مانیفێستی نان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-03-09     120

مرۆڤ بۆ ئەوەی پێش بکەوێ و قۆناغەکانی مێژوو بە سەرکەوتووییەوە ببڕێ، بۆ ئەوەی دەسکەوت بچنێتەوەو بیکات بە کاڵاو بیدوورێ بە باڵای نەتەوەو نیشتیمانەوە، هیچ پێویستی بەوە نیە تراژێدیا دروست بکات و خوو بە دروست کردنی کارەسات و تەنگژەوە بگرێت. پێویستی بەوە نیە هەموو جوانیەکانی کایەی ژیان لە نەریت و کولتورو باوەڕە ئایینی، کۆمەڵایەتیەکانەوە بگرە تا دەگات بە ئایدیۆلۆژیاو حزب و باوەڕو نەریت و فەرهەنگە سیاسیەکانەوە ناشرین بکات و لە جوانیان بخات و بیانخاتە ناو مەنگەنەی هزرێکی ڕقاوی و بوغزاویەوە. 

زەمەنێکە فەزای گشتی دونیای ئێمە لە جەوھەردا بارگاوی کراوە بە کێشەو ململانێ ودابەشکاری و بەریەک کەوتن و یەکتر سرینەوە و ترازانەوە.

لە ماوەکانی رابردوودا مێدیای کوردی بە نووسراوو بینراوو بیستراوەوە لە رێگەی  هەڵمەتێکی هەمەلایەنەوە پرسی بەشینەوەو بەخشینەوەی نانیان کرد بە کاڵاو کەرەستەیەکی گەورەی ئێعلامی بۆ لێدان لە لایەنێکی گەورەی سیاسی لە رووبەری سیاسەت لە کۆمەڵگای کوردیدا. 

“نان” کرا بە کەرەستەیەکی هەرزانی بەردەست بۆ دروست کردنی گێژەنگێکی ناکۆتا و هەڵایەکی گەورەی لێدان لەو بکەرو لایەنە سیاسیەی بە نیازی بەشینەوەو دابەشکردنی نان بوو  بەسەر چینە هەژارو کەم دەرامەتەکانی کۆمەڵگاوە. 

نان لە سیاق و چوارچێوەی خێروچاکەو ئاکارێکی کۆمەڵایەتی و کردارێکی ئایینیەوە دەرهێنراو فۆڕمێکی زۆر جیاوازی کرا بە بەریەوە. 

نان لەوە خرا هۆکارێک بێت بۆ چاکەی گشتی یا کردارێکی ئایینی لە دۆخێکدا زۆرینەی چینە هەژارو کەم دەرامەتەکان بە دەست نەبوونی و ژیان و گوزەرانێکی سەختەوە ژیان دەکەن و قەیران و تەنگژە دارایی و ئابوریەکانە لایەک و دابەش نەکردنی موچەلە کاتی خۆیدا، تەنگی پێ هەڵچنیون. 

 ئەو دۆخەی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە پێیدا تێدەپەڕێ، گۆڕانکاری لە زۆر بواردا هێناوەتە کایەوە. وێنای ئەم کۆمەڵگا ئاڵۆزە، وێنای کۆمەڵگایەکە زۆرترین قسەو بۆچوونی لەسەر پرسە سادەو چارەنووس سازەکانەوە هەیەو هەڵگری دەیان بۆچوون و رێگاچارەی کاتیە، گەورەترین پرسیار لەسەر پرسە چارەنوس سازەکان گەڵاڵە دەکات، لێ هیچ کام لە بکەرو کاراکتەرە دیارو بەرچاوو خاوەن دونیابینیە گەورەو بچووکەکانی، توانای وەڵامدانەوەی سادەترین پرسیارو ئاڵنگاریەکانی پانتای کۆمەڵگای پێ نیە. گەر هەشیبێ، ئاستی بڕواو متمانە بە یەکتر لە دۆخێکی نزم و کارەساتباردایە. حەقیقەتە مێژووییەکان بە گوێرەی بەرژەوەندیە رەنگاڵەکانی جەمسەرەکانی هێز، گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و هیچ شارێک و  ئاواییەک و توێژێک بڕواو متمانەی بەویتر نیە. 

لەم دۆخەدا نەک هەر نان، بەڵکو سەرجەمی پیرۆزی و پێداوەکانی کۆمەڵگا لە چرکەساتێکدا دەبن بە چەکی سەنگەر لە یەکتر گرتن و سوکایەتی و بێڕێزی و دابەزاندنی متمانە بۆ هێڵەکانی ژێر سفرەوە.  

هەروەک بینیمان و هێمای بۆ کرا، نان و ماهیەیی نان لە سیاقی “ نان” یا “رسق” دەرهێنراو وەک یاری تۆپ تۆپێن لەم سەر بۆ ئەوسەری  کۆمەڵگای کوردی یەکسان کرا بە چەکێک بۆ لێدان لە جوانیەکانی ئەو کۆمەڵگا ئاڵۆزەی، هەر رۆژەو بە دەست کێشەیەکەوە گیر دەخوات و تاکەکانی ئامادە نین گوێ لە یەکتر بگرن. 

مێدیاو جەمسەرەکانی کۆمەڵگای کوردی “ نان” ی کرد بە ئامراز و کەرەستەیەکی مانیفێستی مێدیایی فرە رەهەندی بەهێزو گەورە،  بۆ لێدان و گرژی و ئاڵۆزی و  ململانێ و تۆخ کردنەوەی گێژەنکێک، جگە لە نائومێدی زیاتر و هیلاک و ماندوو کردنی کۆمەڵگا، درەنجامێکی تری دڵخۆشکەرو شوێن هیوای لێ نەکەوتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×