چۆن جیۆمۆڕفۆلۆجیا(شێوەی زەوی)ی بخەینە خزمەت گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان

حەمەد مەلا ئەحمەد
  2025-05-27     426

ئەوە مناڵ بووم، لە گوندی دیلمان لە زبارەی خزمێکمان بووین بە سەپانی توتنی کردبوو، بۆ چێشتەنگاو لە ڕۆخی ڕوباری دیلمان دانیشتبووین، چێژێکی سەیرم لە دیمەنەکان وەردەگرت، بە ئاغای ئیشەکەم گۆت: ئێرە شوێنێکی زۆر خۆشە، ئەویش گۆتی: ئەی چۆن ئێرە شوێنێکی [سیاحیە] واتا گەشتوگوزاریە، ئەم دەربڕینەی ئەو بۆ من نەک هەر نوێ بوو، بەڵکو ئەو کات نامۆ و نەبیستراویش بوو. کابرای ئاغا، پیاوێکی دونیادیدە و عەرەبیزانێکی شارەزا بوو. هەرئەمە وەکو کارمایەک لەناومدا جێگیر بوو وایکرد لە ساڵی ٢٠٠٨ بچم زانستیانە پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕی گەشتوگوزار لەهەولێر بخوێنم.


چۆن شێوەی زەوی بکەینە دەرگوشی ئەویندارانەی گەشتیاری؟ کەی شێوەی زەوی دەکرێ ببێتە کاڵایەکی گەشتوگوزاری و بازرگانی گرینگ و گرانبەها؟ ئایا مرۆڤ هەر بە سروشت مەحکومی گەشتکردنن و جەبری دیالەکتیکە، یان مەیلێکی تاکەکەسی و زاتیی هەندێک لەمرۆڤەکانە و خۆیان ئیدامەی پێدەدەن؟
ئایا شتێک هەیە بەناوی گەشتوگوزاری شێوەی زەوی و دەبێ لێرەوە فەرهەنگەکانی گەشتوگوزار ناچار بکەین دەستکاری خۆیان بکەن؟ ئایا کوالیتی ژیانی مرۆڤی ئێستا کە نزیکی هەموو تەمەنی لە نێوان چوار دیوار دەژیێت ناچار بەهێنانە کایەی جۆرێکی ئاوای گەشتوگوزارمان دەکات، یانیش هەر خۆی جۆری گەشتوگوزارەکە جێی تەماع و چڵێسی و قازانجی بازرگانیە؟ ئەم جۆرەی گەشتوگوزارەی دەکەوێتە ژێر کامە کاریگەریەی ژیری دەستکرد؟


شێوەی زەوی لەم بەشەی جیهان و وڵاتدا، بەیەکێک لە شێوە هەرە سرنجڕاکێشەکان لە ئاستی جیهاندا دادەنرێت. لەبەر زیاتر لە هۆکارێک ئەو شێوەیە سرنجڕاکێشە، یەکێکیان جۆرێتی خاک و گەشی و گەشاوەیی هەواکەیەتی یەکێکیتریان زۆری و زەوەندی ئەو دیمە جیۆمۆڕفۆلۆجیانەیە کە یەک بەدوای یەک بێپسانەوە دووبارەدەبنەوە.

ئەگەرچی ئەو دیاردە جیۆمۆڕفۆلۆجیانە، نەک هەر خزمەتیان نەکراوە، بەڵکو زۆر بەڕاشکاوی دەتوانین بیڵێین: نە گەشتوگوزار و گەشتیار و زیاتر لەوەش خەڵکیش، تەنانەت حکومەتیش لە ناو بێئاگایەکی ئێجگار قوڵدان. بۆ نموونە: حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان هەرگیز نەچوە شێوەی ئەشکەوتێک یان شێوەی زەوی لە ئاستێکی سرنجڕێشدا قوت بکاتەوە و بیناسێنی و خزمەتگوزاری بۆ دابین بکات.

کاتێک گرینگی بە شتێک یان بە دیاردەیەک دەدرێت لەبەر دوو هۆکارە، یەکەمیان قازانج لە لایەنی ئابووری و دارایییە ئەویتریان پەرەپێدانی شارستانی و کولتوری و ئاراستەکردنی ڕۆشنبیرییە، هەر دیاردەیەک زانرا کە لە یەکێک لەو بوارانە خزمەت دەکات، و حکومەت گرینگی پێنەدات ئەوا خیانەتێکی گەورەیە و دەبێ لەو حاڵەتەدا حکومەت هۆشیار بکرێتەوە.

