بایەخی یادداشت یا سەربوردەی سەرانی حیزبە کلاسیکییەکانی کورد!

کامەران قازی
  2019-04-23     945
چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)
ئەوەی دەینووسن، ئەوە نییە کە کردوویانە، ئەوەیش کە کردوویانە ئەوە نییە کە دەینووسن.
بارودۆخی کورد و کوردستان جۆرێک بووە، کە کۆمەڵێک خەڵک، یا بە حوکمی نەسەب، یا بە حوکمی عەشیرەت، یا ئیتر لەم دوایانەدا پشتاوپشت، لەو ڕووداوانەی کە بەسەر کوردیاندا هێنا، پلەیەکی حیزبیان بووە. ئەمانە بە زۆری لە ژیانێکی  (خۆش: لاکچری) دا ژیاون، ئەگەر هیچ نەبێت لە ڕۆژە سەختەکانیشدا بە بەراورد بە خەڵکە هەژار و بە پێشمەرگە گومناوەکە، کە لەم دوو پارچەیەی ڕۆژهەڵات و باشووردا دەیان هەزار بوون و بەهەزارانیان لە شەڕی لا بەلاو لە شەڕی نێوان سەرکردەکانی ئەم حیزبانەدا بوونە قوربانی.
ئێستا ئەم سەرانە کە ئیتر لە ڕووی جەستەییەوە ئەو توانایەی جارانیان نەماوە و بارودۆخەکەش یاریان نییە وەکی جاران بن، زۆرینەیان دەست بە گەنجینەی ( بیر و مێژووی ) ڕابووردویاندا دەگێڕن و مشتێک لە و هەڵوێست و ڕەفتارە گشتیانە، کە نە زیانی بۆ خۆیان هەیە و نە زیانی بۆ پەزەکەکانیش هەیە، دەنووسنەوە.
لێردا هەڵسەنگانێکی گشتی بۆ ئەو بیرەوەریانە دەکەم
لە ڕووی زمانەوە: 
کەم پێش هاتووە، لەو بیرەوەریانەدا هەست بەوە بکەیت کە تۆ نووسینێکی کوردیی ڕەوان و زمانێکی تۆکمە دەخوێنیتەوە، چونکە حوکم وایە کە ئینسانێک ئەوەندە شاخە و شاخ و گوندا و گوند و شارە و شاری کرد، بێگومان دەبێت زمانەکەی، ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییەی پێوە دیار بێت، ئەگەر لە هەر گوندە چوار وشەی نوێیش فێر بووبێت، هەوڵ دەدات وەک سیمای ئەو چەند ڕۆژەی لەو گوندەدا بووە، وشەکانیان بەکار بێنێت، دەبێ بەکاری بێنێت، یا ئەگەر بە زاراوەی خۆشی نووسینی، ئاماژەیان پێ دەکات، چوونکە ئەو دەیەوێت باسی (شوێنێک و خەڵکێک و سەردەمێک) بکات، کە ئەمانە هەموویان یەک ڕایەڵەی پەیوەندیان هەیە، ئەویش ئەو زاراوەیە بووە کە ئەو ناوچەیە لەو دەمەدا قسەیان پێکردووە، ئەوە بەشێکە لە مێژووەکە، ئەگەر وا نەبوو بێت، نووسینەکە کەمایەسی هەیە و گێرانەوەکە ناتەواوە، کەواتە ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی دروست بۆ سەردەمێکی نەتەوەکە سوودبەخش بێت. 
لە بیرەوەری چەند جڵدیدا دەیخوێنییەوە، کە نووسەر لەبەر ئەوەی چاوی شین بووە، کیژانی دێ تەماشای ئەمیان کردووە، زیاتر لە هاوڕێکانی، چاوشینییەکەی وەک ئیمتیاز بۆ خۆی قایل بووە، ئەمە لە حاڵیکدا
کە : بڕیار وابوو هەموو ژنانی کورد دایک و خوشکمان بن و هەموو پیاوانی کورد برامان، ئەمە دەتوانی لە کوێی ئەو چارەسەرەدا بۆ برینە قوڵ و زامە بە سوێکەی کوردا جێگای بکەیتەوە؟!.
ڕاستگۆیی و بوێریی:
بیرەوەری بەتایبەتی بۆ حاڵ و باری کورد، ئەوەمان لێ داوا دەکات، کە بۆ پەروەردەیەکی باشتری نەوەکانی دوای خۆمان، بە وردی و بە ویژدانێکی ڕاستگۆوە، ڕازە شاراوەکانمان بەرمەڵا بکەین، ڕەخنەگرێکی بە ئینساف و لە زۆر حاڵەتدا دڵ رەق و بێ پەروای ڕەفتار و بیرکردنەوەی خۆمان بین، دەنا پڕکردنەوەی سەدان لاپەڕە بە باسی چاوچاوێن و نانخواردن، بە حاڵی من چی، کە زامەکەم ئێستا لە جاران بەسوێترە و هەر ئەو ڕەفتارانە کە ئێستا وەک بیرەوەری ( سەرێکی کورد) نووسراوەتەوە، یەکێک لە هۆ بنچینەیەکانی ئازارەکەمە!!!. 

