دیموکراسی ھەڵخەڵەتێنەرانە

ئاسۆ کمال
  2019-04-19     996
وتاری شەشەم لەزنجیرەی حزب‌و دەوڵەت‌و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم

یەکێک لە ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا ھات لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە جێگای ریفۆرم و ھەڵوێست سەبارەت بە دەوڵەت بوو لەم بزوتنەوەیەدا. بورژوازی ڕوخسارێکی ھەڵخەڵەتێنەرانەی لە دیموکراسی بونی دەزگای دەوڵەتی، دەزگای پەرلەمانی نیشاندا . لەژێر ناوی "پەرلەمان و حکومەت ھی ھەمو چینەکانە و ھەڵبژاردن و نوێنەرایەتی پەرلەمانی ڕێگەی ھەموو چینەکانە بۆ گەیشتنە دەسەڵات"، ڕووی ڕاستەقینە و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بورژوازی شاردەوە. بزوتنەوەی کرێکاری باجی گەورەی ئەم دیموکراسیە ھەڵخەتێنەرەی بورژوازی داوە، و گەورەترینیان باجی شەق بونی بزتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بوو. بەڵام ئەزمەی سیستەمی سەرمایەداری بەناچاری وەک لافاو ھەموو ڕوپۆشێک لەسەر ڕوخسارە ھەڵخەتێنەرەکانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرانە دادەماڵێ.لەم دۆخەدا بزوتنەوەی ملێونی کرێکاران دەرک بە پێوستی شۆڕش و بەرەنگاری و تێپەڕبون دەکا لە چوارچێوەی سیستەم و دامودەزگای قەیرانگرتوی سەرمایەداری.

جیاوازیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری سەبارەت بەم دۆخە خۆی لە بەرگی دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشدا نیشاندا و ئەنتەرناسیونالی دووەم و بزوتنەوەی کرێکاری لە ژێر ئەم ناونیشانەدا بوو بە دوو بەشەوە. لێرەدا باس لەو گۆرانکاریە ڕیشەییانە دەکەین کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو. ھەروەھا باسی ڕەخنەی ھەرکام لە مارکس و ئینگلس لەو ھەڵوێستانەدەکەین کە بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرم لەنێو سۆشیال دیموکراتیدا خراوەتەڕوو. دواتریش ڕەخنەکانی پانەکوک و لینین و ڕۆزالوکسبورگ لە ریڤیژینزم و پەرلەمانتاریزم دەخەینەڕوو تاکو دیدێکی ڕۆشن لەو کێشمەکێش و ئاڵوگۆڕانەمان ھەبێ کە لەم بزوتنەوەدا ڕویداوە ،وە بزانین چۆن ئەم بزوتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستیە بەپێی دۆخ و گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان و مەسەلەکانی ناو خەباتی چینایەتی گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا ھاتوە؟ 

نوقم بون لە پەرلەمانتاریزمدا

لە دوای کۆمۆنەوە مەسەلەی پەیوەندی نێوان کرێکاران و دەوڵەتی بورژوازی دەبێتە یەکێک لە کێشەکان و جیاوازیەکان .  لە ساڵی ١٨٧٥مارکس ڕەخنە لە لاسال دەگرێ و دەڵێ"تەنیا لاسال خۆی، بە لەخۆبایی بون و خەیاڵەکانیەوە، لەتوانایدایە کە باوەڕ بەوەبکا کە مومکینە، بەھۆی یارمەتی وەرگرتن لە حکومەتەوە، کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەی ھەر بەو ئاسانیەی کە ھێڵێکی تازەی ئاسن دروست دەکەی."* ئەمە لەوەڵامی ئەو بەندەی "بەرنامەی گۆتە"دایە کە لاسال دەڵێ"بۆ ڕێگەکردنەوە بۆ چارەسەری مەسەلەی کۆمەڵایەتی، حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا داوادەکەن کە بەیارمەتیدانی دەوڵەت ھەرەوەزیە بەرھەم‌ھێنەرەکان دروست بکرێ."

