ئەمڕۆ بەیانی لەخوێندنەوەی "نیشتمانی سارا" بوومەوە. ڕۆمانێکە لەنوسینی میران ئەبڕاهام و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەندەوە چاپکراوە و چاپی چوارەمییەتی.
لەو ڕۆمانەدا، میران ئەبڕاهام هەوڵی داوە مێژووی یەک سەدەی تەواوی جووەکانی کوردستان، بەتایبەتیش جووەکانی سلێمانی بگێڕێتەوە، لەگەڵیشیدا مێژووی ئەوسەردەمانەی سلێمانی و کوردستان، مێژوویەکی پڕلە هەوراز و نشێو، پڕلە دابڕان و ئاوارەبوون و ئازار و ئەشکەنجە، مێژوویەک لێوانلێو لە خۆزگە و کووردبوون و کێشە ئایینییە ناپێویستەکان، کە ڕەهەندەکانی تائەمڕۆش شەپۆڵ دەدەن، بێ ئەوەی بەهیچ کوێیەکمان بگەیەنن، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان باجێکی گەورەی بۆ بدەن، باجێک کە لەوانەیە چەندین دەیەی دیکەش بخایەنێت و ڕەهەند و دەرهاوێشتەکانی کۆتاییان نزیک نەبێت.
کە نیشتمانی سارام خوێندەوە، چاوەڕوانی گێڕانەوەیەکی ئاسایی و پەیوەندییەکی خۆشەویستی نێوان کوڕ و کچێک و هەندێک تقوس و ڕێوڕەسمی ژیانی جووەکان بووم لە کوردستان. چاوەڕوانی جموجۆڵی ڕۆژانەی جووەکان بووم لەڕێی پیشەکانیانەوە کەلوپەلەکانییان بەگران و دڵڕەقییەوە بفرۆشنە خەڵک و لموزیان لەبەردەم هەژاری و نەداری و نەزانیی خەڵکی سلێمانی هەڵبماڵن و بێمنەتانە و لە گەڕەکە داخراوەکەیان گەڕەکی جووەکان یان وەک ئەوەی میران ئەبڕاهام دەڵێت گەرەکی "جوولەکان"، ئاگایان لە ئێش و ئازاری خەڵك نەبێت و بۆخۆیان خەریکی ژیانی شاهانەی خۆیان بن. بەڵام لە نیشتمانی سارادا، ڕێک پێچەوانە بوو.
نەمدەزانی کوردبوون لەژیانی زۆرێک لەو جوانە ڕیشەدار و ئیشقە. هەروام دەزانی کووردبوون و نیشتمانێک بەناوی کوردستان بۆ جووەکان گرنگ نیە. نەمدەزانی، ئەوان سلێمانی وەکو دایک دەبینن و بەخوێن و گۆشت تێکەڵ بەو خاکە بوون. نەمدەزانی ڕۆژانە دادەبەزنە ناو خەڵک و تێکەڵ بەبازاڕی سلێمانی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك دەبن. نەشمدەزانی کە کورد بەهۆی هاوئایینیی و سەردەستەیی تورکە عوسمانییەکان هێندە وابەستەی تورکەکانن و هێندەش دڵڕەق و زبر لەگەڵ هاونیشتمانیی و هاوشارییە جووەکانیان. هەر ئەوەش بوو جووەکان بە کوردە موسوڵمانەکانییان دەگوت "کوردە موالییەکان"، چونکە وابەستەی تورکەکان بوون، چونکە خۆشیان بەلاوە کورد بووە و ناسنامەی کوردبوون بۆیان گرنگبووە.