 گەشتوگوزار ئاگادار بکاتەوە، چونکە حکومەتی هەرێم و بە تایبەتی و تا ڕاددەیەک حکومەتی ناوەندیش بەشی پێویست کاتییان لەبەردەم دا بووە ئیشیان کردبایە. بەڵکو کاری ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە ڕۆژەڤ و بابەتێک بهێنینە ناو میدیا و ئەکادیمیای کوردی بۆ ئەوەی زیاتر قسەی لەسەربکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین.

بەپێی ئەو باس و خواس و لێکۆڵینەوانە بێت کە بەر دەست و گوێی ئێمه کەوتون تاکو ئەم چرکەساتانەش گرینگی ئەم بابەتە نەزانراوە و بەدڵنیاییەو ئەم هەوڵەی ئێمەش ئەستەمە بتوانێ هەموو تایبەتمەندی نهێنیەکانی ئەم باسە لەخۆبگرێت و کەشفیان بکات. بەڵکو ئەمه پێویستی بە کۆنگرە و کۆنفڕانی ئەکادیمی بازرگانی گەورەی جیهانی و نێوخۆیی هەیە.

بۆ ئێمە سەیر و غەریبە بەڕاستی نازانین بۆچی جوانی شاخ و گرد و کەژ و کێوەکانی کوردستان تەنها خزمەتی هونەر و ئەدەب و شۆڕشەکانی کوردیان کردووە و کەمتر خراونەتە خزمەتی بوار و لایەنەکانیتر. بەدڵنیاییەوە ئەم کێوانە پێویستیان بە کار و خزمەتێکی زۆر زۆر هەیە و دەتوانرێت وایانلێبکرێت بێ ئەوەی لە خزمەتکردنی بوار ولایەنەکانیتر دایانبڕێنین بیانخەینە خزمەتی زیاتر لە بوار و لایەنێک.

ئەگەر بە وردی و بە کراوەیی بە قوڵی سرنج بدەین، زۆر ئاسان وێنەکانی شێوەی زەوی لە توونیی بابا و کەنداڵەشینەکانی پێش شارۆچکەی دوکان و دیمەنە سرنج ڕاکێشەکانی باڵەکایەتی و برادۆست وەکو شێوەی هەڵگۆرد و خەرەندی ڕواندز خۆیان دەردەخەن و دەتوانن ببنە هۆکاری ڕاکێشانی هەزارەها گەشتیاری ڕۆشنبیر و گیرفانپڕ.

جیۆمۆرفۆلۆجیای باشوری کوردستان نەک هەر تەنها دەتوانێ ببێتە یەکێک لە جوانترین جیۆمۆرفۆلۆجیاکانی دونیا، بەڵکو بگرە بەتەنها دەستکاریکردن و ڕەنگکردنی کەڤرێک لەناو تاتێکی گەورە دەتوانێ ببێتە باڵکێشترین و سەرچاوەیەکی بێڕکابەری گەشتوگوزاری جیهانیش.

کەرەستەکانی بە گەشتوگوزاریکردنی ئەم هەرێمە ئێجگار زۆرن، بەهەرحاڵ حکومەت و سەرمایەدارانی ئێمه کەمتەرخەم و ئیهمالن، دەنا دەکرا زۆر زیاتر بۆ خزمەتی گەشتوگوزاریان بکردبایە. بەنزیکی لەهەموو شوێنە گەشتیاریەکانی وڵاتێکی وەکو ئێران (لەوە دڵنیام وڵاتانی دیکە زیاتریش قوڕسایی گەشتیار لەسەر شوێنی گەشتوگوزاری هەیە) سەرە گیراوە بۆ ئەوەی گەشتیار بچێتە ناوەوەی شوێنە گەشتیابکرێتەوە. 

بابەتی دیاردە جیۆمۆرفۆلۆجیەکان بابەتێکە پەیوەندی قوڵی بە ئاستی جوانناسی گەشتیار و خەڵکەوە هەیە، ئەو دیاردانە لەسەرەتادا بۆ مرۆڤێک کە نازانێ جوانناسی چیە وەکو پێکهاتەیەکی زەمینی بێ کەڵک دێنە پێشچاوان، بەهەرحاڵ ئەگەر مرۆڤ بەتەواوی ورد بێتەوە لەو شێوە ئەندازەییانەی دیاردەکان ئینجا تێدەگات ئەوانە خەڵاتێکی گەورەی یەزدانین بێ بەرانبەر پێشکەشی مرۆڤ کراون.

بابەتی شێوەی زەوی و گەشتوگوزار نەک تەنها ناونیشانێکی نوێ و تازەیە کە زانکۆی ڕاپەڕین هەوڵ دەدات بیهێنێتەپێشەوە، بەڵکو گفتوگۆیەکی تازەیە و دەمانەوێ لەئاستی جیهاندا دەرگای بەڕوودا بکرێتەوە.

