قسەکردن وەک بەڵا

جەمال حسێن
  2019-04-29     837

لەیۆنانی کۆنداو بەتایبەت ئەرستۆ کاتێک وتویەتی مرۆڤ بونەوەرێکی ئاقڵە، کەھەندێک جار بەمرۆڤ بونەوەرێکی قسەکەرە وەرگێردراوەو ھەردووکیشی ھەراستە، تەنھا مەبەستی ئەوەبوە بڵێ ( ئەقڵ / قسەکردن) رەگەزی سەرەکی جیاکردنەوەی مرۆڤە لەباقی بونەوەرەکان. 

بەوپێیەش ئەم پێناسەیەی مرۆڤ لای ئەرستۆ بۆ کتێبی ھونەری سیاسەت دەگەڕێتەوە، دەشێ مەبەستیشی ئەوەبوبێ مرۆڤ بونەوەرێکی سیاسییە لەڕێی زمانەوە. بۆیە چەند تایبەتمەندییە، ئەوەندەش ئیجابییە. ئەم گومانەمان ڕەوایەتی زیاتر وەردەگرێ کاتێک دەزانین کەتەنھا لاپەڕەیەک پێشتر ھەمان ئەرستۆ دەڵێ مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. کەواتە لەسەرێکەوە زمان مرۆڤ لەئاژەڵ جیادەکاتەوە، لەسەرێکی ترەوە لەڕێی زمانەوە توانای ئەوەی بۆدروست دەبێ باشتر کۆمەڵگاو فەزای گشتی ڕێکبخات. بەڵام مەتڵەبی من لەم نوسینە نەزمانەو نەسیاسەت، بەکورتی تەنھا ئەوەیە بڵێم زمان وەک چۆن دەشێ نیعمەت و خاڵێکی ئیجابی بێت لەمێژوی مرۆڤایەتی، بەپێچەوانەوە دەشێ نیقمەت و بەڵایەکیش بێ بەسەریەوە. خۆئەگەر بەڕاکردنیشەوە ئاوڕ لەمێژوی پەیوەندی زمان و مرۆڤ بدەینەوە، ئەوەندەی بەسەر درۆو ئەفسانەو ناشیرنی زماندا دەکەوین، یەکجار کەمتر لەوە ڕاستگۆیی و راستی نابینینەوە. ھەرچی مێژوی سیاسەتیشە، ئەوە ڕونە. ئەوەندەی شەڕو کوشتارو کاولکاری و ستەمکارییە، یەکجار یەکجار لەوەکەمتر شتی ترە. 

بالێرەوە و ھەربەگەڕانەوە بۆ حیکایەتی قسەیەکی یۆنانی زیاتر مەبەستی خۆم ڕون بکەمەوە. دەگێڕنەوە سوقڕات لەگەڵ قوتابیەکانی بەردەوام خەریکی گفتوگۆبوو، ڕێگای بەقوتابیەکانی دەدا رای خۆیان لەبارەی پرسێک و بابەتێکەوە بڵێن، ئەویش دواتر سەرنج و بۆچونی خۆی دەخستە ڕوو. بەم جۆرە لەڕێی قسەکردنەوە ئاستی فکری و توانای ئەقڵیان دەردەکەوت. جارێکیان کەسێک بەبەرگێکی گرانەوەو بەفیزو پۆزەوە ھاتە ئەم مەجلیسی قسەکردنە، ئەوکات سوقڕات روی تێکردو پێی وت ( قسەبکە تا بتبینم ). 