دەکرا نیشتمانی سارا بکرێت بە چوار تا پێنج رۆمان زیاتر، هێندە ئاڵۆز و پازدانی مێژوویی تێدان، هەندێک جار لەناو ڕووداوەکاندا ون دەبین، لەوانەیە جارێک بەس نەبێت بۆ خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە، بۆ ئەوەی بەوردی و تا کۆتایی هەموو سەرەداوەکان بەدەستەوە بگریت و لەناویاندا سەرت لێنەشێوێت. بەڵام هەر لەگەڵ دەسپێکی جەنگی یەکەمی جیهان و دواتریش سەرهەڵدانی نازیزم، پڕوشک و شەپۆڵەکانی دەگەنە کوردستانیش و دژەجووبوون دەبێتە دیاردەیەک کە تائەوڕۆش جینگل دەدات، تائەوڕۆش بەهۆی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و حەماس، جارێکی دیکە بەرەوهەڵکشان دەچێت و شەپۆڵەکانی ئەوڕوپا و ئەمریکا و زۆر سەرزەویدیکەش دەگرێتەوە.
ئایین، دەبێت سەرچاوەی سۆز و بەزەیی بێت لەنێوان مرۆڤەکان، بەچاوپۆشین لە جیاوازییە ئایینییەکان، بەڵام زۆرجار غروری زۆرینەبوون و خۆبە ئوممەتی ڕزگاربووزانین و هەموو ئەوانی دیکەش بە گومڕا و گاور و پیس و ئاوەگر زانین، پەیوەندییەکان دەخەنە سەر لەپی عیفریت. نەک هەر ئەوە، وەکو لە لاپەرە (53)دا دەڵێت "مەلاکان چاوساغ و داردەستی سەربازە تورکەکان بوون و ماڵ بە ماڵ لەگەڵیاندا دەگەڕان"، تادەگاتە "بێجگە لەوەیش ئەو ماڵەی لە دوو ژەم زیاتر خواردنی تێدا بوایە لێیان دەسەندن و بۆ بەرەکانی جەنگیان دەنارد، لەو چوار ساڵەی سەردەمی گرانی و جەنگدا، گەلێک لە شێخ و مەلاکانی شاری سلێمانی لەلایەن سوڵتانەوە خەڵات کران، هەندێکیان بەمەدالیای زێڕ و ئەوانی تر دوای جەنگ خەرجیی چوونی حەجیان بۆ کرا". لەسەر ئەو بنەمایەش جووەکان هەمیشە ترس و لەرزیان لەو مەلایانە بووە کە بۆ ئافەرینێک و خۆنزیککردن لە دەستەڵاتی ئەوکاتەی تورکەکان بۆیان ئاسایی بووە جووەکان بەگرتن بدەن.
ڕاستی کە ئەو بڕەگەیەم خوێندەوە، ڕێک گێڕانەوەیەکی باپیرەی خۆم "مەلا سادقی گرتکم" بیر هاتەوە. کە ڕووسەکان دەگەنە کوردستان، شەڕێکی خوێناوی ڕوویداوە لەنێوان ڕووس و تورکەکان، بەڵام ئاشی ئەو جەنگە تەنها لاوە کوردەکان و جەنگاوەرانی کورد بوون. باپیرەم دەبێتە یەکێک لە خۆبەخشەکانی ئەو جەنگەی دژ بە ڕووسەکان. دەیگوت تا نەبوومە خۆبەخش و چەکم لەشان نەکرد، تورکەکانم نەدەناسین. هەروام دەزانی موسوڵمانن و جیاکاری لەنێوان خۆیان و کورددا ناکەن. بەڵام هەر لەوکاتەوە تێگەیشتم کە ئەوانە هەرچی ئیمان و ئیسلامە بستێک لە پەنجەی پێکانیانەوە بەسەرنەکەوتووە. ئەوانەش کە فریوی برایەتی ئیسلامەتیی تورکەکانییان دەخوارد، گەمژە و نەفام بوون، نەیاندەزانی ئەوەی تورکەکان لەکوردستان دەیکەن نە ئیسلامە و نە برایەتی و نە دۆستایەتی، بەڵکو ئەوان لە ڕووسەکان غەددارتر و بێباوەڕتر و دوژمنترن بۆ خەڵکی کوردستان:
