نووسەر و مامۆستای زانکۆ
هەر لە كۆنەوە باراوییەكان، لە گوندی «باراو»ی نێوچەی «شارباژێڕ» نيشتەجێبوون. شێخانی «باراو»، لە نەوەی «پیرخدری شاهۆ»ن. «شێخ مارفی نودێی 1752– 1838ز.» نزيكەی «200» ساڵ لەمەوبەر، درەختی بنەماڵەی باراوییەكانی مۆركردووە و مۆڵەتی بە «4» شێخ داوە، ڕێنمایی موسوڵمانان بكەن و لەسەر دەستی ئەوانيشدا تۆبەبكەن. «نالی 1797 - 1855»ی هۆنەر، سەبارەت بە شێخانی «باراو» فەرموويەتی:
كە جێگەت بۆ عيبادەت بێ، چ فەوقانی، چ تەحتانی
كە حوبت بۆ عيبادەت بێ، چ «بەرزنجی» چ «باراوی»
مەكە دەعوای پاكیی نەسەب، بۆ جيفەی دونيایی
كە سەييد بی، چ «بەرزنجی» چ «پیرایی»، چ «باراوی»
«شێخ مەحموود 1882-1956» لەگەڵ «باراوی»یەکان، هەم پێوەندییەکی شێخایەتی، هەم پێوەندییەکی گیانی بە گیانی هەبووە. لەبەرئەوە باراوییەکی زۆر، هەم یارمەتی«شێخ»یان داوە، هەم لە لەشکرەکەی«شێخ»یشدا، چەکداربوون و خەباتیانکردووە.
سەبارەت بە پێوەندی بنەماڵەکەمان «حاجی شێخ عەزیزی شێخ ساڵحی باراوی» و بنەماڵەی «شێخ مەحموود»، لە بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانمدا «گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنم ـــ بەرگی1، 2015»، لە چەن لاپەڕەیەکدا باسمکردووە. بۆ نموونە:
لە لاپەڕە «25»دا نووسیومە: « باپیرم حاجی شێخ عەزیزی باراوی 1884-1986، دۆستێکی نزیکی شێخ مەحموودی حەفید بوو. شێخی نەمریش، هەر بە خاڵە شێخ عەزیز بانگی کردووە.» ئاخر گەر بە تەمەنیش بێ، تەنیا هەر « 2 » ساڵ لە باپیرم گەورەتر بووە.
لە لاپەڕە «26»دا نووسیومە: «باپیرم زۆر، جار باسی سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحموودی بۆ دەکردین، هەناسەیەکی ساردی هەڵدەکێشا، چونکە شێخی زۆر خۆشدەویست، بەڵام دەوروبەرەکەی خۆش نەدەویست.»
لە لاپەڕە «44»دا نووسیومە: «کاتێ شێخ مەحموود لە گوندی داریکەلی ژیاوە، هەموو ساڵێ ڕۆژانی جێژن، هێندێ لە شێخانی باراو، وەک سەییدکەریمی شێخ مارف، حاجی شێخ عەزیزی شێخ ساڵحی باپیرم، شێخ مەحموودی شێخ حەسەن، شێخ ڕەزای گوڵانی کۆبوونەتەوە و سەریان لێ داوە. شێخی نەمریش ئەوەی بیرکەوتووەتەوە و بەپێکەنینەوە گوتوویەتی: خزمانی باراو، گەلەکۆمەکیم لێ دەکەن و هاتوونەتە سەرم! جگە لەئەوەی شێخ مەحموود، خوشکێکی نابیناشی هەبوو، ناوی خاتوو نەفێ بوو، خێزانی شێخ موحەممەدی خاڵۆی، خاڵی باپیرم بوو.»
پاشان ئەو پێوەندییە هەر بەردەوامبووە و نەپچڕاوە. باوکم «حاجی شێخ موحەممەدی شێخ عەزیزی باراوی»یش، هەر لە کۆنەوە، پێوەندی لەگەڵ ئەو بنەماڵەیەدا هەبووە. بۆ نموونە: کاتێ باوکم لە «مەلاریا» کاریکردووە و چووە بۆ گوندی «داریکەلی»، سەری لە «شێخ» داوە. ئەویش گوتوویەتی: قوبڵی بۆ بێنن و گۆشتی زۆر بۆ دانێن، چونکە کوڕەکەی خاڵە «شێخ عەزیز»، زۆر حەزی لە گۆشتە!
