ڕەوشت

سامانـی وەستا بەکر
  2019-05-01     2416

یەکێک وە گرنگتـرین ئەو  دەزوەی هەڵکردن و بەردەوامـی و مانەوەی مرۆڤەکانـی پێکەوە گرێداوە ئەو ڕێکەوتنە واژۆنەکراوەی نێوان مرۆڤەکانە کە پێـی ئەوترێ (ڕەوشـت).
هەڵبەتە هەمان ڕێکەوتنـی واژۆنەکرا لە نێوان کۆی پێکهاتەکانـی سـروشتا بوونـی هەیە و کاری پێئەکرێ بۆ نمونە ئاژەڵەکان لە سەرەتای دروست بوونیانەوە تا ئەمڕۆ وابەستەی ئەو ڕەوشتەن کە سـروشت بۆی دیاری کردوون و لەسەری ئەڕۆن خۆ ئەگەر مرۆڤ دەست لە سـروشتـی ژیانیان وەرنەیات ئەوا ئەوان هیچ کاتـێ دەستبەرداری ڕەوشتـی بۆماوەی خۆیان نابن و بەردەوام ئەبن.
ئەگەر مرۆڤ لە سـروشت جیاکرێـتەوە ئەوا بە ئاسانـی بۆت دەرەکەوێ سـروشتـی ڕەوشتـی دیاریکراوی سروشت ڕێزی لێئەگیرێ و لەسەر ڕێچکەی خۆی گوزەرەکات و ئەوەی هۆکارە بۆ کۆی بێ ڕێزییەکان و دەرچوون لەو گرێبەستە واژۆنەکراوە مرۆڤە.
پێشێل کردنـی یان پچڕاندنـی  دەزوەی ئەو گرێبەستە گرنگە واژۆ نەکراوە هێندەی پچڕاندنـی تاڵێک دەزوی باریک ئاسانە هیچ شتێک هێندەی ئەو کارە ئاسان نیە بەڵام گەڕانەوە سەر سروشتـی ڕەوشت یان گرێدانـەوەی دەزوەکە کارێکـی تا ئاستێکـی زۆر گرانەوە لایەنـی کەم کاتێکـی زۆری پێویستە وەک ئەشزانین هەمیشە کات هاوکار نیە و هەندێ جار تەمەن بەشـی پێویستیەکانـی ئەو کاتە ناکات.
کەم تا زۆر بە شێوازی جیاواز لە کۆی سەر ئەم زەمینەیا لادان و پچڕاندنی دەزوی بەهاکانـی ڕەوشت تا ئاستێک بووە بە پیشەی ئەو خەڵکانەی کە خواستـی ئەو لادانانەیان هەیە جا ئیـتـر بۆ دەستکەوتـی مادی کۆمپانیا زەبەلاحەکانبـێ یان سیاسیە درۆزنەکانبـێ یان بازرگانە چاوچنۆکەکان،  بەڵام لەگەڵ ئەوەشا لە کۆی ئەم زەمینەیا هەندێ لە بەهاکانـی ڕەوشت گرنگی پێئەدرێ کەس ناوێرێ لە سنورەکانـی نزیک بێتەوە و لێـی لابات یان بیپچڕێنـێ.
بە پێچەوانەوە لە هەندێک شوێنیشا ڕێـز بۆ هیچ بەهایەکـی ڕەوشتـی سروشتـی ڕاگری پێکەوە ژیان ناگیـرێ و کۆمەڵگە بەرەو فەوتان و هەرەس ئەبرێ.
بۆ نمونە لە ڕۆژئاوا ڤیدیۆ و وێنەگرتن لە شوێنە گشتیەکانا سەربەخۆو بەپێـی ئارەزوکانـی هەر تاکێک نیە بەڵکو ئەگەر کەسـی دەرکەتوو لە وێنە چرکاوکەدا پرسـی پێنەکراوبـێ ئەوە بەپێـی یاسا ئەتوانـێ تووشـی سزادان بکات، هەر بۆیە لە فێرگەو باخچەی ساوایان و  کۆبوونەوەو چالاکیەکاندا وێنە و ڤیدیۆ گرتن ڕێگە پێنەدراوە ئەگەر پێشتـر مۆڵەت بۆ وەرنەگرتبـێ.
نهێنـی هەر مرۆڤێک تایبەتمەندیەکانێتـی، کە هەرگیـز  ئامادەنابـێ و ناتوانـێ وەک ئەوەی سروشت لە سروشتـی کەسایەتـی هەر مرۆڤێکا  دیاری کردووە بە ئامادەبوونـی خەڵکانیتر بەرجەستەی بکات.
تایبەت مەندیەکانـی مرۆڤ جیاوازن هەر ئەوەش هۆکاری نهێنـی مرۆڤەکانن. ئەو کارو ڕەفتارەی مرۆڤەکان لە شوێنە گشتییەکانا ئەیانکەن هەمان کارو ڕەفتار نین کە مرۆڤەکان لە تەنهایـی پەنهانییا ئەیانکەن، واتە ئەو کاتەی مرۆڤەکان پێکەوەئەبن بەشێک لە ڕەفتارانەی ئەیانکەن و ئەیانوێنـن سەد لە سەد سروشتـی مرۆڤەکان نیـن بەڵکو بۆ خۆ گونجان و هەڵکردن لەگەڵ ئەوانـیترا ئەکرێن بەڵام کاتێک مرۆڤ سەربەخۆی تەواوی خۆی وەرەگرێ و تەنها دوو چاو لە کۆی چاوەکان کە ئەویش چاوەکانـی خودی مرۆڤەکەیە ڕەفتارو کرداری ئەبینـن ئیـتـر لەو کاتەیا  مرۆڤ سەربەخۆی خۆی وەرەگرێ و ئەو پێویستیانەی کە ناتوانـێ بەئامادەبوونـی مرۆڤەکانـی تر پڕیبکاتەوە لەو سات و کاتەیا تەواوی پێویستیەکانـی خۆی تێـرەئەکات.
