پەنجەیەکی خۆڵاویی لەسەر پەڕەکانی مێژوو

ئەمیر عومەر
  2025-04-14     361

لە ھەر یاڵ و پێدەشت و کەژ و کێو و شاخێکەوە، وەک ھەناسەی ڕێبوارێکی ماندوی خەمبار، ھێشتا ئەو دەنگانە دێن... دەنگی پۆستاڵی سەربازی، قیژەی کچێ لەدەست گەلە جەللادێکی ھاربوو، زریکەی منداڵ، ھاوار و دوعای دایکان. 

وا ڕۆژەکان چوونە تەمەنێکی نوێوە، بەڵام کوردستان ھێشتاش ھەر بە تاسەی ئازیزانی ھەر تۆز و خۆڵێک لەو عەرعەرەوە ھەڵبکات ئەم لێرەوە زۆر بە ماتی زەردەخەنەی خۆی بۆ دەکات. ئەنفال زامێکە نەک ھەر بە بەژان، بەڵکو بە فرمێسکی چەندین نەوە نووسرایەوە و ھێشتا بۆ نوسینەوەی فرمێسکی تازەی دەوێت.

ئەنفال . . . ئەو ڕۆژانەی کە زەوی بێدەنگییەکی ترسناکی ھەڵبژارد،
کاتێک ئاسمان ڕەنگێکی نامۆی گرت و ھەورەکانیش زەردھەڵگەڕان. کاتێک باڵندەکان مەملەکەتی باڵەفڕێیان بەجێھێشت. کاتێک لووتکەی شاخەکان وەک شاھیدێکی بێدەنگ، چاویان لەسەر ئەو کاروانە بوو کە بەرەو نەمان دەبران. ئەو ڕۆژانەی کە لە ھەر جێیەکی کوردستان چیرۆکی مەرگ لەسەر سنگی بەرد ھەڵکەندرا، ناسنامەیەک دڕێندرا، و مێژوویەک داگیرسا.

مێژوویەک داگیرسا، لە پڕکێشی دەستی منداڵێک کە چنگی لە خاک گیر کردووە، لە گوارەی بەجێماوی کچێک لەناو لمدا، لە عەینەکی پیرەمێردێک کە چاوەڕوانی بینینی ڕووناکی ڕۆژێکی تر بوو... 

لە ھەناوی ھەر دۆڵێکدا چیرۆکێک ھەیە، لە گەرووی ھەر ئەشکەوتێکدا ئاوازێکی غەمگین ھەیە، لە ڕووخساری ھەر شاخێکا دوو کانی چاو تەڕی  پڕ لە فرمێسک ھەیە.

کەسێک کە ئەنفالی نەبینیبێت ناتوانێت تێبگات چۆن دەمی بە کەڵبە و قەپاڵی شۆفڵ لمی لەسەر ڕوخساری منداڵان دەڕژان. ناتوانێت ھەست بە نیگای کۆتایی ئەو ژنە بکات کە پرچ و ڕوومەتی دەڕنی تا کۆرپەکەی بەسنگیەوە بگرێتەوە. ناتوانێت گوێ لە ھاواری ئەو بێدەنگییە بگرێت کە دوای دوایین تەقە لمی بیابانی بە عەبایەکی ڕەش داپۆشی.

ئەنفال تەنھا چیرۆکێکە سەرەتای دیارەو کۆتایی نیە، لە ھەر بەیانییەک کە ژنێکی ڕەشپۆش ھەڵدەستێتە سەر پێ، ئەنفال بەردەوامە. لە ھەر گوندێکی چۆڵکراو کە تەنھا با چیرۆکەکانی دەگێڕێتەوە، ئەنفال بەردەوامە.

با چرای بیرەوەری داگیرسێنین . .  با ئەم برینە قووڵە نەبێتە تەنھا وشەیەک لە فەرھەنگی مێژوودا. با بە چرای بیرەوەری، ئەو ڕێگایانە ڕووناک بکەینەوە کە مەرگ پێیدا ڕۆیشت. با لە ھەر ماڵێکی کوردستاندا مۆمێک دابگیرسێنین بۆ ئەوانەی کە گەڕانەوەیان نەبوو، بۆ ئەوانەی کە سنووری نێوان ژیان و مردنیان لە وەک خەونێک  بوو.

ئەنفال تەنھا وشەیەک نییە، نەفەسێکە لە سییەکانماندا، پەنجەیەکی خۆڵاوییە لەسەر پەڕەکانی مێژوو، ھاوارێکە لە قووڵایی خاک و مێژوو. ئەنفال ئەو چیرۆکەیە کە دەبێت بۆ ھەمیشە بیڵێینەوە، تا ویژدانی مرۆڤایەتی جارێکی تر نەنوێتەوە.

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
کۆتایی وەرزی گەرما؛ کەشناسێک هۆشداری لافاو و مژدەی پایزێکی پڕ باران دەدات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×