ئەگەر لێرەدا بە کورتی و جەهەری باسێک لەم ناونیشانە بکەین دەتوانین بڵێین:
لەسەرەتادا واپێویستە گۆشەنیگا و پێشمەرجی بیرکردنەوە خەڵکی بگۆڕێت و بە نرخاندنێکی گەورەوە تەماشای ئەو دیاردانەبکەن و نەک تەنها وەکو شتێکی بێکەڵک.
یەکەم:
سەرەتا پێویستە ئەم ناوچە و دیاردە جیۆمۆڕفۆلۆجیانە تۆمار بکرێن و گرینگیان پێبدرێت، ناویان بۆ دابنرێت و ڕووبەر و شێوەیان دیاریبکرێت.

دووەم: دوای ئەوە پێویستە بە فۆتۆگرافیەکی سەردەمیانە وێنەبگرێن و لایەنی جوانی و دەگمەنییان دەربخرێت.

سێیەم: ڕیکلامێکی باشیان بۆ بکرێت و پیشان بدرێن و زانیاریەکانیان بەوردی باس بکرێن.

چوارەم: ڕێگای گەیشتنیان ئاسان بکرێت، گرینگە گەشتیار تیایا هەست بە سەلامەتیی و ئاسایش بکات.

پێنجەم: هەندێک گۆشەی ئەو دیاردانە ڕەنگ و بۆیە بکرێن، ڕەنگ ڕشتن و بۆیەکردنێکی کەم دیمەنێکی ئێجگار گەورە لە دوورەوە نیشانی ڕێبواران و گەشتیاران دەدات.

شەشەم: دوای ئەم هەنگاوانە ئەو دیاردانە زۆر ئاسان دەتوانن ببنە مایەی ڕاکێشانی سرنجی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بۆ ئەوەی چێشتخانە و هۆتێلی تیا بکەنەوە.

گۆی زەوی و گەردوون بە هاڕمۆنیایەت و ئاهەنگ و زەنگینیەکی ئێجگار زۆر دیزاین کراوە، دووبارە دیزاینکردنەوەی لەلایەن مرۆڤ نەک هەر بە پێویستیەک نازانم بەڵکو ئەوەشی کە بۆی کراوە زیادەیە. ئێمەی مرۆڤ پێویستە بیناسین و دەرکی بکەین، ئەگەر ئەگەر تۆزێک دەستکاریشی بکەین و ڕەچاوی بنەما ژینگەییەکانی بکەن ڕەنگە ئەوە بژاردەیەکی باش بێت.

قێلەکان بچووکبوونەوەی شاخاکانمانن، یان شاخەکان پەرەسەندنی قێلەکانمان؟

هەنگاوەکانی بە گەشتوگوزاری کردنی شێوەی زەوی ئاسان نین، سەرەتای سەرەتا پێویستیمان بە گۆڕینی ڕوانگەی مرۆڤ هەیە. ڕوانگەی مرۆڤ بێ ئەندازە وابەستەی بینین و ژیانکردن بووە لەناو تەلارسازی و شەقامی جەنجاڵ و سەرمایە-بینا. گۆڕینی ڕوانگەی مرۆڤەکانی ئەگەرچی لە ئێستادا ڕەنگە زەحمەتترین کار بێت، بەڵام مەحاڵ و نەکردەش نیە.

ئینجا هەروابێتەوە دەبێ فۆتۆگرافی بۆ بانگەشەکردن و ڕیکلامکردنەکان ساتەکان ڕەچاو بکات. هەندێک دیمەن هەیە لە بەیانی زوودا تۆمار بکرێت و هەندێکی تر ئێوارانی نێوان عەسر و مەغریب و هەندێکیشان دەبێ لەشەواندا تۆمار بکرێن.
لادان و کەمکردنەوەی مەترسیەکان؛ ئەمەش دەکرێ ئاسانکاری بکرێت بۆ هەڵدان و دامەزراندنی کامپی گەشتیاران. بەوەی ساڵانە گەشتوگوزار دەستبکات بە ڕشاندنی دەرمان و ڕازاندنەوە و چوارچێوە و دەروازەی دیارە جیۆمۆڕفۆلۆجیەکان.

جیۆمۆڕفۆلۆجی زانستی شێوەی زەویییە، دیاردە دەگمەن و سرنجڕاکێش و پەراوێزخراوەکانی نەک هەر دەتوانن جۆرێکی تایبەتی گەشتوگوزاری خۆیان هەبێت بەڵکو ئەم دیاردانە دەتوانن دەستوەردان لە جۆرەکانیتری گەشتوگوزاریشدا بکەن. ‎

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×