مارکس درێژە بەم ڕەخنەیەی لە تێگەیشتنی لەدەوڵەتی بورژوازی و چۆنیەتی گۆڕینی ھەلومەرجی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری دەگرێ و دەڵێ"کاتێک کرێکاران ھەوڵدەدەن بۆ بەدیھێنانی مەرجەکانی ھەرەوەزیە بەرھەمھێنەرەکان لە ئاستی ھەموو کۆمەڵگەدا، ئەمە تەنیا بەمانای ئەوەیە کە کاردەکەن کە ھەلومەرجی ئێستای بەرھەمھێنان شۆڕشگێڕانە بکەن ، ئەمە ھیچ پەیوەندیەکی ھاوبەشی نیە لەگەڵ دامەزراندنی ھەرەوەزیە بەرھەمھێنەرەکان بەیارمەتی دەوڵەت. ئەوەندەی سەبارەت بە کۆمەڵە ھەرەوەزیەکانی ئێستاوە بێت ئەوەندە بایەخیان ھەیە کە دەستکردی سەربەخۆی کرێکارانە، وە چ لەلایەن حکومەتەکان و چ لەلایەن بورژوازیەوە ناپارێزرێن.

ئەم جۆرە لە ھاوکاری لەگەڵ حکومەتی بورژوازیدا، دوای مارکس لەلایەن ئینگلسیشەوە دراوەتە بەر ڕەخنە. ئەمە کاتێکە نوێنەرانی کرێکاران چونەتە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەشداری دەکەن. لەنامەیەکدا بۆ J.P. Becker دەنوسێ" ئەم نوێنەرانە لە پەرلەمان 'پیشنیاری پۆزەتیڤانە' بۆ حکومەتی ئێستا دەکەن کە چۆن لە شتە بچوکەکاندا کارەکان باشتر بکەن و ھتد، وە کرێکاران کە بە کەسانی دەرەوەی یاسا دانراون و بە دەست و پێی بەستراوەوە دراونەتە دەست ڕەفتاری مەزاجی پۆلیس ، چاوەڕوانیان لێدەکرێ ئەمە بە نوێنەرایەتی کردنی خۆیان دابنێن! ئەوەی تایبەتمەندی سەرنج ڕاکێشی بزوتنەوەی کرێکارانی ئەڵمانیایە ئەوەیە کە ھەڵەی لیدەرەکان لەلایەن جەماوەرەوە چاک دەکرێتەوە."

لەفەرەنسا "ئیمکانگەراکان" و لە بەریتانیاش "فابیەکان" لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا ھەمان ھەڵوێستیان بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی وەرگرت و ھەمان بۆچونی لیبرالی بورژوازیان پەیڕەوکرد کە دەیانوت" پەرلەمان ھەموو چینەکان وناکۆکە چینایەتیەکان لەناودەبا،بەبێ جیاوازی، لەڕیگەی مافی دەنگدان و مافی بەشداری لە حکومەتدا."

ئەم تێڕوانینە سەبارەت بە دەوڵەت و دەزگاکانی ، وەک پەرلەمان و دەنگدان و دەستور و حکومەت وھتد.. ئەو ئاڵوگۆڕە سەرەکیە بوو کە لە نێو سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاریدا سەریھەڵدا و بوە باڵێکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری کە لە فەلسەفە و ئابوری و سیاسەتدا دواتر بەشێوەی مەکتەبێکی فکری و سیاسی و ئابوری جیاواز لە کۆمۆنیزم خۆی ساغکردەوە. ئیتر مەسەلەی سەرەکی ئەم باڵەی نیو سۆشیال دیموکراتی چۆنیەتی بەشداری و پاراستنی ئەم دەوڵەتە قەومیانەیان بوو. چۆنیەتی پاراستنی پەرلەمانتاریزم بو، کە ئەنجامەکەی دەنگدان بە پڕۆژەکانی چینی بورژوازی بوو. دەنگدان بە پاراستنی گومرگی، دەنگدان بەشەڕی جیھانی ئیمپریالیستی، ھاوپەیمانی لەگەڵ حزبە بورژوازیەکان و بەشداری لە حکومەتە بورژوازیەکاندا ھتد..

