ڕۆڵی  پەروەردە بۆ گرنگی و ھاندانی خوێندنەوە 

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2025-06-02     298

لەناو ھەر کۆمەڵگەیەکدا خوێندنەوە بەشێکی گرنگ و دیاری ژیانی مرۆڤەکانە. ئەم کردارە تەنھا خوێندنەوەی وشە و دەق نییە، بەڵکو پەنجەرەیەکی فراوانە بۆ ناسینی جیھان و پەرەپێدانی بیر و ھزر.
دەکرێ خوێندنەوە وەک خولیا و حەزێک لێی بڕوانرێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ ھەر بابەتێکی یان زانیاریەکی کە  مەبەستی ھەبێت لەڕێیەوە دەستی بکەوێت.
خوێندنەوەش دەکرێ پۆلێن بکرێت بۆ تەمەنی جیاواز، چونکە بەپێی تەمەنی مرۆڤەکان واباشترە ڕەچاوبکرێت، بەنمونە خوێندنەوە بۆ تەمەنی مناڵان پیویستە خولیاو خەون و ئەندێشەی ئەوان لەخۆبگرێت و دووربێت  لە  توندوتیژی و ئازاردان، دەکرێ پەروەردەیی بێت و ھانیان بدات بۆ ڕێزگرتن و خۆشەویستی و ھاوکاری  و سۆزو میھرەبانی بەرامبەر مرۆڤ و گیانداران.
ئەو دەقانەی بۆ مناڵان دەونوسرێن پێویستە بەزمانی سادە و ساکار بنوسرێن، وابێت کە بەئاسانی لێی تێبگەن و چێژبەخش بێت، جادەقەکان چیرۆک یان شیعر و پەخشان (داڕشتن) بن لەھەمانکاتدا پێویستە ڕەچاوی  ئاستی گەشەی بیرو لایەنی کۆمەڵایەتی و دەرونی و پەروەردەیی بکرێت.
بێگومان ناکرێ ڕۆڵ و کاریگەری و بایەخی  پەروەردە  بە ھەند وەرنەگیرێ لە  پرۆسەی  ئاراستەکردنی تاک  بۆ خوێندنەوە، ئەو کاریگەرییە یان ڕاستەوخۆ دەبێت یان ناڕاستەوخۆ ڕۆڵ دەگێڕێت.
خوێندنەوە چەندین سوودی گرنگی بۆ مرۆڤ ھەیە لەوانە:
١. پەرەپێدانی زانست و زانیاری: خوێندنەوە دەرگایەکی فراوانە بۆ فێربوون و ناسین و زانستی نوێ. مرۆڤ لەڕێگەی خوێندنەوەوە دەتوانێت لە بوارە جیاوازەکاندا زانیاری وردی پێ بگات و گەشە بە زانستی خۆی بدات.
٢. فراوان بوونی ھزر و بیرکردنەوە: کاتێک مرۆڤ دەخوێنێتەوە، توانای بیرکردنەوەی گەورەتر دەبێت. خوێندنەوە مێشک بەردەوام چالاک دەکات و بیرکردنەوەی ئەقڵانی و رەخنەگرانەی پەرە پێدەدات.
٣. دروست بوونی ھەستی داھێنان: زۆرێک لە داھێنەران و نووسەران لەڕێگەی خوێندنەوەوە توانای داھێنانی خۆیان گەشە پێ داوە. خوێندنەوە بیری مرۆڤ فراوان دەکات و ھەستی داھێنان بەھێز دەکات.
٤. کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی: خوێندنەوە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ تێگەیشتن لە ھەستەکان، ژیان و بارودۆخی کۆمەڵگە. ھەروەھا خوێندنەوە  یارمەتی مرۆڤ  دەدات بۆ فراوانکردنی تێگەیشتن و ھاوسۆزی  لەگەڵ  کەسانی  دیکەدا.
٥. دەوڵەمەندکردنی زمان: بەردەوام خوێندنەوە یارمەتی مرۆڤ دەدات زمانی خۆی بەھێز بکات، زاراوەی نوێ فێر بێت و بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر بیر بکاتەوە و دەربڕینی باش بکات.
٦. خۆپاراستن لە نەزانی: خوێندنەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی مرۆڤ لە نەزانی دوور بکەوێتەوە و زانیاری دروست وەربگرێت. ھەر چەندە زیاتر بخوێنیتەوە، ئەوەندە زیاتر لە ھەڵە و چەواشەکاری دوور دەکەویتەوە.
