بارزانیی؛ گۆڕانکارییەکانی جیهان بە قازانجی پرسی کوردە. بەڵام شەڕی سیاسیی و دبلۆماسیی و قۆزتنەوەی دەرفەتەکان لە پێناو دۆزی کورد، لێزانینی دەوێ و، لە شەڕکردن لە دژی چەکی کیمیاویی، سەخترە. چونکە چەکی کیمیاویی بەشێک لە میللەتەکەتی شەهید کردو دەکا. بەڵام نەقۆزتنەوەی دەرفەتەکان لە کاتی خۆیداو، نەزانینی سیاسیی-دبلۆماسیی؛ چارەنوسی گشت میللەتی کورد بۆ سەردەمانێکی دورودرێژ لە ناو دەبات! وەک چۆن شێخ مەحمود لە سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانیی، بوە جیهادکاری دەوڵەتی عوسمانیی و چارەنوسی کوردی بە بادا، بەڵام بنەماڵەی شەریفی مەکەی دژە دەوڵەتی عوسمانیی، بونە حوکمڕان لە دوای ڕوخانی عوسمانییەکان! واتە: دەرفەت دەبێت لە کاتی خۆیدا کتوپڕ بقۆزرێتەوە!
بارزانیی؛ چەند ڕۆژێکە بەغدا بەردەوام هەر لە سەرۆک هۆزەکانی بەسرە تا سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی موسڵ، کە ئەوانەی موسڵ زۆربەیان عەرەبی داگیرکەر و هاوردەن، دەنێرێتە لات. بەو ئامانجەی کە بەغدا وا لێت دەڕوانێت کە تۆ کەسێکی: ناسیۆنالیست-خێڵەکییت، نەک ناسیۆنالیستی مۆدێرن یان ناسیۆنالیستێکی کلاسیک! تۆ دەتوانیت بیسەلمێنیت کە بەلای کەمەوە دەتوانیت ببیە: ناسیۆنالیستێکی کلاسیک! بەو مانایەی هیچ شتێک کارت لێناکات و دەرفەتەکە کە دێتە پێش؛ دەیقۆزیتەوە!
دەبینین چۆن ئۆکرانییە نیشتیمانپەروەرەکان، لە پێناو ڕزگار کردنی نیشتیمانەکەیان، حەشر بە ڕوسیای داگیرکەر دەکەن. ڕاستە پشتیوانی ئەمریکاو ئەوروپایان لە پشتە. بەڵام ڕۆحی ڕزگاریی نیشتیمانیان لە ترۆپک دایە. بەو مانایەی ئاڵوگۆڕەکان بە ئاسانیی کوتاییان نایەت و، ئەم کابینەیەی ئەمریکا بە جۆرێک بەنهێنیی پشتیوانی ئۆکرانییەکانە کە گورزی مێژویی کەمەرشکێنیان لە ناو جەرگەی ڕوسیا، لە پاڵ دەزگای هەواڵگری ڕوسیا، لە ڕوسەکان د!! واتە: میللەتانی ڕزگارییخواز دەتوانن بە تەکتیکی جەنگیی گونجاو، تەنانەت زلهێزترینەکانیش، گیرۆدە بکەن!!
کەوابو، بارزانیی؛ پاشەکشە مەکە. ئەوەی تەیف سامی بە فەرمانی ڕاوێژکارە ئێرانییەکان، نوسیویەتیی، نیشانەی کاردانەوەو ترسی ئێرانە لە پرۆژەکەی مەسرور و ئەمریکا!
من ئەکادیمییەکی بێلایەنم و زانیاری ناو کۆبونەوەکانم نییە. بەڵام ئەگەر مەسروری کوڕت دڵنیایە کە ئەمریکا پشتیوانی کوردەو ئەو دو پرۆژەی گازە بەرهەم دەهێنێت؛ تکایە سازش و پاشەکشە بەرانبەر بەغدا مەکەن و نەفەس درێژ بن! چونکە بەرەی ڕوس-ئێران لە داڕوخاندان. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە دۆخی خەڵک و موچەی فەرمانبەران پشتگوێ بخەن، کە لە دێڕەکانی خوارتر دا ئەو پرسەش وردتر دەکەمەوە.
