کێ بەرپرسە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران؟

د.ئیدریس عەبدول
  2025-06-01     348

نوسراوەکەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە راگرتنی تەمویل کردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ، کە بیانوەکەی ئەوەیە گوایە هەرێمی کوردستان پشکی بوجەی خۆی بەپێی رێژەی (١٢.٦٧٪) تەواو کردووە بۆیە چیتر پارەی لای بەغداد نەماوە.

 

ئەم بابەتە ئەگەر چی پشت بە یاسای بوجەی ٢٠٢٣ ، ٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥ دەبەستێت  کە پەرلەمانی عێراق بوجەی هەر سێ ساڵەکەی بەیەکەوە  تێپەراند، بەڵام بیرمان نەچێت ئەم جوڵەیە رەهەندی سیاسیشی  لەپشتە، عێراق بەهۆی هەستیاری دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گۆرانکاری لە هاوکێشەکانی ناوچەکە ئەیەوێت مەترسیەکان لە خۆی دور بخاتەوە بۆیە ئەیەوێت لەم رێگایەوە فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکات تاکو زیاتر بیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوەو لە پەل و پۆی بخات .

 

ئاشکرایە دوایی رووخاندنی رژێمی ئەسەد و پاشەکشێی ئێران لە ناوچەکەدا ، گومانی گۆرانکاری دەسەڵاتدارانی عێراقیشی خستۆتە  دۆخێکی ناجێگیر و هەستیارەوە ، هەر بۆیە شیعەکان هەرێمی کوردستان بەتاکە سەنتەر ئەزانن  ئەگەر باهۆزی هەرجوڵەیەکی لەدژی دەسەڵاتی بەغداد لێوە هەڵبکات، کەواتە ئەمە پێی ئەوترێت جەنگی خۆپارێزی ( حرب الوقاية). 

 

بەهەرحاڵ هۆکارە سیاسیەکان بەتەنها بەس نین و ناتوانن راستەوخۆ رێگری لە مافە دستوری و یاساییەکان بکەن  بەڵام هەروەکو باوە و هەمیشە وتویانە کە کورد ئەگەر لە جەنگیشدا براوەبێت بەڵام لە گفتوگۆدا دۆراوە.

 

ئاشکرایە بوجەی ساڵانە حکومەت ئامادەی ئەکات و ئەینێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران تاکو پاش گفتوگۆیەکی چر پەسەند دەکرێت. بوجەی هەر سێ ساڵی ٢٠٢٣ ، ٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥  عێراقیش بە هەمان هەنگاودا تێپەریوەو کاتێک کە پەسەند کرا نوێنەرە کوردەکان  زۆربەیان سنگیان دەرپەراندو بەدەسکەوتێکی گەورە وەسفی تێپەراندنی پرۆژەکەیان کرد، کە گوایە توانیویانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن و مووچەی فەرمانبەران لە مەترسی رزگار بکەن، لە راستیدا ئەو کاتەش کەسانێکی شارەزا هۆشداریاندا کە بوجەکە چەندین بۆمبی بۆ کورد تێدایە بەڵام وەکو هەمیشە کێ گوێ بەوردەکارەکان ئەدات و ئێمە بەردەوام حەزمان بەوەیە کە شوێنی قەرەباڵغى بکەوین و قسەیەکی خۆشی درۆ بە هەزاران قسەی راستی خەمگین ناگۆرینەوە.

 

ئێستاش ئێمە لەبەردەم هاو کێشەیەکداین، کە ئێمە مافی خۆمانە ١٢.٦٧ ٪ بوجەی عێراقمان بۆ خەرج بکرێت، بەپێی قسەی وەزارەتی دارایی عێراق بێت ئێمە ئەو پشکەمان بردووە، لە کوردەواریش قسەیەک هەیە ئەڵێت 

( گوێز بەژمارە مایەی دیارە)، 

هەرێمی کوردستان فەرمانبەری پلە باڵاو پەرلەمانتاری هەیە لە بەغداد و ئەتوانن بە ئاسانی ئەو ژمارانەیان دەست بکەوێت و بزانن کە راستە یاخود نا!!