دەشڵێن سوقرات بۆیە وتویەتی تابتبینم و نەیوتوە تابتناسم یان تێت بگەم، چونکە بەلای ئەمەوە جوانی روخسارو خۆگیفکردنەوەو شانازیەکانت نەک کەسایەتیت دیاری ناکەن، بەڵکو روی راستەقینەشت دەشارنەوە. رێگایەک کەبەھۆیەوە دەردەکەوی و دەبینرێی، قسەکانتە. قسەنەک وەک غەڵبەغەڵب و دەنگەدەنگ، چونکە ئاژەڵیش ئەوەی ھەیە. بەڵکو قسە وەک واتاوو ناوەرۆک، واتا چی دەڵێی و بۆ دەیڵێی و کەی دەیڵێی. بۆیە زۆرن ئەوانەی زۆر قسەدەکەن بێ ئەوەی ھیچ بڵێن، وەک چۆن دەشێ جاری واش ھەبێ ھیچ نەوتن، حیکمەت بێ. بەھەرحاڵ، ئێستاش با بچینە سەر دوایین پەیژەی مەتڵەبی ئەم نوسینە، کەبریتیە لەوەی چۆن زمان بەڵایە بۆ ئەوانەی بەرۆژ تەڕ قسەدەکەن و بەشەویش وشک دەخەون، ئەوانەی ھێند بەڵێن و قسەی گەورە گەورەدەدەن، دواتریش ھێند بچوک دەبنەوە کە قسەکانی دوێنێیان لێ دەبێتە بارێک کەپشتیان دەشکێ و پێیان ھەڵناگیرێ، ئەوانەی بەزمان دەفڕن، بەڵام دواتر دەبنە خشۆک. 

ئاخر برادەران تەسەوڕدەکەم ئێوەش راتان وابێ کەلەچەند ساڵی ڕابردوو لەڕێی زمان و لەبازاڕی سیاسەتدا چیمان نەبیست لەوەعدو بەڵێن؟ نیوەی ئەو قسانە، تۆ بڵێ چارەگی ئەم قسانە راست بان، ئێستا ببوین بەھۆنگ کۆنگ. دەڵێن بەشێک لەسیاسەت ئەوەیە شتێک بڵێی و شتێک بشارییەوە، بەڵام خواھەڵناگرێ لێرە ھەموو شتێک دەوترێ و ھیچی شاراوەنییە، درۆنەبێ. بۆیە ئەگەر ئاوێنەیەک لەقسەکانی بازاڕی سیاسەت دروست بکرێ، کەم لەخاوەنەکانیان خۆیان دەناسنەوە، ھەزار نەوع بۆتۆکس و فیلەرو چەینج کەلەریان کردوە، خۆئەگەر بەقسەکانی خۆیان دادگاییان بکەی، وێران دەبن. 

ئەوقسانەی رەنگە ئەوان بیریان چوبێتەوە، دەشێ کۆمەڵگاش، بەڵام بۆ کەسێک لەڕوانگەیەکی ئەخلاقی و ویژدانیەوە لێی بڕوانێ شتێکی ترە. بۆیە ھەربەڕاستی تاقەتی دەوێ ئەوھەموو قسەکردنە، ئەوھەموو گوێگرتنە. شەونییە دۆنکیشۆتێک خۆی بەعیسا ساغ نەکاتەوە، رۆژ نییە کۆڵەوارێک بەقسە خۆی نەکات بەخولەپیزە. دەڵێن لەزانایەکی زمانەوانیان پرسی: ئەگەر لەھەسارەیەکی ترەوە بونەورێک بێتە سەرزەوی، بەبڕوای تۆ سەیرترین دیاردە بەلایەوە چی دەبێ؟! وتی: قسەکردن. ئەم بونەوەرە یەکەم شت سەرنجی رادەکێشێ ئەو ھەموو قسەکردنانەیە. خۆئەگەر ئەم بونەوەرە بێتە کوردستان و بۆماوەی ساڵێک گوێ لەقسەسیاسیەکان بگرێ، ئەوسا لەبری ئەوەی توشی شۆکی قسەکردن بێت، توشی شۆکی قسەی زۆرو ھیچ نەکردن دەبێ. وەکو ئەوەی قسە تەنھا غەڵبەغەڵب و دەنگەدەنگبێ و ھیچی تر، لەوەش سەیرتر ( تەبعەن ) ھەمیشە بونی چەپڵەیە لەکۆتاییەکەی، زۆری ئەوانەیە کەبروایان پێیەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×