باج‌و رسومات لەعێراق: کێ بڕیار دەدات‌و بۆ کێیە؟

د.پیرۆت محەمەد ئەمین
  2025-07-07     280

پسپۆڕی دارایی گشتی

 

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی فیدراڵی عێراق چەندین جار بڕیاری تاکلایەنەی داوە بۆ زیادکردنی باج و ڕسومات و کرێی خزمەتگوزاری- بە ئاو و کارەباشەوە- بەبێ ئەوەی چوارچێوەیەکی ڕوونی دارایی بۆ پاساوھێنانەوەی ئەو گۆڕانکارییانە ھەبێت. ئەم دەستکارییانە ساڵانە چەند جارێک ڕوودەدەن و بە بەردەوامی بە ڕێژەیەکی بەرزتر لە ساڵانی پێشوو دادەنرێت. لە کاتێکدا حکومەتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی پێداچوونەوە بە باج و ڕسوماتەکاندا دەکەن وەک بەشێک لە سیاسەتی دارایی فراوانتر، ئەم ڕێبازە لە عێراقدا پرسیاری جددی لەبارەی شەرعیەت و لێپرسینەوە و کێ بەڕاستی سوودمەندە لەم ڕێوشوێنانە دەوروژێنێت.

 

زیادبوونی ناڕەوا و گوماناوی 
ڕێکارەکانی باج و ڕسومات لە عێراقدا شاھیدی دەستکاریکردنی بەردەوامی ڕێژەی ساڵانەن، بەبێ ئەوەی  بەدەستھێنانی داھاتەکان لەو سەرچاوانە لە بودجەی خەمڵێنراودا دیاری بکات ، یان لەڕێگەی پلانی ئابووری ڕوون وئاشکرا  ئاماژەی پێکرابێت . ئێستا باج دەسەپێندرێت و ھەموار دەکرێتەوە وەک ئەوەی بڕیاری بەپەلەی ڕۆژانە بێت،. لەوەش خراپتر، ئەم دەستکارییانە  لە ڕێگەی یاسایەکی پەرلەمانەوە یان لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی ساڵانەی ئەنجام نادرێن. بەڵکو لە ڕێگەی بڕیارە کارگێڕییەکانەوە کە لەلایەن دەستە جێبەجێکارەکانەوە و لە ھەندێک حاڵەتدا بە بڕیاری کەسی دەردەچن . ئەمەش وا دەکات ئەم ڕێکارانە بەرەو ڕووی قۆرخکاری ببنەوە و سیستەمی باج لە ھەر ڕەھەندێکی ڕەوا بەتاڵ دەکاتەوە.  
لە زۆر حاڵەتدا زیادکردنی باج بەھەموو جۆرەکانیەوە وە ڕسومات لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەتاییەکان، کاریگەری لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە  دروستکردوە، کە پێویستە پشتیوانی بکرێن یان لانیکەم بەپێی واقیعی ئابووری ھاوڵاتیان ڕێکبخرێن. پارەی ئاو و کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، سەرەڕای ناتەبایی و خراپی کوالیتی پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزاریانە. لەھەمان کاتدا، بزنسە تایبەتەکان ، بەتایبەتی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان، ڕووبەڕووی زیادبوونی کرێی مۆڵەتدان و تۆمارکردن، باجی گومرگی و باجی کارکردن دەبنەوە، ئەمەش ھەڕەشە لە بەردەوامیی و توانای ڕەخساندنی ھەلی کاریان دەکات.

 

زیادکردنی داھات نەک دادپەروەری
حکومەتی فیدراڵی عێراق ستراتیژیەتی زیادکردنی داھاتی ناوخۆی پەیڕەوکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی حکومەت، ھەروەھا بۆ پشتگیری و ھەمەچەشنکردنی داھاتەکان . ئەم گۆڕانکاریانە کە وەک ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کورتھێنانی بودجە و دابینکردنی دارایی خەرجییە گشتیەکان خراوەتەڕوو. وە مەحاڵە ھەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکرێت کە ئایا ئەم داھاتە زیادانە بە شێوەیەکی کارا و دادپەروەرانە ، یان بۆ خزمەتکردنی مەبەستی دیکە بەکارھێنراون . پێدەچێت دەسەڵات بۆ شاردنەوەی خراپ بەڕێوەبردن و شکستی بودجە پشت بە زۆرەملێ ی دارایی ببەستێت.  

 

کێ سوودمەندە لە باج و ڕسومات؟
کۆمپانیا و پڕۆژە گەورەکانی سەر بە لایەنە کاریگەرەکان چێژ لە لێخۆشبوون یان ئیمتیازاتی ئاشکرا نەکراو وەردەگرن، ئەمەش ئابوورییەکی ناھاوسەنگ بەردەوام دروست دەکات کە تێیدا قازانج لەلایەن چەند کەسێکی بەھێزەوە لەسەر حیسابی زۆرینە دەچنرێت. بەم شێوەیە باجەکان لە ئامرازێکەوە بۆ دابەشکردنەوەی سامانەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازێک بۆ دەرھێنانی ئەو داھاتەی ماوەتەوەی لەلای ھاووڵاتیان. خزمەتگوزارییە تەندروستی، پەروەردە، ژێرخانی و شارەوانییەکان بەردەوامن لە بەدەست کەمی بودجە یان بەڕێوەبردنی خراپەوە. جگە لەوەش داھاتەکان دەگوازرێنەوە بۆ خەرجییە ناڕوونەکان و گرێبەستە ھەڵئاوساوەکان و ئەو پڕۆژانەی کە ئاراستەی سیاسییان ھەیە.

 

ئەنجام
بەردەوامی سەپاندنی باج و ڕسومات بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی و بودجەیەکی شەفاف پێشێلکردنی مافی ھاوڵاتیان پێکدەھێنێت و نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکان گەورەتر دەکات. ھەر بۆیە پێویستە سیستەمی دارایی لەسەر بناغەیەکی دادپەروەرانە و بەشدارانە و شەفاف بنیات بنرێتەوە کە ڕۆڵی ھاوڵاتیان وەک بەشداربوو بگەڕێنێتەوە، نەک وەک پارەدارکردنی بێدەنگی حکومەت.

 

زۆرترین بینراو
له‌سنوری "پاوه‌"ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ڕ رویداو پاسه‌وانێكی سنوری ئێران كوژرا
مه‌زڵوم عه‌بدی: ده‌بێت مافه‌ نەتەوەیی، كو‌لتوری و ئیدارییه‌كانی كورد له‌ سوریا به‌ ده‌ستور مسۆگه‌ر بكرێن
دادگای باڵای عێراق بە فەرمانی فایەق زێدان هێرشکردنە سەر ناوچە دیپلۆماسییەکان بە "تیرۆر" ناودەبات
لە حەسەکەوە بەرەو دیمەشق: مەزڵوم عەبدی بە فەرمی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی دەستبەکار دەبێت
ترەمپ: بە کامێرا چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەین
سوپای پاسداران بە موشەک هێرشی کردەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا ئوردن
سۆمۆ: داهاتی پێشبینیکراوی نه‌وت دەگاتە نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار و نه‌وتی هه‌رێم به‌ 87 دۆلار ده‌فرۆشرێت
هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌: بە بڕیاری دادگا شەرعییەت لە دانا ئەحمەد مەجید وەردەگرینەوە
عراقچی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ده‌داته‌وه‌: ده‌بوایه‌ چه‌ند چاوه‌ڕێمان بكردایه‌
هێشتا وەرزی زستان نەهاتوە، نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×