با چیتر سەگەکان پەلامارمان نەدەن‌و ئێمەش بيانکوژين

شایی حەمەنوری
  2025-06-10     1054

ماوەی چەند ساڵێکە دیاردەی پەلاماردانی مرۆڤ لەلایەن سەگە بێلانەکانەوە، بووەتە کێشەيەکی گەورەی خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانە و باس و خواسی میدیا و لێرەو لەوێ زۆر هەواڵی ناخۆش دەبیسترێن، کە هەندێک حاڵەتی مردنیش بەهۆی ئەو دیاردەیەوە تۆمارکراوە.

کۆتا چیرۆکەکان؛ بەهۆی پەلاماری سەگەوە منداڵێکی پێنج ساڵانە کە بە وتەی دايک و باوکی، منداڵەکە لەگەڵ خوشک و براکانی چوون بۆ دوکانێکی نزيک ماڵەکەيان سەگ پەلاماری دەدات و وەفات دەکات، ئەویتريشيان باوکێکی گەنجی خاوەن دوو منداڵی بچووک، کە پاسەوانی سەرسنوور بوو، بەهەمان شێوە سەگ پەلاماری داو بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، پێشتریش لە کەرکوک منداڵێک لەرێگەی قوتابخانە سەگ پەلاماریدا و بەهەمان شێوە گيانی لەدەستدا.

لەبەرامبەریشدا کوشتن و لەناوبردنی بەکۆمەڵی سەگەکان کارێکی بەردەوامەو ڤیدیۆو دۆکیومێنتی زۆریش لەوبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە.

ئەم تراژیدیایانەی ڕۆژانە دەیانبینین و دەیانبیستین، مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنەو دەبێت بپرسین کە ئایا سەگ بۆ پەلاماری مرۆڤەکان دەدەن؟ ئەی بەڕاست ئێمەی مرۆڤ مافمان هەیە ئەم سەگانە قەتلوعام بکەین و لەناویان ببەین، یاخود ڕێگای دیکە هەیە بۆ ڕاگرتنیان؟

بۆچوونەکان بەشێوەيەکی گشتی بوون بەدوو بەشەوە، بەشێکيان ئاژەڵ دۆستانە بیردەکەنەوە و دەڵێن: لەڕووی مرۆڤایەتییەوە نابێت سەگ بکوژرێت و هاوسەنگی سروشت تێکدەچێت و ئەو کارە پێشێلکردنی مافی ئاژەڵە، ئەوەی ڕوودەدات مرۆڤەکان خۆیانن کە نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ سەگە بێلانەکان بکەن، هەربۆیە ئەو ڕوداوە نەخوازراوانەی لێدەکەوێتەوە.

بەشەکەی دیکەش ڕایان پێچەوانەیەو دەڵێن: دەبێت سەگەکان بەکۆمەڵ لەناوببرێن و هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی ئەم ئاژەڵانە نییە، چونکە ناکرێت ئازيزانمان بەبەرچاومانەوە سەگ بيانکوژێت وەک چاخەکۆنەکان و لەبەرامبەردا، نە پەرلەمان و نە حکومەت و نەشارەوانی، هيچ چارەسەرێکيان پێ نەبێت بۆ ئەم کێشەيەی کە پەيوەندی بەژيانی خەڵکەوە هەيە.

دەکرێت هەردوو بۆچوونەکەی سەرەوە بەشێک لەڕاستیان تیابێت، بەڵام هێشتا هەڵگری پەیامی چارەسەر نین.

شێڵتەرەکان، رێکخراوەکانی ئاژەڵ دۆستی و ئاژەڵدۆستە خۆبەخشەکانیش  بەپێدانی ئاو و خواردن و ڤاکسينکردنی سەگەکان، هێشتا ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان سەگ لە سێ حاڵەتدا پەلاماری مرۆڤەکان دەدەن، یەکەمیان برسێتییەو دووەمیان ترسە و سێهەميان نەخۆشيیە. ئەو ترسە بۆماوەییەی هەندێک لە ئاژەڵەکان بۆ مرۆڤ، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تێگەیشتنی ئەوان وەک گیاندارێکی "ئەقڵ سنوردار" هەر ئەوەندەیە و نازانن مرۆڤ هەڵگری چ نیازێکە بەرامبەریان، باش یان خراپ، هەر بۆیە یان هەڵدێن یانیش هێرشی دەکەنە سەر.

