دەرونشیکاری لە فرۆیدەوە تا ئیمڕۆ

د.هەژار مه‌عروف
  2025-07-31     359

-١-
ھستیریا نەخۆشیەکی دەرونیە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بە نیشانەکانی نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار خۆی دەردەبڕێ  بێ بونی گۆڕان و شێوان و تێکچونی پێکھاتەی جەستەیی لە خودی مێشک و دەمارەکاندا، کەواتە ئیشکردن و وەزیفەی مێشک و دەمار بە شێوەیەکی کاتی تێکدەچێت بەڵام  پێکھاتەکەیان ساغە و تێکنەچوە وەک ئەوەی بۆ نمونە مێشک ھەوی کردبێ یا کیسێک یا زیادەگۆشتێکی شێرپەنجەیی تیابێت یا لولەخوێنەکانی داخرابێت یا ئاوسابێت.                        

نیشانە و ناڕەحەتیەکانی ھستیریا ئەمانەن و زۆری تریشن وەک: گەشکە و بورانەوە و بێھۆشبون یا ھۆش تێکچون، سڕبون و مێرولەکردنی پێست ، ئێشی  ھۆنادیار و گۆڕاو و جوڵاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری جەستە، ھێزتیانەمان ولاوازی یا گرژبونی زۆر توندی ماسولکەکان ، لەرزینی دەست و پێ یا ھەمو جەستە ، تێکچونی زمانگۆکردن و شێوانی دەنگ و قسەکردن یا کپ و بێدەنگبونی تەواو و نەتوانینی قسەکردن، یا کێشە لە جوین و قوتدانی خۆراکدا یا کۆکەی وشک بێ بونی نەخۆشیی کۆئەندامی ھەناسەدان، نائاسایی بونی شێوەی وەستان و دانیشتن و ڕۆشتن و جموجوڵی ئاسایی ڕۆژانە ، شێوانی کاتی بینین وەک بەرچاوڕەشبون یا تەنانەت نابینایی کاتی و ھتد... . 
لە پشتی ئەم نیشانانەوە ھۆ وکێشەی دەرونی و برینداربونی دەرونی و ئازاردانی جەستەیی و چەوساندنەوە و دەسدرێژیی جۆراوجۆر بە ھی سێکسیشەوە لە منداڵی و ھەرزەکاری و یا لە تەمەنی گەورەیی لە ئێستادا و ھەروەھا کێشەی کۆمەڵایەتیی قورس ھەن کە کەسەکە لە بەر شەرم و عەیبە و ترس لە سزا و ئابڕوچون ودابڕان لە دەوروبەری خێزان و کۆمەڵ ناتوانێ بە  دڵی خۆی و لە کانگای دڵیەوە بە ھەست و سۆزی ڕاستەقینەوە دەریانبڕێ و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکات، بۆیە بێ ویست و حەزی خۆی و بێ ئەوەی خۆی بیەوێ و بزانێ یەکێ یا چەند دانەیە لە نیشانە جەستەییەکانی سەر بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەکانی تیا دەرکەوێ، ھیستیریا ئا ئەمەیە.                            