ئینگلس لە ساڵی ١٨٩١دا لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا ئاماژە بە مەترسی گەشەی ئەم "ئۆپۆرتۆنیزمە" دەکا و دەڵێ" ئەمە لە بیرچونەوەیەکی گەورەیە، مەبدەئەکان لەبەرامبەر بەرژەوەندیە کاتیەکانی ڕۆژدا ھەڵدەسەنگێندرێ، ئەم خەبات و ھەوڵدانانە بۆ سەرکەوتنی ساتە کاتیەکان بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی دواتری، ئەمە قوربانیکردنی ئایندەی بزوتنەوەکەیە لە پێناو ئێستایدا، لەوانەیە مەبەست "ڕاستگۆیانە" بێ، بەڵام ئەمە ئۆپۆرتۆنیزمە و ھەروا دەمینێتەوە، وە ئۆپۆرتۆنیزمێکی "ڕاستگۆیانە" لەوانەیە ترسناکترینیان بێت."
دوای دوو دەیە ئەم مەترسیەی ئینگلس دەبێتە ئەزمەیەکی جدی، کە سۆشیال دیموکراتی دەخاتە ژێرئەو  پرسیارەوە کە ئایا لە ڕیگەی پەرلەمانەوە خەبات بۆ سۆشیالیزم بە کوێ دەگا؟ 

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ١٩٠٤ دا دەنوسێ" پەرلەمان بۆ بورژوازی ئەو قازانجەی جارانی نیە کە دژی دەرەبەگایەتی بەکاری دەھێنا و پەرلەمانی ئێستا بۆ دانانی بودجە و قەواڵەی سوپا، ئیعتباری نوێدان بە کۆلۆنیلەکانی شەڕ لە ئەفریقا و ناوچەکانی بازرگانیە". ئەو پرسیارە دەکا کە سۆشیال دیموکراتی " ناتوانێ لەوە زیاتر بکا، لەوە دەچێ، بەرەو خۆ قوربانیکردن بچێ، بەرەو قوربانیکردنی سۆشیالیزم دەچێ لە سەر مێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی، ئایا ئاکامی ئەمە چی دەبێ؟ ھەڵوەشانەوەی بزوتنەوەی کرێکاری، ناڕۆشنی ئایدیاکان، لادانی ئەخلاقی نوێنەرانی حزب. ئاکامی پڕاوپڕی تاکتیکی وەزارەتی Jaurès‌ (سۆشیالیست) لە فەرەنسا بەشێوەیەکی ڕۆشن خزمەت دەکا بە ئاگادارکردنەوەی ھەموو بزوتنەوەی جیھانی پرۆلیتاریا، کە ئەمە ئەو ڕیگایە نیە بتوانی بەر بە داکشانی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بگرێ."

ئەم داکشانەی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی ، نیشانەی سەرەتاکانی بنبەستی لیبرالیزمی بورژوازی و دەورانی ئەزمەی جیھانی و پێویستی ئیمپریالیزم بە شۆڤێنیزم و بە شەڕ بوو.

ھاوکات ئەوەی ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩٠٤دا باسی دەکا سەرەتای بنبەستی سۆشیال دیموکراتیە کە لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە نەیتوانیوە شێوازێکی تر جگە لە ڕێگەی پەرلەمانی بگرێتە بەر لە خەباتی چینایەتیدا!

ھەربۆیە کاتێکیش ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دەستپێدەکا ولە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستدا دەچینە ناو دەورانی توندبونەوەی ململانێی ئیمپریالیستی و داڕمانی "ئاشتی و دیموکراسی" لیبرالیزم، ئیتر ئەم سۆشیال دیموکراتیەش توشی ئەزمە و جیابونەوەیەکی گەورە دەبێ. ئەو زەمینەیەی پەرلەمانتاریزمەی دوێنێ، کە بزوتنەوەی کرێکاری لەسەری گەشەی سیاسی دەکرد، دەگۆڕدرێ و بورژوازی لەڕێگەی شەڕ و سەرکوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانەوە دەسەڵاتی سیاسی خۆی ڕادەگرێ. ھەربۆیە ئیتر ئەوەی ئەنگلس لەسەر پەرلەمان دەیوت لەگەڵ دەورەی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم نەدەھاتەوە. ئەو دەیوت " کەسێک دەتوانێ بێھێنێتە پێش چاو کە لەوانەیە کۆمەڵگەی کۆن گەشە بکا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ لەوڵاتانەدا کە نوێنەرانی خەڵک ھەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستدایە، لەو شوێنەی، ئەگەر لایەنێک پشتیوانی زۆربەی خەڵکی لە پشت بێت، ئەوە دەتوانێ ئەوە بکا کە لەگەڵ ڕێگەی دەستوری بگونجێ وەک لە کۆماری دیموکراتی وەک فەرەنسا و لە ئەمریکا و لە شانشینی بەریتانیا."

