هاوکێشەی جەلاد و کۆیلە

نەوزاد بەندی
  2025-03-13     372

یەکێک لە کارەساتە گەورەکان ، ئەوەیە دڵسۆز و خەمخۆر و بیریارەکانت له بیر بچێ و پشتگوێیان بخەیت ، بەڵام بەردەوام چەپڵە و بەڵێ بۆ جەلاد و خائینەکان بکەیت و ..وێنەکانیان گەوره بکەیت و سوێند بەسەریان بخۆیت..

کاتی خۆی یەکێک لە بیریارەکانی  حیزبی کۆمۆنیستی چین ، کتێبێکی چاپکرد بە ناوی : دۆستمان کێن و دوژمنمان کێن ..

ئەم کتێبە بەرچاو ڕوونی دا بە گەلانی چین هەتا دۆست و دوژمنەکانیان لێک جیا بکەنەوە ، ڕێز لە دۆستەکانیان بگرن و نەفرەتیش بۆ دوژمنەکانیان .

لای خۆمان کار گەیشتۆتە ئەوەی جەلادەکانمان بە دەمی خۆیان ئەڵێن : ئێمە زوڵممان لە میللەتەکەمان کرد و ڕۆڵەکانیانمان به کوشت دا و سامانی ووڵاتەکەمان دزی بۆ خۆمان و ماڵ و مناڵمان !!

لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا جەلادەکان لەناو دڵ و دەروون و بیرەوەریی زۆرینەدا دانراون ، لە هەمان کاتدا خەمخۆر و دڵسۆزەکانمان پشتگوێخراون و لە یادبراونەتەوە و لە ژێر پێڵاوەکاندا پلیشێنراونەتەوە و هەزاران جنێو و ناو وناتۆرەیان دواخراوە ..

ئەم دۆخە هیچ پێناسەیەکی لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نییە .. کاتێ کابرایەکی هەژار و بەشخوراو و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، کە ژیانی یەکپارچە وێرانکراوە ،لە بەرچاویدا کۆمەڵێ جەلاد ئەبینێ،  داهات و داهاتووی میللەتێکیان دزیوە و .. ملیارەها دۆلاری میللەتەکەیان بۆ ڕابواردنی خۆیان و کچە مۆدێل و کۆشک و باڵەخانە و گەشت و گوزاری خۆیان و خێزانەکانیان خەرج دەکەن ، کەچی هێشتا ئەو کابرا هەژارە ، وەک شاسوار و فریاد ڕەس و پیاوی یەکەم تەماشای ئەو ئەژدیهایانە ئەکات و تەماشای چالاکییەکانیان ئەکات و.. بە جل و بەرگ و سەعاتە گرانبەهاکانی مەچەکیان سەرسامە و.. بە ڕێزەوە بۆ کۆشک و تاوەر و ملیارەها دۆلار و دۆستە لەشفرۆشەکانیان ئەڕوانێ و .. سەرسامە بە مایباخ و جی کڵاس و فڕۆکە تایبەتە گرانبەهاکانیان ..ووتە شەق و شڕەکانیان ، بە بەهاوە گوێ لێئەگرێ و ئەنرخێنێ .. لە بەرامبەردا هیچ بەهایەک بۆ ووتە و هەڵوێست و قوربانیدان و زیندانکردن و شەهید کردنی کەسانی دڵسۆزی میللەتەکەی دانانێ ..به پێچەوانەوە هەوڵی سوککردن و بوغزاندان و جنێوپێدان و به درۆخستنەوەیان دەدا ، لە باشترین حاڵەتدا بێزاریی خۆی بەرامبەریان دەردەبڕێ گوایا ئەم ڕاپۆرت و دۆسیانە ئەوەندە باسکراون ، مێشکیان چووە و ناهێڵن ئەو خەڵکە بە دەردی خۆیانەوە دانیشن ، دواجار تاوانی سیخوڕیی و کلکگرێدانی ژێر بە ژێریان دوا دەخەن ..