هەروەها کاتێ «عەبدولئیلا ـــ وەصی»، خاڵی شا «فەیسەڵ»ی دووەم، ساڵی «1945» لەگەڵ «شێخ مەحموود»، سەریان لە «سولەیمانی» داوە. باوکیشم لەگەڵ کۆمەڵێ لە خەڵکی شارەکەدا، پێشوازییان لە «شێخ» کردووە و وێنەیەکیشیان لەگەڵ گرتووە.
لە لاپەڕە «45 - 46» و لە کۆتایی ئەو بابەتەدا نووسیومە: «هەڵبەتە گەر ئەو پێوەندییە گەرموگوڕ و تێکەڵاوییە، لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا هەبووبێ، شتێکی ئاساییە، گەر هێندێ لە کوڕە ئازاکانی شێخانی باراو، لە زنجیرە شۆڕشەکانی شێخ مەحمووددا بەشدارییانکردبێ.» بۆ نموونە:
«شێخانی باراو بە سەر و ماڵ، یارمەتی شۆڕشەکانی شێخی نەمریان داوە. لە جەنگی دەربەندی بازیانی ساڵی 1919، چەندین بریندار و شەهیدیان هەبووە. هەر لەگەڵ شێخی نەمریشدا، شێخ مەحموودی شێخ حەسەنی شێخ مارفی باراوی 1904-1990 دەسگیرکراوە و بەدیلگیراوە.
«شێخ ئەحمەدی شێخ موحەممەد باراوی»، باپیری لیوا «شێخ بەختیاری شێخ مەحموود باراوی»، یەکێ لە ئەو شۆڕشگێڕانە بووە، لە «دەربەندی بازیان» لەگەڵ «شێخ» جەنگاوە و دەسگیرکراوە. دوای ئەوەی دادگاییکراون، لە یەکێ لە سەربازگەکانی ئینگلیز گیراون، ڕۆژانە ماوەی «6» مانگ، لە کارگەی خشتبڕینی خانوودرووستکردن کاریکردووە.
«شێخ حەمە عەلی باراوی»، برای «شێخ سەعیدە دزە» بوو، پیاوێکی زۆر ئازابوو، تەنانەت قسەی لە شێخیش قەبووڵ نەکردووە. یەکێ لە فەرماندە و سەرکردەکانی لەشکرەکەی «شێخ مەحموود» بوو. کاتێ لە شەڕی «ئاوباریک» گەڕاونەتەوە، ساڵی «1930» لە ڕێی «پێنجوێن» نزیک «ناوپارێز»، فڕۆکە بۆردوومانی کردوون و ڕەوانشاد بووە، هەر لە ئەوێش ناشتوویانە و ئیستە ئەو بەرزاییە، بە «شاخی شێخ عەلی باراوی شەهید» ناسراوە.
هەروەها «شێخ سەعیدە دزە»، یەکێ لە ئەو قارەمانانە بووە، بە ڕەزامەندی «شێخ مەحموود»، فڕۆکەیەکی لە دەشتی فڕۆکەخانەی «کەرکووک» سووتاندووە. کاتێ دادگایی «شێخ»یش کراوە و بۆ «هیندستان» دوورخراوەتەوە، لەگەڵ چەن جەربەزەیەکی باراویدا لە «کفری»، دەرگەکانی تاوڵەی سواری ئینگلیزیان شکاندووە و تاڵانیانکردووە، پتر لە «50» ئەسپ و وڵاخیان بردووە و بۆ «باراو» گەڕاونەتەوە. پاشان لەگەڵ چەن لاوێکی باراویدا، بەرەو «ئێران» ڕۆشتوون و هەموو وڵاخەکانیان فرۆشتووە، پارەکەشیان داوە بە خانەوادەی «شێخ»، تا پێی بژین و چاوەڕێی دەستی کەس نەبن، یارمەتییان بدەن. هەر لەبەرئەوەش بووە، ناویان ناوە «شێخ سەعیدە دزە».
«ئەحمەد خواجە»ش لە بیرەوەرییەکانیدا «چیم دی»، باسی شێخ سەعیدی برای «شێخ حەمە عەلی باراوی» کردووە و نووسیوێتی: زۆر ئازابووە و لە شۆڕشەکانی شێخدا، ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە.

یەکەمین وێنە: شێخ مەحموودی حەفید

دوەمین وێنە: حاجی شێخ عەزیز باراوی

سێیەمین وێنە لە ڕاستەوە: «شێخ مەحموودی حەفید، حاجی شێخ موحەممەدی شێخ عەزیزی باراوی، محێدینی سالەسوور، شێخ حوسێن بەردەزەردی، حەمەی مەلاتۆفیقی تەزبیحفرۆش و کەریم چاورەش.»