ڕۆژی ٥/٢٠ وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لە بواری وەبەرھێنان لەکەرتی نەوت و گاز لە گەڵ ھەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئینرجی لە کێڵگەی میران و کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس لەکێڵگەکانی کوردەمیرو تۆپخانە واژۆکرد، بەمەبەستی پێشخستنی کەرتی گاز بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا، کە یەکێکە لەکێشە سەرەکیەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
ئەم ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێم ھەرزوو کاردانەوەی ناوخۆیی لەسەر ئاستی ھەرێم و لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ لێکەوتەوە، لەسەر ئاستی ھەرێم، جگە لەکاستی حکومەت، ھەموو دەنگەکانی تر دژی ئەم گرێبەستانەن، لەسەر ئاستی حکومەتی فیدرالیش وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دژایەتی خۆی بۆ ئەو گرێبەستانە دەربڕیوەو پێی وایە، پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگایی فیدرالین.
*ئەزموون چیمان پێ ئەڵێ؟
ئێمە لێرە ڕەنگە زۆر لامان مەبەست نەبێ حکومەتی فیدرال و وەزارەتی نەوتی عێراق چۆن بۆ ئەم گرێبەستانە ئەڕوانن، بەقەدەر ئەوەی ئەمانەوێ لەوە بدوێین بۆ لەسەر ئاستی ھەرێم بەچاوێکی گوماناوی و دوودڵیەوە لەم ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێم ئەڕوانن؟
دیارە ئەزموونی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ دۆسیەی نەوت و کەرتی وزە بەشێوەیەکی گشتی ئەزموونێکی ھەم ساوایە و ھەم سەرکەوتوو نیە، بە بەڵگەی پاش ئەوەی حکومەتی ھەرێم لەماوەی ڕابردووداو پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت کە خۆی سەرپەرشتی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی دەکرد، داتاو ژمارەی خەرجی و داھاتی ئەم کەرتە، پێمان ئەڵێن حکومەت لە دۆسیەی نەوت، قەرزداربووە، نەک سوودمەند!.
*کاتی گرێبەستەکان
ئەنجامدانی گرێبەستەکان لەم کاتەدا، ئەکرێ بۆ سێ ھۆکاری سەرەکی بگەڕێنینەوە:
یەکەمیان، ھەوڵەکانی یەکێتی و پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێم، وەک دیارە ئەو کێڵگانەی گرێبەستیان لەسەرکراوە ھەردوو کێڵگەی میران و تۆپخانە کە دەکەونە سنووری قەڵەمڕەوی یەکێتی، کە ھیچ گومانی تێدانیە یەکێتی و پارتی پێش وەخت لەسەر ئەم گرێبەستان رێککەوتوون ئینجا خراونەتە بەرنامەی کاری سەرۆکی حکومەتەوە لەگەشتەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەمەش ڕەنگە ھەنگاوێکی گەورە لە پێکھێنانی ئەو حکومەتە چاوەڕوانکراوە نزیک بووبێتنەوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تائێستا ئاسۆی پێکھێنانانی ئەو حکومەتە دیارنیە!.
دووەمیان، نزیک بوونەوەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، کە لەم کاتەدا ھەریەک لە یەکێتی و پارتی لەلایەک و حیزبەکانی تری عێراق بە سووننەو شیعەوە لەلایەک، پێویستیان بە جۆرێک لە پەیوەندیەکی گرژ ھەیە بۆ قاڵدانی کورەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تاوەکو زۆرتری دەستکەوتی سیاسی لە ژمارەی دەنگ و پاشان ھاوپەیمانی سیاسی بچننەوە.
سێیەمیان، ئێدارەی ترەمپ ئەوەی لێ ئەخوێنرێتەوە کە گەشەی ئابووری خستۆتە خزمەتی ئەجێندا سیاسیەکانی لەسەر ئاستی جیھان و ئەم ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێمیش دیارە خوێندنەوەیەکی واقعیە بۆ ئەم سیاسەتەی ترەمپ و ئیدارەکەی.
*نەوت و گاز لە فاکتەرێکی ئابووریەوە بۆ وەبەرھێنانی سیاسی
ڕەنگە لەم لقە ناونیشانەی سەرەوە پێویست بەوە بکا ئەوە شیبکەینەوە، ئایا ئەم گرێبەستانە بەسوود یاخود بەزیان بۆسەر ھاوڵاتیانی ھەرێم ئەشکێنەوە؟
ئەکرێ ئەم پرسیارە پرسیارێکی سەرپێیی بێ و نەمانگەیەنێتە کرۆکی بابەتەکە، نەک لەبەرئەوەی ھاوڵاتی وەک چەقی بەرژەوەندی دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی و نادەوڵەت، بەنموونی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تایبەت، جێگەی گرنگی پێدان نەبێ، بەڵکو لەبەرئەوەی بابەتەکانی وەک نەوت، ھێزی چەکدار، پەیوەندییە نێودەوڵەتیان و سیاسەتی دەرەوە، پرس گەلێکی گرنگن و زیاد لە ڕەھەندێک لەخۆ دەگرن، بەڵام دواجار ھەموو ڕەھەندەکان پێویستە بچنە خانەی پاراستنی سەروەری نیشتمان و ئارامی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان، ئەمەش بە کارکردن لەسەر پرەنسیپێکی زۆر سادە دێتەدی، ئەو پرەنسیپەش ئەوەیە چۆن وا لەو بابەتانە بکەین، بەنموونە گازو نەوت، وەک فاکتەری ئابووری لە سێکتەرێکی ئابووریەوە بیکەین بە پاوەرێکی ناوەکی، و وەبەرھێنانی سیاسی نەتەوەیی نەک حزبی و ناوچەیی لەسەربکەین؟پرسیارێک کە تەمومژی ھەموو ئەو ھەوڵانەی لە ڕابردوو ئێستا دەدرێن لەخۆوە پێچاوەو ئێمەش لێرەدا وەڵامەکەی بۆ یەکێتی و پارتی بەجێدەھێڵین.