نمونەیەک کە ڕویداوە: ژنێکی مێرددار لە پڕ توانای بینینی نەما، دوکتۆری چاو دوای تێڕوانینی ورد پێی وت چاوت ھیچی نیە، دوای چەند ھەفتەیەک بزربو و لە شارێکی دورەوە لە گەڵ ئەو پیاوەی شەیدای یەکتر بوبون سەری ھەڵدا و دەرکەوتەوە و ئیتر بێ چارەسەری دوکتۆری چاو کێشەی بینینەکەشی نەما!  
ئەم نەخۆشانە بە ھۆی بورانەوە و گەشکەی دەرونیەوە چەندین جار بە پەلە و شڵەژانی خزم و کەسەوە  بە ئەمبولانسی فریاکەوتن یا ئوتومبیلی ئاسایی دەبرێن بۆ بەشی فریاکەوتنی  نەخۆشخانەکان و چەندین تێڕوانینی تاقیگەیی خوێن و سۆنەر و وێنەی تیشکی و سکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەی بۆ دەکرێت و لە کۆتایی ھەمویاندا پزیشکەکە دەڵێت وەڵا ھیچی نیە، ھەندێک دوکتۆر پێی دەڵێن ھستیریا یا  Hys ی ھەیە !!  ئیمڕۆ وشەی ھستیریا لە دنیادا بەسەرچوە و بەکارھێنانی زۆر کەم بوە و بە تایبەتی پزیشکی ھەمو پسپۆڕیەکان نابێت  بۆ نەخۆشەکانیان بەکاریبێنن چونکە وشەیەکی نازانستی و ھەڵەیە و بۆ گاڵتەپێکردنی نەخۆشەکەش بەکاردەھێنرێت . Hysteria وشەیەکی یۆنانیی کۆنە بە واتای (نەخۆشیەکی پەیوەنددار بە مناڵدانەوە) دێت، پزیشکی ناوداری یۆنانی کۆن (ھیپۆقرات) وای دەزانی ئەو ژنانەی ھیستیریا یان ھەیە مناڵدانیان تەواو نیە یا ترازاوە و بە جەستەیاندا دەجوڵێ و دەگەڕێ. لە مێژە دەرکەوتوە کە نەخۆشیەکە ھیچ پەیوەندیەکی بە مناڵدانەوە نیە بەڵام لە کچ و ژنی گەنجدا زۆرترە ھەتا لە پیاواندا، ڕەنگە ھەر ئەمەش بێت کە ناونراوە ھستیریا کە لە وشەی یۆنانیی (Hyster) وە ھاتوە و    بە واتای مناڵدان دێت. ئێستا لە ھەمو دنیای پێشکەوتودا لە بری ھستیریا  وشەی  (conversion)  کۆنڤێرژن  بەکاردێت. 
ئەوەی کێ ھستیریای ھەیە و کێ نیەتی تەنیا پزیشک وە بەتایبەتی پزیشکی مێشک و دەمار و پزیشکی دەرونی بڕیار دەدا نەک ھیچ کەسێکی تر، دەنا ھەڵە و ناحەقی و سوکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر نەخۆشەکە دەکرێت لەباتی تێگەیشتن لێی و ھاوسۆزی وچارەسەرکردنی پسپۆڕیانە کە چارەسەری دەرونیە لای پزیشکی دەرونی و دەرونناسی پزیشکیی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بانتر. بینیومە و بیستومە خزم و کەس و ھاوڕێ و تەنانەت یاریدەدەری پزیشک وھەندێ پزیشکیش چی بەم نەخۆشانە دەڵێن، وەک ( درۆ دەکات، نەخۆش نیە، خۆی وا لە خۆی دەکات، حەزی لە شوکردنە ...).
 دوکتۆر جۆزێف برۆیەر و دوکتۆر سیگموند فرۆید کە جو بو لە شاری ڤیەنا بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٨٨٠ دا  ئەم نیشانە جەستەییانەیان وەک دەربڕ و زمانحاڵی کێشە و برینداریە دەرونی و کۆمەڵایەتیە قورس و چارەسەرنەکراوەکان ناساند. پێشتر د.برۆیەر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (١٨٨٠-١٨٨٢) خەریکی چارەسەرکردنی کچێکی ٢١ ساڵی نەخۆش بو بە ناوی خوازراوی  Anna O  بە شێوازی قسەلەگەڵکردن و خەواندنی دەستکرد (Hypnosis)، کچەکە نیشانەکانی ھستیریای تێدابو و لە ڕوی جەستەیی مێشک و دەمارەوە ھیچی نەبو، ئەو بەو چارەسەرە و بێ دەرمان باشتر دەبۆوە.  
د.جۆزێف دەربارەی ڕەوتی نەخۆشی و چارەسەری Anna O زانیاری و ئەزمونی چارەسەرکردنی سەرکەوتوانەی بە تەنیا بە دواندن بەڵام بێ دەرمان  بۆ فرۆید باسدەکرد و لە گەڵیا دەربارەی بابەتەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەکرد ، فرۆید خۆیشی وەک دوکتۆرێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار زۆرجار گیریخواردبو بە دەست ھەندێ لە نەخۆشەکانیەوە کە دەرمان چاکی نەدەکردنەوە و نیشانە و ناڕەحەتیەکانیان کە ھی ھستیریاکەیان بو بەردەوام دەبو.                                            

 فرۆید دوای وەرگرتنی پسپۆڕی لە مێشک و دەمار لە ڤیەنا ، ساڵێک لە پاریس لە ژێر سەرپەرشتیی دوکتۆر Charcot و دو دوکتۆری تردا  یەک ساڵ ڕاھێنان و فێربون و چارەسەرکردنی دەرونیی نەخۆشانی ھستیریا ی کردبو و گەڕابۆوە بۆ ڤیەنا و ئیتر وردە وردە کەوتە چارەسەرکردنی نەخۆشانی ھستیریا و بوبە ئەو بوارەی کە سەرکەوتوانە ئەسپی خۆی تێدا تاودا و ناوبانگی دەرکرد.                                                    

فرۆید ئەم ئەزمونانەی خۆی لە گەڵ نەخۆشانی ھستیریا و ئەوانەی  د.جۆزێف لە گەڵ   Anna  O  بە شیوەیەکی توند سەرنجی ڕاکێشا و کەوتە بیرکردنەوەی قوڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ی پراکتیکی و تیوریی چڕ و پڕ، ئەنجامی ئەم کارەی نوسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی (لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ھستیریا) لە ڤیەنا لەساڵی ١٨٩٥ بو، دواتر لە ساڵی ١٩٠٠ کتێبی (ڕاڤەکردنی خەونەکان) ی نوسی و بڵاویکردەوە .
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەک بە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: پڕۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی هات
پێشڕەویی حوسییەکان بەرەو شاری موخا؛ هاوکێشەی سەربازی لە دەوروبەری بابولمەندەب دەگۆڕێت
دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دواخرا؛ پارێزەران باس لە «سیناریۆ و گوشار» لەسەر تۆمەتباران دەکەن
پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد
هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ مه‌سرور بارزانی: مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا پارێزراو ده‌بن
دادگای سلێمانی ئەمڕۆ وتەی لاهور شێخ جەنگی و پێنج دەستگیرکراوی دۆسیەی لالەزار وەردەگرێت
لە کەلار؛ منداڵێکی دوو ساڵان لەناو تەشتێک ئاودا خنکا
ئیسرائیل بە هەزارو ١٠٠ تەن تەقەمەنی تونێلەکانی "عەلی تاهیر"ی وێران کرد
حکومەتی هەرێم بەپێی سەرژمێریی نوێ داوای 14.1%ـی بودجەی عێراق دەکات؛ "مەبەستمان بودجەی گشتگیرە نەک تەنها مووچە"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×