زۆر کەم ئەو دوو سیفەتەی بیرەوەری کە لەسەرەوە باسم کردن، لە یادداشتی سەرانی کوردا، بایەخی پێدراوە، وەنەبێ نەیان زانیبێ، یا هەستیان پێ نەکردبێ کە باس لە چی دەکەن!! وەک وتم، ئەوە هەڵبژێردراوە کە نە زیانی بۆخۆیان هەبێت و نە بۆ پەزەکەکان، بە زانایی نووسراونەتەوە. 

کەی ئێمە کە سەرکردە نەبووین، لە ڕاستی ڕووداوەکان ئاگادار دەکرێینەوە؟! زۆر لەوکەسانەی کە ڕۆڵیان هەبوو و سەرێکی ناو سەران بوون و بیرەوەریەکانیان نووسیوەتەوە، ئێستا زیندوو نین و بیرەوەرییەکانیان بەو پیوانەیەی سەرەوە، کەمایەسیان هەیە و باسە بنچینەیی و کاریگەرییەکانیان تێدا نەهاتووە و نەوەیەک و چەند نەوەی تریش چەواشە دەکەن. 

بۆ کەس ئەو بوێری و دڵسۆزییەی نییە کە بڵێت: من و ئێمە ( دەستەکەم، حیزبەکەم) هەڵە بووین، خەتامان کرد، زوڵم و ناڕەوایمان بە نەتەوەکەمان ڕەوا بینی؟! ئایا بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە، هەموو سات و کاتێک هەر لە شەڕدا بوون؟! قسەیەک نەکرا، پلانێک دانەنرا بۆ هێرش کردنە سەر حیزبەکەی تر؟! بروسکەیەک لێ نەدرا، شەڕێک نەفرۆشرا، بەهانەیەک نەگیرا، ئازاری کەسێک نەدرا، لاقەیەک نەکرا، خەرمانێک نەسووتێنرا، غەدرێک نەکرا، جوێنێک نەدرا، سوکایەتییەک نەکرا، ناپاکی و داوێن پیسییەک ڕوویان نەدا، سننورێک نەبەزێنرا و دڵێک نەشکێنرا، بڕیارێکی نادروست نەدرا و حەقێک نەکرا بە ناحەق؟!!!.

کۆکردنەوەی باسەکەم: بیرەوەەری و یادداشت ئەگەر ڕەخنەگرتن لە هەڵوێست و ڕەفتاری سەردەمێکی کەسەکەی تێدا ڕوون نەکرابێتەوە، بەتایبەت بۆ کەسانێک کە پەیوەندیان بە ڕووداوە گرنگەکانی نەتەوەیەکەوە بووبێت، بایەخی مێژووی و سیاسی نییە و نەک هەر نابێتە سەرچاوە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، بەڵکو ئەگەر کەسێک وەک سەرچاوەیەک بەکاری هێنا بۆ لێکۆڵینەوەکەی زیان بە باسەکەی دەگەێنێت و تووشی گومڕایی دەکات و ئامانجەکەی ناپێکێ چونکە لە بناغەدا سەرچاوەکەی کەمایەسی و نادروستی تێدایە، بۆیە زۆر جاران خوێندنەوەشیان دەچنە قاڵبی کات بە فیڕۆدان و زیانی ماڵییەوە. 

ئەمە ئەگەر بۆ نەتەوەکانی تر ئاوا بێت و پلەیەکی دیاری کراوی هەبێت، بۆ کورد لە پێویستییەکانە و مەرجە.

بابەتێکی بچوک و سەرنج ڕاکێش:
لە دادگاکانی سویددا، لە ناو ئەو پرسیارانەدا کە لە کەسی تاوانبارکراوی دەکەن ئەوەیە:
لێی دەپرسن کە : ئایا یادداشتی ڕۆژانەی* خۆی نووسییوە، تا بیکەنە یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ پەی بردن بەوەی کە ڕووی داوە و ئێستا ئەمی لەسەر تاوانبارکراوە. ئەمە زۆر بە سادەیی ڕۆڵی نووسینی یادداشت پیشان دەدات.

*یادادشتی ڕۆژانە بە سویدی دەبێتە ( Dagbok ، داگبوک ) و بە ئینگلیزیش دەبێتە (Diary ، دەیڕی ). 







 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×