ئەو هەمیشە یەک ڕووداوی دەگێڕایەوە بۆ ڕاستی قسەکانی خۆی، ئەویش سووتاندنی قشڵەی گەورەی حاجیئۆمەران بوو. دەیگوت کە ڕووسەکان کشانەوە و ئێمەی خۆبەخش گەیشتینە حاجیئۆمەران، لەوشەرەدا هەرچی ناوی تورک بوو نەماندیتن. شەرەکە تەنها ئێمەی کورد کردبوومان. لەقشڵەی حاجیئۆمەران ئەرزاقێکی زۆر زۆر هەبوو، لەکاتێکدا کە خەڵك لەبرسان دەمردن. تورکەکان دوور و نزیک هەستیان بکردبایە لە ماڵێک گەنم یا هەر جۆرە خۆراکێک هەیە، دەستیان بەسەردا دەگرت، ئالەوکاتەدا بینیمان ئەو قشڵەیە لێوانلێوە لە خۆراک، لەگەنم و برنج و نیسک و نۆک و گەنمەشامی و زۆر جۆری دانەوێڵە. دەیگوت راستەوخۆ لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆ ئەوەی خەڵک ناونوس بکرێت و بەسەریاندا دابەش بکەین. بەڵام بەداخەوە لەو کاتەدا مەفرەزەیەکی سەربازە تورکەکان گەیتشنە ئەوێ و هەرکە ئێمەیان دیت، خەریکی دابەشکردنی دانەوێڵەین بەسەر خەڵکدا، یەکسار هەموویانی دوورخستنەوە و لەبەرچاوی ئێمە قشڵەکەیان ئاگردا. مەلاسادق هەر لەو ڕۆژەوە چەکەکەی فڕێدەدات و دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی و شایەتمان بەوەدێنێت کە تورک هیچ پەیوەندییان بە ئیسلام و بە کوردەوە نیە.
لەو بیرەوەرییەمدا دەگەڕامەوە ناو ڕووداوەکانی نیشتمانی سارا و تێبینی ژیانی جووەکانم دەکرد، لەماوەی یەکسەدەی تەواوەوە لەناو جیاکارییەکی بێزراودابوون. هەرلەبەر جیاوازیی ئایینیانەوە لەژیانێکی کولەمەرگیدا بوون. هەمیشە حیزی و سەلامەتییان قبوڵ بووە، قبوڵیان بووە جوێنیان پێبدرێت و سوکایەتییان پێبکرێت بەڵام لێیانبگەڕێن بژین. لەهەمان کاتیشدا شانازیان بە کووردبوون و زمانی کوردییەوە کردووە. ئەم شانازییەش لەو جموجۆڵانەیاندا دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکی نزیکییان بەشاعیر و ڕۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمەوە هەبووە، لەوانەش کە لەڕۆمانەکەدا ناویان دێت عەبدوڵا زێوەر، جەمال عیرفان، حەمەدەمین زەکی ئەفەندی و تێکەڵبوونیان لەگەڵ بزاڤی ڕۆشنبیری کورد و گۆڤاری ڕۆژی کورد لە سلێمانی و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی "درەنگبێت یا زوو ڕۆژی کورد هەردێت" (ل.82).
چیڕۆکی جزیەدان لەڕۆمانەکەدا چیڕۆکێکی پرلەئازاری دیکەیە، کاتێک بەئەمری تورکەکان دەستەڵاتی سلێمانی بەسەر هەموو جووەکانیدا دەسەپێنێت جزیە بدەن، گێڕانەوەکە درێژە، "حاجی سەید حەسەن" ناوێک دەبێتە حاکمی شار. شێخ قادری حەفید دەچێتە دوکانی خاییم و بە خاییم دەڵێت "لەمە بەدواوە ئێوە لەزیممەی ئەودان" (ل.114). لەمەودوا جەنابی شێخ حاجی سەید حەسەن داوا دەکات دەبێت "جزیە بدەین". یان دەبێت شەکر و چای دیوەخانەکەی جەنابییان دابین بکەین. لەبەرامبەریشدا سەروماڵی ئێمەیش لەئەستۆی جەنابی شێخ حاجی سەید حەسەنە. بەڵام کاتێک کە ژمارەیەک پیاوماقڵی جووەکان دەیانەوێت سەردانی شێخ مەحمودی حەفید بکەن لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی، پاسەوانەکان تفەنگیان لێڕادەگرن و پێیان دەڵێن "بە ئەمری جەنابی شێخ حەسەن ئێوەی جوو ڕووی ئەو مەجلیسەتان نیە" (ل.119).