ئەم دەرفەتە جیهانییەی کە بۆ ئەمریکا، ئەوروپا و، ئیسرائیل، هاتۆتەپێش؛ بە ئاسانیی کۆتایی بە بەریەککەوتنەکان و ململانێکان ناهێنن! ڕوسیایەک کە بوەتە گەمەی دەست ئۆکرانییەکان؛ چۆن ئەمریکا ئەم دەرفەتە لە دەست دەداو، بە ئاسانیی کۆتایی بە شەڕەکە دێنێ!؟ بەو مانایەی کە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕ، یان سازشی گەورەی ڕوسیا بونی دەبێ، ئەوەش زلهێزتربونی ئەمریکاو ئیسرائیل و، زۆر گۆڕانکاری تر دەگەیەنێ!
بارزانیی؛ با یەکێتیی نیشتیمانیی، هەزار سەرە بێ و، سەر بە بەغداو تارانیش بێ و، هەواڵدەری ئینگلیزیش بێ!! بەڵام پاشەکشە مەکە. پلانی خۆت جێ بەجێ بکە. ئیبراهیم ئەحمەد لە ١٩٦١ دژی شەڕ بو و پێیوابو: "کورد توانای بەرگری هێرشی سوپای عێراقی نیەو، بەرگەی شەڕی سوپای بەغدا ناگرێ". مەلا مستەفا بە شەڕ سەرکەوتو بو، بێگومان بە پشتیوانی ئیسرائیل!
بە خوا لە مردن ناترسم؛ چونکە خۆم بە پاک دەزانم و زەرەرم بۆ کەس نییە. لەم جیهانەدا بەرژەوەندیشم لەگەڵ کەس نییە. بەڵام لەوە ئەترسم؛ تۆ بەبێ پلان و ستراتیژێکی ڕون و مەبەستدار، تەنیا بە میزاج هەڕەشە لە بەغدا بکەیت!! یان تەنیا لە پێناو مەسروری کوڕت و، وەک زەمینەخۆشکردن بۆ هەنگاوە دبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەمریکا؛ هەڕەشەت کردبێ!
بارزانیی؛ ئەگەر ستراتیژێکی تۆکمەو ڕونت نییە؛ بیکە خاتری خوا هەڕەشە لە بەغدا مەکە. چونکە بەوە هەم داگیرکەران بە ئاگادێنیتەوە دژی میللەتە خوێناوییەکەمان و، هەمیش دەرفەتەکان ،کە دێنە پێش، لە دەست دەدرێ و، میللەتەکەمان باجی دەدا!
ئەگەر ستراتیژێکی تۆکمەو ڕونیشت هەیە؛ دەیڵێمەوە پاشەکشە مەکەو سازش بۆ بەغدا مەکەن. نوسراوەکەی تەیف سامی، بە پێنوسی ڕاوێژکارانیی ئێرانیی، سەلمێنەری ئەوەیە؛ ئێران-عێراق ترسێکی گەورەیان لە پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی کوردو، قۆزتنەوەی دەرفەتەکانی داهاتو لەلایەن کورد، هەیە.
ئەی بارزانیی! تەنیا هۆکار کە کورد لاواز بکات: نغرۆبونی پارتیی و یەکێتییە لە گەندەڵیی دا! ئەگینا نەتەوەی مەزنی کورد؛ هوشیارو خۆڕاگرەو، تا ئەندازەیەکیش بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتو ئامادەیی هەیە لە دژی ئیمپریالیزمی فارسی نازیی، ئیمپریالیزمی تورکی تورانییەت و، ئیمپریالیزمی عەرەبی فاشیست، لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان.
ئێستا، پارتیی و یەکێتیی بونەتە دوکانێک بۆ ئەو کەسانەی ناو یەکگرتو و گۆڕان کە ئێکسپایەر بون. بۆیەشە ئەوانە ڕو دەکەنە پارتیی و یەکێتیی بۆ فەراهەمکردنی پۆست و پارە! واتە: تەنانەت یەکێتیی و پارتیی لە بەرانبەر کەسوکاری شەهیدەکانی خۆشیان، سپڵەن. بەڵام بۆ ئێکسپایەرەکانی یەکگرتو و گۆڕان کە ڕویان تێ دەکەن: قاسەیەکی بێ بنن! مەبەستمە بڵێـم: بێهیوایی میللەتی کورد لە یەکێتیی و پارتیی، بە ڕۆشتنی ئێکسپایەرەکانی ناو یەکگرتو و گۆڕان بۆ ناو پارتیی و یەکێتیی، چارەسەر نابێ!