ئەگەر راست نیە ئەوە چارەسەری ئاسانە و ئەکرێت وەزیری دارایی پەلکێشی پەرلەمان بکرێت کە زانیاری ناراستیداوەو چەواشەکاری کردووەو لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

بەڵام ئەگەر راست بوو؟ ئەبێت بزانین هۆکارەکان چین؟و چۆن چارەسەر ئەکرێت؟؟

 

ئاشکرایە ئەو رێژەیەی کە بۆ بوجەی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە لە بوجە پاش دەرهێنانی خەرجی فیدرالیە( النفقات الحاکمة) یە، واتا بوجەی هەرێمی کوردستان و  پشکەکەی ( ١٢.٦٧٪) لە خەرجی کرداریە ( الانفاق الفعلية)و ئەمەش لە مادە (١١) برگەی یەک جێگیر کراوەو لە برگەی دووی هەمان مادەشدا بە دوورودرێژی دەستنیشانی خەرجیە سەروەریەکان( النفقات السیادیة) کردووە.

 

کێشەکە لێرەوە سەرهەڵئەدات ئایا وەزیرە بەرێزەکانی کورد لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرەکانمان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەمەیان نەدەزانی؟ بۆبەسەریاندا تێپەری؟

 

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە شایستەکانیان وەربگرن، ئەوەی کە بەرپرسە لەبەردەم جەماوەری کوردستان بەگشتی و فەرمانبەرەکان بەتایبەتی نوێنەرانی کوردن لە ئەنجومەنی نوێنەران چونکە ئەوان ئەو بوجەیەیان تێپەراندووە و هەر ئەوانیش دەنگێان بە نوێنەرانی کورد داوە کە ببن بەسەرۆک کۆمار ، وەزیر و پلە تایبەتیەکان لە حکومەتی فیدراڵی.

بۆیە من بەمافی هاولاتیانی ئەزانم کە رووی دەمیان لە نوێنەرانی کورد بکەن لە پەرلەمانی عێراق، کە ئایا ئەوان بۆچی نێردراون بۆ بەغداد ؟ ئەگەر نەتوانن بەرگری لە قوتی خەڵک و مافی فەرمانبەران بکەن پێویستی مانەوەیان لە پەرلەمان چیە؟

 

چارەسەر ئەوەیە کە جوڵەیەکی هەمە لایەنە لە هەرێمی کوردستان و بەغداوە دەست پێ بکرێت و چیتر ئەم زوڵمە قبوڵ نەکرێت کە هەموو مانگێک هاتنی مووچە ببێت بە هەواڵ و موژدە،، ئەبێت کوتلە کوردستانیەکان فشار لەسەر حکومەتی فیدرالی بکەن لە رێگای وەزیرە کوردەکانەوە تاکو ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەربکرێت. لەلایەکی ترەوە پەرلەمانتارەکان واژووی پرساندن لە دژی وەزیری دارایی کۆ بکەنەوەو بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت ، ئەوە جگە لەوەی داوای یاسایی لە رێگای حکومەتی هەرێمەوە لەدادگای فیدراڵی تۆمار بکرێت. ئەمانە رێکاری یاسایین و بە شوێنی خۆیان بەڵام رێکارە سیاسی و دیبلۆماسیەکانیش نابێت لەیاد بکرێن چونکە ئەم بابەتە ئاریشەیەکی جدیەو هەشت مووچەی فەرمانبەران لە ژێر مەترسیدایە کە برەکەی هەشت ترلیۆن دینارەو بە ئاسانی پر ناکرێتەوە ئەگەر چارەسەری بنەرەتی بۆ نەکرێت.

بۆیە هیوادارین دواجار فەرمانبەران بگەن بە کەناری ئارام و چیتر هەموو مانگێک توشی دڵەراوکێی هاتنی مووچە نەکرێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×