لەم دەورەی نوێیەی ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سەرھەڵدانی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی کرێکاراندا گۆڕانکاری بەسەرسۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا دێت و سۆشیال دیموکراتی بۆ گەیشتنە دەسەڵات پێویست بوو لە دەرەوەی پەرلەمانتاریزمدا بەدوای ستراتیژێکی تردا بگەڕێ.

بەڵام سەرەڕای  ڕەخنەکانی مارکس و ھەوڵەکانی ئەنگلس لە خۆشباوەڕی بە دەوڵەتی بورژوازی و دوورکەوتنەوە لە ئۆپۆرتۆنیزم ، سۆشیال دیموکراتی لە بزوتنەوەیەکەوە کە دەویست سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سۆشیالیزم، وە لە ڕیگەی کۆمۆنەوە دەزگای دەوڵەتی بورژوازی ھەڵوەشاندەوە ، گۆڕدرا بە بزوتنەوەیەک کە زۆربەی ڕیزەکانی کەوتە ژێرکاریگەری ڕەوتی لیبرالیزم و ریفۆرمیزم و پەرلەمانتاریزم . ئەم ڕەوتە سەرەتا خۆی وەکو ڕیڤیژینیزم ناساند، واتە وەک ڕەوتێک کە بانگەشەی خوێندنەوە و چاوخشاندنەوە بە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم دەورەیەدا، واتە لەگەڵ ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی یەکەمدا، سۆشیال دیموکراتی ڕەنگی ئەم ڕیڤیژنیزمەی گرت. ھەربۆیە پێویستە ئەم پرۆسەیە زیاتر شرۆڤە بکەین تا بزانین چ پەیوەندیەک لە نێوان ریڤیژینزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سۆشیال دیموکراتیدا ھەیە؟ 

پەتای ڕیڤیژینزم  

دیالەکتیکی گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی ھاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای ریڤیژینزمدا لەھەموو وڵاتە سەرمایەداریەکان. لینین لە ساڵی ١٩٠٨ دا دەڵێ "چی ڕیڤیژینیزم دەکاتە کارێکی حەتمی کە دەبێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕووبدا؟ لەبەرئەوەی، لە ھەموو وڵاتێکی سەرمایەداریدا، لەپاڵ پرۆلیتاریادا، توێژێکی زۆری وردە بورژوازی ھەیە.بەرھەم‌ھێنانی بچوک پێشتر و ئێستاش بەردەوام سەرمایەداری بەرھەم دەھێنێتەوە.سەرمایەداریش ڕیزێکی تەواو لە "چینە ناوەندەکان" دروست دەکا(پاشکۆی کارگە ، کارکردن لەناو ماڵدا،کارگە بچوکەکان کە لە وڵاتدا بەفراوانی ھەن،..).ئەم بەرھەمھێنەرە بچوکە نوێیانە پاڵ پێوەدەنرێن، بەپێی دەورەکەیان، حەتمەن بۆ ڕیزەکانی پرۆلیتاریا. ھەربۆیە ئاساییە کە بیروبۆچونە وردەبورژوازیەکانیشیان بەردەوام بچێتە ناو ڕیزەکانی حزبە کرێکاریە بەرفراوانەکان."