بەتێگەیشتن لەوەی ئازيزانمان بەبەرچاومانەوە بمرن، هيچ دەسەڵاتێکمان نەبێت، هەروەها بەزانينی ئەو هۆکارانەی سەگەکان بۆ وا لە مرۆڤەکان دەکەن، دەکرێت ئێمەش هەنگاوە ڕاستەکە بنێین، لە لایەک سکی برسی و تینویان تێر بکەین و لە لایەکی دیکەش بیانکەین بە دۆست و پاسەوانی خۆمان، نەک دڕندە و دوژمن. ئەمە چۆن دەکرێت؟

دەکرێت شارەوانی شارەکان و قەزا و ناحیەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و دەزگاکانی راگەياندن و رێکخراوە مەدەنيیە لۆکاڵيەکان بەتایبەت ئەو رێکخراوانەی کە لە بواری ئاژەڵدۆستیدا ‌و ئەوانەشی لەبواری مافی مرۆڤدا کاردەکەن، (چونکە ئەم پرسە دوو لایەنەیەو پەيوەندی بە مرۆڤەکان و بە ئاژەڵەکانيشەوە هەيە)، پێکەوە ئەم ڕۆڵە ببینن و پلان دابنێن.

راهێنان و هۆشيارکردنەوەی دانیشتووانی گەڕەکەکانی ناو شار و قەزاو ناحيەکان، بەوەی بۆ نانی نيوەڕۆ یان ئێوارە کە بەشێک لەخواردن لەسەر سفرەی هەموو ماڵێک دەمێنێتەوە (جا هەر جۆرە خواردنێک بێت)، بخرێتە قاپێکەوەو لەشوێنێک کە باشترە نزيکی خۆڵ وخاشاک بێت دابنرێت، بۆئەوەی فەوزاو پيس و پۆخڵی و ديمەنی ناشرين دروست نەبێت، کە بەمە بە هەموو لایەک دەتوانین برسێتی و تینوێتی ئەو سەگانە چارەسەر بکەین، ئەوان لە شەو یان بەرەبەیاندا کاتێک دێن و سکی برسیان تێر دەبێت، بەشێک لە گرفتەکە چارەسەر دەبێت، بۆ بەیانیش کاتێک ئۆتۆمبێلی ژینگەپارێزان دێت لەگەڵ لابردنی خۆڵ و خاشاکی گەڕەک، قاپی بەتاڵی ئەوانیش کۆدەکاتەوە.

بەم هەنگاوە سەگ (کە بە ئاژەڵێکی بەوەفا ناسراوە)، ئیتر تۆ بە خاوەنی خۆی دەزانێت و چیتر دوژمنکارانە تەماشات ناکات.

هەنگاوێکی تر، بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بەپێدانی راهێنان لەلايەن راهێنەران و پسپۆڕانی سەگەوە بە خەڵکی گەڕەک و قوتابخانەو فەرمانگەو زانکۆو پەیمانگاکان، فێرکردن و ئاشناکردنی (منداڵ و گەورەو بەتەمەن) بە تەکنيکی رووبەرووبونەوە، لەکاتێکدا کە سەگ هێرش بکاتە سەرت، چۆن رەفتار بکەیت و خۆتیان لێ دەرباز بکەیت؟ لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوکردنەوەی پۆستەر و بڕوشێر لەگەڕەک و پارک و شوێنە گشتيیەکان بۆ هەمان مەبەست، هەروەها  دروستکردنی  کورتە ڤيديۆو  بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا و تيڤيەکانەوە.

هاوکات شارەوانی شارو قەزاو ناحيەکان هەستن بە پشکنین و پێدانی ڤاکسين و تەعقيمکردنيان و ئەڵقەيەک بکەنە گوێچکەی هەر سەگێک بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئەم سەگە پشکنینی بۆ کراوەو کوتراوە، کە ئەمەش لە بەکتریا و ڤایرۆس و نەخۆشییەکانی سەگ دەمانپارێزێت، لەگەڵيشيدا پرۆسەی بەردەوامی نەزۆککردنيان، کە رێگەيەکی گونجاوە بۆ رێگری لە زيادبونيان، ئەو سەگانەش کە دوای پشکنينی پزيشکی دەرکەوت کە نەخۆشن و زيان بەمرۆڤ دەگەيەنن ببرێنە شەڵتەرەکان.

کارەکە لێرەدا بەس نییە، بەڵکو پێویستە هەنگاوی کرداریی تر بنرێت و پڕۆژەی تایبەت لەلايەن شارەوانی پارێزگاکانەوە پێشکەشی رێکخراوە نێودەوڵەتيیەکان بکرێت، کە ئەو کات بابەتەکە فراوانترو کاریگەرتر دەبێت.  

لە کۆتاییدا دەکرێت پێوانێک بکرێت لەنێوان ژمارەی دانيشتوانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی سەگە بێلانەکان، بەراوردی یەکتر بکرێن، تا ئەو کەسانەی شارەزان لەبواری سروشت و ژينگەدا شيکردنەوەی بۆ بکەن، کە ئەنجامی ئەو داتايە هاوسەنگیی سروشتی تێکداوە يان ئاساييە؟ ئەگەر ئاسايی بوو ئەوە شتێکی باشە و ئەگەریش نا، ئەو کات دەبێت پرۆسەی نەزۆککردن  فراوانتر بکرێت و ڕێگەچارەی تر بدۆزرێتەوە.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×