تێبینییەکی دیکە، کە زۆر گرنگە و لە نیشتمانی سارادا ڕەنگی داوەتەوە، دەنگوباسی بزووتنەوەی زایۆنیزمە، کە هەرلەسەرەتای سەدەی بیستەم و لەسەرووبەندی جەنگی یەکەمەوە، هەوڵەکانی خۆی چڕکردنەوە بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە جووەکانی دونیا، زۆرینەی جووەکانی کوردستان ئەو هەوڵ و دەنگوباسانەیان پێخۆش نەبووە. نەیانویستووە لەنیشتمانی خۆیان هەڵبقەنێن و کۆچ بکەن. هەر بۆیەشە، چالاکوانە جووەکان کۆدەبنەوە و پارتێک دروست دەکەن بەناوی پارتی خەڵتووز بۆ دوو مەبەست، یەکەمیان وەک ئەوەی حەسۆ میکائیل دەڵێت "ئێمە ئەوەیش دەزانین، کە هاوڕەگەزە زایۆنیستەکان دژمان دەوەستنەوە، چونکە ئێمە دەمانەوێت لەسەر زێدی باو و باپیرانمان وەک جوو بمێنینەوە و بەرگری لەخۆمان بکەین" (ل.190). هەر بەهەمان ئاڕاستەش، چالاکوانە جووەکان ئەو پارتەیان دروست کردووە "تاکو ڕێگا بە کوردە مەسیحی و موسوڵمانەکان بدرێت لە خەڵتووزدا ببنە ئەندام، لەو رێیەوە بتوانین پێکەوە خۆمان لە پلانی عەرەبە شۆفینیستەکان بپارێزین" (ل.191). کە ئەوکاتە عەرەبەکان لە بەغدا فشاری زۆریان لەسەر جووەکان دروست دەکرد و هەر لەو سەین و بەینەشدا پەلاماری فەرهوود لە 1941 ئەنجام درا، کە لەخودی خۆیدا هۆلۆکۆستێکی بچووکراوەی جووەکانە لە بەغدا.
وێستگەی سەرنجڕاکێش لە ڕۆمانەکەدا زۆرن. بۆدواجار جووەکانی کوردستانیش بەپلانێکی عەرەبە شۆفینیستەکانی بەغدا، حاکمەکانی شارەکانی کوردستان ناچار دەکەن جووەکان دەرپەڕێنن و کۆچیان پێبکەن. ئێش و ئازارێکی زۆر و زیانێکی زۆریش بەو جووانە بگەیەنەنن کە ڕەگوڕیشەیان لەقوڵایی مێژووەوە لە کوردستاندا هەبووە و ژیاون. بەکۆڵێک ئازارەوە کۆچیان پێدەکرێت. بەڵام سارا لەگەڵ سالاری هاوسەری کۆچ ناکەن و سالار تێکەڵ بە کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەبێت و دواییش دەبێتە پێشمەرگە. سارای خێزانیشی بۆدواجار لەگەڵ خۆی دەبات، بەڵام سارا خان لەناو شاخەکانی کوردستان گیان بەخت دەکات و هەرلەوێش جەستەی تێکەڵ بەخاک و خۆڵی کورداستان دەبێت و بۆهەتا هەتایە کوردستان وەکو نیشتمانی سارا دەمێنێتەوە.
میران ئەبڕاهام لەڕۆمانەکەیدا دەیەوێت بە هەمووان بڵێت "ئێمەش لێرەبووین"، ئێمەش دڵمان خۆش بوو بەو کوردستانە، بەڵام بۆدواجار ڕق و جیاکاری ئایینی، جووەکانی ڕەتاند و لەماڵ و موڵک و نیشتمانەکەی خۆیان دابڕێندران.