بە هۆی دەسەڵاتی گەندەڵیی پارتیی، یەکیتیی و حیزبە تێوەگلاوەکانی تر، گەندەڵترین و ئایخترین دەسەڵاتداری عەرەبی فاشیستی بەغدا، بەردەوام دەکەنە ژمارەیەکی ترێند بەسەر کوردەوە. ڕۆژگارێک، میدیاکانی تۆ و جەلال تاڵەبانیی؛ ئیبراهیم جەعفەریی و ئینجا نوری مالیکییتان بە فاشیست ناودەبرد کە لە بەغدا حساب بۆ مام جەلال و مافەکانی کورد ناکەن و، سەردەمێ عەبادیتان بە ڕەیسیست ناودەهێناو، ئەم دەورانەش تەیف سامیی! لەکاتێکا، هەر هەمویان کارمەندی ئێرانن لە عێراق و، هەر هەمو عەرەب، فارس و تورکیش خاوەن هەمان تایبەتمەندیی فاشیستانەن بەرانبەر بە بەهێزبونی پێگەی کورد یاخود بە دەوڵەتبونی کوردستان!
بردنی بەردەوام و کۆتایی نەهاتوی ئەو هەمو ملیاران دۆلارەی قوتی میللەت لەلایەن سەرکردەکانی یەکێتیی و پارتیی و کۆمپانیاکانیانەوە، ئەوە دەهێنێ کە ئێستا حیزبەکانتان بونەتە مەخسەرەی سروە عەبدول واحیدەکان و مناڵە وردکەی سەر جادە!؟ دە لە شوێنێکا بیوەستێنن، دە لە ئاستێکدا تێر ببن! هەتاکەی تێر ناخۆن؟
بارزانیی، تو ویژدانت؛ تۆ لەگەڵ دەیان "پڕۆفیسۆری ژمێریاری"ی دەتوانن ژمارەی موڵک و کۆمپانیاو سەروەت و سامانیی کوڕەکانت و برازاکانت، کوڕەکانی جەلال تاڵەبانیی و برازاکانیی، کوڕ و کچەکانی ئیبراهیم ئەحمەد و نەوەکانیان، بە دروستی بژمێرن!؟ لە کوێیان هێناو، بە چی تێر دەخۆن!؟
تۆ و جەلال تاڵەبانیی و نەوشیروان، هەستان دەیان هەزار ئەفسەر و سەربازی سوپای فاشیستی عەرەبتان لە ١٩٩١ ئازاد کرد کە هەزاران کچی کوردیان ئەتک کردبو، کە ئەنفال و کیمیابارانی کوردیان کردبو. کەچی هەر بە فەرمانی ئێوە "تۆ و تاڵەبانیی و نەوشیروان" هەزاران لاوی کوردتان لە شەڕی ناوخۆ ڕەمیی کرد، بەشێکیان تەنیا بەهۆی ڕەنگی سەوز و زەردی جلوبەرگەکانیان!
بارزانیی؛ لە مێژوی کام نەتەوەدا هەبوە، وەک تۆ و جەلال تاڵەبانیی و نەوشیروان، هەزاران ئەفسەری فاشیست-خوێنڕێژی نەتەوەکەی ئازاد بکات؟ ئەو کردەوانەتانە کە عەرەبتان فێرە کوردی مەزن، کرد! سەرکردەی ناسیۆنالیست ئەبێت ڕەمیکاری داگیرکەرە-خوێنڕێژەکانی سەر خاکەکەی بێت! دەبینین هەمو عەرەب و فارس و تورک لە ئیسرائیل دەترسن؛ چونکە ئیسرائیلییەکان دەستیان لێ ناپارێزن. ئەگەر تۆ و جەلال و نەوشیروان دە هەزار فاشیستەکانی سوپای عەرەبتان لە ١٩٩١ ڕەمی بکردبا، تا هەتایە عەرەب لە کورد دەترساو، داگیرکەرانی فاشیست کوردییان وەک "تۆڵەسێن" دەناسیی.
