چەند جوانە بۆ کۆمەڵی ئیسلامیی!
هاوژین عومەر
2019-02-22   899
چەند جوانە بۆ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، کە بەرهەمی ئەخلاقی سیاسییانەی بەرزی خۆیو، ڕاستگۆییەکەی لەگەڵ خەڵکو هێزە سیاسییەکانی دیکە، بەئۆپۆزسیۆنو دەسەڵاتەوە، بەئیسلامییو عەلمانییەوە، دەچنێتەوە..
بەرهەمی سەرڕاستیو ڕاستگۆییو بوێرییو خۆنەویستییەکانی بون، کە جەماوەری دەنگدەر لەهەڵبژاردنەکانی رابردوودا، تەنها سزای ئەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنەیان نەدا (هەرچەند تەزویری زۆریشی لێکرا لە لایەن دەسەڵاتەوە).
هەر بەرهەمی ئەم سەرڕاستیو بوێرییو دامەزراوییەیە، ئێستا هێزەکانی دەسەڵاتیش بەسەری دەکەنەوەو وەک هێزێکی خاوەن قسەو قورسایی سیاسیی، چاوەڕوانیی بەشدارییکردنی لێدەکەن بۆ چارەسەری گرفتو کێشە سیاسییە قووڵەکانی هەرێمی کوردستان..
ئای چەند جوان و شایستەیە بۆ کۆمەڵی ئیسلامیی، ئەو دەسەڵات و حیزبانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ و سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، تا هەنووکەش، هەموو ئیمتیاز و شایستە داراییەکانیان بڕیوە و شەڕی گەرم و ساردیان لەگەڵ کردووە، کەچی ئێستا چاوەڕوانی ڕۆڵی گەورەتری لێ دەکەن.. لەوەش جوانتر ئەوەیە، سەرباری ئەو سەلام و کەلامانەی ئەمدواییەی دەسەڵات لێت، هێشتا خاوەنی متمانەی گەورە بیت لە ناو هێز و چین و توێژە ناڕازییەکانی هەرێمدا و ئەوانیش بە ڕێزێکی زۆرەوە مامەڵەت لەگەڵ بکەن.
دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ئەو قورساییە سیاسییەی کە ئێستا کۆمەڵی ئیسلامییمان تیایدا دەژیێت، دەرئەنجامە نەک هیچی تر، واتە بەرهەمی کۆمەڵێک بیرکردنەوە و قوربانییدان و هەڵوێست و سلوکییاتە، کە لە عەقیدەیەکی پاک و بیرێکی سیاسییانەی ئیسلامییانەی کراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و، بە پەیڕەوکردنیان ئەو بەرهەم و دەرئەنجامانەی سەرەوەیان لێ بەرهەم هاتوون..
نابێت لەخۆباییبوون زەفەرمان پێ بەرێت، بەهۆیەوە تەوفیقی خودایی و بنەما نەگۆڕەکانەمان لەبیر بباتەوە.. کۆمەڵی ئیسلامیی تا لەسەر بنەماکانی بەردەوام بێت، پشت بە خوای گەورە، پێگە و ڕۆڵەکانیشی گەورەتر و کاریگەرتر دەبن.