(5) ساڵ لەمەوبەر و ڕۆژی (12. 7. 2020)، لە کۆتایی بەشی سێیەمی وتاری (کورد و دەسەڵات... مێژوویەکی قێزەون!)، سەبارەت بە خەباتی ئاشتیخوازانە و دیمۆکراسییانە، دژی شۆرشی چەکداری نووسیوەمە:
زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: بریا شۆڕشی چەکداری، لە هیچ بەشێکی (کوردستان) بە گشتی و (باشوور) بە تایبەتی بەرپا نەبووایە. چونکە جگە لە ئەوەی، سەردەمەکەی بەسەرچووە، نەتەوەی کورد قووڵاییەکی ستراتیژی نەتەوەیی نییە، پشتی پێ ببەستێ، لە نێوەوە و لە دەرەوەی ئەو دەوڵەتانەشدا، دۆستی ڕاستەقینەی نەبووە و نییە، خاکی (کوردستان)یش لە چوارلاوە، بە دەوڵەتە داگیرکەرەکان تەنراوە.
ئاخر ئەنجامی خەباتی چەکداری لە ماوەی (30) ساڵ و لە نێوان (1961-1991)، جگە لە هەرەس و ماڵوێرانی، چی بوو؟! ئایا (کوردستان) بە تەواوی ئازادکراوە و کورد سەربەستە؟!!
چونکە گەر ئەو شۆڕشە نەبووایە، دووبەرەکی و جەنگی نێوخۆ، لەنێوان سەرکردایەتی پارتەکاندا ڕووی نەدەدا. ئەو هەموو ناپاک و جاشانە درووست نەدەبوون. ئەو هەموو کوڕە کوردە لاوە دلسۆز و ئازایەنە، تێدا نەدەچوون. (4) هەزار گوند و شارۆچکە کاول نەدەکران. کیمیاباران و ئەنفالمان نەدەدی.
گەر باسی ئەوڕۆش بکەین، ئەوا زۆر بە ئاشکرا دەبینین، (پارتی کرێکارانی کوردستان – پ. ک. ک.)، دوای پتر لە (40) ساڵ خەبات و خوێنڕشتن، ماڵاواییان لە چەک و خەباتی چەکداری کرد، بێ ئەوی هیچ ئەنجامێکی هەبێ!
لەبەرئەوە ئێستە دەڵێم: خوا ئەوە بگرێ، شۆڕشی (11. 9. 1961)ی بەرپاکرد!