بەڵام تۆ و جەلال و نەوشیروان، بە ناوی "میهرەبانیی و بەخشندەیی کوردەوە" ئازادتان کردن. ئەی بۆچی تۆ و تاڵەبانیی و نەوشیروان لە شەڕی براکوژی ناوخۆ بەرانبەر ڕۆڵەی کوردی هەژار میهرەبان نەبون!؟ لەکاتێکا میهرەبانیی بەرانبەر فاشیستەکان؛ یان ترسنۆکییە، یاخود ئۆپۆرتۆنیستبون و بەرژەوەندیخوازییە! واتە: بەهۆی بەرژەوەندییە حیزبییەکانی یەکێتیی و پارتیی لەگەڵ بەعس، ئەو دەیان هەزار فاشیستە دڕندەیەتان بەرەڵا کرد! بەردەوامیش عەرەبتان فێری کورد کردوە! کەوابو؛ ئێوەی پارتیی و یەکێتیی بەرانبەر ئیمپریالیزمی عەرەب، ئیمپریالیزمی فارس و، ئیمپریالیزمی تورک، هەر هەمان کەسەکانن و، هەر هەمان حیزبەکانیشن!!
بارزانیی، ئایا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە چیی و لە کێ؛ بێهیوابون و ساردبونەتەوە؟
خەڵک لە دژایەتی داگیرکەری ئیمپریالیزمی عەرەبی فاشیست، ئیمپریالیزمی فارسی نازیی و، ئیمپریالیزمی تورکیی تورانییەت، ساردنەبونەتەوە. خەڵک بێهیوابون لە ئاست تێرنەخواردنی نەوەکانی بنەماڵەی بارزانیی، نەوەکانیی بنەماڵەی تاڵەبانیی و، نەوەکانی خانەوادەی ئیبراهیم ئەحمەد، کە بە بردنی ملیاران دۆلاری قوتی میللەت و، هەبونی هەزاران موڵک، کارگە، کۆمپانیاو، میدیا، هەر تێر بونیان بۆ نییە! لەکاتێکا زانست سەلماندویەتی؛ هیچ جۆرە حوتێک نییە لە زەریاکاندا کە تێر نەبێت!
بارزانیی؛ ئایا لە تەنگانەتان دا، ئەو ژن و پیاوە ئێکسپایەرانەی یەکگرتو و گۆڕان، کە لە پێناو پۆست و پارە، ڕو لە ئێوەو یەکێتیی دەکەن دەگەنە فریاتان؟
یان نەخێر، نەتەوەپەروەرەکانی وەک من و ڕۆڵەکانی میللەتە کە دژی ستەمکاریی ئێوەو یەکێتیشین؟ دژی هەمو جۆرە ستەمکارییەکین!
بێگومان ئەو میللەتە مەزنە کە دژی ستەمکاریی ئێوەو یەکێتیین، بە پلەی یەکەم و بە توندی دژی ئیمپریالیزمی عەرەبی فاشیستن و، کیمیابارانکردن، ئەنفالکردن، عەرەباندن و، داگیرکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان هەرگیز لە یاد ناکرێ. بەڵام خۆ ئێوەی پارتیی و یەکێتیی پێویستە سنورێک بۆ بردنی سامانی میللەت لەلایەن سەرکردەکانتانەوە دابنێن. کام زەوی و موڵک هەیە لە سلێمانی کە کۆمپانیاکانی بنەماڵەی تاڵەبانیی و خانەوادەی ئیبراهیم ئەحمەد پشکیان تێیدا نەبێ و دەستیان بەسەرا نەگرتبێ!؟ کام ئاپارتمان لە هەولێر هەیە کە پشکی یەکێک لە سەرکردەکانی پارتیی و نەوەکانی بارزانیی تێدا نەبێ، ئێ دە بارزانیی لە سنورێکدا هەر هیچ نەبێت لە زۆنی نفوزتەوە؛ بیوەستێنە!
ئیمپریالیزمی عەرەبی فاشیستی شیعەی عێراق، کە لە ژێر فەرمانی ئیمپریالیزمی فارسی نازیی دان، شادەماری مژینی خوێنی کوردیان پێ ئاشنا کراوە. بە قسەی شێخ جەعفەر، عادل موراد ئەو شادەمارەی مژینی خوێنی کوردی بە فاشیستانی بەغدای نیشان داوە، کە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانە. کەوابو، دەیانجار دادگاش بڕیار بدات، هەر سیاسەتی فاشیستانەی بڕینی موچە بەردەوام دەبێ! بۆیەشە، دەبێت بەدیلێک بدۆزرێتەوە!!