ئەم حاڵەتە به ڕاستی ترسناکە .. ئەمانخاتە بەردەم دوو لێکدانەوە کە هەردووکیان جێگای نائومێد بوونن ..لێکدانەوەی یەکەم : ئەم میللەتە بە جۆرێک بێهیوا کراوە ، لەسەر بێهیوایی ئاڵودە بووە و ..حەزی لە خۆشگوزەرانیی و داهاتووی پرشنگدار و خۆشگوزەرانیی نەماوە ، وەک ئەوانەی لێهاتووە کەساڵەها له ئەشکەوت و تاریکیدا بوون ، بە جۆرێ بوون بە دوژمنی ڕوناکیی و تیشکی خۆر ، چونکە ئەو ڕۆشناییانە ئازاری چاوەکانیان ئەدەن ، بەو جۆرە ئەگەر ڕوناکییش بێتە ناو ئەشکەوتەکانیانەوە ، به نەفرەتی ئەکەن و بەردەبارانی ئەکەن و ئەیشکێنن و ئەیکوژێننەوە ، وەک ووتراوە ئەگەر ئازادی وەک باران ببارێ ، کۆیلەکان چەترەکانیان هەڵدەدەن ..واتا ئەم بوونەوەرە بووە بە بوونەوەرێکی دژ بە خۆی ، هیچ خۆشی و ئاسودەیی وخۆشگوزارانییەکی بۆ خۆی ناوێت ، بە پێچەوانەوە هەموو خۆشی و ئاسوودەیی و دەوڵەمەندیی و ئازادییەکی بۆ جەلادەکانی ئەوێت و پێی وایه ئەمە دابەشکردنێکی خواییه و ناکرێ دژ بە خوا ڕاوەستین ، واتا ئەم دوو بوونەوەرە ، کۆیلە و جەلاد ، یەکێکیان بە هەژاریی و ئەشکەنجەدان ئەژی و نەشونما ئەکات ، ئەوەی تریان بە مافیاگەریی و ملیارەها دۆلاری دزراو و شەڕ و ئازاردانی کۆیلەکان ، ئەژی و .. ناکرێ هیچ کامیان لە ژیان و مانەوە بێبەش بکرێن .. ئەگینا هەر هەمان کۆیلە کە دڵخۆشە بە دزینی داهات و داهاتووی خۆی و هاوڕێکانی لەلایەن جەلادەکانەوە ، ئەگەر فلسێکی لای هاوڕێ کۆیلەکەی بێ ، لێی بێدەنگ نابێ و ئەیکا بە شەڕ و ئامادەیە خوێنی خۆی بکاتە کاسەوە لە پێناوی گێڕانەوە و دەستخستنەوەی ئەو تاقە فلسەدا .

هەرچی لێکدانەوەی دووەمی ئەم دۆخە تراژیدییە ترسناکەیە ، ئەوەیە میللەتی بێدەنگیش هەر جەلادە ، بەڵام بار و دۆخی کاری جەلادیی و دەسەڵاتداریی بۆ نەڕەخساوە ، هەر بۆیە ئەو دزی و تاڵانیی و ئەشکەنجەدانەی جەلادەکانی پێ ئاسایی  و یاساییە و .. لە هەوڵی یەکبینەدایه بۆ ئەوەی بە پەیژە خوێناوییەکانی ئەو جەلادانەدا هەڵبزنێ و بگاتە جێگایەک یان بگاتە پۆستێکی جەلادیی کە بتوانێ ئەویش تاڵان و بڕۆ وئەشکەنجەدان پیادە بکات .. 

بە ڕای من ئەم لێکدانەوەیەی دووەم تا ڕادەیەک نیشانە پێکە ، چونکە هەندێ کەسمان بینیوە هەزاران دروشم و پەیامیی دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەریی ومرۆڤایەتیی و نەتەوایەتیی  و ئاینیی بەرز کردۆتەوە ، بەڵام کاتێ دەمی لە پۆستێک گیر بووە و گەیشتۆتە ئاستیی جەلادەکان  ، هەموو ئەو شتانەی لە یاد چووە و .. دەمی ژەندۆتە ماڵ و خوێنی میللەتەوە و ..بووە بە جەلادێکی نوێ لە خەرمانسەرای جەلادەکاندا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ستیڤ فه‌یگن بۆ بارزانی: پشتیوانی له‌ عێراقێك ده‌كه‌ین كه‌ میلیشیاكان چه‌كدار نه‌بن
ناوه‌ڕۆكی ئه‌و شه‌ش یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌ی كه‌ له‌نێوان عێراق و فه‌ره‌نسا ئیمزاكران
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بۆ راوێژكارێكی سه‌رۆكی هه‌رێم: ئه‌وانه‌ لە زیندان ئازاد بکەن کە لەسەر وشەو رای جیاواز گرتوتانن
پەرەسەندنی ململانێکانی یەمەن؛ هێرش بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی سعوودیە و پێشڕەوی هێزەکانی حکومەت لە چەند بەرەیەکدا
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدات: هەر خاوەنکارێک پێشێلکاری بەرامبەر کرێکاران بکات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە
مه‌زڵوم عه‌بدی: لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شه‌فاف و سه‌ربه‌خۆ له‌باره‌ی روداوه‌كه‌ی زیندانی كۆبانی بكرێت
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم: گه‌له‌كۆمه‌ له‌ رۆژنامه‌نوس بڕیار نامیق مه‌كه‌ن
لە سوید دیموکرات و چەپەکان پێشەنگی هەڵبژاردنن
بە سێ مووشەک کەمپی بنەماڵەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێزەڵە کرایە ئامانج
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە؛ نرخی غاز لە ئەوروپا هەزار دۆلاری تێپەڕاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×