کات و زەمەن تێناپەڕن! 

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-04-21   

کات و زەمەن بێدەنگن، دەنگیان نیە، بەڵام تێناپەڕن. کات وێنای ئەو چرکەساتانەیە ئێمە بە هەستەکانمانەوە هەستی پێ دەکەین و وا وێنای دەکەین تێدەپەڕێ و بەرەو کۆتایی هەنگاو ئەنێ و ئاڕاستەکەی دیارە. 

 

کات شتێکی مەلموس و فیزیکی و پێدراوێکی قابیلی بینین و دەست لێدان نیە تا بە چاو بیبینین  بزانین بە چ خێراییەک لە تەکمانەوە تێدەپەڕێ. ئەوە ئێمەین لە رووی زیهن و فکرەوە وا فێرکراوین و فێربووین،  کات شتێکە وەک هەموو شتە بینراوەکانیتر بە فۆڕم و قەوارەی جیاواز  توانای تێپەڕبوونی هەیە و لە یەک شوێن ناگیرسێتەوەو  بە ناخی مرۆڤەکاندا تێدەپەڕێ. 

 

ئەو شتەی دەنگی هەیەو چرکەساتەکان لەهەژماری زاکیرەی ئێمەدا بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەرەوە تۆماردەکا، کاتژمێرە. کاتژمێر،  بێ وەستان و بێ پچڕان لە پەیوەندیەکی ڕاستەخۆو،  جاری واش هەیە لە پەراوێزی رووداوەکانی هەناوی زەمەن، کاتەکان هەژمار دەکات. کاتژمێر لێرەدا لە چەشنی ئامێرو مەکینەیەکی وردی ژماردن، کات و زەمەن لە داڵانەکانی خەیاڵدانی مرۆڤ،  بە کۆد و نهێنی زۆرەوە هەژمارو تۆمار دەکات. 

 

زیهنی مرۆڤەکان لەوە ڕاهاتووە کات و زەمەن وەک رووداوێک و پێدراوێکی فیزیکی لە خەیاڵی خۆیدا وێنا بکات و دواجار لە چەشنی فاکتێکی سەرووی خەیاڵ و حەقیقەتێکی پیرۆزو دەست لێنەدراو لە ناخیدا گەڵاڵەی بکات. 

تێپەڕینی کات و زەمەن هێمای ئەو تێگەیشتنە سوبێکتەی مرۆڤە بەرامبەر بە   “ دوێنێ” و “ ئێستا”ی و کائیناتی ناویەوە. هێمای ئەو تێگەیشتن و پێش داوەریە زیهنیانەیە مرۆڤ لە رۆژی لە دایکبوونیەوە فێری دەبێ و لە فێرگەی زیهنیدا بە پیرۆزکراوو جێگیرو نەگۆڕ وێنایان دەکات. 

 

کات و زەمەن لەهەوڵەکانیان بۆ بڕینی پانتای مێژوو،  بۆ تەی کردنی هەوراز و نشێوو هەڵکشان و داکشان و سەرکەوتن و دابەزینەکانی ناو مێژوو، هەموو پێدراوو رووداوو و بویەر و پێدراوەکانی ناو مێژوو دەبڕن و تەفروو تونایان دەکەن و قووتیان ئەدەن. هەروەک خۆر لە رۆژهەڵاتەوە لە چرکەساتی هەڵاتنیداو تا چرکەساتی ئاوابوونی، کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر مەفهومی “ رۆژ” و  وەک ئیلهامبەخشێکی بەهێز و باڵادەستێکی گەورە، مانایەکی قووڵ بە چەمکی “ رۆژ “ و ماهیەتی ئەبەخشێت. 

 

کات و زەمەن هەن و هەر هەشبوونەو لە شوێن خۆیاندا وەستاون. ئەوە ئەوانن بینەری تێپەڕینی ئێمەن بە ناو داڵانەکانی مێژووی نەنووسراوی ئەواندا. 

ئەوان تێناپەڕن. ئەوە ئێمەی گەریدەی بە تاڵووکەو بەپەلەو بە هەڵپەو چاوەڕوانی و پلان و سەرقاڵی رووبەری دونیاین، بێ هەر جۆرە هەڵوەستەیەک بەرامبەر بە کات و زەمەنی باڵادەستەوە تێدەپەڕین. تەمەنی تێپەڕو کورتی مرۆڤ لە خۆیدا بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر ئەم حەقیقەتە. 

کات و زەمەن بەو  فۆڕمەی ئێمە تێی گەیشتووین هەڵگری تایبەتمەندی لەناوبردن و وێران کردنن. کات و زەمەن شارستانیەتەکان ئاوەژوو دەکەن.  گۆڕانکاری بەسەر شوێنەوارە مێژووییەکان و ئاڕاستەی ئاوەکان و سیستەمی ژیان و شارو ئاوەدانیەکاندا دەهێنن و لە پاڵ ئەمەشدا شاهیدی لە داکبوون و  رەوتی ژیان و ساتەوەختی مەرگی مرۆڤەکانن. 

 

کات و زەمەن لە گەرمەی  هەڵگیرسانی جەنگەکان، نەوە دوای نەوە بەرەو لەناوچوون دەبەن و ئاوەدانیەکان ئەکەن بە کەلاوە. هەربۆیەش مرۆڤەکان کاتێک دەیانهەوێ وێنای کاولکاریەکان بکەن، پەنادەبەنە بەر دەستەواژەی: 

“ کات” گۆڕانکاری بەسەر هەموو شتەکان، مرۆڤەکان، تێگەیشتنەکان، ئایدیۆلۆجیەکان و سەردەم و قۆناغەکاندا دەهێنێ و لێی پاشگەز نابيتەوە. ئەوە ئێمەین لەم ململانێ  ناکۆتایە تووندەدا، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین  کەوتوویەنەتە بەر کەلبەو ددانی کات و زەمەن و بکەرانی بێ ویژدانی ناویانەوەو لە هەموو حاڵەتێکدا رێبوارو گەریدەی پانتای ئەم زەمەنەی ئێستای “ کاتین” و ئەشێت بە بێ ویستی خۆمان تەسلیمیان بین .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیی دۆلار بازاڕەکانی عێراقی شڵەژاند
پژاک پەیامێک ئاراستەی ئێران دەکات: بژاردەکانتان یان جەنگ و وێرانییە یان ئاشتی و دیموکراسی
بانکی ناوەندی عێراق: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە
فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا: به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار، موچه‌ی هاوڵاتیان به‌ڕێژه‌ی 20% كه‌م ده‌بێته‌وه‌
لە بەغداد خۆپیشاندان دژی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار دەستیپێکرد و بەشێک لە بازاڕەکان داخران
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ سیسته‌مێكی به‌رگریی ئاسمانیمان وه‌رنه‌گرتوه‌
بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا کرد و بڕیارێکی گومرگیشی هەڵوەشاندەوە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: په‌رله‌مان ناتوانێت نرخی دۆلار دیاری بكات
حوسییەکان فڕۆکەخانەی عەدەنیان موشەکباران کرد؛ گرژییە سەربازییەکان لە یەمەن و سنوورەکانی سعودیە پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە
بانکی ناوەندی ئاشکرای دەکات: چەندین نوسراومان بۆ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کردووە و وەڵامیان نەداوینەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×