لە تێفکرینی من دا، سیاسەتی بڕینی موچە هەمیشە ئەوە بوە: دەستی-دەستیکردن بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، وەک بەکارهێنانی چەکە کیمیاوییەکانی پێشو لە دژی کورد، هەمیشە بەردەوام دەبێ. بەڵام ئەمەیان بە جۆرێک داڕێژراوە هەتا خەڵکی هەرێمی کوردستان هێندە توشی قەلەقی دەرونیی و برسێتیی دەکەن کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی هاوار بکەن و بڵێن: "قەوارەو حوکمڕانیی گەندەڵیی کوردیمان ناوێ و، لە پێناو موچە؛ بەغدای داگیرکەرمان دەوێ!". ستراتیژەکەی بەغدا ئەو ڕەهەندەشی لێدەبێتەوە کە ململانێی نێوان بەغداو هەرێم دەبێتە ململانێ لە ناوخۆی هەرێم، بەوەش بەغدا، بە فەرمانی ئێران و، هاوبۆچونی تورکیا، ئامانجەکانی تاڕادەیەک لە بەگژدانی کورد لە دژی کورد؛ دەپێکێ. واتە: سیاسەتی بڕینی موچەی فەرمانبەران لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی، دڕندانە ترە!
بارزانیی؛ خۆ بە وردی ئاگاداریشی کە کام جۆرە کەسانە پەروەردەی ئێوەی پارتیی و یەکێتیین؟ ئەوانەی کە بە پارە هەمو شتێکیان پێ دەکرێ! هەمو ڕۆژنامەنوس و میدیاکارانی کەناڵەکانی پارتیی و یەکێتیین، بەتایبەت ئەوانەی لە کەناڵەکانی ڕوداو، ئاڤا و، هەشتی تەموزی بافڵ، کە حوتە-موچە وەردەگرن. خۆ میدیاکارانی ئەو کەناڵانە بە ڕونیی دەزانن ئەو حوتە-موچەیەیان هینی دزینی سەروەتوسامانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال و کیمیابارانە لەلایەن سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتییەوە. واتە: ئەوانە پارەی دزی قوتی خەڵک وەردەگرن، بۆیە بڕەکەشی قەبەیە!
هەمو پڕۆفیسۆر و دکتۆرا قبوڵ خاسەکانی زانکۆکانیش، خۆیان و هەمو کەس دەزانێ، ئەوانە توانای بەدەستهێنانی بڕوانامەیەکی ماستەریشیان بە پێوەرە زانستییەکان، نەبوەو نییە. بەڵام لە زانکۆکانی یەکێتیی و پارتیی بڕوانامەی دکتۆرا تا نازناوی پڕۆفیسۆریان پێ دراوەو، ئەوانیش حوتە-موچە وەردەگرن. هەمو ئەمانە دزیکردنەو پەروەردەی پارتیی و یەکێتین.
تەنانەت، وەڵا تلیاککێش لە هەڵەبجەو سلێمانیی هەبوە کە سەر بە یەکێتیی بون، بۆیە بەرەڵا کراون. لای پارتییش هەمان شتە. ئەمانە؛ پارتیی و یەکێتییەکانن، بۆیەشە میللەت زۆر بێهیوایە لێتان!