بێگومان ئەمە تەواوی کێشەی سەرھەڵدانی بۆچونی ناکۆک و لەوانە ریڤیژینزم لە ناو سۆشیال دیموکراتیدا نیە. واتە ڕیڤیژینیزم بەتەنیا لە کاریگەری ھاتنی چینی وردەبورژوازی و بۆچون و جیھانبینیەکەیدا بەرتەسک نابێتەوە. ھەربۆیە دواتر لینین لە ساڵی ١٩١٠ ئاماژە بە بۆچونەکانی ئەنتۆن پانیکوک دەکا*١١ و "ئەنجامگیریە زانستیەکانی"نامیلکەیەکی ئەو ڕوندەکاتەوە لەسەر ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ریڤیژینزم لەناو بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری جیھانیدا.

پانیکوک ئاماژە بە فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی دروستبونی ناکۆکیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی دەکا. لێرەدا ئەوەی گرنگە لەم لێکدانەوەی پانیکوک دا ئەوەیە کە باسی چینی کرێکار خۆی دەکا کە بۆچی و چۆن توشی ئەم کێشانە دەبێ؟ باس لە ئاستی گەشەی سەرمایەداری و کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی سۆشیالیستی چینی کرێکار دەکا.باس لە ئاستی گەشەی ھێزی بەرھەمھێنەری کرێکار و ڕادەی چڕبونەوەی ژمارەکەی لە یەک ناوەندا و ئاستی ڕێکخراوبونی و فێربونی پابەندبون بە سیستەم و ئاستی ھەژاری دەکا و ھاوکات باسی ئەو گۆڕانکاریانە لە شێوەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا دەکا کە بەشێوەی"بازدان"ئەم بزوتنەوەیە دەگۆڕێ و ترس دەخاتە دڵی سیستەمی سەرمایەوە. بەشێوەیەکی سەرەکی تەئکید لە بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی زیندوو دەکا کە لە چوارچیوەی ھەلومەرجێکی مێژوویی و ئابوری و سیاسی دیاریکراودا ڕەوت و دیدگای جیاجیای تێدا دروست دەبێ بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی خەباتی چینایەتی. 
ئێمە لە سەرەوە باسی لیبرالیزمی بورژوازیمان کرد وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی کاریگەری لەسەر دروستبونی ناکۆکی و لادانەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە و دروستبونی باڵی ریفۆرمیستی لە نێو چینی کرێکاردا. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەم بۆچون و دیدگا و لێکدانەوە لیبرالیستیە کاریگەری لەسەر خەباتی کرێکاران دادەنێ؟

وەڵامەکەی ئەوەیە کە چینی کرێکار لەخەباتێکی زیندووی چینایەتیدایە و بەپێی ئاستی گەشە و تەجروبەی خۆی بەو ڕاستیە دەگا، کە چ ڕێگایەک ئەو لە دەست چەوسانەوە ڕزگاردەکا. ئەم ئەنجامگیریە سادەیە خۆی لەدڵی دۆخێکی ئاڵۆزو دوالیزمی خەباتی ئابوری و سیاسیدا یەکلایی دەبێتەوە . ھەرچەند کۆمەڵگەی سەرمایەداری گەشە بکا و ھێزی بەرھەمھێنەری کرێکار گەشە بکا و تەجروبەکانی خەباتی ڕۆژانە و "بازدان" وشۆڕشەکانی زیاتر بێت ئەوەندە نزیکتر دەبێتەوە لەو ئاسۆ و بەدیلەی کە دەتوانێ لە قاڵبی سیستەمی سەرمایەداری تێپەڕێنێ و ئەم وشیاری و تەجروبەیە ببێتە "خواستێکی گشتی و کۆلێکتیڤی" ملێۆنەھا و ملیارەھا کرێکار. ئەمە پرۆسەی واقعی خەباتی چینایەتیە ،کە بەپێی ئاستی گەشە و توانایی سیاسی و ڕیکخراوەیی چینی کرێکار مەسەلەی شۆڕش و دەسەڵات مەترەح دەبێت نەک بەپێی عەقڵی شۆڕشگێڕانەی گروپێکی کۆمۆنیستی یان حزبێکی کۆمۆنیستی. وەک مارکس لە ڕەخنە لە گروپێکی ناو "کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان"دادەڵێ" بۆ ئەوان ئەو ھەلومەرجە ڕاستەقینەی کە ھەیە، ھێزی پاڵنەری شۆڕش نیە بەڵکو بەتەنیا بونی خواستە. کاتێک ئێمە بە کرێکاران دەڵیین ، پیویستە ٥٠،٢٠،١٥ ساڵ بە شەڕو خەباتی ناوخۆ(چینایەتی) دا تێپەڕن، نەک تەنیا بۆ گۆڕینی دۆخ، بەڵکو بۆ چاکردنی خۆتان وە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە دەتوانن باڵادەستی سیاسیتان ھەبێت. ھەروەک دیموکراتەکان کە وشەی خەڵکیان کردوە بە بت ، ئێوەش وشەی پرۆلیتاریاتان والێکردوە.ھەروەک دیموکراتەکان ،ئێوەش زاراوەی شۆڕشتان خستۆتە شوێن ئیڤولوشنی شۆڕشگێڕانە."

