سه‌رده‌می سێڵفی و سێڵفیزمی سیاسیی

ئاراس فەتاح
  2019-04-22     1477

به‌شی یه‌كه‌م

لە ساڵی 2013دا فەرھەنگی ئۆکسفۆرد وشەی سێڵفی وەک وشەی ساڵ ھەڵدەبژێردرێت. سێڵفی بەمانا ھەرە سادەکەی کردەیەکی خۆکردییە لە گرتنی فۆتۆی خۆدا. گەر له‌ سەردەمی پێش سمارتفۆندا دروستکردنی پۆرترێت کردەیەکی ھونەریی تایبەتی ناو ھونەری وێنەکێشان بووبێت، ئەوا لە دوای سەردەمی سمارتفۆنەوە سێڵفی دەبێت بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر و ھەموو کەسێک بەقەد درێژیی باڵی خۆی سمارتفۆنەکەی لە خۆی دووردەخاتەوە و دەتوانێت وێنەی خۆی بەتەنھا، یان لەگەڵ گروپدا بگرێت.

وه‌ك ئاشكرایه‌ دروستبوونی ئاوێنە گەورەترین داھێنانە کە دیاردەی پۆرترێت وەکو ھونەر گەشەپێدەدات. واتە بۆئەوەی بتوانیت پۆرترێتی خۆت بکێشیت، پێویستیت بە وێنەی خۆتە. ئاوێنەش ئەو رووبەرەیە کە مرۆڤ وێنەی خۆی تێدا دەبینێت و کەشێک دەخوڵقێنێت کە ھونەرمەند لەڕێگایەوە بتوانێت وردودرشتی ته‌فاسیله‌كانی ده‌موچاوی خۆی ببینێت. داھێنانی سمارتفۆنیش ده‌بێت به‌و ئاوێنە دیجیتاڵییەی کە ھەموو کەسێک دەتوانێت لەڕێگایەوە ببێت بە فۆتۆگرافەری خۆی و به‌و شێوه‌یه‌ش پۆرترێتی خۆی بگرێت كه‌ ده‌یه‌وێت. پرسیاره‌كه‌ی من له‌م وتاره‌دا به‌دواچوونی وه‌ڵامی ئه‌وه‌ نییه‌ ئایا سێڵفییش هونه‌ره‌ وه‌كو هونه‌ری پۆرترێت؟، به‌ڵكو پتر تاووتوێكردنی دیاره‌یه‌كی نوێى ناو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كانمانه‌ كه‌ قه‌یرانی جه‌سته‌ و شوناس به‌رهه‌میهێناوه‌.

زۆرینەی زانایانی دەروونناسیی لەسەر ئەوە ھاوڕان کە سێڵفیست کەسێکی خودئەڤینە، نەک لەبەرئەوەی شەیدای وێنەی خۆیەتی، بەڵکو لەبەرئەوەی خۆی بە کەسێکی سەرنجڕاکێش "attraktiv" دەبینێت و سەرسامە بە کەسایەتیی خۆی. سێڵفیست فۆتۆگرافەرێکە تێرنابێت لە گرتنی فۆتۆی خۆی، چونکە شەیدای خۆیەتی. سێڵفی زیاده‌ڕه‌وییه‌كی به‌رخۆرییانه‌یه‌ كه‌ كه‌سی سێڵفیست له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی خۆیدا ده‌یكات. سێڵفی ماڵی منێكه‌ گه‌ر هارددیسكی دونیای دیجیتاڵ نه‌بایه‌، ژماره‌ی فۆتۆكانی له‌ گه‌وره‌ترین ئارشیڤی ته‌قلیدیی جیهاندا جێگای نه‌ده‌بووه‌وه‌. سێڵفیست کەسێکە پێویستی به‌ تیم و كاری ده‌سته‌جه‌معیی نییه‌، ڕۆڵی کاراکتەری نماییشێکی "تاک -ئه‌كته‌ریی" دەگێڕێت کە حەزێکی قووڵ لە خۆدەرخستن و خۆنماییشکردن پاشخانێتی. سێڵفیست فیلمسازێکە کە ئەستێرەی تاکوتەنھای ناو ئەو فیلمەیە کە خۆی سیناریست و ئه‌كته‌ر و دەرھێنەرێتی.

