جەنابی پارێزگار، بەو ھەلیکۆپتەرە سوورە مەوەستە تا بەغدا

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2025-08-21     303

ئەو ئیجماع و کۆنەست و ئیرادەو دڵسۆزیەی دروست بوو بۆ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی کۆکۆیی ھەڵەبجە، لەحکومەت و پەڕلەمان و میدیاکاران و چین و توێژەکان و کەسایەتیەکان و تیمە خۆبەخشەکان، تا دەگاتە وەزیفەو کاری مەیدانی و بەرپرسیارانەی بەڕێزان پارێزگارو قائیمقامی ھەڵەبجە، کە بەشێوەیەکی نەسرەوت و دڵسۆزو خەمخۆر، لەناوجەرگەی ڕوداوەکاندابوون لەگەڵ تیمی خۆبەخش و پۆلیسی فریاکەوتن و ئەھل و عەشرەت، تاکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە شەووڕۆژ لەوێ بوون، گرنگە وانەو پەندی ئەخلاقی و سیاسیی لێوەرگرین و بۆ ھەڵەبجەش سەرمایەگوزاریی مرۆیی و مەعنەویی پێوە بکەین، لێرەوە پێشنیار دەکەم (جەنابی پارێزگار نوخشە ناسیح) ھەر بەو مۆتیڤ و ئیحساسە بەرزەوە لەگەڵ تیمەکەی، نەوەستێ و بچێتە بەغداو ڕاسپاردەو زیان و دەرخستەکانی ئەم کارەساتەو کۆی خەم و ژان و ئازارو داواکاریەکانی تری پارێزگاکەی بگەیەنێتە دەسەڵاتداران و لایەنی جێبەجێکارو یاسادانەرانی عێراق تا جارێکی تر ئەم ڕووداوانە دروست نەبنەوە.

ناوچەی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای ھەڵەبجە لەسازانەوە بۆ نەیجەڵەو تلێوەرێ و چنارو مۆردین و لمەو پێگەو ئاوەمارو قوڵی متکان تابەری سیروان و مەڕەخێڵ ناوچەگەلێکی فراوانی گرتەوە کە گەشتیاری و سروشتی و کشتوکاڵین، بەشی سەرەکی لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراقەو ئەوان دیدەوانیی دەکەن و حوکمی ئەکەن، ناوچەیەکی سەخت و شاخاوی و گەرمەسێرە، پڕلەوزەو سەوزایی و سەرچاوەی بەرھەم و بژێویی جوتیاران و ئاژەڵدارانەو بە سامانێکی میللی سروشتی دادەنرێت، ئێستا ئەو ھەمووە زیانەی بەرکەوتوە، دەبێ بۆ سەوزکردنەوەو ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراقی بکرێت و پابەند بکرێ بەخێرایی بەدەم قوربانیەکانەوە بێن و بەیاساو بودجەی عێراق قەرەبووی زیانەکانی پارێزگای نۆزدەھەم بکەنەوە، کە بەدەرەجەی یەکەم ئەرکی حکومەتی مەرکەزییە ئینجا حکومەتی ھەرێم کە نازانرێ بۆچی ھێشتا تەندەرین بۆ دەستپێکردنی جادەی سازان ھەڵەبجە ناکەن و بڕیاری کۆتایی نادەن لەسەر ئەو پڕۆژەیە کە دەمێکە فەرمانە وەزاریەکەی دەرچوە.

پاشان پەڕلەمانتارو مەندوبەکانی کورد لەبری وێنەگرتن و بروسکەی ھاوخەمی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، پێویستە ھەرچی زووترە پڕۆژەیەک بۆئەو مەبەستە ئامادەبکەن و پاڵپشتی ڕاسپاردەو داواکاریەکانی پارێزگا تازەکەبن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و داوای قەرەبووی زیانە ماڵی و ڕۆحیەکان بکەنەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەگشتی.

دەسەڵاتی مەرکەزیی عێراق لەبری پڕۆژەی سەوزکردن و خزمەتی ژینگەیی و ئاوەدانکردنەوەی دارستان و پاوان و ڕەزو باخ و دەوەن و مەڕعاو لەوەڕگاکانی کوردستان چەندساڵێکە بێ ھیچ پلانێک دەستی کردوە بەپرۆسەی بەسەربازیکردن و تەجنیدی نھێنی و ئاشکرا لەسنورە شاخاویەکانی کوردستان، شاخ و چیاکانی پشتەوە لەباڵامبۆ تا شنروێ و بەفری میری و ھەورامان و شاخی شەرام و ڕەنگین و ئاسۆس بەشێکە لەو ستراتیژو پلانەو تەلبەندکراوەو دیدی عەسکەریزم برەو پێئەدات وەک سەردەمی حەرەس قەومیەکان و زەعیم سدیق تادەگات بە ھەژموونگەریی بەعسیەکان.

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق، سوپاو فەرماندەییەکی وەک پاسەوانی سنور دروستکردوە لەو ناوچانە، دەبێ لەخەمی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکانیش بێ کاتێک ڕووداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوەو تەقینەوە ڕووئەدات و دەبێ لەبری کڵاشینکۆف و تەلی دڕکاویی بێکەڵک کەرەستەی ئاگرکوژانەوەو تیمی فریاگوزاری و تەنانەت ھەلیکۆپتەری ئاگرکوژانەوەو ئۆتۆمبیل و ئەمبوڵانسی تایبەت و شاخاوی بخاتە بەردەستیان وەک ھێزی فریاگوزاریی ئامادە تا ناوچەکان ئارام و سەلامەت بن و ژینگەی کوردستان بەپارێزراویی بمێنێتەوەو سەدان باخ و بێستان و ڕەزو دارودەوەن و مێرگ و سەوزایی و مۆڵەگایەل و ئاژەڵداریی بەوجۆرە زیانیان پێ نەگات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ستیڤ فه‌یگن بۆ بارزانی: پشتیوانی له‌ عێراقێك ده‌كه‌ین كه‌ میلیشیاكان چه‌كدار نه‌بن
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بۆ راوێژكارێكی سه‌رۆكی هه‌رێم: ئه‌وانه‌ لە زیندان ئازاد بکەن کە لەسەر وشەو رای جیاواز گرتوتانن
ناوه‌ڕۆكی ئه‌و شه‌ش یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌ی كه‌ له‌نێوان عێراق و فه‌ره‌نسا ئیمزاكران
پەرەسەندنی ململانێکانی یەمەن؛ هێرش بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی سعوودیە و پێشڕەوی هێزەکانی حکومەت لە چەند بەرەیەکدا
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدات: هەر خاوەنکارێک پێشێلکاری بەرامبەر کرێکاران بکات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە
مه‌زڵوم عه‌بدی: لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شه‌فاف و سه‌ربه‌خۆ له‌باره‌ی روداوه‌كه‌ی زیندانی كۆبانی بكرێت
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم: گه‌له‌كۆمه‌ له‌ رۆژنامه‌نوس بڕیار نامیق مه‌كه‌ن
لە سوید دیموکرات و چەپەکان پێشەنگی هەڵبژاردنن
بە سێ مووشەک کەمپی بنەماڵەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێزەڵە کرایە ئامانج
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە؛ نرخی غاز لە ئەوروپا هەزار دۆلاری تێپەڕاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×