ئەم جۆرە ناسینەی شۆڕش کە بتێک نیە و تەنیا زاراوەیەکیش نیە، بەڵکو دیاردەیەکی دیالەکتیکی و یەکێتی دژەکانە خۆی کلیلی دەرک کردنی ھەموو ئەو مێژوەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە پڕ لە ھەوراز و نشێویە و سەرکەوتن و شکستە. دەرک کردنی ئەوەی بۆچی لەم دەورەیەدا کە چینی کرێکار لە باری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە گەشە دەکا بەڵام پەتای ریڤیژینیزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دایدەگرێ ؟ وەک بەدروستی لینین دەریدەبڕێ کە"ئەم جیاوازیانە سەرچاوەکەی خۆی ئەو خەسڵەتە دیالەکتیکیەیە کە گەشەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار ھەیەتی کە لەدڵی ناکۆکیەکاندا و لەڕێگەی ئەم ناکۆکیانەوەیە دەچێتەپێش."

سۆشیال دیموکراتی لەم دەورەیەدا بەباشترین شێوە ڕێگاکانی گەشەی سیاسی و ڕێکخراوەیی کرێکاران لە مەیدانی کاری حزبی وسەندیکایی و پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری دەناسێتەوە و کاری جدی دەکا. ئەنەترناسیونالی دووەم و حزبە کرێکاریەکان لەزۆربەی وڵاتاندا دروست دەکا. لەم ماوەیەی  ١٩٠٥ تا ١٩١٣دا ژمارەی کرێکارانی سەندیکاکان لە ٣ ملێونەوە بووە ٦ ملێون و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ، فینلاند و سوید لە ٪٣٠بۆ٪٤٠ی دەنگیان ھێنا لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا، ھەروەھا کۆمەڵەی فابینەکانی بەریتانیا کاریگەری گەورەیان لەسەر سۆشیالیستە ریفۆرمیستەکان و لەوانەش برنشتاین ھەبوو،ئەم کەلتورە پەیوەندی پەیداکرد لەگەڵ ھوڵندە و ئەسکەندناڤیشدا، ئەمانە لەگەڵ پرۆسەی دروستبونی دەوڵەت ومەرکەزی بونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و ھاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و ئیمپریالیستی چوەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی" ئەرستۆکراتی" کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری حزبی و سەندیکا کرێکاریەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی و نوخبەیی، بەرتەسککردنەوەی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەپێی یاسا و فشار و سەرکوتی مانگرتن و چالاکی شۆڕشگێڕانە کرێکاران. ئەمانە ھەمویان فاکتەربوون لە دروستبونی ئەو دوالیزمەی لە نیوان گەشەی سیاسی کرێکاران لەلایەک و کەوتنە ژێر ھەژمونی فکری و سیاسی ناسیونالیزم و لیبرالیزم و پەرلەمنتاریزمی بورژوازی لەلایەکی ترەوە.