کەواتە ئازادی سەد لەسەدی مرۆڤەکان تەنها لە تەنهایـی مرۆڤا بـێ چاودێری فەراهم و بەرجەستەئەکرێ و هەر نزیک بوونەوەیەک لێـی پێشێل کردنـی ئازادی سروشتـی مرۆڤە.
کاتێکیش دوو مرۆڤـی پێگەشتوو سەربەخۆ لە کارێکـی پێکەوییا بەشدارئەبن و دوور لە بەشداری خەڵکانـیتر مافـی سەربەخۆی و سروشتـی ئازادی پێبەخشراو بەرجەستە ئەکەن ئیتـر  هەر دزە تەماشایەک یان کامێرەیەکـی چاودێری ئەچیتە قاڵبـی تاوانـی پێشێل کردنـی سروشتی ئازادی پێبەخشراوەو کارێکـی ئاست نزم و دوور لە ڕەوشتە، کەسـی دزە تەماشاکەر تاوانبارو  تێکدەری شیرازەی کۆمەڵگەیە و تەنها نەفرەت ئەچنێتەوە.
بەڵام هەموو کاتـێ دزە چاودێری  زیانبەخش نیە و ناشچێتە چوارچێوەی تێکدانـی شیرازەی کۆمەڵگە تا ئەو شوێنەی بە یاسا ڕێکخرابـێ و لە بازنەی خۆشگوزەرانـی و پاراستنـی مرۆڤا بەکاربهێنرێ.
لێرەوە هەست بەو تاوانە زۆرانە ئەکرێ کە بەرامبەر مرۆڤ لەلایەن خودی مرۆڤەوە ئەکرێ و ڕۆژانە چەندین جار مافـی سروشتـی ئازادی مرۆڤەکان ئەبەزێنـرێ بە تاوانیش ئەژمار ناکرێ چونکە بەشێک لە و بەزاندنـی ئازادیە سروشتیەی مرۆڤ ئەگەر تاوان بێت ئەوا ئەو تاوانە هۆکارە بۆ پاراستنـی مرۆڤەکان لە تاوانێکـی گەورەترو نەخوازروتر هەربۆیە مرۆڤەکان لێـی بێدەنگ ئەبن و بەڵکو هەندێ جار بەخۆشحاڵیشەوە سوپاسگورازی بەزاندنـی سروشتـی ئازادیەکان ئەبن چونکوم خود لێـی سودمەندە، نمونەی ئەو بەزاندنـی سروشتـی ئازادیەی مرۆڤیش کامێـرای چاودێری شوێنە گشتیەکانـن کە لە چەندین تاوانا ڕۆڵـی یەکلای کەرەوەو خاڵـی کۆتایان لە سەر ئیسپات کردنـی بوونـی تاوان و دەستنیشان کردنـی تاوانبار هەیە.
کاتێک مرۆڤەکان لە تەنهایـی ڕەوان و خوددا سەد لەسەدی ئازادیە سروشتیەکانـی بەرجەستە ئەکات و ئەم کارەش کارێکـی گشتگیـرەو کۆی مرۆڤایەتـی ئەگرێتەوە، ئیتـر بۆ ئەبـێ لە کاتـی ئاشکرابوونـی لەلایەن کەسانێکـی ترەوە بە ئابڕو چوون ئەژمارکرێ و شەرمەزاری بۆ مرۆڤ دروست بکات، لە کاتێکا کەسـی بەرامبەریش هەمان کارو فەرمان لە تەنیاییا بەرجەستە ئەکات!
ئەو کاتەی مرۆڤ سنوری ئازادی سروشتـی کەسێکـیتر ئەبەزێنـێ و لە پەنهانیا بەبـێ پرس تەماشای ئەکات بگرە لەوەش زیاتـر کامێرا بۆ تۆمارکردن دائەنـی ئەوە تەنها تەنها تاوان نیە و بەس بەڵکو ئەمە ئەبێتە هۆکاری لێکترازانـی کۆمەڵگەو پشێووی جڤاکـی، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو کاری لەو جۆرە ئاستێکـی نزمـی کەسایەتـی و بـێ ڕەوشتیشە.
کاتێکیش کە بازنەی ڕەوشت کەلێنـی تێئەکەوێت ئیتـر ئەو گرێبەستە واژۆنەکراوەی نێوان مرۆڤەکان بوونـی نامێنێت و پێکەوە ژیان و پێکەوە هەڵکردن کارێکـی ئاستەم ئەبێت و بـێ متمانەی ڕابەرایەتـی کۆمەڵگە ئەکات و گرێدانەوەی دەزوی متمانە بوون بەیەکتـر زۆرترین ووزەو کاتـی ئەوێت.
کەواتە بۆ ڕاگرتنـی شیرازەی کۆمەڵگەو پێکەوە ژیان و متانەبوون بە مرۆڤە هاوڕێکان و دەست وەرنەدان و پێشێل نەکردنـی سروشتـی ئازادیەکانـی تاک ئەبـێ دەزوی گرێبەستـێ واژۆنەکراو نەپچڕێنرێ و ڕەوشتـی نەبەزاندنـی سنوری ئازادی مرۆڤ وابەستەی ڕەوان بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×