگا کاری هاوبەشی وەک؛ نەمام چاندن و خاوێنکردنەوەی ژینگە بکەن. هەروەها بە هاناچوون و یارمەتیدانی هەژاران و بەرکەوتووانی ڕوداوە نەخوازراوە سروشتیەکانی وەک؛ لافاو، بوومەلەرزە، ئاورکەوتنەوەکان و ... هەروەها ڕوداوە مرۆڤکردەکانی وەک: شەڕ، تێکدانی ژینگە، نابەرابەری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ... تاقی بکەنەوە و لە تەمەنی منداڵیڕا ڕابهێنرێن. هەروەتر منداڵان و خوێندکاران بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتیەکان لە شین و شایی و جێژنەکانەوە بگرە هەتا پرس و بابەتە گشتیە کۆمەلایەتیەکان ببن. منداڵان هەر لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانەوە و خوێندکاران هەر لە ساڵی یەکەمی خوێندنەوە دەتوانرێت بانکێکی هاوبەش بکەنەوە و بەشێکی کەم لە تێچووی ڕۆژانەیان لەو بانکانەدا پاشکەوت بکەن ئەگا هاوڕێیەکیان کێشەیەکی ئابووری بۆ هاتە پێش بە کۆمەڵ یارمەتی بدەن و یان ئەگا ڕوداوێکی نەخوازراوی گشتی هاتە پێشێ، ئەوانیش بتوانن یارمەتیدەر بن. کەوا بێت دەکرێ بە هێندیک نوێکاری ئێستاش بە هانای یەکترەوە بچین و نەریتی هەروەزی لە لایەنی کۆمەڵگایی، گشتی و مەدەنیەکاندا زیندوو ڕاگرین و گیانی پێکەوەژیان و هاوکاریە دەنێوماندا هەر لە بوژانەوەدا بێت.