لەگەڵ سەرھەڵدانی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم ئەم دوالیزمە بزوتنەوەی کرێکاری شەق دەکا. سۆشیال دیموکراتی ڕوبەڕوی دەورەیەکی نوێ دەبێتەوە کە دەبێ ھەڵوێست بەرامبەر بە بورژوازی و دەوڵەتەکەی  و سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی دەرببڕی و ڕوبەڕویان بێتەوە. ئیتر ئەم کارە بە پەرلەمانتاریزم و لە چوارچیوەی کاری ڕیگاپێدراوی یاساییدا ناکرێ. چینی کرێکار چیتر ناتوانێ لە قاڵبی کاری سەندیکاییەکی پیشەییدا بمێنێتەوە کە تەنیا مەسەلەی کرێ و ریفۆرمی ئابوری ھەبێ ، چونکە سەرجەم کۆمەڵگە و چینی کرێکار گیرۆدەی سیاسەتی شەڕ و تاڵانکاری و سەرکوتی بێ پەردەی بورژوازی و دەوڵەتەکەیەتی. ھەربۆیە سۆشیال دیموکراتی پێویستی بە فکر و سیاسەتی کۆمۆنیستی نوێ دەبێ سەبارەت بە شۆڕش و دەوڵەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی.ئەم کێشانە خۆیان لە چەند مەیدانی سیاسی و ئابوریدا نیشان دەدەن، لەوانە چۆنیەتی ھەڵوێست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی، چۆنیەتی بەشداری لە پەرلەماندا، شێوازی ڕێکخستنی جەماوەری کرێکاران، مانگرتنی گشتی و شۆڕش وشەڕی جیھانی و ھتد..

ریڤیژینزمیش سەرەتا لەلایەن برنشتاینەوە وەک سەیرکردنەوە و چاوخشانەوە بە بنەماکانی بیروباوەڕی مارکسدا ھاتە کایەوە سەبارەت بە گەشە و ئەزمەی سەرمایە و دواتر باسی گرنگی دەستکەوتی کاتی و ریفۆرم گرنگترە لە ئامانجی گۆڕینی سیستەم " بزوتنەوە ھەموو شتێکەوە ئامانج ھیچ"، بەڵام دواتر بووە چوارچیوەیەکی سیاسی و عەمەلی بۆ ئامانجی ریفۆرم و بوونە بەشێک لە خودی سیستەمی زاڵی سەرمایەداری و پەرلەمان و حکومەتەکەی و وەرگرتنی ئیمتیازاتێک بۆ توێژی کاربەدەستانی حزبی و حکومی و سەندیکایی کرێکاران. ھەر ئەم بەرژەوەندیە مادی و بەرتەسکیە فکریانە بوون کە ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا زاڵ کرد. ئەم "گروپە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکی جیاوازیان دەکرد گەشەی سەرمایەداریان بە گەشەی سۆشیالیزم دەزانی"، لەکاتی ئەزمەی سیاسی و سەربازی نێوان دەوڵەتە سەرمایەداریەکاندا ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستی و ئۆپۆرتۆنیستیەی نێو سۆشیال دیموکراتی تەواو ڕەنگی ئەم ریڤیژینزمەی لێ نیشت و ئامانجی کاتی مانەوە لە پەرلەماندا و مانەوە لە قاڵبی دامەزراوە ڕەسمیەکانی دەوڵەتدا کرایە ئامانجی پیرۆزی"دیموکراسی". ئیتر کاوتسکی وەک برنشتاین قسەکەری ڕەسمی ئەم "دیموکراسی بورژوازی"ە بوو. ئەمە تێکشکانی بزوتنەوەی کرێکاری بوو لەبەردەم بتی دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداریدا. شکست بوو بەھۆی دیموکراسی ھەڵخەڵەتێنەرانەی بورژوازیەوە.

بەڵام لەگەڵ قوڵبونەوەی ئەزمەکانی سەرمایەدا شاھیدی سەرھەڵدانەوەی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی کرێکاران بوین. ھەربۆیە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری جیھانیدا پێویستی دەرک وستراتیژی تازەی ھێنایە ئاراوە بۆ چۆنیەتی تێپەڕین لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و دروستکردنی بەدیلی ئەنتەرناسیونالی دوەمی سۆشیال دیموکراتی.