سێڵفی کردەیەکی خۆدەرخستنە لەناو "شوێن -کات"ێکدا کە مێژووەکەی موڵکی تایبەتی کەسی سێڵفیستە. سێڵفی گەڕانە بەدوای بوونێكی نوێدا کە کۆجیتۆی ”من وێنەی خۆم دەگرم، کەواتە من ھەم“ بۆ کەسی سێڵفیست بەرھەمدەھێنێت. مانیفێستی شوناسی سێڵفیسته‌كان بریتییه‌ له‌: ئەوە منم لێرەم و منم بەتەنھا لەم چرکەساتەدا لەگەڵ خۆمدام. منێک کە دەتوانێت بە چەندین شێوە خۆی نماییشبکات و چەندین شوناس به‌خۆی ببه‌خشێت و چەندین رۆڵیش بگێڕێت. فۆتۆکانی سێڵفیست باس لە حیکایەتی پێرفێکتی کەسێک دەکەن کە لەڕێگای تەکنیکی فیلتەرەوە ده‌توانێت ئه‌وه‌نده‌ دەستکاریی وێنەکەی خۆی بکات تا لەدواجاردا ھیچ پەیوەندییەکی بە واقیعی خۆیەوە نامێنێت، چونکە خۆی دەبێت بە خاڵقی خەیاڵی خۆی. سێلفیست كه‌سێكه‌ كه‌ سێبه‌ری خۆی لێ ده‌بێت به‌ واقیعی خۆی و ته‌ماهیی له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنانه‌دا ده‌كات كه‌ كۆپی جیاواز و دژبه‌یه‌كی خۆیه‌تی.

ئەو دەتوانێت لەڕێگای پڕۆگرام و فیلتەرەکانەوە خاڵەکانی سەر دەموچاوی لاببات یان لە ھەر شوێنێک مەبەستی بێت خاڵ بۆخۆی دروستبکات، بڕۆکانی رێکبخات، سمێڵ بۆ خۆی دابنێت و ریشی بتاشێت، چرچی و لۆچییه‌كانی دەموچاوی لووسبکات، ددانه‌كانی سپیییبکاتەوە و لێوی ئەستووربکات و قژی بەو ڕەنگە بڕازێنێتەوە کە حەزی لێیە و ھتد. لە کردەی فیلتەرکردنی وێنەی سێڵفیستدا پرۆسەی لووسبوونێکی گشتگییر و تۆتاڵ لەگەڕدایە کە دژ بە ھەموو زبریی و لۆچیی و ناڕێکیی و نێگەتیڤیتییەتێکە كه‌ له‌ناو واقیعدا بوونی هه‌یه‌. به‌مچه‌شنه‌ خۆگێلكردن له‌ بوونی واقیعییانه‌ی خۆ ده‌بێت به‌ مانیفێستی جوانناسیی لای سێڵفیسته‌كان، خۆگۆڕین یان له‌خۆگۆڕین ده‌بێت به‌ دیباجه‌ی كتێبی ژیانی كه‌سانی سێڵفیست و خۆباركردن به‌ چه‌ندین شوناس و كه‌سایه‌تیی جیاوازیش ده‌بێت به‌ خه‌سڵه‌تی نوێی سێلفیسته‌كان.

کەسی سێڵفیست تەنھا بە وێنەیەک تێرنابێت. ئەو پێویستی بە چەندین وێنەیە بۆئەوەی وێنای خۆی لەسەر خۆی، بە شێوەیەکی پێرفێکت بەرجەستەبکات. ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌ناو واقیعێكیی دروستكراوی خۆیدا ته‌باییه‌كی تر لەگەڵ ده‌موچاو و جه‌سته‌ی به‌دڵنه‌بووی خۆیدا بدۆزێته‌وه‌. ئەو وێنه‌یه‌ی کەسی سێڵفییگر لەسەر خۆی بەرھەمیدەھێنێت، وێنایەکی ئۆقرەنەگرە. كه‌سی سێلفیست بە یەک وێنەی خۆی ڕازی نابێت و نایەوێت یەک شوناسی ھەبێت، بەڵکو پێویستی بە فرەشوناسییە له‌ڕێگای گرتنی فۆتۆی به‌رده‌وامی خۆی؛ جارێکیان بە شوناسی کەسێکی پڕخەندە و بزەدارەوە وێنە دەگرێت، جارێکی تر بە خەم و پەژارەوە، جارێک وێنای کەسێکی خەمۆک و خەفەتبار و جارێکی تر کەسێکی گەش و بەختیار، جارێک وێنای کەسێکی ترسنۆک و جارێکی تر کەسێکی مەترسییدار وەردەگرێت. سێڵفیگر تیرۆریستێكی ژیانی خۆیه‌تی، ئاماده‌یه‌ له‌ مه‌ترسییدارتریین شوێندا وێنه‌ی خۆی بگرێت با ئه‌و وێنه‌یه‌ دوا وێنه‌ی ژیانیشی بێت و ببێته‌ هۆكاری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ و مردنی. ئەم مرۆڤە وه‌ك فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانیی به‌ ڕه‌گه‌ز كۆریای باشوور "بیونگ - چون هان" ده‌ڵێت، کێشەیەکی قووڵی لەگەڵ جەستەی خۆیدا ھەیە و لە ڕاستییدا نازانێت چی لە خۆی بکات. ئەکرۆپاتئاسا جووڵه‌ بە دەست و جەستە و دەموچاوی دەکات، گاڵتەئامێزانە تەعبیر لە خۆی دەکات، زمان له‌خۆی دەردەھێنێت، ده‌قیژێنێت و ھاواردەکات، چاوی زەقدەکاتەوە، دەم و لچی دەردەپەڕێنێت و قەڵەویان دەکات، لێوەکانی دەخاتە ناو دەمییەوە و خۆی وەک کەسێکی بێدەم نماییشدەکات، قژی دەئاڵۆسکێنێت و خۆی دەکات بە جاڵجاڵۆکەیه‌كی گرمۆڵه‌بوو، مەیکئەپی ناوازە بۆ خۆی دەکات و وێنەی خۆی دەگرێت. بەکورتیی کەسی سێڵفیست نازانێت چی لەخۆی بکات و چ شوناسێک ھەڵبژێرێت. ئه‌و دەیەوێت لەیەککاتدا ھەموو شوناسەکان لە ناو خۆیدا بەرجەستەبکات و هه‌موو ڕۆڵه‌كان بگێڕێت، بەڵام ئەمەی بۆناکرێت. بۆیە ناچارە زۆرینەی کاتی خۆی به‌ وێنه‌گرتنی خۆی سه‌رفبكات و هه‌وڵی دروستکردنی شوناسی جیاواز و ناکۆک و دژبەیەک بدات و ڕۆڵی جیاواز و دژبه‌یه‌ك بگێڕێت. كێشه‌ی ئۆقره‌نه‌گرتنی كه‌سی سێڵفیست له‌گه‌ڵ بوون و جه‌سته‌یدا له‌ نێوان به‌كۆمیدیكردن و تراژیدیاكردنی وێنه‌ی خۆیدا هاموشۆده‌كات.