بارزانیی، لای هەمو کوردێکی مەرد ڕونە کە: "دەستی-دەستیکردن بە موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، تەنیا پەیوەندی بە گەندەڵیی یەکێتیی و پارتییەوە نییە. بەڵکو ستراتیژی بەغدایە، بە فەرمانی ئێران و، هاوبۆچونی تورکیا، بە ئامانجی: ڕوخاندنی [قەوارە]ی هەرێم". واتە: بەغدا هەنگاو بە هەنگاو دەیەوێت وەک "پارێزگایەک" مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات، نەک وەک "هەرێم"ێکی فیدراڵ کە دەسەڵاتی دبلۆماسیی خۆی هەبێت!! بەو مانایەی بەغدا مەبەستێتی بەتەواوی جوڵە دبلۆماسیی و ئابورییەکانی هەرێم شەتەک بدات و لە قاڵبی بدات. بەوەش دەسەڵاتی هەرێم لاواز دەکات. پرسیار ئەوەیەو بەدیلێکیش هەر ئەوەیە: ئەی ئێوەی یەکێتیی و پارتیی بۆچیی و تا کەی چاکسازی گشتگیر ناکەن؟
باشە، ئەو "کارتۆن"ەی ناوتان ناوە: پەرلەمان، ئەو بودجەو موچە زەبەلاحەی بۆچییە، کە کەس حسابی بۆ ناکاو، تەنانەت هێندەی مانۆڕی تراکتۆرەکانی حسک لە گوندی گوڵەخانە، کاریگەری نییە!؟ ئەتانەوێ جیهان بەو "کارتۆن"ە بخەڵەتێنن کە ئێوەی پارتیی و یەکێتیی دیموکراسیخوازن!؟
بۆچی موچەی پەرلەمانتێرانی کوردستان هەشت ملیۆن و نیوە، ئیتر با پێدانی ئۆتۆمبێل و ڤێلاو سەیروسەفاشیان بوەستێ؟ بۆچی ملیۆنان دۆلار لە قوتی مانگانەی دانیشتوانی هەرێم بۆ موچەو بودجەی پەرلەمانتێر ەکانی کوردستان تەرخان دەکرێ؟ لەکاتێکا جیهان دەزانێ کە لە هەرێم پەرلەمانی کوردستان تەنیا "کارتۆن"ێکەو بەس! ئایا بە هەمو پەرلەمانتێرەکانیی ئێستا و بە د.ڕێوازی قبوڵ خاس-دکتۆرای سەرۆکی پێشوشییەوە دەزانن چەمکێکی وەک "ستراتیژ"ی سیاسیی لێکبدەنەوە؟ دەزانن و دەتوانن یەکی دو پرۆژەی ستراتیژی-لۆژیکی بنوسن کە هەرێم لە قەیرانەکان ڕزگار بکاو، بپارێزێ؟
لە کوێی دنیا هەیە کە پەرلەمانتارانی گەلان بە تەمەنی گەنجی خوار شەست ساڵیی خانەنشین بکرێن، جگە لە پەرلەمانتێرانی کوردستان؟ کەوابو، ئەوە پارتیی و یەکێتیین بە قەستی لە پێناو هەڵمژینی سامانی گەل دا، حوکمڕانیی خۆتان کردۆتە مەخسەرە!
بارزانیی، لەم خاڵانەی خوارەوەدا، بەتایبەت خاڵی شەشەم، پەیامەکەی منە بۆ تۆ:
یەکەم: وەک سەرۆکی پارتیی، فەرمانێک دەربکە کە هیچ میدیایەکی پارتیی، ئیتر باسی موچە نەکات. بۆ ئەوەی ئەو پیلانەی بەغدا، کە دە ساڵە بە ئەندازیاری ئێران بەردەوامیی هەیە، بۆ تێکدانی دەرونی خەڵکی کوردستان، خاوبکرێتەوە. چونکە ڕاستە ئەم بێموچەییە مژینی خوێنی شادەماری ژیانی تاکەکانی کوردە، بەڵام ئەگەر ئەم کەیسە لە ناوخۆدا بە میدیایی نەکرێ؛ هێندە کاریگەریی ناکاتە سەر ناجێگیریی دەرونی تاکی کورد!
دووەم: ئێوە پێویستە لە ئاستی دبلۆماسیی و نێودەوڵەتیی دا لەسەر ئەم پرسەو، بە شەفافکردنی حوکمڕانی خۆتان، ئابڕوی حکومەتی بەغدا ببەن، نەک لە ناوخۆی کوردستان بەردەوام بە میدیایی بکەن. هەر بەوە، بە دەستی خۆتان و لە ڕێی میدیاکانی خۆتانەوە؛ حەیای حوکمڕانی پارتیی و یەکێتیتان زیاتر بردوەو، دەرونی خەڵکتان ناجێگیر کردوە!
سێیەم: گرنگە کە موچەی پەرلەمانتێر لە کوردستان بۆ هەمیشە بکرێتە دو ملیۆن و نیو. موچەی ئەو سەدان پەرلەمانتێرەی کە لە خوار تەمەنی شەست ساڵی خانەنشینکراون؛ ببڕدڕێت و، ئەو یاسایە بسڕدرێتەوە کە پەرلەمانتێر بۆی هەبێ لە تەمەنی خوار شەست ساڵییەوە لە پەرلەمان بۆی هەبێ خانەنشین ببێ!