٧. پاراستنی تەندروستی دەروونی: خوێندنەوە چالاکییەکی گرنگی دەروونییە کە مرۆڤ لە باری دەروونی ساغ و گونجاو ڕادەگرێت. ھەروەھا دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی خەم و پەژارە بدات.
بۆیە دەبێت ھەموومان گرنگی بە خوێندنەوە بدەین، کاتی پێویستی  بۆ تەرخان بکەین و ببینە خوێنەرێکی بەردەوام و چالاک. خوێندنەوە گەنجینەیەکی بەنرخە کە ھەرگیز بەسەر ناچێت و ھەمیشە سوودی ھەیە.
لەم کات و ساتەدا بەھۆی گەشەکردنی بەربڵاوی تەکنلۆژیاو تۆڕەکانی پەیوەندی و کۆمەڵایەتی، لەئێستادا خۆیندنەوە زیاتر لەم تۆڕانەدا کارایە و ڕۆڵی کتێب کەمبۆتەوە، بەڵام چێژی خوێندنەوە بۆ خوێنەر ھەمیشە لە کتێبدا کاریگەرتر و خۆشترە لەڕووی دەرونیەوە، ھەرچەندە تۆڕەکان ئاسانتر زانیاری و بابەتی ویستراو دەخەنە بەردەست.
لەسەر خێزان پێویستە ھەوڵی ئاراستەکردنی مناڵەکانیان بدەن بۆ خوێندنەوە، بە کردار واتە چاولێکردن و لاسایی خۆیان لە مناڵیەوە، بەھۆی ئەوەی کتێبخانە لەماڵەکانیاندا ھەبێت و لە دیار چاوی ئەوان کاتی دیاریکراو دابنێن بۆ خوێندنەوە، تا ئەوانیش چاویان لێبکەن و بەشێک لەکاتەکانیان بۆ خۆیان بەخوێندنەوە تەرخان بکەن، ھەوڵیش بدەن لەکتێبخانەدا بابەتی گونجاوی تێدابێت بۆ تەمەنی ئەوان، تا تامەزرۆیی و خواستیان زۆرتر بێت و ھاندەر بێت بۆ بەردەوام بوون  لەسەر خوێندنەوەی کتێب.
دەکرێ پەروەردەش لەڕێگەی بابەتەکانی ناو پرۆگرامەکانی خوێندن گرنگی بە ھاندان بۆ خوێندنەوە بدات، لە ڕێگەی چیرۆک و ھۆنراوە و بابەتی پەند و ژیانی ناودارانی جیھان، تا بکرێنە وانەی ژیان و ئاراستەی تاک بەرەو خۆشەویستی کتێب بکرێتە ئامانج.
لای زۆربەی نوسەران و کەسانی ناسراو و ناوداری جیھان، خوێندنەوە جێی بایەخ بووە و گرنگیان پێداوە و لەسەر خوێندنەوە بۆچون و ڕای خۆیان دەربڕیوە، چەند کەسێک لەوانەی کاریگەریان بەسەر مرۆڤایەتیەوە ھەیە دەھێنمەوە کە لەسەر خوێندنەوە وتەی بەجێ و بەنرخیان وتوە، وەک ئەمانەی خوارەوە:
١. ماھاتما گاندی وتوێتی:
"کتێب باشترین ھاوڕێیە، ھیچ کاتێک بێدەنگ نابێت و ھەمیشە فێرت دەکات"
٢. ئەلبێرت ئەنیشتاین:
"ئەگەر تۆ دەتەوێت زیرەک بیت، با کتێب خوێندنەوە ھاوڕێت بێت. کتێبەکان گرنگترین جۆری پەروەردەن."
٣. مالکۆم ئێکس:
"خوێندنەوەی کتێب، شۆڕشی مێشکی منی بەڕێوەبرد. کتێب چەکی ھزری مرۆڤەکانن بۆ گۆڕانکاری."
٤. نێڵسۆن ماندیلا:
"کتێب و خوێندنەوە دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. کاتێک مرۆڤ دەخوێنێتەوە، دنیایەکی نوێ دەناسێت."
٥. ستیڤن کینگ:
"خوێندنەوە مانای گەشتکردن بەبێ ئەوەی شوێنی خۆت جێ بھێڵیت."
٦. مەحمود درویش :
"کتێب پردی نێوان مرۆڤەکانە، ئەو پردەی کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت."
    ماریا تریزا :

"کتێبەکان تاکە شوێنن  کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت ھەموو کاتێک فشار وناخۆشیەکانی  ژیان لە بیر خۆی بباتەوە."

سەرچاوە:
بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لەچەند ماڵپەڕێکی عەرەبی و وتەی ناوداران لەسەر خوێندنەوە، وەرگرتووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×