ئالووده‌بوون و ئیدمانبوون لەسەر وێنه‌گرتنی سێڵفی پابەندی ئەو بۆشاییەی (من)ێکی خودئەڤینە کە ئارامیی لێبڕاوە و ناتوانێت ھێوڕبێتەوە. سێڵفی ھێندەی په‌یوه‌ندی به‌و بۆشاییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ وجودی كه‌سی سێڵفیستی داگیركردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ پەیوەندی بە په‌یوه‌ندییگرتنییه‌وه‌ نییه‌ به‌ ده‌وروبه‌ر و سروشت. ئەو بۆشاییە ناوەکییەی مرۆڤی سێڵفیست تیایدا دەژیی، ناچاری ده‌كات ھەمیشە لە ھەڵپەی ئەوەدا بێت خۆی بەرھەمبھێنێتەوە بۆئەوەی ھەست بە بوونی خۆی بکات و مانایەک بە بوونی خۆی ببه‌خشێت. ئەوەی كه‌سی سێڵفیست بەرھەمیدەھێنێت هونه‌ری بۆشاییەكی قووڵه‌. سێڵفیستەکان هێنده‌ی وێنەی ئه‌و بۆشاییە روحییەی خۆیان دەگرن، وێنه‌ی حه‌قیقیی خۆیان ناگرن. هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌بێت جه‌سته‌ و ده‌موچاوی خۆیان بكه‌ن به‌ سێنته‌ری بوونیان و دووباره‌ به‌رهه‌میان بهێننه‌وه‌. بڕوانه‌: Byung-Chul Han: 2015

له‌م سه‌رده‌مه‌شماندا جیھانی ناو سیاسەت و وەرزش و ھونەر و ئەدەب پڕە لە فیگه‌ر و کەسایەتیی خودئەڤین و خودسێنته‌ر. گەر دۆناڵد ترامپ لە لوتکەدا بێت، ئەوا لەپاڵ ئەودا سیاسەتمەداری ترمان زۆرە لە وێنەی پوتین و ئەردۆگان وئۆربان و هتد. لەبواری وەرزشدا رۆناڵدۆ و نایمارمان ھەیە و لەبواری ھونەردا مارلین مۆنرۆ و مایکڵ جاکسن و مادۆنا و پرنس لە بەناوبانگترین کەسایەتییە خودئەڤینەکانن. له‌ دونیای ئێمه‌شدا ئه‌و فیگه‌ره‌ سیاسیی و ئه‌ده‌بیی و هونه‌رییانه‌ كه‌م نین كه‌ به‌چه‌شنێكی مه‌ترسییدار شه‌یدای وێنه‌ی خۆیانن و تێرمێكی نوێیان له‌ نێرجسییه‌ت به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ من به‌ "سێلفیزم" ناودێڕی ده‌كه‌م.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×