ئەم دۆخە نوێیەی خەباتی چینایەتی ئاڵوگۆڕ لە سۆشیال دیموکراتیی جیھانیدا دروست دەکا وژێرپێی تیوریەکانی ریڤیژنیزم سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری و پیرۆزی دەوڵەتی بورژوازی ودیموکراسیە پەرلەمانیەکەی بۆش دەکا . وەک پێشتر ڕۆزا ھەستی پێکرد کە سۆشیال دیموکراتی ناتوانێ لە قاڵبی تاکتیک و ستراتیژی جارانیدا بمێنێتەوە و بەتایبەت  لەژێر کاریگەری دۆخی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیادا شیوازێکی نوێی شورایی و مانگرتنی جەماوەری کە جیاوازە لە خەباتی پەرلەمانی دەردەکەوێ. ئەمە جارێکی تر ئەو حوکمە بنەڕەتیەی لە سەرەتای ئەم نوسراوەدا ئاماژەمان پێدا دەسەلمێنێتەوە کە خەباتی چینایەتی بە کێشە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتیەوە قەتیس نابێتەوە و لەگەڵ دەورەیەکی نوێ لە ئەزمەی سەرمایەداری جیھانی و بنبەستی سیستەمی سیاسی بورژوازی و پەرلەمانتاریزم و لیبرالیزمەکەی، جارێکی تر چینی کرێکار پێویست بوو وەڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی بە دەوڵەتی بورژوازی بداتەوە و سیستەمی سیاسیی ئەلتەرناتیڤی خۆی نیشان بداتەوە. 
لێرەدا دەگەینە قۆناغێکی جیاواز و نوێ لە خەباتی چیانیەتیدا کە دیسانەوە چینی کرێکار لەڕێگەی شۆڕشەوە بەم وەڵامە ڕادیکاڵەی خۆی بە سیستەمی سەرمایەداری ئاشنامان دەکا. ھەربۆیە لەبەشی داھاتوودا نمونەی شۆڕشەکانی ڕوسیا شرۆڤە دەکەین و دواتر دەچینە سەر لێکدانەوەی ئاکامەکانی شۆڕش و خەباتی چینایەتی لە دەورەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەردا.

سەرچاوەکان:

١. دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم

٢. http://www.asokamal.com/index/?p=١٧٥٠

٣. ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتە، مارکس، ل٢٣٣،مختارات مارکس و انجلز،جلد٢،دارالتقدم

٤. ھەمان سەرچاوە،ل٢٣٢

٥. ھەمان سەرچاوە بە ئینگلیزی

٦. https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/١٨٧٥/gotha/ch٠٣.htm

٧. نامەی ئینگلس بۆ بیکەر https://www.marxists.org/archive/marx/works/١٨٨٠/letters ٨٠_٠٤_٠١.htm

٨. لینین، مارکسیزم و ریڤیژینیزم، ل ٤٢١،،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.بەعەرەبی.

٩.ئینگلس ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/١٨٩١/٠٦/٢٩.htm

١٠. ڕۆزا لوکسبورگ، سۆشیال دیموکراتی و پەرلەمانتاریزم https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/١٩٠٤/٠٦/٠٥.htm

١١. ئینگلس،ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا لە ١٨٩١

١٢. https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/١٨٩١/٠٦/٢٩.htm

١٣.  مارکسیزم و ڕەوتی ڕیڤیژینیزم،ل ٤٢٤،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.

١٤. پانیکوک The Tactical Differences in the Labour Movement (Die taktischen Differenzen in der Arbeiterbewegung, Hamburg, Erdmann Dubber, ١٩٠٩), Anton Pannekoek

١٥. https://marxists.catbull.com/archive/lenin/works/١٩١٠/dec/١٦.htm

١٦. مارکس ،کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانMinutes of Central Committee Meeting, ١٥ September ١٨٥٠, in Karl Marx, The Revolutions of ١٨٤٨ (Harmondsworth, ١٩٧٨), p ٣٤١.

١٧. لینین ، ناکۆکیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکارانی ئەوروپا، ل ٥١٧،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.

١٨.ھۆبسباوم ،نفوزی مارکسیزم لە ١٨٨٠ تا ١٩١٤، چۆن جیھان دەگۆڕین ل ٢١٦، بەزمانی ئینگلیزی.

١٩. ل ٢١٦ ھەمان سەرچاوە

٢٠. ل ٢١٥ ھەمان سەرچاوە

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×