چوارەم: چاکسازی گشتگیر لە تەواوی دامەزراوەکان بکرێ. کە بەداخەوە لێرەدا کات نییە بە وردی لەسەر چۆنیەتی چاکسازی گشتگیر لە هەمو یەکە کارگێڕییەکان بابەتەکە درێژ بکەمەوە.
پێنجەم: داخستنی زۆرینەی ئەو کەناڵە میدیایانەی کە بە موچەی قەبەی بردنی قوتی خەڵکی کوردستان وەگەڕ خراون. یان هیچ نەبێت، هەوڵێک بدەن کە موچەی میدیاکار نابێت لەم دۆخەدا لە دوو ملیۆن زیاتر بێ!
شەشەم و گرنگترین خاڵ کە ئەم خاڵەیە پەیامەکەم بۆ بارزانیی: بارزانیی دەبو ڕاستەوخۆ پاش نوسراوەکەی تەیف سامیی، بەیاننامەیەکی ڕابگەیاندبایە کە تێیدا بە دەستەواژەیەکی دبلۆماسیانەی نەرم هاتبایە: "میللەتی کورد سواڵکەر و کۆیلەی بەغدا نییەو، حەق و مافی لای بەغدایە".
بەهەرحاڵ، ئێستا پێویستە بارزانیی، گوتاری هەڕەشەکردن لە هەمو کەسێک، بە خۆشییەوە، بوەستێنێ. پێویستە بە ئاشکرا ئاماژە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابونەوە نەکات!! گرنگە بەکردەوە دەست بکات بە فرۆشتنی زیاتری بڕی نەوت بە نرخێکی هەرزان لە بازاڕی جیهان، بە تورکیا، ئیسرائیل و، ئەگەر گونجا بە ئێران. واتە: ژمارەی تەنکەرە نەوتەکان بەنهێنیی ڕۆژانە زیاد بکات. تەنانەت دەکرێ بە نهێنیی داوای قەرز لە ئەمریکا، ئیسرائیل و فەرەنساش بکرێ! ئەوەش لە پێناو دۆخی خەڵکی کوردستان تا ئاستێک کە دەتوانن موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بدەن، نەک لە پێناو زیاترکردنی هەزاران کۆمپانیاکەی بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد. دڵنیام ئەگەر هەرێم تەنیا سێ مانگ ئەمە بکات و، خۆی بۆ بەغدا نەچەمێنێ، داگیرکەری عیراق چۆک بۆ هەرێم دا دەدات.
واتە پەیامە سیاسییەکەم ئەوەیە: خۆت بڕی فرۆشتنی نەوت زیاتر بکەیت و، بتوانیت موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بدەیت و، بەتایبەت لەم زروفەدا موچەی وەزیر و پەرلەمانتێرەکان و میدیاکارەکان و سەرکردەکانت لە دوو ملیۆن زیاتر نەبێ. بەوە: تۆ بەکردەوە دەبییە "دەوڵەتێکی سەربەخۆ"، بەڵام ڕایناگەیەنیت و، بە هیچ شێوەیەک بە قسەکردن و نوسین باسی ناکەیت.
ئەوکات، تا سێ مانگ، دەبینین هەم بەغدا چۆن چۆک دادەداو، هەمیش چۆن جەماوەری کوردستان هیوایان بۆ دەگەڕێتەوە. نابێت بە هیچ جۆرێک بە وتن لەم دۆخەدا باسی سەربەخۆیی و جیابونەوە بکرێ بۆ ئەوەی فارس و تورک فاشیستر نەکرێن و نەوتیان لە ڕێگەوە هەناردە بکرێ و، گەمارۆ نەخولقێ!!
ئاساییە هیچ یەک لە وەزیر و پەرلەمانتارەکانی بەغدا نەکشێننەوەو، گرنگە ئیتر هیچ وتارێک لەسەر موچە نەدرێ و بەدیل دابنرێ، لەگەڵیشی دا حساب بۆ فێڵوفڕی بەغدا مەکەن. بەڵام بە دبلۆماسییەتێکی زۆر نەرم. کە کاتی خۆشی هات؛ پلانێکی ترت جێ بەجێ دەکەیت!!
سەدبارەی دەکەمەوە، بە بێ چاکسازی گشتگیری ناوخۆیی: ئەستەمە هیواگەڕاندنەوە بۆ خەڵکی کوردستان و خۆگرتن بەپێوە!! دەست لە ناو دەست و قوەت لە خوا: دەست پێ بکەن، هەرچەندە درەنگیشە!